چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

بەرپرسێکی یه‌كێتیى: ئەوەی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبێ ئەندامی یەکێتی نییە

"پارتى و یه‌كێتى بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان یه‌ك ئامانج و یه‌ك ستراتیجیان هه‌یه‌"


زوبێر عوسمان، جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى (باس)دا رای دەگەیەنێ، پارتى و یه‌كێتى بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان یه‌ك ئامانج و ستراتیجیان هه‌یه و لەمبارەیەوە زۆر شتی تر باس دەکات.

 

(باس) باسی ڕیفراندۆم ده‌كرێت، ئێستا چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى كورد هاوشێوه‌ى وڵاتان خاوه‌نى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ بێت؟
زوبێر عوسمان: پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستانى باشوور خه‌باتى ڕه‌واى خۆیان له‌ ڕێگه‌ى خه‌باتى چه‌كدارى له‌ شاخ ئەنجام دا، دواى ڕاپه‌ڕینیش ئاوات و ئامانجی ئەو قۆناغەی گه‌له‌كه‌مان به‌دی هات، کە خۆى له‌ خه‌باتى دیموكراسی و مه‌ده‌نی و سیاسیی په‌رله‌مانى له ‌ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بینییه‌وه‌، دواجار ئێمه‌ گه‌یشتین به‌ خه‌باتێكى دیكه‌، ئه‌ویش خه‌باتى چه‌كدارى بوو دژ به‌ تیرۆر و تیرۆریستان، ئێستاش هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ره‌كانمان قاره‌مانانه‌ له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگ خه‌باتى خۆیان ده‌كه‌ن، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێى قورسایی خۆى هێز و تواناى خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ تا وڵاتان پشتیوانیمان بكه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، ئێستا قۆناغى زه‌مینه‌سازییه‌ بۆ پرسی ڕیفراندۆم، ئه‌وه‌شى به‌دى نه‌هاتووه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ تا ئێستا نه‌گه‌یشتووین به‌ مافه‌ ڕه‌واكانى خۆمان، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یە کە ئه‌و سنووره‌ى به‌ درێژایى مێژوو سنوورى كوردستان بووه،‌ نه‌مانتوانیوه‌ بەتەواوی بیگێڕینه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، بۆیه‌ ڕیفراندۆم یه‌كێكه‌ له‌و وێستگانه‌ى كه‌ ده‌توانێت ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستانیش.


(باس) تا چه‌ند گه‌شبینى به‌وه‌ى كورد بۆ ئاینده‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ؟
زوبێر عوسمان: به‌دڵنیایه‌وه‌ خودى خۆم گه‌شبینم به‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تى سه‌به‌خۆیى كوردستان لاى یه‌كێتیى نیشتمانى ستراتیج و ئامانجه،‌ به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ ته‌كتیك بیرمان لێ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو ته‌كتیكه‌كه‌مان له‌پێناوى تێپه‌ڕاندنى قۆناغه‌كان بووه‌، تا بگه‌ین به‌و ئامانجه‌ مه‌زنه‌ى كه‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كورستانه‌، چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان به‌ مافێكى دیموكراتى و ئاشتییانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌زانین، ڕیفراندۆمیش بۆ سه‌ربه‌خۆیى وه‌ك مافى چاره‌نووسی گه‌لى كوردستان له‌ هه‌رێم و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ئامانج و ستراتیج و دروشمى یه‌كێتییه،‌ تا به‌دیهێنانى ئه‌و ئامه‌نجه‌ ستراتیجییه‌ مه‌زنه‌ یه‌كێتى به‌ شێوه‌ى خه‌باتى دیموكراسی سوور ده‌بێت له‌سه‌رى، چونکە له‌ ساڵى 1982 تا هه‌نووكه‌ دروشمى یه‌كێتى، مافى چاره‌ى خۆنووسینە و بووه‌ به‌ ستراتیجیه‌تێكى گرنگ.


(باس) بەڵام ئێستا به‌رپرسانى هه‌ندێك لایه‌نى سیاسی، پێكه‌نینیان به‌ پرسى نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیى و ڕێفراندۆم دێت، ئەمە چ مانایه‌كى هه‌یه‌؟
زوبێر عوسمان: ئه‌و كه‌سانه‌ى پێكه‌نینیان به‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دێت، ئەگەر كه‌سایه‌تیى سیاسی بن، به‌ بۆچوونى من لاوازیى خۆیان ده‌رده‌خەن له‌ خه‌بات و تێكۆشان و خه‌ون و خولیا و ئاواته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ ڕیفراندۆم له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیى و دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان بكرێت، پێویسته‌ له‌ سه‌دا سه‌دى گه‌لانى كوردستان ده‌نگى بۆ بدەن.


(باس) یه‌كێتیى نیشتمانى حاشا له‌ به‌رپرسه‌كانى خۆى ده‌كات ئه‌گه‌ر دژایه‌تیى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و ڕیفراندۆم بكات؟
زوبێر عوسمان: هه‌ر فه‌رمانده‌ و ئه‌ندام و كادیر و دڵسۆزێكى یه‌كێتیى نیشتمانى، كاتێك سۆزى بۆ یه‌كێتى هه‌یه‌ یاخود بۆچوونى یه‌كێتیى هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌واته‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامى یه‌كێتیى به‌دڵه‌، بێ گومان ئامانج و خه‌بات و تێكۆشانى یه‌كێتى چه‌سپاندنى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانه‌، بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌نگ به‌ یه‌كێتى بدات، یان خۆى به‌ كادیر و ئه‌ندامى یه‌كێتى بزانێت، پێویسته‌ باوه‌ڕى ته‌واوى به‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان هه‌بێت، هه‌ر كه‌سێكیش له‌ ستراتیج و په‌یڕه‌و و پڕۆگرامى یه‌كێتى جێبه‌جێ نه‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌ندامى یه‌كێتى نییه‌، هه‌روه‌ها هیچ كه‌سێك له‌ناو یه‌كێتى دژى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان هاوراین و یه‌ك تیمین، ته‌نیا كێشه‌ى ئێمه‌ له‌سه‌ر كاتە و زه‌مینه‌سازیى بۆ بكرێت، شان به‌شانى خه‌باتى چه‌كدارى كه‌ ئێستا پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌، پێویسته‌ یه‌كێتى و پارتى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ خه‌باتى دیبلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه،‌ به‌ تایبه‌تى به‌غدا به‌هێز بكه‌ین، بڕوایه‌كى به‌هێزى وه‌هایان لا دروست بكه‌ین، كه‌ كورد ده‌توانێت خۆى سه‌ربه‌خۆ بێت، دواجار ئه‌وان پشتگیریمان بكه‌ن بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی كۆمارى كوردستانى قازى محه‌مه‌د، هه‌مان حكوومه‌تى سه‌رده‌مى مه‌لیك مه‌حموود، دواى ماوه‌یه‌ك كورد نه‌خنكێندرێت، ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ئه‌زموون له‌ ڕابردوو وه‌ربگرین و بتوانین ئه‌و ئامانجه‌ مه‌زنه‌ى هه‌مانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى واقیعیانه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین و به‌دى بهێنین، ئێمه‌ كێشه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ئاخۆ كێ دژى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانه‌، به‌ڵكوو كێشه‌ى ئێمه‌ ته‌نیا كات و زه‌مینه‌سازیى ڕاگه‌یاندنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌، لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م هه‌وڵى جدیى بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ له‌ واقیعدا ئه‌و ناوچانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا مادده‌ى 140 جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ تاك لایه‌نه‌ش بێت ئێمه‌ ڕیفراندۆم بكه‌ین، پێویسته‌ دوا هه‌وڵى خۆمان بده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا تا دژمان نه‌وه‌ستێته‌وه‌ و دراوسێیەکى باشمان بێت.


(باس) ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بچێته‌ قۆناغى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، وڵاتانى دراوسێ پشتگیرى كوردستان ده‌كات؟
زوبێر عوسمان: ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیى وڵاتانى ناوچەکە و وڵاته‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌، به‌ دڵنیایه‌وه‌ وڵاتانى ناوچەکە بۆ ئه‌و پرسه‌ گه‌ورەیە‌ دۆستمان نابن، چونكه‌ كوردستان بووه‌ به‌ چوار پارچه‌ و دابه‌ش كراوه‌ به‌سه‌ر (ئێران، عێراق، توركیا، سووریا) بۆیه‌ قه‌ناعه‌ت پێهێنانى ئه‌و وڵاتانه‌ له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیى كوردستان كارێكى قورسه‌، به‌ڵام ئێمه‌ دەبێ هه‌وڵه‌كانى خۆمان بۆ ئه‌و پرسه‌ چڕتر بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ قه‌رزداری ئێمەن، چونکە وڵاته‌كه‌ى ئێمه‌یان پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌، واتا كوردستان خاوه‌نى وڵاته‌، به‌ڵام خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت نییه‌، دواجار كێ ده‌وڵه‌تى لێ داگیر كردووین، كێ ده‌وڵه‌تى لێ دابه‌ش كردووین، ئه‌وه‌ هه‌موو وڵاته‌ زلهێزه‌كانن. ده‌بێت قه‌رزه‌كه‌مان بۆ بگێڕنه‌وه‌، به‌و مانایه‌ى ئێمه‌ش مافى چاره‌ى خۆنووسینى خۆمان به‌دى بهێنین و ئه‌وان پشتیوانیمان بكه‌ن.


(باس) كاتى ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ كورد له‌ژێر ركێفى به‌غدا بێته‌ ده‌ره‌وه‌؟
زوبێر عوسمان: ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتیى نیشتمانى له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێككه‌وتننانه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕاندا هه‌مانه‌، هه‌روه‌ها له ‌ناوه‌ڕۆكى نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ى یه‌كێتى به‌ڕوونى باس له‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان كراوه‌. هه‌روه‌ها لاى به‌غدا ڕوونه‌ له‌ ڕێگه‌ى هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیه‌وه‌ به‌ شیعه‌ و سوننه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ لایه‌نه‌ ئایینییه‌كانییه‌وه‌، هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق بپارێزرێت، به‌و مانایه‌ى تائێستاش ئه‌وان دژى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام ده‌بێ ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانى خۆمان سارد نه‌بینه‌وه‌.


(باس) بارزانى زۆر جه‌خت له‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێك لایه‌نیش دژى ده‌وه‌ستنه‌وه‌، دژایه‌تیى ده‌وڵه‌تى كوردى به‌ خیانه‌تى نیشتمانی ده‌زانی؟
زوبێر عوسمان: هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، بۆیه‌ ده‌ستخۆشى له‌ بارزانى و هه‌ر كه‌سێكى دیكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بیه‌وێت ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان ڕابگه‌یه‌نێت، ته‌مه‌نای ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م هه‌موو سه‌ركرده‌كانمان هه‌وڵى جدیى بدەن بۆ ئه‌و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه،‌ هه‌روه‌ها كاتى ئه‌وه‌ش هاتووه‌ پارتى و یه‌كێتى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ ئاشت ببنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایی تواناكانى خۆمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ به‌دیهێنانى خواسته‌ نه‌ته‌وەییه‌كانى خۆمان.


(باس) بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ بارزانى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ڕابگه‌یه‌نێت، یه‌كێتیى نیشتمانى چۆن پشتگیرى له‌ بارزانى ده‌كات؟
زوبێر عوسمان: نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ى یه‌كێتى له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ڕوون و ئاشكرایه‌، له‌ خاڵى 8ى ناو نه‌خشه‌ڕێگاكه‌دا زۆر به‌ تێر و ته‌سه‌لی‌ باسی لێوه‌ كراوه‌، یه‌كێتیى نیشتمانى و پارتى دیموكرات هاوئاهه‌نگیى باشیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسى ڕیفراندۆم، له‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌م دواییه‌ی یه‌كێتیى نیشتمانى، باسی سه‌ربه‌خۆیى كوردستان كراوه‌ و لیژنه‌ى باڵاشى بۆ پێكهێنراوه‌، كار له‌وه‌ش نه‌ماوه‌ یه‌كێتى بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پشتگیرى له‌ پارتى بكات، یان پارتى پشتگیرى له‌ یەکێتی بكات، به‌ڵكوو هه‌ردوو لامان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیى و ڕیفرادۆم یه‌ك ئامانج و یه‌ك ستراتیجمان هه‌یه‌ و خه‌باتى خۆمانى بۆ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها به‌ڕێز مام جه‌لال هه‌موو ته‌مه‌نى خۆى له‌پێناو سه‌به‌خۆىی كوردستان به‌ڕێ كردووه‌، دواجار سه‌ربه‌خۆیى كوردستان خه‌ون و ئاواتى هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و كاك مه‌سعود و هه‌موو سه‌ركرده‌یه‌كى تێكۆشه‌رى كوردستانه‌.