بەرپرسێکی یه‌كێتی: نابێ له‌سه‌ر كه‌سێك مه‌سه‌له‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دوا بخرێت

"ده‌ستپیشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانی به‌عه‌مه‌لی جێبه‌جێ بكرێ، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن"

(باس) هۆكاری رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌ كوردستان بۆ چاره‌سه‌ریی كێشه‌كان، چییه‌؟
حامیدی حاجی غالی: هۆكار زۆره‌ بۆ رێكنه‌كه‌وتن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان زه‌ره‌ریشیان بێت ده‌بێت رێك بكه‌ون، مه‌رج نییه‌ هه‌موو شتێك به‌دڵی لایه‌نه‌كان بێت، به‌ڵكوو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ قوربانی بدرێت به‌ هه‌ندێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، ئه‌ویش به‌ ئامانجی رێکكه‌وتن و ده‌ربازكردنی كوردستان له‌و قه‌یرانانه‌ی تێی كه‌وتووه‌.

 

(باس) هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی بارزانی رای گه‌یاند هه‌ندێك لایه‌ن هۆكار بن بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی؟
حامیدی حاجی غالی: ده‌ستپیشخه‌رییه‌كه‌ی جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی باش بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ به‌ عه‌مه‌لی جێبه‌جێ بكه‌ن، پێم وایه‌ به‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌تواندرێـت كێشه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت.


(باس) ده‌كرێت له‌سه‌ر كه‌سێك پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئاڵۆز بكرێت؟
حامیدی حاجی غالی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم له‌سه‌ر كه‌سێك و دوو كه‌س مه‌سه‌له‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان دوا بخرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ بابه‌ته‌ پێوه‌ندیی به‌ رێكکه‌وتنی سیاسییەوە هه‌یه‌، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان چۆن رێك که‌وتن پێشتیوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م، به‌ڵام نابێت له‌سه‌ر كه‌سێك كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوا بخرێت، ده‌كرێت هه‌ر پۆستێك هۆكار بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئه‌وها ئه‌و پۆسته‌ ببه‌خشرێت و وازی لێ بهێندرێت، ئه‌ویش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی.


(باس) ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان هه‌یه‌تی هیچ له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت؟
حامیدی حاجی غالی: ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ تا نه‌كه‌وێته‌ بواری عه‌مه‌لییەوە، نازانین ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات یان نا.


(باس) به‌م كۆبوونه‌وانه‌ی دوایی پێتان وایه‌ كێشه‌ ناوخۆیییه‌كانی یه‌كێتی گه‌یشتوونەته‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی؟
حامیدی حاجی غالی: نه‌خێر كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی نه‌گه‌یشتوونەته‌ چاره‌سه‌ری كۆتایی، دوای نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی یه‌كێتی بڕیاره‌ به‌رنامه‌یه‌ك دابنێین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی، هه‌موو لایه‌ك ئاماده‌ییان تێدایە كێشه‌ ناوخۆییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئومێده‌واریشین چاره‌سه‌ر بكرێن.


(باس) هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامان و كادیرانی یه‌كێتی پێیان وایه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆست و پاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ راسته‌؟
حامیدی حاجی غالی: قه‌ت قه‌ناعه‌تم وا نییه‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی ته‌نیا هۆكاره‌كه‌ی پۆست و پاره‌ بێت، دۆخی یه‌كێتی باش نییه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێت دۆخی یه‌كێتی باش بكرێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان پۆست و پاره‌ بوایه‌، ئینشیقاقمان ده‌كرد.


(باس) ئه‌ی بۆچی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییه‌؟
حامیدی حاجی غالی: كه‌ی به‌ عه‌مه‌لی ده‌ستمان كرد به‌ چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌رهه‌م ساڵحیش خۆی دێته‌وه‌ نێو كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسیی.


(باس) واتا ئومێد هه‌یه‌ ئه‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو كۆبوونه‌وه‌كان؟
حامیدی حاجی غالی: ئه‌گه‌ر ئومێد هه‌بوو چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێت ئه‌وا‌ باشه‌، ئه‌گه‌ر ئومێدیش نه‌بوو بۆچی به‌رهه‌م ساڵح بێته‌وه‌ نێو كۆبوونه‌وه‌كان! ئێستا ناتوانم بڕیار بده‌م دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی چی به‌سه‌ر دێت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی رۆژانی ئاینده‌ بكه‌ین.


(باس) ئێران رۆڵی هه‌بوو له‌ نزیككردنه‌وه‌ی باڵه‌ ناكۆكانی نێو یه‌كێتی؟
حامیدی حاجی غالی: به‌رپرسانی ئێرانی قسه‌ی دۆستانه‌یان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی، به‌ڵام راسته‌وخۆ نه‌هاتوونه‌ته‌ نێو دۆخه‌كه‌.


(باس) بۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وەدا‌ن شاندێك له‌ كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكا؟
حامیدی حاجی غالی: له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هیچ لایه‌نێكی عیلمانی و ئیسلامی ره‌خنه‌ی نییه‌ و هه‌موویان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییدان، هه‌رچی بكرێت ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ گفتوگۆ و عه‌قڵێكی گه‌وره‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێ و شاندی كوردستان سه‌ردانیان بكه‌ن و به‌ راشكاوی پێیان بڵێن كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانداین و ده‌مانه‌وێت دراوسێیه‌كی باشی یه‌كتر بین.


(باس) مه‌به‌ستت چییه‌ دراوسێیه‌كی باش بین له‌گه‌ڵ عێراق؟
حامیدی حاجی غالی: واتە ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بین و دۆستی عێراق بین باشه‌، ئه‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌د ساڵه‌ عێراق دۆخی به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ هه‌ر نه‌هامه‌تی و شه‌ڕی ناوخۆیه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌كۆڵ عێراق نابێته‌وه‌ تا مافی چاره‌نووسی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كرێت.


(باس) به‌ڵام له‌ هه‌ڵوێست و كرداری هه‌ندێك لایه‌نی كوردستانی، هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ و ناڕۆشنی ده‌كرێت له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا؟
حامیدی حاجی غالی: هه‌ندێك خه‌ڵك و لایه‌نی كوردستانی له‌ داخی پارتی دوودڵن له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هه‌ندێك لایه‌ن له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌خسی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا نین، ئه‌گه‌ر نا كه‌س نییه‌ له‌ كوردستان هه‌ڵپه‌ڕكێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌كات.


(باس) به‌ هه‌مان شێوه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێش بكرێت؟
حامdدی حاجی غالی: ده‌كرێت هاوشێوه‌ی به‌غدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێش ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ بته‌وێت ده‌وڵه‌تێك بونیات بنێیت ناكرێت حورمه‌ت و حساب بۆ دراوسێكانت نه‌كه‌یت، ده‌بێت ئێمه‌ قه‌ناعه‌تیان پێ بكه‌ین كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان دژی ئه‌وان نییه‌، بۆیه‌ بۆ پرسی كوردستان به‌غدا و تاران و ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن گرنگن و ده‌بێت قه‌ناعه‌تیان پێ بكه‌ین.


(باس) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دای حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا هێزیان هه‌بێت؟
حامیدی حاجی غالی: دژی ئه‌وه‌م حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا هێز و چه‌كداری هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ بۆ داهاتوو كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كات، له‌ ناوچه‌كانی خۆیان هه‌رچییه‌ك بكه‌ن ئه‌وه‌ پێوه‌ندیی به‌خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام نابێت له‌ ناوچه‌كانی ئێمه‌دا هێزیان هه‌بێت.