پڕۆفسیۆرێکی مێژوو: بەپێی نەخشەی ئەوروپایی بەر لە چوار سەدە کەرکووک لە ناوەندی کوردستاندایە

"تەنیا کورد و بەشێک لە کرستیانەکان پێکهاتەی ڕەسەنی کەرکووکن"

(1)

لەم دیمانە تایبەتەی (باس)دا، پ. د. جەبار قادر، پسپۆڕ لە مێژووی هاوچەرخی کورد، باس لە مێژووی کەرکووک و چۆنیەتی کارکردنی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەکات بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە و ئاماژەش بە مێژووی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکات.

 

(باس) سەرەتا وەک پسپۆرێک، بۆچوون و ڕوانگەی ئێوە بۆ شوناسی نەتەوەیی - نیشتمانیی کەرکووک لە باری مێژوویی و بەڵگەنامەییەوە چییە؟
د. جەبار قادر: کەرکووک بەدرێژایی مێژوو بەشێک بووە لەو جوگرافیایەی کە بە کوردستان ناسراوە و دەناسرێت. هەڵبەتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەمیشە چ شار و چ هەرێمەکە هەر بەو ناوەی ئێستاوە بوونە. ئەگەر خۆمان بە مێژووی زۆر کۆنەوە خەریک نەکەین، ئەوا لە دەسپێکی سەدەکانی ناوەڕاستەوە بەشێک بووە لە هەرێمی چیاکان. لە سەردەمی عوسمانیشدا ناوەندی ویلایەتێکی کوردی بووە بە ناوی شارەزوور. دانیشتووانی کورد و بەشێکی دیاریکراو لە کرستیانەکانی لێ دەرچێت، دانیشتووانی دیکە هەموویان لە سەردەمە مێژووییە جیاوازکاندا هاتوونەتە کەرکووک. ئەم باسە تەنیا وەک فاکتی مێژوویی باس ئەکەم. هەموومان دەزانین هاتنی عەرەب بۆ دامێنەکانی ئەم پارێزگایە سەدە و نیوێک زیاتر نییە، بوونیشیان بە بەشێک لە دانیشتووانی لیوای کەرکووک هێشتا سەدەیەکی تەواو نەکردووە، کاتێک لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە حەویجە نیشتەجێ کران. دەسپێکی هاتنی بە لێشاوی عەرەب بۆ کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ دوای دۆزینەوە و هەناردەکردنی نەوت. لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیشدا هێنانی عەرەب بوو بە سیاسەتێکی فەرمیی دەوڵەت بۆ بەعەرەبکردنی شار و پارێزگای کەرکووک. تورکمانەکان هەندێک جار کاتی هاتنیان بۆ ئەم هەرێمە دەگەڕێننەوە بۆ دەمێکی زۆر کۆنتر لەوەی مێژوو بۆی تۆمار کردووین. بەڵگە مێژووییەکان ئەم باسانە پشتڕاست ناکەنەوە. بەشێکیش لە کرستیانەکان، بەتایبەتی ئاسوورییەکان لەدوای قڕکردنی ئەرمەن لە دەوڵەتی عوسمانیدا و دەرهێنانی نەوت لە کەرکووک جێگیر بوون و لە کۆمپانیای نەوت دامەزران. هەموو ئەم فاکتانە لە کاتێکدان کە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی باس لەوە ناکات کورد لە شوێنێکی ترەوە هاتبێت. ڕاستە زۆربەی کورد لە دێکانی پارێزگاکەوە ڕوویان لە شارەکە کردووە، ئەم پرۆسەیەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ شارەکانی تری ناوچەکە و دونیا، کە هەندێ کەسی ناشارەزا وەک بەڵگە دەیهێننەوە گوایە کورد بە ژمارە لە شاری کەرکووک زۆرینەی ڕەها نەبووە. تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە کەرکووک بەشێک بووە لە سەرزەمینی میرنشینە کوردییەکانی وەک ئەردەڵان و بابان. لێرەوە ناسنامەی کوردستانیی کەرکووک جێگەی بێنەوبەردە نییە. ڕاستە لە ماوەی دوو سەدەدا هەوڵ دراوە ئەم ناسنامەیە بشێوێنرێ و ئەگەر بکرێت بسڕێتەوە، بەڵام ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوونە، چونکە لە دژی ڕەوتی مێژوو و ئاکاری مرۆڤایەتی بوونە.


(باس) ئەو بەڵگانە کامانەن کە دەتوانین وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو شەڕی چارەنووسی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی پێ بکەین؟
د. جەبار قادر: سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەکان زۆرن، بۆ نموونە سەیری هەر نەخشەیەکی مێژوویی زانستی، نەک دروستکراو بە مەبەستی سیاسیی ناوچەکە بکەیت، دەبینیت کەرکووک خراوەتە چەقی کوردستانەوە. بەرلەوەی هەستی نەتەوەیی توندڕەو و ڕەگەزپەرستی پەرە بسێنێ و هەوڵی سڕینەوەی کورد و کوردستان لە مێژوو و نەخشەی جیهان بدرێت، نەخشەکانی دەوڵەتی عوسمانی زۆر بەڕوونی کەرکووک لە چوارچێوەی خاکی کوردستاندا پیشان ئەدەن. نەخشەی ئەوروپایی بەر لە چوار سەدەمان لەبەردەستدایە کە تێیدا کەرکووک لە ناوەندی کوردستان دانراوە. هەر گەڕیدەیەکی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی نوێ و هاوچەرخیش سەردانی ئەم خاکەی کردبێت، کاتێ گەیشتووەتە چیای حەمرین ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیتر لەوێوە خاکی کوردان دەست پێدەکات. چیای حەمرین بۆ ئەوانەی شارەزای ئەو ناوە نین زیاتر لە سەد کیلۆمەتر لە خوار کەرکووکەوەیە. هەندێ لە گەڕیدەکان زۆر لەوەش لەخوارتر، بۆ نموونە لە شارەبانەوە باسیان لە خاکی کوردستان کردووە. لە بەڵگەنامە نهێنی و ئاشکراکانی دەوڵەتانی زلهێزی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ڕووسیا، کەرکووک هەمیشە وەک بەشێک لە کوردستان سەیر کراوە. پرسی ناسنامەی کەرکووک تا سییەکانی سەدەی ڕابردوو مایەی بێنەوبەرە نەبوو، دوای دەرکردن و هەناردەکردنی نەوت، هەوڵەکانی گۆڕینی ناسنامە و دواتریش دیموگرافیای کەرکووک دەستیان پێ کرد. هەرچی ئینسایکلۆپیدیای سەنگین و متمانەپێکراو هەیە وەک بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستان باس لە کەرکووک ئەکەن. تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم گەڕیدەکان زیاتر باسی دانیشتووانی کوردیان کردووە و هەندێک ئاماژەیان بە کەمینەی کرستیان و جوو کردووە. دواتر لەدوای نەمانی میرنشینە کوردییەکان لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەوە، کەرکووک بوو بە ناوەندێکی سەربازیی عوسمانی و لەو کاتەوە پرۆسەی بەعوسمانیکردنی بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە دەستی پێ کرد و پەرەی دەسەند. ئەندامانی ئەم توێژە جێبەجێکاری سیاسەتی سەربازی و مەدەنیی عوسمانی بوون لەم هەرێمە. پێگەی خۆشیان زۆر باش بەکار هێنا بۆ دەستگرتن بەسەر باشترین زەوی و زاری خەڵکەکەیدا. داڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی، تەوژمێکی بەهێزی دا بەم توێژە، چونکە تا ئەو دەمە سەربازانی عوسمانی و بەشێک لە فەرمانبەرانی سەر بە ئەستەنبوڵ بە بێگانە دادەنران و لەگەڵ خەڵکی شاردا هەژمار نەدەکران. تاک و تەرا لەمانە لە کەرکووک دەمانەوە و جێگیر دەبوون، ئەوانی تر هەموو دەگەڕانەوە، بەڵام کاتێک ڕێ و بان گیرا و ئەنادۆڵ بووە گۆڕەپانی شەڕی کەمالییەکان لە دژی داگیرکەرانی بیانی، ئەمانە بڕیاریان دا لە کەرکووک بمێننەوە. دواتر بەڕێوەبەرایەتیی بەریتانی و عێراقیش کەسیان نەبوو کاروباری فەرمی بەڕێوە ببات، بۆیە دیسان هەر پەنایان بردەوە بەر ئەمان و بەم شێوەیە ئەم توێژە لە باری تازەشدا پێگەی خۆی لەدەست نەدا. تەنانەت تا سییەکانی سەدەی بیستەم زمانی بەڕێوەبردن لە کەرکووک هەر تورکیی عوسمانی بوو، دواتر زمانی عەرەبی شوێنپێی پێ لەق کرد و بوو بە زمانی فەرمی. 


(باس) ئایا سیاسەتی ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافی، کە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بەدرێژایی مێژووی حوکمڕانییان بەرامبەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکە کردوویانە، ھیچ لە رەسەنایەتی و سەنگی ئەو شوناسە دەگۆڕێ و کەم دەکاتەوە؟
د. جەبار قادر: هەڵبەتە ئەو سیاسەتانە زیانی زۆریان بە پەیکەری کۆمەڵایەتی و دیموگرافیی ئەم پارێزگایە گەیاند، کەرکووکیان لە شارێکی هاوچەرخ و ڕێکوپێکەوە کردە گوندێکی گەورەی ناڕێک و بێ سەروبەر. دەسەڵاتی خوێنڕێژی بەعس زیاتر لە بیست گەڕەکی گەورەی بە ناوی نامۆوە بەم شارە بۆ عەرەبی هاوردە دروست کرد. ناوە کوردییەکانی گەڕەک، قوتابخانە، یانە و تەنانەت بازاڕ و دوکانەکانی گۆڕی. تەنیا بۆ نموونە، لە ڕەحیم ئاوا بەدوای ئەندولسدا دەگەڕا، قوتابخانەی ئامادەیی کوردستانی کرد بە قوتابخانەی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان، ناوی پارێزگای کەرکووکی کرد بە تەئمیم. لە هەموو پارێزگاکە و شوێنە ستراتیژییەکانی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی بۆ عەرەبی هاوردە دروست کرد. سەدان گوندی کوردی وێران کرد و دانیشتوانی بۆ دەرەوەی پارێزگاکە دەرکرد یا لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە بیابانەکانی باشوور زیندەبەچاڵ کران. پرۆسەی دەرکردنی دانیشتووانی کورد لە کەرکووک لە ماوەی چل ساڵی ڕەبەقدا بەردەوام بوو. لەو چل ساڵەدا بەدەگمەن کوردێکی کەرکووک لە شارەکەی خۆیدا دەبووە فەرمانبەر، هەمیشە دەگوێزرانەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و عێراق. بەعس هەر بەمەوە نەوەستا، بەڵکوو لە هەمان کاتدا یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای کەرکووکی لەو پارێزگایە دادەبڕی و دەی لکاندن بە پارێزگاکانی دیکەوە. کفری خرایە سەر دیالە، خورماتوو کرا بە قەزایەکی پارێزگای سەڵاحەدین، چەمچەماڵ و کەلاریش خرانە سەر سلێمانی. پردێش لەنێوان کەرکووک و هەولێردا هەر لە هات و چۆدا بوو. هەموو ئەم یەکە کارگێڕییانە دانیشتووانیان یا سەد دەر سەد کورد بوون، یا کورد زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانیان پێکدەهێنا. بەم شێوەیە ڕێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە کەمیی دەدا، لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا لە نیوەی دانیشتووانی پارێزگاکەوە دابەزی بۆ کەمتر لە سێیەکی. بەهۆی ئەم بڕیاڕانەشەوە پارێزگاکە نیوەی خاکەکەی لەدەست دا، لە ٢٠٠٠٠ کم٢ بۆ کەمتر لە ١٠٠٠٠کم٢. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کەرکووک بەشێک لە ناسنامە و سیمای خۆی وەرگرتەوە. بەگەڕانەوەی یەکە کارگێڕییە دابڕاوەکان بۆ سەر کەرکووک ڕوخساری پارێزگاکە بەتەواوی دەگۆڕێت. سڕینەوەی شوێنەوارەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە و پێم وانییە هێشتا دەستی پێ کردبێت.


(باس) مادەی (٥٨)ی یاسای بەڕێوەبردنی کاتیی دەوڵەتی سەردەمی بریمەر، تایبەت بوو بە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی، بۆ نەخرایە بواری پراکتیکەوە؟ ئایا ڕۆڵی ئەمەریکا لە دواخستنی چارەسەری و یەکلاکردنەوەی کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە چی بوو؟
د. جەبار قادر: دەسەڵاتی داگیرکاریی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی یەکەمیدا ئامادە نەبوو گوێ لە کەس بگرێت، زۆر سەرکەشانە هەڵسوکەوتی دەکرد و زمانی هەڕەشەی لەبەرامبەر داخوازییە ڕەواکانی خەڵک بەکار ئەهێنا. ئەو دەسەڵاتە سۆزی دۆستانەی کوردی بەرامبەر ئەوانەی لە ڕژێمی خوێنڕێژی سەدام ڕزگاریان کرد، خراپ بەکارهێنا. لە هەر کێشە و کۆسپێک کە دەهاتە پێشی داوای لە کورد دەکرد نەرمی بنوێنێ و کێشەکان لەوەی هەیە ئاڵۆزتر نەکات. یەکێک لەو کێشە گەورانە کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بوو. ئاماژەکردن بۆ سنوورەکانی ڕۆژی ١٩ ئادار ٢٠٠٣، واتا ئەو ڕۆژەی هێڕشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەستی پێکرد، بۆ هەرێمی کوردستان هەر وا کارێکی هەڵکەوت و بێ مەبەست نەبوو. سەرکردە کوردەکان هەوڵیان دا دڵی ئەمەریکییەکان ڕابگرن، خۆیان وەک هاوپەیمانیان پیشان بدەن و سوپاسگوزاریی خۆیان دەرببڕن لەبەرامبەر ئەوەی کە بۆ زیاتر لە دە ساڵ هەرێمی کوردستانیان لە هەڕەشەکانی سەدام پاراست. 
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەمنیی عێراق و هەڵکشانی کردەوەی توندوتیژی مەزهەبی و پەلاماردانی هێزەکانی ئەمەریکا، بیرکردنەوە لە دەرچوون لە زەلکاوی عێراق بوو بە یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان. لێرەوە دەسەڵاتی برێمەر توانای چارەسەکردنی هیچ کێشەیەکی نەبوو، تەنیا بیری لە دواخستنیان دەکردەوە بۆ دوای دەرچوونی خۆیان. ئەو مادەیە بە شێوەیەک داڕێژرا کە پرسێکی درێژخایەن و پڕ لە سەرئێشە بێت و دەرفەتی دەستێوەردان مەیسەر بکات. پێم وایە پەیمانەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی وەک تورکیا و عەرەبستانی سعوودی و میسر … تاد، بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگەنەدان بە دروستبوونی قەوارەیەکی کوردستانی ڕۆڵیان هەبوو لە داڕشتنی مادەی ٥٨ بەو شێوە ئاڵۆزە. هەموو ئەمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەموو لایەک ئەو ڕاستییەیان دەزانی کە گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەگەری سەربەخۆیی کورد دەکات بە ئەگەرێکی بەهێز. مانەوەی ئەو هێز و پێکهاتە ناکۆکانە لە عێراق هەموو کاتێک دەرفەتی دەستێوەردان و بەکارهێنان بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی تریش فەراهەم دەکات.      


(باس) لە وتارێکتاندا باس لەوە دەکەن کە ماددەی ١٤٠ لە بنەڕەتدا جۆرێکی دیکەی ستەم بوو لە کوردستانیبوونی کەرکووک و شوناسە ڕاستەقینەکەی کرا، مەبەستتان چییە؟
د. جەبار قادر: بەڵێ، ئەو مادەیە پڕ بوو لە ستەم و نادادپەروەری بۆ کوردانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم. بەر لە هەر شتێک دان نەنانی ڕاشکاوانە و بێ ئەملا و ئەولای پارت و گرووپە سیاسییە عەرەبییەکانی عێراق بە تاوانی بەعەرەبکردن و پاکتاوکردنی نەژادی کورد لە کەرکووک و ئەو ناوچانە بە هەڵوێستێکی نامرۆڤانە و دژە کوردی کاربەدەستانی نوێ دادەنێم. تاوانەکانی بەعس لەو ناوچانە شتێک نەبوون بە شاراوەیی کرابن و پێویستیان بەوە بێت لە ڕاستی و دروستی و قەوارەکەی بکۆڵرێتەوە. نووسراوی فەرمیی حکوومەتی عێراق بە هەموو دەزگا حزبی و دەوڵەتییەکانی وڵاتدا دەگشتێندران و تێیاندا داوا لە هاووڵاتییانی عەرەب دەکرا، ئەوانەی دەیانەوێت تۆماری باری شارستانیی خۆیان بۆ کەرکووک و ئەو ناوچانە بگوێزنەوە، ئەوا حکوومەت پارچەیەک زەوی و دە هەزار دیناریان دەداتێ و ئەگەر فەرمانبەریش بن ئەوا لە فەرمانگەکانی کەرکووک دادەمەزرێن و ئەوانەشی فەرمانبەر نین دەرفەتی کاریان لە کۆمپانیای نەوت، کۆمپانیاکانی دیکە، دەزگا ئەمنی و حزبییەکان بۆ دابین دەکرێت. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە دەیان هەزار کەس ڕوویان لە کەرکووک کرد و زیاتر لە بیست گەڕەکیان بۆ دروست کران. لەدەرەوەی شاریش بە هەزاران خێزانی عەرەب لەسەر زەویوزاری کورد نیشتەجێ کران و جووتیارانی کورد وەدەر نران، ئەوانەشی مانەوە بوونە پاڵەی کرێگرتە لە کێڵگەکانی پێشوویان لە لای خاوەنە نوێیە بێگانەکانیان. ئەوەتا لەدوای ١٤ ساڵ لە ڕاماڵینی ڕژێمی بەعس، کاربەدەستانی (عێراقی هیوا) ئەو زەویوزارانەیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ خاوەنەکانیان. عەرەبی هاوردەش ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێیانەوە هاتوون، هەرچەندە پارەیەکی زۆریشیان وەک (قەرەبوو) وەرگرتووە. یەکێک لە ستەمەکان ئەوە بوو کە قوربانییانی سیاسەتی بەعەرەبکردن، کە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکران، نیوەی ئەو پارەیان وەک قەرەبوو دەدرایە کە عەرەبی هاوردە وەری دەگرت. عەرەب بیست ملیۆن، کوردی ڕاگوێزراو و ماڵوێرانیش تەنیا دە ملیۆن دیناری وەردەگرت. 
ئەوانەی خۆیان بە نەیاری ڕژێمی پێشوو دادەنا و هەموو سیاسەتەکانیان سەرکۆنە دەکرد، لە ئاست سیاسەتی بەعەرەبکردنی سەدامدا بێ دەنگ و تەنانەت دڵخۆش بوون بەو (دەستکەوتانە)ی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بە میرات بۆی بەجێهێشتوون. با بالۆرەی ئەوەی ئەم هاووڵاتییانە عێراقین و کەرکووکیش شارێکی عێراقییە و مافی خۆیانە لەوێ بژێن لەولاوە بوەستێت، ئەمانە هەندێ جار شتی وا سەیر دەڵێن مرۆڤ واقی وڕ دەمێنێت. لە سییەکانەوە عەرەب ڕوویان کردووەتە کەرکووک بۆ پەیداکردنی کار و ژیان، کەس لێی نەپرسیون بۆ هاتوونەتە ئێرە؟ سەدان فەرمانبەر دەگوێزرانەوە بۆ کەرکووک کەس لاریی لێ نەبوو، کەرکووک کرا بە ناوەندێکی سەربازیی گەورە. هەموو ئەمانە وەک کاری ئاسایی سەیر کران، بەڵام کاتێک بەپێی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانە و مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیی شار و پارێزگای کەرکووک بە لێشاو عەرەب هێنران، هەڵبەتە لەم بارەدا کاردانەوەی خەڵک جیاواز دەبێت. 
ئەو کوردانەی لە کاتی خۆیدا دەرکران، دوای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ دوور لە زێدی خۆیان بە ئاوارەیی مانەوە، خێزانیان پێکەوە نا و منداڵیان بوو و خێزانەکانیان گەورە بوون. ئەمە بۆ هەندێ کەسی نەفام مایەی لێکدانەوەی عەنتیکەن، گوایە ئەو کوردانەی بەر لە چل، سی، یا بیست ساڵ دەرکران ژمارەیان ئەوەندە نەبوو. بە لای ئەمانەوە دەبوایە ئەو کوردانە نە منداڵیان ببێت و نە مردوویان لێ بمرێت. 
تەنیا ئەوەی لەدوای ١٢ ساڵ هێشتا نیوەی بڕگەی یەکەمی مادەی ١٤٠، کە ئاساییکردنەوەیە، جێبەجێ نەکراوە بەسە بۆ ئەوەی لە ستەم و نادادپەروەریی ئەم مادەیە تێ بگەین. حکوومەت لە ماوەی ١٥ ساڵدا نەیتوانیوە سەرژمێرییەکی دانیشتووان لەم شارەدا بکات و بەبێ ئەو دوو هەنگاوە ڕاپرسیش ناکرێت بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ئەم پارێزگایە. 
تێنەگەیشتنی بەرپرسانی کورد لە دید و بۆچوونی گرووپ و هێزە عێراقییەکان لە بارەی کەرکووکەوە و قایلبوونیان بەوەی ئەم بەشەی خاکی نیشتمان بکرێتە بابەتی ڕیفراندۆم و ژمارە و ژمارەکاریی پێکهاتەکان بە هەڵەیەکی مێژوویی کوشەندە دەزانم.