چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست: بێ کاراکردنەوەی پەرلەمانیش ریفراندۆم دەكرێت

"مەرج نییە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، دەكرێت رێكکەوتنێكی سیاسی بكرێت"

عەبدوڵای حاجی مەحمود، كاگێڕی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی سۆسیالیست لە پەرلەمانی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ (باس)دا، چەند پرسێكی گرنگ دەخاتە روو رای دەگەیەنێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان و كاراكردنەوەی پەرلەمان نییە. ئاماژەش بە هێزێكی 2 هەزار كەسی خۆیان دەكات و زۆر هەڵوێستی تری حزبەکەیان روون دەكاتەوە.


سەرەتا ئەوەی خستە روو: “پێویستە پەیوەندیی سیاسیی نێوان حزبەكان پێش ریفراندۆم ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر كێشە سیاسییەكانیش چارەسەر نەكرێن، دەبێت جیا بكرێتەوە لەگەڵ ریفراندۆم، چونكە ریفراندۆم بەندە بە چارەنووسی گەلی كوردستان و دەبێ لە كاتی خۆیدا بكرێت.


روونیشی كردەوە، ئەگەر هەندێك حزبیش لەگەڵ ریفراندۆمدا نەبن، پڕۆسەكە هەر سەردەكەوێت، گوتیشی: “خەڵكاتێك هەیە فەرمان لە حزبەكانیان وەردەگرن، خەڵكانێكیش هەیە نەتەوەیین و باوەڕیان بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان هەیە، بەڵام زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی و مافی رەوای گەلی كوردستاندان”.


عەبدوڵای حاجی مەحمود، جەخت دەكاتەوە کە ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان نییە: "مەرج نییە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، دەكرێت رێكکەوتنێكی سیاسی بكرێت كە پەیوەندیی بە پرسە چارەنووسسازەکان خەڵکی کوردستانەوە هەبێ، بە تایبەت لەسەر پرسی ریفراندۆم”.


پێوەست بە رێكکەوتنی تازە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی سۆسیالیست دەڵێ: “نازانم رێکكەوتنی تازە چییە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام ریفراندۆم پەیوەندیی بە پەرلەمانەوە نییە، دەکرێت حزبەكان و سەرۆكایەتیی هەرێم كۆ ببنەوە و بڕیارێك دەربكەن و كاتی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بكەن و كۆمسیۆن و حكوومەتیش رێكارەكانی جێبەجێ بكەن”.


ئەو بەرپرسەی حزی سۆسیالیست ئاشكرای كرد، ئەوان نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دیار كردووە كە سادق محیەدین جەبارییە، گوتیشی: “بۆیە نوێنەرمان بۆ كۆمیتەكە دیار كردووە، چونكە ریفراندۆم پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییە و پەیوەندیی نییە بە كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكان، لەگەڵ ئەوەشداین ئەوەی چارەنوسسازە و پەیوەندیی بە دەرەوەی كێشە ناوخۆییەكانە هەموومان لەسەری كۆك بین و نەیبەستینەوە بە كێشە ناوخۆییەكان”.


عەبدوڵای حاجی مەحمود، سەبارەت بە هەڵوێستی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەرامبەر ریفراندۆرم، دەڵێ: “باشترە ئەوانیش لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا بن و نەیبەستنەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و كێشە سیاسییەكان، ئەگەر هەموولایەك لەگەڵ پڕۆسەكەدا بین ئەوەا هێزێكی زیاتری دەبێت لە رێژەی زیاتری دەنگەكانی ریفراندۆم.


ئەو پێی وایە دوای ریفراندۆم شێواز و رێگایەكی تازەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دێتە كایەوە، گوتیشی: “دەستووری عێراق رێگەی داوە چارنووسی خۆمان دیار بكەین، ئێمە میللەتێكین خاك و زمان و نیشتمان و مێژوو و ئاڵامان هەیە، مافی خۆمانە وەكو گەلانی تر دەوڵەتی سەربەخۆمان هەبێـت وئازاد بژین”.


لەماوەی رابردوودا لەسەر ئەوەی لە لێدوانێكدا گوتبووی: "هەر پێنج حزبەكە پاڵاوگەی نەوتیان هەیە"، بزووتنەوەی گۆڕان سكاڵایەكی یاسایی لەسەر كاكە حەمە، سكرتێری حزبی سۆسیالیست تۆمار كرد، لەسەر ئەو پرسە، عەبدوڵا دەیگوت: “پێش ئەوەی ئەوان سكاڵا لەسەر كاكە حەمە تۆمار بكەن، پێشووتر نەوشێروان مستەفاش لە لایەن حزبی تر سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، نازانم بزووتنەوەی گۆڕان سكاڵاكەیان كێشاوەتەوە یاخود نا، بەڵام تا ئێستا هیچ تەبلیغێكی دادگا بۆ كاكەحەمە نەهاتووە تا بچێتە بەردەم دادگا”.


پەیوەست بە دروستكردنی هێزێكی تایبەت بۆ حزبی سۆسیالیست، ئەو دەڵێ: “ئێمە هێزی خۆمان هەیە و وەكو خۆبەخش چوونەتە بەرەكانی شەڕی دژی داعش، هێزەكەمان 2 هەزار كەسە و مەبەستیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك بخرێن، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە هیچ شتێكی بۆ نەكردوون”.