چركه‌
خوله‌ك
كاتژمێر
ڕۆژ

پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان: پاڵپشتیی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دەکەین

"حكوومه‌تی عیراق هیچ حیسابێك بۆ توركمان و حزبه‌ توركمانییه‌كان ناكات"

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ئیلخانی، سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان له‌ گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (باسنیوز) چه‌ند پرسێكی گرنگ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و رای ده‌گه‌یەنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستاندان و دژى ئه‌و دەنگانه‌ن كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ كه‌ركوو‌ك هه‌یه‌.

 

سه‌ره‌تا له‌باره‌ی ئاڵای كوردستان ئه‌و بۆچوونی حزبه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ڕوو ده‌ڵێ: "ئاڵای كوردستان ئاڵایه‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمێكی فیدراڵی و توێنه‌رایه‌تیی سیسته‌می سیاسی و سیاده‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌كات، كه‌ خاوه‌ن په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و دادگا و ئیداره‌ی خۆیه‌تی، بۆیه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ ته‌ك ئاڵای عێراق نه‌ك له‌ كەركووك، هیچ گرفت و كێشه‌یه‌كی یاسایی تێدا نییه‌ و ناتوانین بڵێین دژی دەستووره‌، ئاڵای كوردستان ئاڵای وڵاتێكی بێگانه‌ نییه‌ و نوێنه‌رایه‌تیی ناوچه‌یه‌كی جوگرافی و سیسته‌مێكی سیاسی و یاسایی له‌ عێراق دەکات. نه‌ك ته‌نیا له‌ ناوخۆی عێراق، به‌ڵكوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسییه‌كان و له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و له‌ هه‌موو پایته‌خته‌كانی جیهان له ‌ته‌ك ئاڵای عێراق هه‌ڵكراوه‌".

 

سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه ‌دایه‌ هه‌ندێك له‌ پارته‌ توركمانییه‌كان نه‌هاتبوونایه‌ نێو كێشه‌ی ئاڵا له‌ كه‌ركووك: "نه‌ده‌بوا‌ له‌م مەسەلەیه‌دا خه‌ڵكی توركمان ببێته‌ ته‌ره‌ف له‌ ململانێی نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم، چونكه‌ لایه‌نه‌ سیاسییە توركمانییه‌كان باشتر وایه‌ به‌رگری له‌ مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بكه‌ن و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌ردوولا بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی توركمان، نەوەك هێز و توانای خۆیان خه‌رج بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی سیاسی و جووڵاندنه‌وه‌ی شه‌قام بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ دامودەزگاكانی حكوومه‌تێكی ناوه‌ندی، كه‌ هه‌تا ئێستا وه‌زیرێكیان نییه‌ له‌ حكوومەتدا و هیچ حیسابێك بۆ توركمان و حزبه‌ توركمانییه‌كان ناكات".

 

ئیلخانی پشتیوانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كات و ده‌ڵێ: "ریفراندۆم پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسیی ئاساییه‌ و له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ پێشكەتووترین وڵاتی جیهان ئه‌نجام درا كه‌ به‌ریتانیا بوو له‌سه‌ر بابه‌تی كشانەوەیان له‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و له‌ وڵاتێكی دواكه‌وتووش ئه‌نجام درا كه‌ سوودان بوو، بۆیه‌ داهێنانێكی نوێ نییە‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان  دۆزیبێتییه‌وه‌ و له‌ ده‌ستووری عێراقیشدا چه‌سپێنراوه‌. ئه‌نجامدانی ریفراندۆم مافێكه‌ و بووه‌ته‌ ئەركێك پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت. چونكه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه".

 

جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، نه‌ته‌وه‌ی توركمان و حزبه‌ سیاسییه‌ توركمانییه‌ راسته‌قینه‌كان پشتگیریی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ده‌كه‌ن: "چونكه‌ ئێمه‌ نوێنەرایەتیی راسته‌قینه‌ی ویست و داخوازییه‌كانی توركمانین و ده‌زانین كه‌ توركمان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ بانگەشەی نوێنەرایەتیی توركمان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر دڵنیان له‌وه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمان دژی كوردستانه‌ با ریفراندۆم بكرێت و هه‌ڵوێستی توركمانه‌كان له‌ ئه‌نجامی گشتپرسی به‌دیار ده‌كه‌وێت".

 

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا روونی کردەوە، زۆربه‌ی كه‌سایه‌تی و هاووڵاتیی و عه‌شیره‌ته‌ توركمانییه‌كان پشتگیری خۆیان بۆ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌ و داوایان كردووه‌ كه‌ ناوچه‌ توركماننشینه‌كان بخرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. 

 

ئه‌و  پێی وایه‌، توركمان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد خۆی له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا ده‌بینێتەوە و له‌ ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌دا ده‌یانه‌وێت به‌یه‌كه‌وه‌ بژین. ویست و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ به‌رنامه‌ و پلانی چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی.

 

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ئیلخانی، داوا ده‌كات سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌ پێدانی پۆسته‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ توركماندا بكات، نه‌وه‌ك لایه‌نی سیاسی، گوتیشی: "ده‌بێت پێدانی پۆست وه‌ك ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌یی بێت نه‌وه‌ك به‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، راسته‌ ئێمه‌ له‌ حكوومه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پەروه‌رده‌ و رۆشنبیریی توركمانیمان هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمانن، به‌ڵام ئەمه‌ مافی كو‌لتوورییه‌ و جیاوازیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌شداری پێكردنی توركمان له‌ دەزگاكانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن. پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ توركمانییە‌كان ئەوانه‌ی به‌شدارن له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان، وه‌ك ئیستیحقاقێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ببینن و خه‌ڵكی توركمان هه‌ست بكات به‌شێكه‌ له‌ سازانی نیشتمانی و ته‌وافوقی سیاسیی كوردستانی".

 

سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ توركمانییه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، ناكرێت پێنج لایه‌نی سیاسیی كوردی رێك بكه‌ون و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دوو نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ وه‌ك لایه‌نی پله‌ دوو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت. پێویسته‌ ئه‌وانیش به‌شدار ببن له‌ ته‌وافوقاتی سیاسی و را و بۆچوونیان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.

 

ده‌یگوت: "ئه‌گه‌ر له‌ كابینه‌كانی حكوومه‌تدا توركمان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بەشداری پێ نه‌كرێت و له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ جێگای شایسته‌ی پێ نه‌درێت، بەڵام نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌ هه‌رێمی كوردستان مافی سیاسی و کارگێڕیی پارێزراوه‌ و وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌، بۆیه‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا كه‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیار و گرنگ ده‌بێت و قۆناغی ئینتیقالییه‌ بۆ قه‌واره‌یه‌كی سەربه‌خۆ و وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یەك ده‌بێت بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان. بۆیه‌ چۆنیه‌تیی مامەڵەكردنی سه‌ركردایه‌تیی سیاسی و سیسته‌می سیاسیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ پێكهاتەكان زۆر گرنگه‌ و پێویسته‌ زیاتر گرنگی بدرێته‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمان و جێگای شایسته‌ی خۆی وه‌ربگرێت".

 

جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، خه‌ڵكی توركمان له‌ هه‌موو قۆناخه‌كان و پێشهاته‌كان به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وەیی خۆیان هه‌ڵوێستی سیاسیی تایبه‌ت به‌ خۆیان ده‌بێت، به‌ڵام له‌ پرسه‌ ستراتیجی و نیشتمانییه‌كان له‌گه‌ڵ كورد له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردان.