ئەحمەد کانی: سەربەخۆیی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و سیستەمی سەرۆکایەتی زۆر گەورەترە

”سەرۆک بارزانی پشتی بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەستووە“

  

لەم دیمانە تایبەتەی(باس)دا، ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی(٢)ی پارتی دیموکراتی کوردستان رای دەگەیەنێ، پارتی بەرنامەی گۆڕانکاری و چاکسازیی دیکەیشی ماوە و بەشی زۆری نەخشەڕێگای یەکێتی و یەکگرتوو بە باش دەزانن. ئاماژە بەوەش دەدات، دەبێت بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە چارەسەری کێشەکانمان دەستوبرد بکەین. ئاشکراشی دەکات کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گفتوگۆی زۆریان لەگەڵ پەکەکەدا ھەبووە، بەڵام پەکەکە واز لە دەستوەردان و ئاڵۆزکردنی دۆخی ھەرێمی کوردستان ناھێنێت.

 

(باس) گۆڕانکارییەکانی پارتی لێرە کۆتاییان ھات؟

ئەحمەد کانی: گۆڕانکاری بەردەوام دەبێت، ئەوەی کە کرا لە رێکخستن و ئۆرگانەکان بوون، گۆڕانکارییەکان حکوومەتیش دەگرێتەوە، ئەوانەی کە لەسەر پشکی پارتی بەرپرسیاریەتییان وەرگرتووە.

 

(باس) بەڵام ھەمووتان پێشتر بەرپرس بوون و جۆری بەرپرسیاریەتیتان گۆڕاوە؟

 

ئەحمەد کانی: ئەوە راستە، بەڵام ئەوە بووەتە ھۆی ئەوەی دووبارە وزە و تواناکانمان بۆ خزمەتکردنی رێبازەکەمان و خەڵکی کوردستان زیاتر بێتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبیش، بەرپرسی لق و مەکتەبەکان دەبێت ئەندامی سەرکردایەتی بن، ھەرئەوەش وای کردووە ئەو گۆڕانکارییانە لەو دامەزراوانە کەسانێک بن پێشتر بەرپرسیاریەتییان ھەبووبێت. ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی و ژمارە و کارەکانیان دیارە، لێرەشدا بەدڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکان لە لق و مەکتەبەکان کەسانی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقەکان دەبن، بەڵام ھەر گۆڕانکارییەکیش وزە و نوێبوونەوەیەک بەو لقە دەدات.

 

(باس) بەڵام وا باوە گۆڕانکارییەکان زیاتر لەدوای کۆنگرەدا بکرێن؟

 

ئەحمەد کانی: بەڵێ، ئەگەر کۆنگرە لە کات و ساتی خۆی بەسترابوایە کە لە ٢٠١٠ بەسترا، دەبوو لە ٢٠١٤ کۆنگرە کرابوایە، بەڵام بەھۆی ئەو بارودۆخەی ھاتە پێشەوە لە شەڕی داعش و دۆخی سیاسیی کوردستان نەتوانراوە بکرێت. پارتی بە پێویستی زانی ئێستا ئەو گۆڕانکارییانە ئەنجام بدات، کە ماوەی ساڵێکە خەریکە و دیراسەی کردووە.

 

(باس) بەرنامەتان ھەیە دوای شەڕی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ کۆنگرە ببەستن؟

 

ئەحمەد کانی: بەدڵنیاییەوە دەبێت بکرێت.

 

(باس): ئەی بەرنامەی گۆڕانکاریی دیکە ھەیە؟

 

ئەحمەد کانی: بەدڵنیاییەوە ھەن و گۆڕانکارییەکان لێرە نەوەستاون، ئەمجارەیان گۆڕانکارییەکان لە حکوومەتدا دەکرێن، ھەندێ پۆست ھەیە لە پلەی خوار وەزیر، ئەوەی پێویست بێت پارتی گۆڕانکارییان تیادا دەکات، گۆڕانکارییەکان لە لەشکریشدا دەکرێن، ئەوانە لەئارادان و لە زۆر دەزگای دیکەشدا دەکرێن، گۆڕانکارییەکان لە رێکخستنەکانی پارتیش تەواو نەبوون و بەردەوام دەبن.

 

(باس) بەڵام وا بڕیار بوو جگە لە گۆڕانکارییەکان چاکسازییش بکرێت، چەند لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھات، لیژنەکان راپۆرتیان ھەبوو؟ ئەوە کەی دەکرێت؟

 

ئەحمەد کانی: لە ئالیەتی کارکردندا چاکسازی کراوە کە بۆ رێکخستنەکانی حزب کە لیژنە پێکھاتبوو، ئەو چاکسازییانە بەردەوامیش دەبن.

 

(باس): چاکسازییەکان ھەیکەلی حزب دەگرێتەوە؟

 

ئەحمەد کانی: ئەوە کۆنگرە بڕیاری لەبارەوە دەدات.

 

(باس): لە ھەیکەلی حزبیی خۆتان رازین؟ سیاسییەکان دەڵێن ھەیکەلی حزبەکانی کوردستان ھی سەردەمی حوبی شیوعیی سۆڤیەتی کۆنە؟

 

ئەحمەد کانی: جەنابی سەرۆک جارێکیان گوتی ”ناکرێت ئێمە بە ئالیەتی ساڵی(٤٦) پارتایەتی بکەین“، دەبێت گۆڕانکاری بکەین و لەگەڵ ئەم سەردەمە خۆمان بگونجێنین، بەڵام من بڕوام وایە دەبێت گۆڕانکارییەکان ھەموو حزبەکانی کوردستان بگرێتەوە، چونکە ئێمە ھەموومان بەیەکەوە تەواوکەری پڕۆسەی سیاسین. ھەندێ شتیش خۆی فەرز دەکات، کاتێک دەگوترێ(پێویستییەکان خۆیان ھۆکاری داھێنانن) ئەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی حزبەکان بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو قۆناغە. ئەوە راستە حزبەکانی کوردستان بە پارتییشەوە، ئێستا نەیانتوانیوە بڕۆنە ئەو قۆناغە نوێیەی کە ھەیە، بەڵکوو ئالیەتی کارکردنەکان کۆنن.

 

(باس) ھیچ پڕۆژەیەکی تایبەتی خۆتان ھەیە، بۆ نموونە ئەگەر خەڵکێک لە پارتی لە ھەولێر بەھۆی کارکردنەوە زویر بووبێ، نیازی ئاشتکردنەوەیتان نییە؟

 

ئەحمەد کانی: ئەو خەڵکەی دەڵێن زۆر نین، رەنگە ھەبێ نیگەران بووبێت، ئەوەش ئاساییە و لە ھەموو حزبێکدا ھەیە، ئەگەر بابەتەکە نیگەرانی بێت لە چۆنیەتیی کارکردنی حزبایەتی ئەوە ئاشتکردنەوەکە ئاسانە، بەڵام ئەگەر بابەتی دیکە بێت، ئەوە رەنگە پەیوەندیی زیاتر بە کەسەکەوە بێت، بەڵام بە گشتی ئالیەتی کارکردن لە لقی دوو زۆر باش بووە.

 

(باس) واتە ئێوە ھاتوونەتە سەر دۆخێکی باش؟

 

ئەحمەد کانی: بە دڵنیاییەوە، درک بەوە دەکەم دینگەی باش دانراون، خۆشم ساڵانێکی زۆر کارم لەو لقەدا کردووە، ئەو لقە ھەموومان وەکو یەک تیم کارمان بۆی کردووە، ئەوانی پێش من کاری زۆر باشیان کردووە، ئەدایەکی باشیان ھەبووە، منیش ئەوپەڕی توانام بەکار دەھێنم کە کارەکانی ئەوان بۆ خزمەتکردنی شاری ھەولێر بەکار بھێنم.

(باس) باشە قورسایی پارتی ئێستا لە ھەولێر چۆنە؟ پێتان وایە لە ھەڵبژاردنی چاوەڕوانکراودا دەنگی ئێستاتان بھێننەوە؟

 

ئەحمەد کانی: من دڵنیام لەو ژمارەیەی بەدەستمان ھێناوە زیاتر بەدەست دەھێنین.

 

(باس) ئەو دڵنیاییە لە چییەوەیە؟

 

ئەحمەد کانی: لەوەیە کاری باش کراوە و خەڵکێکی زۆر لە رێکخستنەکانی پارتی زیادیان کردووە.

 

(باس) دەبینین گوڵێکی زۆرتان بۆ ھاتووە، پێتوایە ئەو گوڵانە ھەمووی بۆ خۆشەویستیی ئێوە بن، یان بەرژەوەندیشی تیایە؟

 

ئەحمەد کانی: خەڵکەکە کە ھاتوون خۆیان گوڵ بوون، چاوی من ھەمووی بە خۆشەویستی دەبینێت، خەڵکی چ بەرژەوەندییەکی لە لق ھەیە، بەتایبەتی لەم دۆخە قەیراناویە، بەپێچەوانەوە خەڵکێک ھاتوون لە ژیانیان سیاسەتیان نەکردووە و گوڵیان بۆ ھێناوین.

 

(باس) وەک پارتی، چۆن سەیری نەخشەڕێگەی یەکێتی و یەکگرتوو دەکەن؟

 

ئەحمەد کانی: بەشێکی زۆر لە پێشنیار و تێگەیشتنەکانی یەکێتی و یەکگرتوو بۆ چارەسەری دۆخی سیاسیی کوردستان بە باش دەزانین، بەڵام گرنگە ھەموو حزبەکان لەسەری رێک بن، بەڵام یەک داواکاریمان ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە کاتەکە خێرا دەڕوات و قۆناغەکە بۆ کوردستان ھەستیارە، رەنگە ئەو دەرفەتەی ھەیە بۆ کاتێکی دیکە نەیەتە پێشەوە، بەلای ئێمەوە پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەموو پرسێکی دیکە گەورەترە، نابێت بە ھیچ بابەتێکی دیکە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، پرسی نەوت، یان حکوومەت یان مەسەلەی سەرۆکایەتیی ھەرێم ببەستینەوە، ئەو پرسەیان پاشەڕۆژی کوردستانە، ئەگەر ئەوانە بەراورد بکەین بەو پرسە ھیچ نمرەیەک لەبەرامبەری ناھێنن، چونکە ئەگەر سەربەخۆییت ھەبوو، زۆر ئازادانەتر دەتوانی ئەوانە رێک بخەیت، ئەوکات دەتوانی باشترین پەرلەمان و حکوومەت و سیستەمی سەرۆکایەتیت ھەبێت، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە نەگەین لەم قۆناغەدا بە سەربەخۆیی ئەوا ھەموو ئەوانە قابیلی لەدەستدانن، بۆیە ناکرێ بە ھیچ شێوەیەک ئەو پرسانە بە یەکەوە ببەستینەوە، لەبەر ئەوە دەبێت یەکێتی و حزبەکانی دیکەش بێنە پێشەوە و چارەسەری دۆخەکە بکەین.

 

(باس) لە مەسەلەی یوسف محەمەددا پارتی ھەمان رای پێشووی ھەیە؟

 

ئەحمەد کانی: ئەگەر بمانەوێ پەرلەمان کارا بکەینەوە، نابێت بێین کێشەکان دووبارە بکەینەوە و لە سفرەوە دەست پێ بکەینەوە، یوسف محەمەد تەنیا بەرژەوەندییە حزبییەکانی بینیوە، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزمان بۆی، بەداخەوە ئەو نەیتوانی سەرۆکێکی پەرلەمانی بێ لایەن بێت، بەڵکوو ھەرچی ئەجێندای حزبەکەی بوو جێبەجێی کرد، بۆیەش تووشی ئەو قەیرانە ھاتین، تەنانەت ئەوە سیاسیی حزبەکانی دیکەش دەزانن، وا بڕیار بوو دانیشتنی ١٩ی مانگ ئەنجام نەدرێت، بەڵام بە سووربوونی ئەو ئەنجام درا، کە وڵاتانی دۆستیش لەسەر خەت بوون بۆ ئەنجامنەدانی، سەرەڕای ئەو دۆخەشی کە ھەبووە کە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بە تەوافقی پێنج حزب پێکھاتووە، واتا ئەگەر تەوافق نەبوایە ھەرگیز (د. یوسف محەمەد) نەدەبووە سەرۆکی پەرلەمان، ئەوکات کە دەنگی پێ درا ببێتە سەرۆکی پەرلەمان یەکێتی دەنگی پێ نەدا، واتا ئەگەر دەنگەکانی پارتی و ئەوەی یەکێتی کە درا لە (د. یوسف) وەربگرینەوە ھیچ کات ئەوان نابن بە سەرۆکی پەرلەمان.

 

(باس) مادام دۆخەکە بەوە گەیشتووە بۆچی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە پەرلەمان کارا ناکەنەوە؟

 

ئەحمەد کانی: ئێمە و یەکێتی نامانەوێ بەو شێوەیە پەرلەمان کارا بێتەوە، بەڵکوو دەمانەوێ چارەسەرێکی گونجاو بە بەشداریی ھەموو حزبەکان بۆ دۆخەکە بدۆزرێتەوە، بە شێوەیەک دەبێت پەرلەمانتار لە ئاستی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بێت و دوور بێت لە فیکە و تەپڵ لێدان، ئەگەر بمانەوێ وەکو ئێستا کارای بکەینەوە، ئەی بۆ پەک خرا، لەبەر ئەوە دەبێت ھۆکارەکانی پەکخستنی چارەسەر بکرێت.

 

(باس) باشە ئەو رێککەوتنەتان لەگەڵ گۆڕان بەھۆی خراپیی ئەدای پەرلەمان تێکچوو، ئەی رێککەوتنی ستراتیژیتان لەگەڵ یەکێتی لە چ قۆناخێکدایە، دەتوانین بڵێین ئێستا ئەو رێککەوتنە لەگەڵ یەکێتیدا ماوە؟

 

ئەحمەد کانی: بەڵێ، رێککەوتنەکە ماوە، ھیچ شتێکی فەرمی نییە رایگرتبێت، بەڵام ئێمەش پێمان وایە دەبێت چالاک بکرێتەوە، کە رەنگە لەژێر ناوی دیکە یان ھەر بەو ناوەوە بێت، لەگەڵ یەکێتی لە ئاستی ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە توانیومانە کوردستان بەو رێککەوتنە پێش بخەین، بەڵام بەداخەوە ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ گۆڕان ھەبووە پەکخرانی پەرلەمانی لێ کەوتووەتەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە نامانەوێ ھەڵەی رابردوو (بەوەی دەڵێن بۆ مروونەت نانوێنین) دووبارە بکەینەوە، بەڵام لە ھەموو روویەکی دیکەوە پارتی ئامادەی ئەوەیە مروونەتی ھەبێت.

 

(باس) باشە ھیچ وادەیەک ھەیە بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی ستراتیژیتان لەگەڵ یەکێتی، یان رێککەوتن بۆ ئەو دۆخەی کە کوردستان تیایدایە لە نەبوونی پەرلەمان و گرژیی نێوان لایەنە سیاسییەکان؟

 

ئەحمەد کانی: وەکو گوتم زۆر گرنگە قۆناغەکە وا دەخوازێت پەلە بکەین لە رێککەوتن و رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆمان، بۆ ئەوەی بتوانین بە قورسایی زۆرەوە بڕۆینە دانیشتنەکانمان لەگەڵ عێراق بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

 

(باس) ئەی بۆچی گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە ناکەن تا ئەو کیشانە چارەسەر بن؟

 

ئەحمەد کانی: کێ باوەڕ دەکات پارتی بۆ دروستنەبوونی ئەو دۆخە ھەوڵی نەدابێت؟ گفتوگۆ ھەبووە و ھەوڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ھەبووە، ھەوڵی زۆر دراوە، داوامان لێ کردوون کە ئێستا شەڕی داعش نەماوە، پێویست بەوە ناکات لە ھەندێ شوێن ھێزی پەکەکە ھەبێت، یان کە ھەیشە پێویست ناکات تەدەخول لە کاروباری ھەرێمی کوردستان بکات، داوامان کردووە تایبەتمەندیی یەکتری بپارێزین، ئەو خۆفەرزکردنەی ئێوە تەحەمول ناکرێت.

 

(باس) باشە داوای ئەوان چییە؟

 

ئەحمەد کانی: بەداخەوە داواکارییان غەیری تێکدان ھیچی تر نییە.

 

(باس) باشە بۆ دەیانەوێ ھەرێمی کوردستان تێک بدەن، بەژەوەندیی ئەوان لەو تێکدانە چییە، کە ئەوان خۆیشیان کوردن؟

 

ئەحمەد کانی: تەنیا خۆیان دەزانن بۆ وا دەکەن، بەڵام بەرلەوەی بڵێن دەستی دەرەکییان لەپشتە بۆ ئەو تێکدانە، دەبێت پرسیار لە خۆیان بکەین، بۆ ئەو ئیستعدادەیان ھەیە بەکار بھێنرێن.

 

(باس) باشە دوا بژارەی پارتی چییە لە بەردەوامیی پەکەکە بەوەی کە دەیکات لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستان؟

 

ئەحمەد کانی: بڕیاری جەنابی سەرۆکە کە جارێکی دیکە شەڕی کورد و کورد روو نەدات، ئومێد دەکەین بە ئاشتییانە بگەین بە چارەسەر، ئەوەش زۆر ئاسانە کە شنگال بەشێکی ئازیزە لە ھەرێمی کوردستان و پێویستە پەکەکە بکشێتەوە، چەند ئێمە حەقمان ھەیە دەستوەردان لە کاری ناوچەیەک بکەین لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەوانیش ئەوەندە حەقەیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەش پارتی رێگە نادات قەدەری کوردستان بکەوێتە ئاوەوە، چونکە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی لەسەرە و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا دەبێت.

 

(باس) بەڵام ئەوان دەڵێن شنگال عێراقییە و پارە وەکو حەشدی شەعبی وەردەگرن، ئەوە ھێزیان بەناوی یەبەشە دروست کردووە کە ھێزێکی حەشدی شەعبیی عێراقییە؟

 

ئەحمەد کانی: خۆیان باجی ئەوە دەدەن، کە بەو نالۆژیکییە بڵیێن بەشێکین لە حەشدی شەعبی و ئێزدی کورد نییە، بێ گومان ئەوە باجی خۆی ھەیە کە خۆیان خستووەتە ژێر نیشانەی پرسیارێکی زۆر گەورە.

 

(باس) زانیاری ھەیە پەکەکە دەیەوێ لە رێگەی نانەوەی دووبەرەکی لەناو ئێزدییەکان  شەرعییەت بە مانەوەی خۆی بدات لە شنگال، لەو دۆخەدا شنگال مەترسیی ناکەوێتە سەر؟

ئەحمەد کانی: ئێزدییەکان زۆر لەوە گەورەترن کە پەکەکە بیانکات بە دوو بەرەوە.

 

(باس): دوا پرسیارم ئەوەیە، سەرۆکایەتیی ھەرێم و پارتی لە ئێستا وەکو رابەری سەربەخۆیی کوردستان دەردەکەون، ئەو وادەیە کەی دێت کە زۆربەی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانیەتی، ئێستا ھەرێمی کوردستان و عێراق چییان بەیەکەوە ماوە کە رێگە لە سەربەخۆیی کوردستان بگیرێت، لەکاتێکدا بودجەی کوردستان لە عێراقەوە بڕاوە، پێشمەرگە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە بە کەرکووکیشەوە؟

 

ئەحمەد کانی: یەکەم شت ئەو دۆسیەیە دۆسیەی ھەموو خەڵکی کوردستانە بە ھەموو حزبەکانەوە، دۆسیەیەکە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رابەرایەتیی دەکات، چەند بە ئومێدە پارتی پشتیوانیی بکات، ئەوەندەش چاوی لە پشتیوانیی حزبەکانی دیکەیە، بەڵام بەگشتی سەرۆک بارزانی پشتی بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەستووە، چونکە دەزانێ ئەوە بڕیاری خەڵکی کوردستانە، کێشەی ئەو پرسەش بە دەرەجەی یەکەم لە ئێستا لەگەڵ حکوومەتی عێراقە، ئەویش لە دەستووردا رێک خراوە، رێکاری یاسایی و نێودەوڵەتییش بۆ ئەو پرسە گیراوەتە بەر و باشترین رێگە گفتوگۆ و دانوستانە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، چونکە راگەیاندنی سەربەخۆیی حەقی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدا کە خاک و جوگرافیا و ئابووری و ھۆکارەکانی سەربەخۆیی ئامادەن.

 

(باس) ئەی ئەگەر عێراق بە گفتوگۆ رازی نەبوو؟

 

ئەحمەد کانی: ئەوکات کارتی دیکەمان ھەیە، کە حەز ناکەین ئەوە روو بدات.