پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لۆبیی کوردی لە ھەندەران ئامادەکاریی باشی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ھەیە


لەم گفتوگۆ تایبەتەی (باس)دا، مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا ئاماژە بەوە دەدات، سێ فاکتەری سەرەکی ھەن بۆ سەربەخۆیی ھەر وڵاتێک، ھەرێمی کوردستان یەک فاکتەری لاوازی ماوە و دەتوانێت چارەسەری بکات. ئاماژە بەوەش دەدا، کەس نایەت دەوڵەتمان بۆ دروست بکات، بەڵکوو دەبێت خۆمان دروستی بکەین.


(باس) ئێستا پرسی ریفراندۆم بابەتی رۆژەڤی ناوخۆی کوردستان و جیھانە، پێتان وایە کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئامادەیە؟

مەسعود حەیدەر: دوو فاکتەری گرنگ ھەن بۆ بونیاتنانی دەوڵەت کە یەکیان فاکتەری ناوخۆیی و ئەوەی دیکە دەرەکییە، لە فاکتەری دەرەکیدا دەبێت لە رووی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەوە ئامادەکاریی باش کرابێت، تا کە دەوڵەت رادەگەیەنین قبووڵ بکرێت و دانی پێدا بنرێ، فاکتەری ناوخۆییش کە فاکتەرێکی ھەرە گرنگە، دابەشی سەر دوو ئاراستە دەبێت، یەکەمیان، ئیستقراری سیاسی کە دەبێت ھەموو دامەزراوەکان، حکوومەت، ئاسایش، پەرلەمان، دادگاکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن، دووەم مەسەلەی ئابوورییە، کە ئەو دەوڵەتەی کە رادەگەیەنرێ پێویستە ئابوورییەکی باشی ھەبێت و بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بۆ نموونە ھەرێمی کوردستان ئێستا ٩٠٪ی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بە پێشبینیی خۆم بۆ ئەو فاکتەرانە، ئێستا لە فاکتەرە دەرەکییەکەدا لۆبیی کوردی لۆبییەکی زۆر باشە، بەتایبەتی لە وڵاتێکی بەھێزی وەکو ئەمەریکا، بەڵام کەموکوڕیی زۆرمان لە فاکتەرە ناوخۆییەکاندا ھەیە، کە پێویستە ناوماڵی خۆمان رێک بخەین بە چالاککردنەوەی دامەزراراوەکان و کۆکردنەوەی ھەموو لایەنەکان بۆ کۆبوونەوە لەو پرسە، چونکە پرسی دەوڵەت پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە نەک حزبی.

(باس) پێتان وایە وڵاتانی بەھێز بەتایبەتی ھاوپەیمانانی دژ بە شەڕی داعش، کە کوردستانیش بەشێک بوو لەو ھاوپەیمانییەتییە، دان بەو دەوڵەتەدا بنێن؟

مەسعود حەیدەر: ھەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لەو ناوچەیە و ململانێی ئیقلیمی ھەیە، بەرژەوەندیی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ھەیە لە ناوچەکەدا، کورد تا ئێستا توانیویەتی بە باشی لەگەڵ ئەو بابەتانەدا مامەڵە بکات، ھەرچەندە بەسەر بەرەکاندا دابەش بووە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ لەو رووەوە پێگەی بەھێز ھەیە و باشترین رێگەش رێککەوتنە لەگەڵ عێراق، ئەوەندەی بشزانم لە دانیشتنە فەرمییەکان لەگەڵ وڵاتان یان لە زمانی نوێنەرەکانیانەوە بەردەوام ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە کورد لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، واتە فاکتەرە ناوخۆییەکان خۆی بەھێز بکات، کەس نایەت دەوڵەتمان بۆ دروست بکات، دەبێت خۆمان دروستی بکەین.

(باس) لە فاکتەری ئابووریدا، کوردستان کە ٩٠٪ پشت بە نەوت دەبەستێ، بەڵام عێراق کە دەوڵەتە زیاتر لەو رێژەیە پشت بە نەوت دەبەستێ، دەکرێ لەبەر ئەو فاکتەرەیان دەوڵەت دوا بخەین؟

مەسعود حەیدەر: عێراق ئەزموونێکە بۆمان کە ھەر وڵاتێک سەرچاوەی ئابووریی یەک شت بێت،  سیاسەتە ئابوورییەکەی ھەڵەیە، دەبێت کەرتەکانی دیکەش وەکو کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بەھێزتر بکەین، دەبێ کەرتی تایبەت بەھێز بکات و خەرجیی کەرتی گشتی کەم بکاتەوە، کە ھەموو ئەوانە دەکرێ بە ئیجرائاتی چاکسازی چارەسەر بکرێن، ئەو قەیرانەیش کە بەسەرماندا ھات، دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و چارەسەری بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ ھەنگاو بۆ ئەو پرسە بھاوێین، بە مەرجێ فاکتەری ناوخۆییمان بەھێزتر بکەین و ناو ماڵی خۆمان یەک بخەینەوە، چونکە وادەی سەربەخۆیی ھاتووە.

(باس) پێتان وایە عەقڵیەتی سیاسیی ئێستای عێراق ئەو تێگەیشتنەیان ھەبێت کە بتوانرێ رێککەوتنیان بۆ ئەو پرسە لەگەڵدا بکرێت؟

مەسعود حەیدەر: قبووڵی بکات یان نەیکات، بەپێی دەستووری عێراق ئێمە پەرلەمانمان ھەیە، ئەو پەرلەمانەش شەرعییەتی لە خەڵک وەرگرتووە، بۆ ئەوەی شەرعییەتیش بە ریفراندۆم بدەین باشتر وایە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو پرسە یاسایەک دەربکات، ئەوکات لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستاندایە کە ریفراندۆم ئەنجام بدات، ئەوەش پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی ھەیە، بەڵام دواجار بۆ ئەو ھەنگاوە ھەر دەبێت لێکتێگەیشتنمان ھەبێت لەگەڵ عێراق، چونکە ھاوبەشیی زۆرمان ھەیە و دواتریش دەبێتە دراوسێمان.

(باس) لە زۆر پرسدا لە عێراق دەبینرێ کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ھاوھەڵوێستی یەکترن، بەڵام ئەو تەباییە لە ناوخۆی کوردستاندا نییە، بۆچی؟

مەسعود حەیدەر: لە بەغدا کەمتر بە عەقڵی حزبی بیر دەکەینەوە، بەڵکوو بە عەقڵی نیشتمانی و نەتەوەیی بیر دەکەینەوە، ھەر بۆیە لە بابەتە نیشتمانییەکان پێشمەرگە، خاک، ئاڵا بۆ ئەو پرسانە یەک دەنگین، ھیوادارین لە ناوخۆی کوردستانیش بۆ ئەو پرسانە ھەموو یەک دەنگ بین، تەمەننا دەکەم جەنابی کاک مەسعود، خۆی موبادەرەیەک بکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی ببێت بە کلیلی رێکخستنی ناوماڵی کورد.

(باس) بەڵام بارزانی دەستپێشخەریی زۆر کردووە و لە دوایین دەستپێشخەریدا ھەموو بابەتێکی دایە دەستی ھەمووان کە لەسەری رێک بکەون؟

مەسعود حەیدەر: ئەو موبادەرەی زۆر باش بوو، بەڵام دەبێت لە ئەرزی واقع رەنگدانەوەی ھەبێت، ئێستاش ئومێد دەکەم کە بە ھەموو لایەک کار بۆ ئەوە بکەین ناو ماڵی خۆمان رێک بخرێتەوە، بەتایبەتی پارتی و شەخسی کاک مەسعود دەبێت ھەنگاوی بۆ بنێن.

(باس) پێتانوایە کاراکردنەوەی پەرلەمان رێکخستنی ناوماڵی کوردی لێ بکەوێتەوە، ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی گۆڕانیش ھاوشان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بێتە گۆڕەپانی پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان؟

مەسعود حەیدەر: ھەنگاوەکان بەبێ پشتیوانیی پەرلەمان کەلێنی دەبێت و لە رووی یاساییەوە لە بەھای پرسەکان کەم دەکاتەوە.

(باس) درک بە دەستوەردانی پەکەکە دەکرێ لە کوردستان کە بەشێک بێت لە ململانێی ئیقلیمی، بۆ نموونە لەسەر ئاڵا قسەی ھەیە، لەسەر ریفراندۆم قسەی ھەیە، ئێوە چۆن سەیری ئەو پرسە دەکەن؟

مەسعود حەیدەر: ئەگەر ئەوان قسەشیان ھەبێت، دەرەنجام لەسەر پرسی ئاڵا ئەوە ئەنجومەنی پارێزگایە لە شوێنی خەڵکی کەرکووک بڕیار دەدات، لەسەر پرسی ریفراندۆم ئەوە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە دوا قسەیان دەبێت، رەنگە خەڵکێک ھەبێت رای خۆی بدات، بەڵام لە ئەنجامدا بۆ ئاڵا و ریفراندۆم حکوومەت و پەرلەمان و خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات نەک ھێز و خەڵکی دیکە.