پ. د. جەبار قادر: کورد بایی چەند دەوڵەتێک قوربانیی داوە

"شەرمەزارییەکی گەورەیە کوردێک بڵێت سەربەخۆیی کوردستان پیلانی دوژمنانی عێراقە"

3 کۆتایی

لەم دیمانە تایبەتەی (باس)دا، پ. د. جەبار قادر، پسپۆڕ لە مێژووی هاوچەرخی کورد، باس لە مێژووی کەرکووک و چۆنیەتیی کارکردنی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەکات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە و ئاماژەش بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردان، دەکات.

 

(باس) ئێوە دەڵێن پێویستە ھەڵکردنی ئاڵا بکەینە شەڕی دەربازبوون لە زیندانی عێراقیبوون و هێنانەدیی سەربەخۆیی کوردستان.. چۆن دەکرێ ئەو پرۆسەیە بکرێتە بناغە و بنەمای پڕۆژەی ستراتیژیی سەربەخۆیی؟
د. جەبار قادر: دابڕانێکی تەواو لەنێوان هاووڵاتییانی کوردستان و عێراقدا هەیە، کارێکی لەرادەبەدەر ئەستەمە تۆ خەڵکێک بە هاووڵاتیی وڵاتێک دابنێیت لەکاتێکدا ئەمان هیچ هەست و سۆز و ئینتیمایەکیان بۆ ئەو وڵاتە نەبێت، نەوەیەک لە کوردستان پەیدا بووە کە زۆرینەی دانیشتووان پێکدێنن، هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان لەگەڵ عێراقدا نەبووە. تەنانەت نەوە کۆنەکەش لە چەوسانەوە و سەرکوتکردن بەولاوە، یادەوەرییەکی ئەوتۆی لەبارەی عێراقەوە نییە. ئەوەی من دەیبینم تەنانەت خەونی پێکهاتەکانی عێراق لێک جیاوازن، لە کاتێکدا کورد خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێت، عەرەبی شیعە دەیەوێت هەموو ڕۆژەکانی ساڵ بکاتە شین و شیوەن و سینگ کوتان، هەرچی عەرەبی سوننەیە دەمێک خەونی بە گێڕانەوەی دەسەڵاتی بەعسەوە دەبینێ و نازانم ئێستا کام سیستەمی کۆیلایەتیی عەرەبی بووە بەو مۆدێلەی چاویان لێ بڕیوە. هێشتنەوەی ئەم خەونە دژبەرانەش لەم زیندانەدا، لە یەک کوشتن و توندوتیژی بەولاوە هیچی لێ بەرهەم نایەت. 
دەزانم پرۆسەی لەدایکبوونی نەتەوە و گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی کارێکی وا ئاسان نییە و ئێش و ئازاری لەڕادەبەدەر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هەر نەتەوەیەکیش خەونی بە ڕزگارییەوە بینیبێت، ناچار بووە قوربانیی بۆ بدات. گەلی ئێمە بایی چەند دەوڵەتێک قوربانیی داوە، مخابن زۆر جار قوربانییەکانی بەبادا دراون. کاتی ئەوە هاتووە کورد لەم ئەڵقە دۆزەخییە خۆی ڕزگار بکات و ڕێگەی سەربەخۆیی هەڵبژێرێت. کورد ئەمڕۆش ئەمە نەکات ناچارە چەند ساڵێکی دیکە بیکات، بەڵام ڕەنگێ بە قوربانی و ئازارێکی زۆرترەوە. ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەیەوێت یارمەتیی خەڵکی عێراق بدات، ئەوا پێم وایە باشترین یارمەتیی لێکجوداکردنەوەی ئەم سێ پێکهاتەیە، سنوور کێشان لەنێوانیاندا و بۆ ماوەی چەند ساڵێک هێزی سەربازیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو سنوورانە جێگیر بکرێن، تا ئەم دەوڵەتانە دەتوانن بە بێ کێشە و شەڕوشۆڕ لە تەک یەکدا بە ئاشتی و هێمنی بژێن.


(باس) چی بەو کوردانە دەڵێیت کە ھێشتا و تا ئەم چرکەساتەش (سەرەڕای ئەو دوژمنایەتییەی بەغدا بۆ کوردستان و خەڵکەکەی) لە خەمی عێراقچێتیدان؟
د. جەبار قادر: پێم وایە ئەوانە بەر لە هەموو کەسێک لەگەڵ خۆیان ڕاست ناکەن. زۆر جار لە هەمان کاتدا دوو گوتاری جیاواز بەگوێی خەڵکدا دەدەن. لە بەغدا باس لە گوتاری نیشتمانیی عێراق ئەکەن و لە کوردستان کەس لەوان کوردتر نییە. پێم وا نییە لەسەر گۆی زەوی خەڵکێک هەبێت بە خواستی خۆی بیەوێت کۆیلە و ژێردەستە و هاووڵاتیی پلە دوو و سێ و چوار بێت. ئەو گوتارە بەشێکی زۆری دەردە کوردەیە کە ڕق و کینە و ململانێی سیاسی وا لە هەندێ کەس دەکات بەر پێی خۆی نەبینێت. پێم وایە لە بۆنەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا لە کەرکووک، ئەمانە لە بارێکی دەروونیی زۆر خراپدا بوون. لە لایەکەوە نەدەبوو لە دژی هەڵکردنی ئاڵا بن و لە لایەکی دیکەوە نەیارانی کورد هیچ حیسابێکیان بۆ گوتارە (نیشتمانییە عێراقییەکە) و پیاهەڵدانە بێتامەکانیان نەکرد و یەک خەتیان بەسەریاندا هێنا و تەنیا پەشیمانییان بۆ مایەوە. هیوادارم هەموو کەسێک پەند لەم ڕووداوە وەربگرێت و خۆی نەخاتە بارودۆخێکی لەو جۆرەوە.


(باس) لە نووسینێکتاندا ڕەخنە لە ئەندامێکی کوردی (ئەگەر ھەڵە نەبم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، یان پەرلەمانی عێراق دەگرن) کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتوویەتی جوگرافیا و مێژوو بۆ کوردستانیبوونی کەرکووک گرنگ نین، بەڵکوو جووڵەی دانیشتووان گرنگە، دەکرێ بۆ خوێنەرانی ڕوون بکەنەوە؟
د. جەبار قادر: بۆچوونی ئەو بەڕێزە بۆ من زۆر سەیر بوو. باشە ئەگەر مێژوو کە تاپۆی جوگرافیایە گرنگ نەبێت و جوگرافیاش کە سروشتی خاک و دیموگرافیا و پێکهاتەی دانیشتووانە گرنگ نەبێت، ئەی دەبێت بۆ ناسنامەی وڵاتان و گەلان چی گرنگ بێت. بەلای ئەو بەڕێزەوە جووڵەی دانیشتووان (حرکه‌ السکان) گرنگە. ئێمە ڕێک قوربانیی جووڵەی دانیشتووانین، کە بەشێكیان هێنران و بەزۆر خاکیان داگیر کرد و سیما و ڕووخساری شار و ئاواییان گۆڕی و بەشەکەی تریشیان تووڕ درانە دەرەوەی شار و پارێزگا. ئەم پرۆسەی بەعەرەبکردن و پاکتاوکردنی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم جیاوازە لە جووڵەی ئاسایی دانیشتووان لە ئاواییەوە بۆ شار بەدوای گوزەرانێکی باشتر و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها زۆر جیاوازە لەوەی لە مێژوودا ڕووی داوە، کاتێك هۆزە کۆچەرەکان لەم شوێن بۆ ئەو شوێن کۆچیان کردووە و لەدوایدا لەو شوێنانەی لێی ماونەتەوە جێنشین کراون. بەداخەوە ئەو بابەتە لەوو بەرنامەیەدا گفتوگۆی لەسەر نەکرا، تا بزانین حیکمەت لەپشتی ئەو قسانەوە چی بوو! هەندێ لەوانەی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی پێشکەش دەکەن، پێیان وایە باشترین پێشکەشکار، بە وتەی دۆستێکی شارەزای ئەم بوارە، ئەوەیە زۆرترین پرسیار دەکات و کەمترین وەڵام وەردەگرێت و زۆرترین قسە بە میوانەکانی دەبڕێت. بەم هۆیەوە لە فەلسەفەی پشت ئەو وتەیە بێبەش بووین. لە وەڵامەکانی پێشوودا ئاماژەم کرد بە لێکەوتە و شوێنەوارە ترسناکەکانی شێواندنی دیمۆگرافیا و پێکهاتەی دانیشتووانی شار و ناوچەکان.     


(باس) ھەندێک کەس و لایەنی سیاسی ھەن، نەک ھەر گاڵتەیان بە ھەڵکردنی ئاڵا لە کەرکووک کرد و تانە و توانجیان لێ دا، بەوەی ئەوە سیناریۆی فڵان و فیسار حزبە، بەڵکوو دەڵێن پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستانیش کە باسی دەکرێ، پیلانی دوژمنان و وڵاتانی داگیرکەرە. لەم ڕوانگەیەوە
بۆچوون و ھەڵوێستی ئێوە چییە؟
پ. د. جەبار قادر: ئێمە دەزانین ململانێی سیاسی و حزبی لە کوردستان لە چ بارودۆخێکی خراپدایە. پارت و گرووپە سیاسییەکان کەمترین متمانە و باوەڕیان بە یەکدی نییە. زمانێکی زبر لە دژی یەک بەکار دێنن و کەشوهەوای سیاسی ژەهراوی کراوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بۆ من قورسە بیر لەوە بکەمەوە هاووڵاتییەکی کورد و تەنانەت کوردستانی لە دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بێت لە کەرکووک. هەڵبەتە زۆر باشە ئەگەر هیچ ئەجێندایەکی حزبی لەپشت ئەو کارەوە نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوەشی تێدا بێت، من هەر بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە پشتگیریی لێ بکەم. مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە کوردێک بڵێت سەربەخۆیی کوردستان پیلانی دوژمنانی عێراقە. ئەگەر پیلان بێت، ئەوا پیلانی کوردە، چونکە ئەوە کوردە وەک گەل و نەتەوە دەیەوێت کوردستانێکی سەربەخۆ ئاوا بکات. هەڵکردنی ئاڵا، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خەونی لەمێژینەی هەموو کوردێکە و تا کورد مابێت ئەو خەونە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. لە مێژووی هەموو گەلاندا خەڵکانی کۆیلە، خۆفرۆش، بەرژەوەندیخواز … تاد پەیدا بوونە، ئەمانە و سەرکردە و رابەران و حکوومەت هەموو لە بەین چوونە و لەکۆتاییدا هەر نیشتمان، نەتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ ماونەتەوە.