چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

راوێژکاری یاسایی پەرلەمان: مەرجی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان قورس نییە

”دەکرێت یوسف محەمەد ببێـتەوە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان“

 

مەڕوان حاجی زێباری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی ،لە دیمانەیەکی تایبەتی (باس)دا قسە لەسەر چەند پرسێکی یاسایی پێوەست بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات و ئاشکرای دەکات، بە کامە رێگای یاسایی پەرلەمان کارا دەکرێتەوە.

 

(باس): لە رووی یاساییەوە دەکرێت بە بێ پەرلەمان ریفراندۆم ئەنجام بدرێت؟

 

مەڕوان زێباری: بەڵێ بە بێ پەرلەمانیش دەکرێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، بەڵام باشترە ئەگەر پەرلەمانیش کارا بێت و ئەو پرسە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی شەرعیەت و ھێزی زیاتر بدرێتە ریفراندۆمەکە.

 

(باس): ئەگەر پەرلەمان ھەر کارا نەکرایەوە، ئەی چی بکرێت بۆ ریفراندۆم؟

 

مەڕوان زێباری: ھیچ یاسایەک نییە رێگر بێت لەوەی بە بێ پەرلەمان ریفراندۆم نەکرێت، ئەوەش پێوەندیی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، کە خۆی لە حکوومەت و سەرۆکایەتیی ھەرێمدا دەبینێتەوە.

 

(باس): ئەگەر پەرلەمان بیەوێت بە بێ یوسف محەمەد کارا بکرێتەوە و کۆب بێتەوە لە رووی یاسایی دەبێت چی بکرێت؟

 

مەڕوان زێباری: دەبێت متمانەی لێ وەربگیرێتەوە، ئەویش بە دوو لەسەر سێی ژمارەی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی ئەو ئیجرائاتە بکرێت دەبێت جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی کاتی بەڕێوە ببات، بەم شێوەیە پەرلەمان کارا دەبێتەوە، پاشان بە تەمەنترین پەرلەمانتار دەکرێتە سەرۆکی پەرلەمان تا سەرۆکی تازە ھەڵدەبژێردرێت.

 

(باس): مەرجی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە کە یوسف محەمەد نەکرێتەوە سەرۆکی پەرلەمان، پێتان وایە ئەو مەرج قورس بێت و جێبەجێ نەکرێت؟

 

مەڕوان زێباری: مەرجێکی قورس نییە، چونکە پێش ئەوەی دکتۆر یوسف ببێتە سەرۆکی پەرلەمان ئەندامی پەرلەمان بووە و دەکرێت ھەر ببێتەوە بە ئەندامی پەرلەمان و ھەر ئەندامێکی تری پەرلەمان بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمان بێتە سەرۆک و کێشەکان چارەسەر بن و پەرلەمان بکەوێتەوە کار.

 

(باس): ئەم خولەی پەرلەمان چۆن بووە؟ ھەستتان نەکردووە لە تەوافوقی نیشتمانی لای داوە؟

 

مەڕوان زێباری: پێش ئەوەی رووداوی ٢٣ی حوزەیران بکرێت کە خوێندنەوە بۆ ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کرا کارەکان بە باشی بەڕێوە دەچوون، مەسەلە نیشتمانییەکان و پرسە یاساییەکان باش بوون، بەڵام دوای ئەم رووداوانە تەوافوق و سازانی نیشتمانی تێکچوو و چالاکییەکانی پەرلەمان ھەمووی بوونە حزبی، بێ گومان ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم بابەتێکی قورس بوو، نەدەبوو بەم جۆرە لە پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ.

 

(باس): دەگوترێت ئەم گەڕەی پەرلەمان ھەندێک گەنجی تێدایە زۆرتر مامەڵەیەکی عاتیفی و حزبییانە دەکەن و کەمتر سیاسی و نیشتمانین، ئەوە راستە؟

 

مەڕوان زێباری: لەبەر ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانتاران لە ناوەندی بڕیاری حزبەکان نین و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکان نین، بۆیە پەرلەمانتارەکان ئەرکیان ئەوەیە تەلەفۆن بۆ حزبەکانیان دەکەن چی بکەین و چۆن بڕیار بدەین، کار بەم جۆرە نابێت، ئەگەر خاوەنی بڕیار لەناو پەرلەمان بن کاروبارەکان باشتر دەبن و پەرلەمان باشتر بەڕێوە دەچێت، ئەوانەی ئێستا زۆرینەیان گەنجن، بەڵام خاوەنی بڕیاری سیاسی نین، ئەگەر حزبەکان کەسە ژمارە یەکەکان یان ژمارە دوو و سێیەکانی خۆیان بنێرنە پەرلەمان ئەو کێشانەی ئێستا دروست نابن.

 

(باس): نەبوونی دەستووری ھەرێمی کوردستان چەندە بۆشایی یاسایی دروست کردووە؟

 

مەڕوان زێباری: بەڵێ نەبوونی دەستوور لە کوردستان بۆشایی زۆری یاسایی دروست کردووە، ئەگەر دەستوورمان ھەبوایە کێشەمان کەمتر دەبوو، ھەر یاسایەک دەربکرایە ئەگەر کێشە ھەبوایە ئەوا لە رێگەی  دادگای دەستووری یەکلایی دەبووەوە کە دەستوورییە یاخود نا، لەسەر پرسی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمیش کە کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە، ئەگەر دەستوورمان ھەبوایە ئەوا لە رێگەی  دادگای دەستووری بە فەرمی و یاسایی یەکلایی دەبووەوە.

 

(باس): سەربەخۆیی کوردستان نزیک بووەتەوە، باوەڕ دەکەن بەغدا ڕازی بێت ئاشتییانە قبووڵی بکا؟

 

مەڕوان زێباری: دەسەڵاتدارانی بەغدا باش دەزانن لە رووی واقعییەوە عێراق یەکپارچە نەماوە، کاتی خۆی کوردستان بە زۆری کراوە بە بەشێک لە عێراق، ئەویش بەپێی رێککەوتننامەی ساڵی ١٩١٦ی سایکس بیکۆ، ئەوەی کراوە بە زۆرەملێ بووە، راپرسی و ھەڵبژاردن نەبووە بڵێت خەڵکی کوردستان رازینە ببنە عێراقی! بێ گومان ئەو ھەڵبژاردنە نەبووە و بە زۆرەملێ بووە.

 

(باس): کەواتە ئەنجامدانی ریفراندرم بۆ جیابوونەوە یان مانەوە لە عێراق شتێکی یاسایی و دەستوورییە کورد بیگرێتە بەر؟

 

مەڕوان زێباری: بەڵێ ئەنجامدانی ریفراندۆم  بابەتێکی یاساییە و دەستووری عێراق ئەو مافەی بە کورد داوە بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆی ئەگەر بە سەربەخۆیی و دەوڵەتیش بێت. بەغداش دواجار رازی دەبێ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام فشار لەسەر بەغدا ھەیە، بۆ نموونە ئێران و تورکیا و ھەندێک وڵاتی تر فشار لەسەر بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی ریفراندۆم نەکرێت، بەغدا باش دەزانێت ھەرێمی کوردستان وەکو عێراق بەھێزە، چونکە حکوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی خۆی ھەیە.

 

(باس): لە رووی یاساییەوە دەکرێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ریفراندۆم بکرێت؟

 

مەڕوان زێباری: دەبێت دوو ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ئەنجام بدرێن، ریفراندۆمی یەکەم ئەوەیە کە خەڵکی ئەو ناوچانە دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بن یان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند، ئەو کات بە یاسا یەکلا دەبێتەوە، راستە ئێستا ئەو شوێنانە لە رووی ئیداری و سیاسی و ئەمنی لەژێر دەسەڵاتی کورددان، ئەوەی ماوە دیارکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانەیە، کاتێک گوتیان بەڵێ لەگەڵ کوردستان دەبین، ئەوکات لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەشداریی بکەن لە ریفراندۆمی دیارکردنی چارنووسی گەلی کوردستان.