ئیسماعیل بێشکچی: پێویستە کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیری لە سەربەخۆیی بکەن

”نابێ پەکەکە بچێتە ریزی حەشدی شەعبی و ئێران و عێراقەوە“

ئیسماعیل بێشکچی، رۆشنبیر و نووسەری گەورەی تورکیا و دۆستی دێرینی گولی کورد، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی (باس)دا، داوا دەکات لە ھەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیری لەو سەربەخۆییە بکەن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازە رای بگەیەنێت.

بێشکچی ئاماژە دەدات، کە کەرکووک کوردستانییە و پێویستە ھەموو کوردێک پشتگیری لەو ئاڵای کوردستانە بکات کە لەوێ ھەڵکراوە، رەخنەیش لە پەکەکە دەگرێت بەوەی گوتوویەتی ئەو ئاڵایە گوزارشت لە ھەر چوار پارچەی کوردستان ناکات.

ئەو نووسەرە گەورەیە لەم دیمانەیەدا کە (یاغمور چەلیک) تایبەت بۆ دەزگای میدیایی (باس) لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، دەڵێت پەکەکە لە شنگال یەک ئامانجی ھەیە، ئەویش بەستنەوەی شنگالە بە حکوومەتی عێراقەوە.

 

 

(باس) ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکووک بڕیاری داوە گشتپرسی بکەن و لەو گشتپرسییەشدا کەرکووک بخەنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەم ھەنگاوە چەند کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت؟ ئایا تورکیا ئەو مافەی ھەیە دەست وەربداتە ناو کەرکووکەوە؟

ئیسماعیل بێشکچی: ئێران بێت یان تورکیا و یان عێراق، پێویستە بوونی ھەرێمی کوردستان قبووڵ بکەن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. ئێستا پەیوەندییەکی زۆر بەھێز لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لەنێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، کە نەوت باشترین نموونەیە، ئەمەیش بۆ تورکیا و ھەرێمی کوردستان سوودی باشی ھەیە و پێوستە لە رووی دیبلۆماسیشەوە پەیوەندییەکانیان برەو پێ بدەن. خۆی کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٢٠ نەتەوە یەکگرتووەکان بە پاڵپشتیی ھەردوو ئیمپریالیزم فەڕەنسا و بەریتانیا و دەوڵەتی عوسمانی و ئێران کوردستانیان بۆ چوار پارچە دابەش کرد، ھەر لە ھەمان سەردەمدا بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحمود بەرزنجی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی دروست بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیرادەی کوردستانیان بە ھیچ حیساب کرد و کوردستانیان دابەش کرد. کەرکووکیش یەکێک بووە لەو شارانەی کە لە کوردستانیان دابڕاندووە، ھەروەھا شنگال و خانەقین و چەمچەماڵیش بە ھەمان شێوە، بەڵام لە دەستووری عێراقدا وەکو ناوچە کێشە لەسەرەکان ناوی ھێنراوە، کە لە راستیدا ناوچە کێشە لەسەرەکان نین و ئەو شوێنانە کوردستانن. لە ساڵی ١٩٦٠ حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی دانیشتووانی کەرکووک بگۆڕێت و نەتەوەی عەرەب لەو شارە زیاد بکات، کوردەکانی دەرکرد و عەرەبی لە شوێن دانان و تا ئاستێکی باشیش توانی عەرەبنیشینی بکات. لە ساڵی ١٩٧٠ رێککەوتنێک لەنێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حوسێندا کرا و لە مادەیەکدا باس لە کەرکووک کراوە، مادەکە بەم شێوەیەیە "تا ساڵی ١٩٧٤ پێویستە سەرژمێری لە کەرکووکدا بکرێت و بەگوێرەی ئەو سەرژمێرییەش کەرکووک یان بۆ سەر بەغدا یان بۆ سەر کوردستان دەگوازرێتەوە". بەڵام سەدام کاتێک لە ئێران و تورکیا و یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمەریکا ھێزی وەرگرت، ئیدی ئەو بەڵێنەی نەبردە سەر، ھەر بۆیە لە ساڵی ١٩٧٤ شەڕ دیسان دەستی پێکردەوە.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمەریکا سەدام حوسێنی رووخاند و ئیدی ترسی سەدام لەسەر کوردەکان نەما و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بوو، سەردەمێکی زێڕین بۆ کورد دەستی پێ کرد. لە دەستووری عێراقیشدا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ نووسرایەوە، مادەیەک دانرا بە ناوی مادەی ١٤٠ و لەوێدا ئاماژە دراوە کە پێویستە کەرکووک سەرژمێریی تێدا بکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق دەستووری پێشێل کردووە، ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووکیش لەبارەی گشتپرسییەوە درەنگیش کەوتووە و مافی خۆیانە.

(باس) بە بۆچوونی ئێوە، بۆچی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ئەوەندە گەورە کرا، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆرە ئەو ئاڵایە لە کەرکووکدا ھەڵکراوە؟

ئیسماعیل بێشکچی: خۆی راستە ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ھەڵکراوە، بەڵام میدیای تورکیا بابەتەکەیان گەورە کرد. رەجەب تەییب ئەردۆگان ھەموو جار دەڵێت "ئیرادەی میللی گرنگە، ئیرادەی میللی گرنگە" بەڵام کاتێک دێتە سەر کەرکووک دەڵێت پێویستە ئەو ئاڵایە بێتە خوارەوە، کە لە راستیشدا ئەمە کێشەی نێوان عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە نەک تورکیا، بۆیە پێویستە تورکیا رێز لە ئیرادەیان بگرێت. لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا لە ٤١ ئەندام ٢٦ کورد، ٩ تورکمان، ٦ عەرەب ھەن، واتە ئەمەیە ئیرادەی میللی و پێویستە پارتە سیاسییەکانی تورکیا و میدیای تورکیا رێز لەو ئیرادەیە بگرن.

ھەندێک لە نووسەران دەڵێن ئیستەنبۆڵ شارێکی گەورەی کوردانە و زۆرترین کورد لە ئیستەنبۆڵ دەژێت، وای دابنێ ئیستەنبۆڵ ١٦ ملیۆن ھاووڵاتییە و ٤ ملیۆنی کوردە، بەڵام بۆچی ھیچ قسەیەک لەسەر مافی ئەو کوردانە ناکەن کە لە ئیستەنبۆڵ دەژین؟ لە کاتێکدا عەرەب و تورکمان و ئاسوورییەکانی کەرکووک ھەموو مافێکیان پێ دراوە.

(باس) موستەفا کەرەسوو، سەرکردەی دیاری ناو پەکەکە، لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک گوتی: "ئاڵای کوردستان گوزارشت لە ھەر چوار پارچەی کوردستان ناکات" بۆچوونت چییە لەسەر ئەو لێدوانە؟

ئیسماعیل بێشکچی: لێدوانێکی زۆر ھەڵەیە، چونکە ئەو ئاڵایە گوزارشتە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و لە ساڵی ١٩٢٧ لە لایەن خۆییبوونەوە کێشراوە و لە کۆماری مەھابادیش شەکاوەتەوە، بۆیە ئاڵای ھەموو کوردێکە و دەبێت ھەموو کوردێک بیپارێزێت. ئەوەی بەرامبەر بە ئاڵای کوردستان بوەستێتەوە واتە سیاسەتێکی دژە کورد پەیڕەو دەکات، بۆیە پەکەکە پێویستە سەیری تورکیای بکردایە کە چۆن بەرگری لە تورکمانەکان کرد و لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لایەنگیریی لێ کردن، بۆیە پەکەکەیش پێویست بوو لێدوانی لەو شێوەیەی نەدابوایە و پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکردایە، نەک بڵێت ئاڵای کوردستان گوزارشت لە ھەر چوار پارچەی کوردستان ناکات. نابێت پەکەکە بچێتە ریزی حەشدی شەعبی و ئێران و عێراقەوە، پێویستە بچێتە رێزی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.

(باس) لێدوانەکانی پەکەکە لەبارەی شنگالەوە چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟

ئیسماعیل بێشکچی: بە بۆچوونی من پەکەکە لە شنگال یەک ئامانجی ھەیە، ئەویش دابڕانی شنگالە لە ھەرێمی کوردستان و بەستنەوەیەتی بە حکوومەتی عێراقەوە. لە ساڵی ١٩٧٥ لە شنگالدا یەک عەرەبیشی لێ نەبووە، بەڵام سەدام حوسێن ئەوێشی عەرەبنشین کرد.

(باس) بڕیاری گشتپرسی لە کەرکووک و ھەروەھا ئەو سەربەخۆییەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازە رای بگەیەنێت، چ کاریگەرییەکی لەسەر کورد بە گشتی دەبێت؟

ئیسماعیل بێشکچی: کێشە سەرەکییەکە پارچەبوونی کوردستانە، بۆیە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان گرنگە، بەڵام ئێستا ئەم ھەنگاوە ئەستەمە. بۆیە کاتێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت دەوڵەت رابگەیەنێت، پێویستە ھەموو کورد لە کوێیەکی دنیا ھەیە پشتگیری لێ بکات، رەنگە ئێران و عێراق و تورکیا رووبەڕوویان ببنەوە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کوردەکان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و لە ھەموو دنیا ببنە خاوەنی ئەو دەوڵەتە و پشتگیریی لێ بکەن. کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ھەڵکردنی  ئاڵای کوردستان بۆچوونیان یەک بووە و دەڵێن نابێت ئەو ئاڵایە بێتە خوارەوە، پێویستە ھەموو کوردێک پشتگیرییان لێ بکات.

(باس) ئەی ئەمەریکا بەرژەوەندیی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئەو چ ھەڵوێستێکی دەبێت؟

ئیسماعیل بێشکچی: ئیدارەی ترامپ لە ئیدارەی پێشووتر زۆر نزیکترە لە کوردەکان، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پشتگیری لە کوردەکان دەکەن.

(باس) کاتێک داعش پەلاماری کۆبانێی دا پێشمەرگە فریای کەوت و چوون بۆ پشتگیریکردنی کۆبانێ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی رۆژئاوای کرد، واتە یەکگرتووەییەک دروست بوو، بۆ کەرکووکیش پێویست ناکات لەناو کورداندا  ھەمان یەکێتی دروست ببێتەوە؟

ئیسماعیل بێشکچی: پێویستە وەکو ئەو کاتانەی باست کرد کورد یەکگرتوو بێت، ئێستا لەسەر ھەموو کوردێک پێویستە پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان بکات. ئێستا ھەرێمی کوردستان باسی سەربەخۆیی دەکات، پێویستە پەکەکە و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە مەبەستم بەشێکی ناو یەکێتییە، پشتگیری لەو سەربەخۆییە بکەن و وازی لێ نەھێنن. سەدام حوسێن کوردی ئەنفال کرد و بە گازی کیمیایی پەلاماری ھەڵەبجەی دا و ھەزاران کوردی شەھید کرد، بۆیە نابێت کورد ئەو کۆمەڵکوژی و زوڵم و زۆرییە لەبیر بکات، پێویستە بەرەو دەوڵتبوون بڕوات.