سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا: ریفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی مووسڵ دەکرێت

”حکوومەتی عێراق بۆ بوونی پەکەکە لە شنگال و مووسڵ چاوی نوقاندووە“

 

شەڕی گرتنەوەی مووسڵ کە نزیکەی سێ ساڵە، لەژێر دەستی داعشدایە، بەرەو کۆتایی دەچێت، لەم دیمانە تایبەتەی(باس)دا بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاشکرای دەکا کە تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی سیاسی و ئیداری بۆ دوای شەڕەکە نییە، ھۆشداریی ئەوەش دەدا کە ئایندەی مووسڵ بەھۆی ھێزی چەکداریی زۆرەوە نادیارە، روونیشی دەکاتەوە، دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانەی مووسڵ کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە جیاوازترە لە شوێنەکانی دیکە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

 

(باس) وا لە کۆتایی شەڕی مووسڵ نزیک دەبینەوە، پێشبینیی ئێوە بۆ مووسڵی دوای داعش چۆنە؟

 

بەشار کیکی: ھیچ شتێک دیار نییە، دۆخەکە وەکو خۆی بەئاڵۆزی دەمێنێتەوە تا ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئێستا حەشدی شەعبی و ھێزی دیکەش لەناو مووسڵ ھەن، ئەگەرچی زۆرێک لە بارەگاکان بەئاشکرا دیار نین، بەڵام ئەوە روونە کە بارەگای زۆر لە مووسڵدا لەلایەن ھێزی جیاواز کراونەتەوە، کە ئەوەش وا دەکات ئایندەی مووسڵ ناڕوون بێت و ترسی پێکدادانی نیوان ئەو ھێزانە ھەبێت، بۆیە باشتر وایە مەلەفی ئەمنی لەلایەن خەڵکی مووسڵ خۆیەوە بە ھەموو پێکھاتەکانەوە لە سوننە و شیعە و کورد و تورکمان و کرستیانەکانەوە بە یەکەوە بگرنە دەست.

 

(باس) بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئێستا لە شنگال پەکەکە و لە مووسڵ حەشدی شەعبی و وەکو خۆتان دەڵێن ھێزی جیاوازی دیکەش ھەن، ئەوانە ھەموویان فەرمان لە شوێنی جیاوازەوە وەردەگرن، ئەی ئەوە کێشە نییە بۆ تەناھیی مووسڵ؟

 

بەشار کیکی: ئەوە ھەمووی مەسئولییەتی حکوومەتی عێراقە کە رێکیان بخاتەوە، دروستکردنی ئەو ھەموو حەشدانە ھەر لە بنەماوە بۆ لاوازکردنی دامەزراوەی سوپای عێراق بووە، بۆیە پێویستە دوای شەڕ لە مووسڵربکشێنەوە، بەڵام پێچەوانەی ئەوە دەبنیرێ، لەگەڵ کۆتایی شەڕەکە ژمارەی بارەگاکانیان زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوە ئەو بەرپرسیاریەتییە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقدایە، ئەوەی کە شەڕی کردووە پاداشتیان بکات و داوای چۆڵکردنی شارەکەیان لێ بکات، بۆ رادەستکردنی مەلەفی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی محەلی و ھێزە سەربازییە فەرمییەکان، نەک ھەر ھێزە و فەرمان لە لایەک وەربگرێ.

 

(باس) لە شنگال چەند جار داوا لە پەکەکە کراوە بکشێتەوە، بەڵام وا خەریکی لێدانی تونێل و خەندەقە، ئیدی چی؟

 

بەشار کیکی: پەکەکە دوو لایەنی ھەیە، گرووپێکیان ئەو ھێزانەن کە راستەوخۆ سەر بە پەکەکەن، ئەوە روونە بوونیان لە شنگال و شوێنەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای مووسڵ بابەتێکی سیاسییە و وادیارە حکوومەتی عێراق چاوی خۆی لێ نوقاندوون، بەڵام ژمارەیەکی دیکەشیان ھەیە کە حەشدی شەعبین و سەر بە پەکەکەن و چەک و پارەیان لە حکوومەتی عێراقەوە بۆ دێت، حکوومەتی عێراق دەبێت ئەوانە یەکلا بکاتەوە، نابێت بەو شێوەیە بمێنن و لەدەرەوەی دامەزراوەی حکوومەت و سوپای عێراقدا بن و پارەیان لە حەشدی شەعبی بدرێتێ و ھاوکات ئینتیمایان بۆ پەکەکە ھەبێت.

 

(باس) باس لەوە دەکرێ جگە لەو ھێزانەی حەشدی شەعبی و پەکەکە، تەنانەت بارەگای ھێزی ئێرانیش لە مووسڵ کرابنەوە، ئەوە تا چەند راستە؟

 

بەشار کیکی: بە شێوەی فەرمی و ئاشکرا نییە، بەڵام زۆر ھێزی ئەمنیی ناڕێکخراو لە مووسڵدا وەکو گوتم ھەیە، تا ئەو ھێزانەش بە ناڕێکخراوی ھەبن، مووسڵ بەرەو سەقامگیری ناچێت.

 

(باس) دەگوترێ ئێستا جۆرێک لە ململانێی تایفی بەتایبەتی لەنێوان سوننە و شیعەدا ھەیە، جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ھەیە و شیعەکانیش لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە زەویی سوننەکان لە مووسڵ دەکڕن، تا چەند راستە؟

 

بەشار کیکی: ھەر ھێزێک سەر بە چ لایەنێک بێت و سەیتەرە بکات لەسەر شوێنێک و دۆخێکی تایبەتیی شارێک چاوەڕوانیی ھەموو شتێکی لێ دەکرێت، بەڵام تا چ رادەیەک ئەوە بەردەوام دەبێت، ئەوە داھاتوو وەڵام دەداتەوە.

 

(باس) پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشینیی ئەو دۆخەی کردبوو، ھەر بۆیەش داوای لە لایەنە بەرپرسەکان لە حکوومەتی عێراقی و ئەمەریکی و پێکھاتەکانی مووسڵ کرد، کە بۆ ئیدارەی پارێزگاکە دوای شەڕی داعش رێک بکەون، بەڵام تەنیا رێککەوتنی سەربازی کرا، ئێستا ھیچ رێککەوتنی سیاسی و ئیداری ھەیە؟

 

بەشار کیکی: ھیچ رێککەوتنێکی سیاسی بۆ دوای شەڕی داعش لە مووسڵدا نییە، ئەگەر رێککەوتن ھەبوایە دۆخەکە زۆر باش دەبوو، دەبوایە ئەو رێککەوتنە ھاوکات لەگەڵ رێککەوتنە سەربازییەکە بوایە، لایەنی ئەمەریکی و عێراقی زۆر پەلەیان بوو بۆ ئەوەی دەستکەوتی سیاسی و مەعنەویی ئینتیخابی و تەنانەت شەخسیش بەدەست بھێنن، کە دەبوایە پێش ھەڵبژاردنی ئەمەریکا مووسڵ کۆنتڕۆڵ کرابوایە، بەڵام ئەوە گەیشتینە ئێستا کە لای راستی مووسڵ ھێشتا بەتەواوی ئازاد نەکراوە.

 

(باس) بیرۆکە ھەیە بۆ چارەسەری دۆخی مووسڵ، پارێزگاکە دابەشی چەند پارێزگایەک بکرێت، ئەوە چۆن دەبینیت؟

 

بەشار کیکی: بە بڕوای من چارەسەری ئیداری تەنیا کافی نییە بۆ ئەوەی ئەو ھەموو پێکھاتانە دڵنیا بکرێنەوە کە ئایندەیان لەو پارێزگا نوێیانە مسۆگەر دەبێت، بەڵکوو پێش ئەوە دەبێت زەمانەت بدەین بە پێکھاتەکان لە ئێزیدی، شەبەک، کاکەیی، کرستیان و کورد و سوننە و شیعە کە جارێکی دیکە ئەوەی بەسەر مووسڵدا ھات دووبارە نابێتەوە، جگە لەوە رای جیاواز ھەیە لەسەر ئەو پرسە، عەرەبە سوننەکان داوای سەربەخۆیی ئیداری بۆ پارێزگای مووسڵ دەکەن، کورد رای دیکەی ھەیە و رای دیکە لە پێکھاتەکانی دیکەشدا ھەیە، لەبەر ئەوە باشتر وایە رێککەوتن بۆ ئەو پرسە لەنێوان ھەموو پێکھاتەکان بکرێت.

 

(باس) ئەو ناوچانەی مووسڵ کە کوردستانین و لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، دەتوانرێ ئاسانتر بۆیان بڕیار بدرێ و بتوانن لە راپرسی و ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بەشداری بکەن؟

 

بەشار کیکی: ھەر شوێنێک پێشمەرگەی لێ بێت ئاسانە ریفراندۆمی لێ ئەنجام بدرێ، ناوچە کوردستانییەکان زۆربەی ھەرەزۆری لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە، کەمێکی نەبێت کە ٥٪ دەبێت.