پەرلەمانتارێکی عێراق: بەرپرسێکی باڵای عێراق 119 تریلیۆن دیناری بە گەندەڵی و نایاسایی خەرج كردووە

نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی 140 ملیار دۆلار زیانیان لە عێراق داوە

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق، بە بەڵگەوە چەند داتایەكی گرنگ ئاشكرا دەكات كە لە رێگەی مالیكی و عەبادی، كە دوو سەركردەی حزبی دەعوەن، چ زیانێكی گەورەی دارایی بەر عێراق كەوتووە، هەروەها ئاشكراشی دەكات، بەغدا خەریكی پڕۆژەیەكی ترسناكە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان.


ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، بەرپرسێكی باڵای دەسەڵاتداری عێراق 119 تریلیۆن دیناری بە گەندەڵی و نایاسایی خەرج كردووە، گوتی: ”ناوی كەسە ئاشكرا ناكەن و بەڵگەكان و دۆسیەكەم لە لایە و ئەو بابەتەم بە تەلەفۆن بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە و ئەو دۆسیەیە دەكرێت شاندی دانوساندنكاری كورد لەگەڵ بەغدا بەكاری بهێنێت“.


لە سەرێكی ترەوە ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات، لە ماوەی دەسەڵاتی مالیكیدا كە له‌ ساڵی 2007 ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست و وه‌ك فریادڕه‌سێكی ئه‌منی كه‌ بتوانێت عێراق له‌و قه‌یرانه ئه‌منییه‌ی كه‌ تێی كه‌وتووه‌ رزگار بكات، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی له‌وه‌وپێش كه‌سایه‌تیی دیاری سه‌ربازیی حزبی ده‌عوه‌ بوو. دوای ئه‌وه‌ی له‌ چوار ساڵی یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌ی بۆ نه‌كرا، دووباره‌ خولێكی تری بۆ نوێ كرایه‌وه‌ و پارەیەكی یەكجار زۆر لەو ماوەیەدا بەفێڕۆ دراوە، گوتی: ”وا وێنا دەكرا مالیكی پیاوی ئاسایشە، بەڵام لە كۆتایی دەسەڵاتیدا هەر 4 پارێزگا سوننیەكە كەوتنە دەست داعش، بەمەش زیانەكانی شەڕی داعش بۆ عێراق گەیشتووەتە 35 ملیار دۆلار، بەرپرسانی حكوومەتی عێراقیش ئەوەیان دووپات كردووەتەوە“.


لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی: ”5 پاڵاوگەی عێراق وێران بوونە، هەندێك پارێزگا بۆ نموونە رومادی 80%ی وێران بووە، بە گشتی بونیاتنانەوەی پارێزگا وێرانبووەكان 35 ملیار دۆلاری دەوێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەیان، بۆیە مالیكی زیانی 70 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە“.


ئەحمەد حاجی رەشید، ئەوەی روون كردەوە کە لەدوای ئەوەی عەبادی له‌ كۆتایی ساڵی 2014 ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ دەست، قەرزەكانی عێراق 81 ملیار دۆلار بووە، دەشڵێ: ”بەڵام ئێستا بەپێی دوایین داتای وەزارەتی دارایی كە لەگەڵیاندا بەم دواییە كۆ بووینەوە، قەرزەكانی عێراق بووەتە 126 ملیار دۆلار، واتا لەدوای هاتنی عەبادی 45 ملیار دۆلار زیادی كردووە“.


بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لە سەرەتای هاتنی عەبادی بۆ دەسەڵات یەدەگی پارەی بانكی ناوەندیی عێراق 81 ملیار بووە و لە كۆتایی دەسەڵاتییەوە دەبێتە 46 ملیار دۆلار، گوتیشی: ”ئەویش 35 ملیار دۆلار دابەزیوە، واتا عەبادییش بەگشتی 70 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە“.


جەختی كردەوە، ئەو دوو سەركردەیەی حزبی دەعوە زیاتر لە 140 ملیار دۆلاریان زیان بە عێراق گەیاندووە.


سەبارەت بەوەی پەرلەمانی عێراق چەندە دەتوانێت لەسەر ئەو كەیسانە لە عەبادی و نووری مالیكی بپرسێتەوە، ئەو گوتی: ”بۆ پرسیاری زارەكی عەبادیمان بانگی پەرلەمان كرد، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو بێتە پەرلەمان، بۆیە دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوەش تا ئێستا نەكراوە“.


لە لایەكی تر حاجی رەشید، ئەوەی ئاشكرا كرد کە حكوومەتی عێراق پڕۆژەیەكی مەترسیداری ناردووە بۆ پەرلەمان، كە زیانی گەورەی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ”پرۆژە یاسای ئەنجومەنی ئیتیحادیی نەوت و غاز لە لایەن حكوومەت نێردراوە، ئەگەر ئەوە بكرێتە قانوون ئەوا لە بواری نەوت و غازدا هەرێمی كوردستان كەلەپچە دەكات، ئەو پڕۆژەیە زۆر ترسناكە بۆ كوردستان و دەمەوێت بەرپرسانی هەرێمی لێ ئاگادر بكەمەوە“.


روونی كردەوە، حكوومەتی ناوەندی لە رێگەی ئەو یاسایەوە دەیەوێت ئەنجومەنێكی ئیتیحادی دابمەزرێنێت بۆ نەوت و غاز و كۆنتڕۆڵی نەوت و هەناردە و بڕی فرۆشتنی نەوت و هەموو بوارەكانی نەوت و غاز بكات: "لەنێو ئەو ئەنجومەنە كورد كەمینەیە و ئەو كات حكوومەتی ناوەند بە دڵی خۆی شتەكان تێپەڕ دەكات، چونكە هەرێمی كوردستان 5 ئەندامی دەبێت و حكوومەتی ناوەندییش 18 ئەندام".