چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بەرپرسێکی پارتى: بوونی پەکەکە نەبێت هیچ پاساوێکى تر نییە تا تورکیا بۆردومانى شنگال بکات

"لەبەرئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆردایە، پارتی ناتوانێ پەیوەندیی لەگەڵدا هەبێت"


(باس) هێمن ساڵح
لەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ (باس)دا، هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى، چەندین زانیاریی گرنگ لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ ئاکپارتی و تورکیا و پەکەکە ئاشکرا دەکات. ئاماژە بەوەش دەدات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی پەیوەندییەکانی دامەزراندووە. دەشڵێت ئەو گۆڕانکارییانەی کە پارتی ئەنجامی داون ستراتیژی نەبوون، ئەمە و چەندین پرسیاری دیکەی پەیوەست بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی و ئایندەی پەکەکە لە شنگال وەڵام دەداتەوە.



(باس) پارتى لە چەند مانگى ڕابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاریى لە گۆڕینى بەرپرسەکان ئەنجام دا، یەکێک لەوانە بەڕێزتان بوون، ئایا ئەم گۆڕانکارییە لە کەسایەتییەکان بەشێکە لە گۆڕینى ستراتیژیەت؟ یان بەشێکە لەو گۆڕانکارییانەى سیاسەتى حزب؟
هۆشیار سیوەیلى: گۆڕانکارى شتێکى سروشتییە لەناو هەر حزبێکدا و بەتایبەتی پارتى دیموکراتى کوردستان بەدرێژایى تەمەنى سیاسیى خۆی بەردەوام بووە لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لەنێو ئۆرگانە حزبییەکانیدا، ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەیەکى گشتى بۆ چالاککردن و ئەکتیڤکردنى کارەکانى پارتی و دانانى بەرنامەى نوێیە بەپێى قۆناغەکان. بێ گومان گۆڕانکارییەکان لەنێوان دوو کۆنگرەدا دەکرێت، لەبەرئەوەى کۆنگرەى 13 و کۆنگرەى 14 نێوانیان زۆرە، نەتوانرا لە کاتى خۆێدا کۆنگرە ببەسترێت و ئەنجام بدرێت، بۆیە سەرکردایەتیى پارتى و جەنابى سەرۆک، وایان بە چاک زانى هەندێ گۆڕانگارى لەنێوان ئۆرگانەکانى حزبدا بکەن، تاکو ئەنجامدانى کۆنگرە.


(باس): بۆچی کۆنگرە نەکراوە، باشتر نەبوو بکرایە؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەنجام نەدانى کۆنگرە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار بووە، لەوانەش شەڕى بەردەوامى تیرۆریستانى داعش و کۆمەڵێک کێشەى ترى ناوخۆى کوردستان، وەکو قەیرانى دارایى.


(باس): گۆڕانکارییەکان چۆن بڕیاریان لەسەر درا؟
هۆشیار سیوەیلی: لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەیەک بوو کە نزیکەى ساڵێکى خایاند، تا هەڵسەنگاندێکى تێروتەسەل بۆ هەموو ئۆرگانەگانى پارتى بکرێت، هەڵسەنگاندێک بۆ هەموو ئەو کارانە بکرێت کە ئۆرگانەکان لەنێوان کۆنگرەى 13 بۆ 14 کردوویانە و کە کۆمەڵیک گۆڕانکارى بکرێت لە بەرپرسى مەکتەب و لقەکان، ئەویش بۆ چالاکترکردنى ئۆرگانەکان و چالاکیى نوێ و بەرنامەى نوێى کارى حزبى.


(باس) واتە گۆڕانکارییەکان ستراتیژی نەبوون؟
هۆشیار سیوەیلی: گۆڕانکارى لە ئیدارەى هەیکەلى ئۆرگانەکان بە ماناى گۆڕانکارى نییە لە سیاسەت و ستراتیژی حزب، گۆڕانگارى بە ماناى ئەوەیە سیاسەتى مەوجود بە شێوەیەکى ئەکتیفتر بەڕێوە ببردرێت، جا سیاسەتى حزبیش لە کۆنگرە لەلایەن سەرۆکى حزب و جێگرى سەرۆکى حزب و مەکتەبى سیاسییەوە دادەنرێت. سیاسەتى حزب و ستراتیژیەتى حزب تەنیا لە کۆنگرەکاندا گۆڕانکاریى بەسەردا دێت، ئێمە تەنیا دەتوانین کار لەسەر ئەداى بەڕێوەبردنى سیاسەتە دانراوەکان بکەین و نەهێڵین بە لاوازى بەڕێوە ببردرێت، مەبەست ئەوەیە ڕوحێکى نوێ بەبەر کارەکاندا بکرێت.
(باس) بەردەوام باس لەوە دەکرێت پارتی پەیوەندیى لەگەڵ تورکیادا خۆشە، ئایا ئەم پەیوەندییە تەنها لەنێوان (ئاکپارتى و پارتی)دایە؟ یان لەسەر ئاستی هەردوو حکوومەتە؟
هۆشیار سیوەیلى: پەیوەندییەکانى ئێمە لەگەڵ هەر وڵاتێک و هەر حکوومەتێک و هەر پارتێک لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە، جا وڵاتەکە دراوسێ بێت یاخود وڵاتانى ترى ناوچەکە یاخود لەسەر ئاستى جیهاندا بێت، ئێمە پەیوەندییەکانمان لەسەر بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و گەلى کورد دادەمەزرێنین. پەیوەندیى ئێمە لەگەل تورکیا لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، پەیوەندیى سیاسی و ئابووریمان لەگەڵ حکوومەتى تورکیا و دەوڵەتى تورکیا لەسەر بەرژەوەندیى خۆمان دامەزراندووە، بەرژەوەندییەکانیش دیارن، بۆ نموونە لەڕووى ئابوورییەوە تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان تاکە ڕێگە و کۆریدۆر و دەرگاى ناردنەدەرەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، ئێمە پەیوەندییەکى ئابووریى بەهێزمان هەیە لەگەڵ ئەم وڵاتە، لەلایەکى ترەوە هەرێمى کوردستان بازاڕێکى باشە بۆ تورکیا، بەتایبەتى لە ڕووى هێنانى کەلوپەل و پێداویستى. ئێمە وەکوو پارتى نامانەوەى لەگەڵ هیچ دەوڵەتیکدا و بەتایبەتى دەوڵەتانى دراوسێ پەیوەندییەکى نێگەتیڤمان هەبێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستاندا نییە. بێ گومان پەیوەندیى پارتى و ئەکپارتى-یش پەیوەندییەکى بەهێزە، هەم لەبەرئەوەى حزبى حوکمڕانى باڵادەستە، هەمیش لەبەرئەوەى حزبێکە مامەڵەکانى وەک حکوومەت لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکات، کاتێ جەنابى سەرۆک دەچێتە تورکیا ئاڵاى کوردستان بەفەرمى لە فڕۆکەخانەکان هەڵدەکرێت و بە زمانى کوردى لیستى نانخواردنى بۆ دادەنرێت و سەرکۆمار و سەرۆکى حکوومەت دەبینێت، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەى پەیوەندیمان لە قاڵبى حزبیدا دەرچووە، پەیوەندیى دوو لایەنە، پەیوەندیى دوو حکوومەتە و بەڵگەى ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان لەسەر بەرژەوەندیى هاوبەش دامەزراوە.


(باس) پێتانوایە کە بناغەیەکى پەیوەندیى توندوتۆڵتان لەگەڵ تورکیا داڕشتووە کە لە ئایندەدا لە قۆناغێکى نوێ لەگەڵتان بێت؟ بۆ نموونە کوردستان بەرەو ریفراندۆم و دەوڵەت هەنگاو دەنێن.
هۆشیار سیوەیلى: مەسەلەى ریفراندۆم و سەربەخۆیى پرسێکى ناوخۆی هەرێمى کوردستانە، بەرلەوەى بەداوى ڕاى وڵاتانەوە بین، دەگەڕێینەوە بۆ ڕا و ئیرادەى گەلى خۆمان، چونکە ئەوان سەرچاوەى بڕیاردانن. ئێمە پەیوەندییەکانمان لەسەر بەرژەوەندیى هاوبەش داڕشتووە، کە بەرژەوەندیى سیاسى و ئابوورییە، جگە لەمە سنوورێکى زۆر فراوانمان لەگەڵ تورکیادا هەیە، دەکرێ بڵێین بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیشمان دەچیتە قاڵبى ئەمەوە، ئێستا بەر لە ئەنجامدانى ڕاپرسى ڕەنگە زوو بێت و پەلە بێت کە شیکارى بۆچوون و هەڵوێستى وڵاتان و بەتایبەت تورکیا بکەین، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى دەوڵەتان هەڵوێستێکى نەرێنییان نییە بەرامبەر ئەنجامدانى ریفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان، ت ائێستا دەوڵەتان نەیانگوتووە مەسەلەى سەربەخۆیى هێڵى سوورە و نابێت هەرێمى کوردستان نزیکى بێتەوە، ڕەنگە بەئاشکرا پشتگیریى ئەو هەوڵەى سەرکردایەتیى سیاسى کوردستانیان نەکردبێت، ئەمەش بۆ تێگەیشتنى زیاترە، ئێمە دواى ریفراندۆم هەنگاوى گەورەتر دەنێین و ڕاى دەوڵەتان ئاشکرا دەکەین.


(باس) ئێوە پەیوەندییەکانتان زیاتر لەگەڵ (ئاکپارتى) دەبینرێت، کارتان بۆ ئەوە نەکردووە لەگەڵ جەهەپە و مەهەپە و هەدەپەش هەمان پەیوەندیتان هەبێت؟ لەگەڵ (هەدەپ) پەیوەندیتان چۆنە؟
هۆشیار سیوەیلى: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەکپارتى هەیە وەکوو حزب، بەڵام پەیوەندییە فراوانەکە لەگەڵ حکوومەت و دەوڵەتى تورکیایە، لەو بڕوایەدام ئەکپارتى بۆ ماوەیەکى زۆر لە حوکم دەمێنێتەوە و دەسەڵاتى بەهێزى دەبێت، ئێمە دەبێ سەیرى ئەو حزبانە بکەین کە دواى ئەکپارتى دێنە سەر حوکم، چۆن سەیرى هەرێمى کوردستان دەکەن. پەیوەندیمان لەگەڵ مەهەپە خراپە، چونکە مەهەپە حزبێکى نەژادپەرستى تورکیایە و بە هیچ شێوەیەک بڕواى بە مافە نەتەوایەتییەکانى کورد نییە، چ لە باکوور و چ لە باشوورى کوردستان، مەهەپە هەڵوێستێکى زۆر نێگەتیفى مێژووییان هەیە لەسەر مافە نەتەوایەتییەکانى کورد، بەلام پارتەکانى تر بەم شێوەیە نین بەتایبەت (جەهەپە) رەنگە تا رادەیەک کرانەوەیەکیان هەبێت لەبەرامبەر بەرژەوەندییەکانى کوردستان، حزبەکانى تریش بۆ نموونە هەدەپە پەیوەندیمان باشە، هەدەپە ئێستا پارتێکى کاریگەرن و لە رووى نەتەوەییشەوە کوردن و لە پەرلەمانى تورکیادا کارى خۆیان دەکەن. بەڵام ئێمە وەکو پارتى هیچ هەوڵێکمان نەداوە پەیوەندیمان لەگەڵ (مەهەپە)دا هەبێت، ئەمەیش تەنیا بۆ ئایدۆلۆژیاى هزریى حزبەکە دەگەڕێتەوە.


(باس) باس لەوە دەکرێت قۆناغێکى نوێى پڕۆسەى ئاشتى دەست پێدەکاتەوە لە تورکیا، پێتان وایە هەرێمى کوردستان سەنتەرێکى گرنگ دەبێت لەو پڕۆسەیەدا؟
هۆشیار سیوەیلى: رۆڵى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت خودى جەنابى سەرۆک بارزانى، ڕۆڵێکى ناوبژیوان و نێوەندگیرى بوو لەم پرۆسەیەدا، تا ڕادەیەکى زۆر بەڕێز ئۆجەلانیش رۆڵى لەم پرۆسەیەدا هەبوو، بەڵام سەرۆک بارزانى، لەلایەن لایەنەکانەوە داواى لێ کرا بەم ئەرکى نێوەندگیرییە هەڵبستێت، چ لایەنى تورکی و چ لایەنى کوردیش، چونکە ئەمان پێیان وابوو سەرۆک بارازانى، دەتوانێت رۆڵیکى ئەرێنی ببینێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە لەم قۆناغە نوێیەیشدا سەرۆک بارزانى و هەرێمى کوردستان سەنتەرێکى گرنگ دەبن بۆ ئەم پرۆسەیە، چەندین جاریش جەنابى سەرۆک بارزانى، دووپاتى کردووەتەوە و ئامادەیى خۆى پیشان داوە بۆ گێڕانى رۆڵێکى ئەرێنى لەم پرۆسەیەدا. نەک تەنیا دەستپێکردنەوەى ئەم قۆناغە، بەڵکوو بە ئامانج گەیشتنیشى خواستى سەرۆک بارزانی و هەرێمى کوردستانە. دەرکەوت کە ئەو میکانیزمەى کە لە پرۆسەى ئاشتى لە پێشوودا برا بەڕێوە، بەتایبەت کە پەکەکە رۆڵیکى ئەرێنیى نەبینى، بگرە خواستى تێکدانى زیاتر بوو. بە دوورى نابینم بۆ سەرکەوتنى ئەم پرۆسەیە پەکەکە لەدەرەوەى ئەو هاوکێشەیەى پێشوو بێت. دەبێت سوود و ئەزموون لە پرۆسەکەى پێشووتر وەربگرین و ئەم جارە پرۆسەکە بگاتە ئامانج، نەک ببێتەوە هۆکارێک بۆ ماڵوێرانیى کوردانى باکوور.


(باس) وەکوو پارتى دیموکراتى کوردستان، تۆمەتبار دەکرێن بەوەى کە هەندێ جار سازش دەکەن بۆ تورکیا، بەڕاست ئێوە لە کوێى ئەم تۆمەتانەدان؟
هۆشیار سیوەیلى: وەک ئاماژەم پێ دا ناچینە دامەزراندنى پەیوەندییەکەوە گەر لە بەرژەوەندیی میللەت و حکوومەتەکەماندا نەبێت، ئەوانەشى تۆمەت بۆ پارتى دروست دەکەن من داواى ئەوەیان لێ دەکەم کە تەنیا (سێ نموونە) بهێننەوە کە پارتى تەنەزولى بۆ تورکیا کردبێت، ئەمە تەنیا تۆمەتبارکردنە، ئێمە لە هیچ هەنگاوێکدا تەنازولمان نەکردووە، بەڵکوو ئێمە تورکیا وەکو هاوبەشێک سەیر دەکەین و لە هەمان کاتیشدا تورکیاش وەکوو هاوبەشێک سەیرى هەرێمى کوردستان دەکات، ئێمە لە هیچ بابەتێکى مەبدەئیدا بە پاڵپشتیى مێژوو ئەم قسەیە دەکەم، کە شاهێدە تەنازولمان بۆ تورکیا نەکردووە، بەڵکوو لەگەڵ تورکیادا لە پەیوەندییەکى دیبلۆماسیى بەهێزداین و پەیوەندییەکەش بۆ بەرژەوەندیی کوردستانە.


(باس) وا هەست دەکرێت هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ پەکەکەدا نەمابێ؟ ئایا بە ڕاستى دابڕاون؟ ئایا ئەمە لەبەرئەوەیە پەکەکە لە لیستى تیرۆردایە؟
هۆشیار سیوەیلى: نەخێر، هیچ پەیوەندیمان نییە، چونکە پەکەکە لەلایەن ئەمەریکا و ئەورپاوە لە لیستى تیرۆردایە، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا (پەکەکە) تا ئێستا لە لیستى تیرۆردا نییە، یانى هەڵویستى سەرکردایەتیى پارتى و حکوومەتیش بەو شێوەیە نییە. ئێمە لەگەڵ پەکەکە پەیوەندییەکى نەرێنیمان نییە، بەڵکوو ئەوە پەکەکەیە لەگەڵ ئێمە پەیوەندییەکى نەرێنیى هەیە! هیچ گوشارێکى تورکیا لەو مەسەلەیەدا رۆڵ نابینێت، مەسەلەى پەکەکە بەم شێوەیەیە: پەکەکە کێشە بۆ هەرێمى کوردستان دروست دەکات، پەکەکە بووەتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ناسەقامگیری لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى لە دەڤەرى شنگال! پەکەکە بووەتە هۆى نەگەڕانەوەى ژمارەیەکى زۆرى دانیشتوانى شنگال بۆ ناوچەکانیان. پەکەکە ڕێگرە لەوەى کە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە، پەکەکە ڕێگرە لەوەى کە ئەو غەدر و تاوانە مێژووییەى داعش دژ بە خەڵکى شنگالى کردى بە شێوەیەکى پۆزەتیف گۆڕانگاریى تیادا بکرێت و هاوکارى بکرێن چ لەلایەن حکوومەتى هەرێم و چ لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتییەوە، چونکە لە هەر شوێنێکدا ناسەقامگیریى سیاسى و سەربازی و ئەمنى هەبێت، دەوڵەتان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێکخراوە خێرخوازییەکان دەستى یارمەتیى بۆ درێژ ناکەن. ئێستا دۆخى شنگال بەم ناسەقامگیرییەوە ماوەتەوە، تا ئێستا وەکوو پێویست دەستى هاوکارى بۆ شنگال درێژ نەکراوە، هۆکارى یەکەمى ئەمەش (چەکدارانى پەکەکە)ن لە ناوچەکەدا. پەکەکە لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەت شنگال نایاساییە، دەبێت بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەى لێوەى هاتوون، ئەوانە دەڵێن پەکەکە لە شنگال رۆڵى کاراى بینیوە، ئێمەش دەڵێین پێشمەرگەش لە کۆبانێ رۆڵى زۆر زیاترى بینى لە شەڕى دژ بە داعش و دواى شەڕیش شارەکەیان بە شێوەیەکى ئارام بەجێ هێشت! ئێمەش هەمان چاوەڕوانیمان لە پەکەکە هەیە، ئەگەر رۆڵى ئەرێنیشیان بینیبێت، ئێستا هەرێمى کوردستان پێویستى بە پەکەکە نییە بۆ شەڕى داعش، چونکە تا رادەیەک شەڕى داعش لە کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان نەماوە! باشترە بۆ پەکەکە بگەڕێنەوە. پەکەکە لە شنگال کە وا دەکات تورکیا بۆردومانى هەرێمى کوردستان بکات و شەش پێشەرگەمان شەهید ببێت و کۆمەڵێک پێشمەرگەیش بریندار بن! ئەگەر پەکەکە نەبێت هیچ پاساوێکى تر نییە بۆ تورکیا بۆردومانى شنگال بکات.


(باس) دۆخى شنگال چى لێ دێت و بەرەو کوێ دەڕوات؟ پەکەکە تا کەى لەوێ دەبێت؟ چ ڕێگایەکى تر دەگرنە بەر؟ لەکاتێکدا ئێوە و زۆربەی حزبە کوردستانییەکان و ئێزدییەکان و ئەنجومەنى رووحانیى ئێزدى و بەرپرسانی ئیداری و وەزارەتی پێشمەرگە، داواتان کردووە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، کەچى دەرناچن؟
هۆشیار سیوەیلى: مەسەلەى شنگال و بەتایبەتى مەسەلەى مووسڵ بەگشتى دواى تەواوبوونى شەڕى داعش، کێشەیەکى ئاڵۆزە، دواى دەرچوون و تێکشکانى تیرۆریستانى داعش لە مووسڵ، کۆمەڵێک بەرژەوەندیى ناوچەیى و هەرێمى و نێودەوڵەتى دێنە ئاراوە، بۆ نموونە ئێران پرۆژە و پلانى تایبەتى خۆى هەیە بۆ مووسڵ، ئێران دەیەوێت کۆریدۆرێکى زەمینى لەنێوان ئێران و سووریادا بکاتەوە، ئێران بەرژەوەندیى لەوەدایە هێڵێک بگەیەنێتە شاخى شنگال و لەوێشەوە بۆ سووریا، ئێمە لە بیرمان نەچێت چیاى شنگال لەرابردوودا دژى وڵاتانى ناوچەکە بەکار هاتووە، یانى هەتا مەترسیى ئەوە هەیە شنگال بەکار بهێنریت بۆ یەکلاییکردنەوەى ململانێ و کێشە هەرێمییەکان لە رۆژهەڵاتى ناوڕاستدا! عێراقیش بە هەمان شێوە پلان و بەرنامەى تایبەت بە خۆى هەیە، تورکیایش بەهەمان شێوە بەرژەوەندیى تایبەت بە خۆى هەیە لەم ناوچەیەدا! تورکیا نایەوێت قەندیلێکى تر لە ناوچەکە دروست بێت و ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ وڵاتەکەى. لەبەرئەوە ناوچەى مووسڵ بە گشتى و شنگال بەتایبەتى زۆر ئاڵۆزە و دەبێت هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکى وردتر مامەڵەى لەگەڵدا بکەن و هەموو لایەنەکان گوشار بخەنە سەر چەکدارانى پەکەکە بۆ کشانەوەیان لە ناوچەکە. دەمەوێت ئەوەش بڵێم، لە هەرێمى کوردستاندا هەڵویستى هیچ حزبێک لەگەڵ مانەوەى پەکەکەدا نییە لە شنگال، هەمووان بە شێوەیەکى فەرمى لەگەڵ ئەوەدان کە دەبێت پەکەکە بە شێوەیەکى ئاشتى لە شنگالدا بڕوات، بۆیە دەبێت پەکەکەش رێز لە دەسەڵات و حزب و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا بگرێت.


(باس) لەسەر مەسەلەى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە کەرکووک، تورکیا زۆر توند بوو! ئایا تەنیا بۆ بانگەشەى ریفراندۆم بوو بۆ گۆڕینى دەستوور؟
هۆشیار سیوەیلى: دەربارەى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە کەرکووک، کاتى هەڵکردنى ئاڵاکە و شێوەى هەڵکردنى ئاڵاکە پرسیارى زۆرى لەسەر بوو، یانى پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لە ساڵى 2003وە کە ئاڵاى کوردستان لە زۆر شوێنى تری ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکووک هەڵکرا، بۆ ئەو کات ئەم کارە نەکرا؟ خۆ لە مەخموور و گوێڕ و خورماتوو و خانەقین و زۆر شوێنى تریش ئاڵا هەڵکرا، ئەوکات پاساوى باشتر و هەلومەرجى باشتریش هەبوو، بۆچى دەبێت هەڵکردنى ئاڵا هاوکات بێت لەگەڵ پرۆسەى ریفراندۆم لە تورکیا؟ بۆ دەبێت ئەم شێوە چڕەى راگەیاندنى لەسەر بێت؟ خۆ هەڵکردنى ئاڵا مافیکى سەرەتایى و سروشتیى خەڵکى ناوچەکەیە، یانى نەدەکرا لەلایەن حزبێکى دیاریکراوەوە ئەم هەرا راگەیاندنە دروست بێت لەسەر ئەم مەسەلەیە! بەڕێز ئەرۆدگان لەگەڵ َ حزبێکى وەک مەهەپە هاوشان و هاوکارە، ناچار بوون بۆ رازیکردنى دڵى ئەوان و لایەنگرانى خۆى هەڕەشەیەکى وا بکات​!