سینەم خان: بەداخەوە تا ئێستاش ئینسکلۆپیدیای بەدرخان دروست نەکرا

دەفتەرێکی نمرەی تەلەفۆنی لایە ژمارەی مەلا مستەفا بارزانییشی تێدایە

 

کاتێک لە دەرگا دەچیتە ژوورەوە، ئافرەتێکی سەر سپی دەم بەخەندە و روح سووک پێشوازیت لێ دەکات. لای ئەو ئەبێ زۆر وریا بیت و هیچ وشەیەکی بێگانە بەکار نەهێنیت، ئەگینا لەبەرامبەر بەکارهێنانی هەر وشەیەکی بێگانە ئەبێ پێنج هەزار دینار سزا بدەی. ئێمە پێشتر ئەوەمان زانی بوو، بۆیە زۆر بە وریاییەوە قسەمان لەگەڵدا دەکرد. سینەم خان، کچی جەلالەدین بەدرخان، نووسەر و ڕووناکبیر و یەکێکە لە کەسایەتییەکانی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، لەم دیمانەیەی هەفتەنامەی (باس)دا لە چەند تەوەرەیەک بۆمان دوا و دیاریترینیشیان حاڵی ئێستای زمانی کوردی و بواری رۆژنامەوانیی کوردی بوو.

لە دەستپێکیدا وەها خۆی ناساند: “من کوردم و هەر کورد دەبم. هەرچەندە ماڵباتەکەمان جگە لە زمانش شیرینی کوردی، زمانەکانی (فەرەنسی و عەرەبی و تورکی)یشیان دەزانی، بەڵام وا پەروەدە کراوین زمانی کوردی زمانی دایکە و ناسنامەیە، بۆیە پێویستە بە کوردی قسە بکەین. زمان زانین گرنگە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا سوودی لێ ببینیت. بەڵام نەک بەردەوام قسەی پێ بکەیت و زمانی دایک لەبیر بکەین. کە منداڵ بووم لە قوتابخانەیەکی شام قوتابی بووم، تەنیا من کورد بووم، بەڵام هیچ کاتێک زمانی کوردیم پشتگوێ نەخست”.

سینەم خان گلەیی لە خەڵکی زێدی باووباپیرانی خۆی (جزیرێ) دەکات و دەڵێت: “جارێک سەردانی جزیرێم کرد، لە دوکانێک پرسیاری نرخی کلینکسێکم کرد و گوتم بەچەندە؟ خاوەن دوکانەکە کە مێردمنداڵێکی کورد بوو، گوتی: (یێ بچووک کاڵمادە) منیش گوتم:(کاڵمادە) مانای چییە؟ وتی واتا نەماوە، منیش گوتم باشە بڵێ نەماوە. هەر کە دەچمە تورکیا دەڵێم: (نەموتڵبم کوردم دیانێ) چونکە تورک دەڵێن (نەموتڵبم تورکم دیانێ). سینەم بەدەم ئاخ هەڵکێشانەوە دێرە شیعرێکی کلاسیکی دەگوتەوە (لێ چ بکەین ئیرۆ مایە ژ خەڵکێ ڕا، ئەی فەلەک فەلەک فەلەک)، بەڵام دیسان هەر باشە یەکێک لە پارچەکانی کوردستانمان هەیە و بە ئازادی تێیدا دەژین”.

سینەم خان سەربردەیەکی تری باس کرد و گوتی: “جارێکیان لە دیاربەکر چوومە کافتریایەک، هەموویان بە تورکی قسەیان دەکرد، چوومە لای دوو کوڕی گەنج و پرسیارم لێ کردن ئێوە کوردن؟ گوتیان: بەڵێ. گوتم: بۆچی بە تورکی قسە دەکەن؟ گوتیان: وەڵا ئەوە زمانی بازرگانییە. کەواتە زمانێکی بازرگانیی کوردی دروست بکەن. ئەو کوردانەی کە بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆیشتوون وردە وردە کوردایەتییان دەڕوات”.

لە وەڵامی پرسیارێکماندا سەبارەت بەوەی ئاخۆ بە بۆچوونی ئەو لە کام بەشەی کوردستان زیاتر گرنگی بە زمانی کوردی دەدرێت؟ سینەم خان گوتی: ”لە باشوور. شتێک بۆ ئێوە باس بکەم، پێش ساڵی 1991 لە قوتابخانە عەرەبییەکان لە بەغدا وانەی کوردی دەخوێندرا، هەروەک چۆن لە ڕادیۆی بەغدا بە کوردی هەبوو”. سینەم خان دەڵێت: “حەقم بە هیچ حزبێکدا نییە و حەز ناکەم قسە لە سیاسەتدا بکەم، بەڵام خۆزگەی ئەوە دەخوازم هەموو حزبەکانیش ببنە یەک، وەکو جگەرخوێن دەڵێت (ئەگەر ئەم نەبین یەک، ئەم هەرین یەک بەیەک)“.

سینەم خان باسی لە بەسەرهاتێکی تری کرد و گوتی: “ساڵی ١٩٦٧ کاتێک چووینە دیاربەکر، لە دوکانێکدا شەربەتمان خواردەوە، کە خەڵکەکە گوێیان لێ بوو بە کوردی قسە دەکەین، پارەیان لێ وەرنەگرتین و زۆر دڵخۆش بوون کە بە کوردی قسەمان دەکرد، بەڵام ئێستا سێ بەشی دیاربەکر بە تورکی قسە دەکەن”.

سینەم خان ئاماژەشی بۆ ئەوە کرد، ئێستا دەبینین و ئومێدێک هەیە کە گرنگی بە زمانی کوردی دەدرێت: “ئێستا ئەگەر بچمە ئەستەنبوڵ، لە هەر چێشتخانەیەک نان بخۆم تاقیکردنەوەیەک دەکەم، بۆ ئەوەی بزانم ئەو کەسانەی لەوێ ئیش دەکەن کوردن یان تورکن، بە گارسۆنەکە دەڵێم بێ زەحمەت ئاوێک بۆ ئێمە بێنە، یەکسەر دەڵێ ئێوە کوردن زۆر بەخێر بێن. بەشێکی زۆری گارسۆنی چێشتخانەکانی ئەو شارە کوردن. بۆیە زۆرجار دەڵێم پایتەختی کوردستان ئەستەنبوڵە، چونکە چەندین ملیۆن کورد لەو شارەدا دەژین”.

بەهۆی ئەوەی ئەوان لە بنەماڵەیەکی دیاری کورد بوون و چەندان کەسی ناودار سەردانی ماڵی ئەوانیان کردووە و سینەم خان کە ئەوکات لە تەمەنی منداڵیدا بووە، باس لەو ساتانە دەکات و دەڵێت: “وەختێک بابم ساغ بوو، ماڵی ئێمە دیوەخان بوو، زۆر کەسایەتی دەهاتنە ماڵمان، وەکو قەدری جان و جگەرخوێن و دکتۆر نورەدین زازا و دکتۆر نوری دێرسیم،.. هتد، هەموویان باسی کورد و کوردستانیان دەکرد، ئەوانە هەموویان کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئێمەدا هەبوو. وەکی جگەرخوێن دەهاتە ماڵمان من و جەمشیدی برام دەڕۆیشتین، دەترساین و دەمانگوت دیسان شیعرێکی هێنایە و دەڵێت وەرن ئەزبەری بکەن. ڕۆژێک کوڕێکی جگەرخوێن هاتە سەردانم گوتی: جارێک لە دیمانەیەکدا گوتووتە جگەرخوێن دوژمنی ئێمە بوو، منیش گوتم: ڕاستە، کاتێ ئێمە منداڵ بووین حەزمان لە جگەرخوێن نەدەکرد، چونکە دەبوایە شیعرەکانی ئەزبەر بکەین، ئێمەش دەترساین و دەمانگوت ئێمە چ ئیشمان بەو شیعرانە دایە؟ حەزمان دەکرد بچینە دەرەوە و یاری لەگەڵ منداڵان بکەن. یەکێکی تر کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئێمەدا هەبوو (ئەحمەد کیکی) بوو، کە دەهاتە ماڵمان چیرۆکی کوردی و سترانی کوردیی بۆ دەگوتین و دەنگێکی زۆر خۆشی هەبوو. دوای کۆچی دوایی باوکم کە تەمەنم سێزدە ساڵان بوو، ئەو کەسە ناودارانەی کە هاوڕێی بابم بوون دەهاتنە ماڵمان و باسی زۆر شتیان بۆ دەکردین. ئەو کاتەی بارودۆخی عێراق ناجێگیر بوو، چەندین کەس لە کوردستانی باشوورەوە دەهاتنە سووریا و سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد، وەکو هەژار موکریانی و مام جەلال و عیسا زەبیعی و دکتۆر عیزەدین و عەلی فەتاح دزەیی و هۆمەر دزەیی و  حەبیب کەریم”.

گوتیشی: مام جەلال و حەمید دەروێش گۆڕی میر بەدرخانی باپیرم و باوک و دایکی منیان لە شام چاک کرد، ئەوە شتێکی گرنگە، مانای ئەوەیە ئەوانیان لەبیر نەکردووە.

ئەوەی کە جێی سەرنج و تێڕامانە، لە سووچێکی ماڵی سینەم خاندا ئاڵایەکی کوردستانی سەردەمی خۆییبوون دەبینرێت، کە جیاوازە لە ئەو ئاڵایەی ئێستا دەشەکێتەوە، ئەویش لە ئاڵاکەدا تەنیا ١٦ تیشکی خۆر هەیە، ئێمەش لەو بارەیەوە پرسیارمان لە سینەم خان کرد، گوتی: “منیش زۆر پرسیارم کردووە، بەڵام ئەو وەڵامەم دەست نەکەوتووە“.

لە ساڵانی شەستەکانەوە کاتێک هاوسەرگیریی کردووە هاتووەتە باشووری کوردستان، چونکە هاوسەرەکەی ئەندازیاری نەوت بووە لە کەرکووک. ئەو دەڵێت: “ئەو کات من لە ساڵی 1972 تا 1974 سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بووم. لە ساڵی 1974 یشەوە تا 2006 لە بەغدا بووین، دواتر لەبەر ئەوەی کورد بووین لە کەرکووکیش دەریان کردین و هاتینە هەولێر. لە ساڵی 1980 تا 1995 مامۆستای زمانی فەرەنسی بووم لە قوتابخانەیەکی ئینتەرناشناڵ. بەهۆی ئەوەی من لەو بنەماڵەیە بووم و ئیش و کارەکانی منیان دەزانی، بۆیە لە ساڵی 2013 خەڵاتی (لیژیۆندۆ)ی فەڕەنسیم پێ بەخشرا”.

بەهۆی ئەوەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان خاوەنی رۆژنامەوانیی کوردین و سەروەرییەکەی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، مافی ئەوەیان هەیە تێڕوانینێکی جیاوازیان لەسەر ئەو بوارەدا هەبێت، بۆیەش سینەم خان لەو بارەیەوە گوتی: “کە دەبینم ڕۆژنامەیەک بە کوردی دەردەچێت زۆر کەیفم دێت”.

سینەم خان بە پێکەنینەوە گوتی: “ڕۆژنامەی کوردی زۆرن، بەڵام مخابن شتێکی ناخۆش هەیە ئەویش فەیسبو,ک هات و هەموویانی بزر کردووە، ئەلکترۆنی ڕۆژنامەی بزر کردووەە، وەکو ئێمە منداڵ بووین دیاریی ساڵڕۆژی لەدایکبوونمان کتێب بوو. چەندان کتێبی ئەوکاتم ماوە، بۆیە ئێستاش حەز دەکەم وەکو جاران کە پاڵ دەکەوم ڕۆژنامە بەدەستمەوە بگرم”.

بۆ ئەوەی خوێندنەوە دووبارە گرنگdی پێ بدرێت و ببژیتە کولتوور و نەریت، سینەم خان پێیوایە کە کاتی ئەوەیە دیالێکتێک هەبێت بۆ هەموو کوردستان، نەک تەنیا کۆنفڕانس بکرێت، پێویستە دوای کۆنفڕانس شتێک ببینین.

سینەم خان پێشتر بیرۆکەی کردنەوەی مۆزەخانەیەکی هەبووە، ئێمەش پرسیارمان کرد ئاخۆ بە کوێ گەیشت، گوتی: “چەند جارێک داوام کردووە و هەتا ئێستا شتێک نەبووە. وەکو دەڵێن (بینە نینە، چما هەما). بەداخەوە چونکە ئەو شتانەی لای من هەن هی منن نین، بەڵکوو هی میللەتن، بۆیە پێویستە لە مۆزەخانەیەکدا بپارێزرێن. بەشێکی زۆریش لەو شتانە چەند جار قوتابییان هاتوون و بۆ ماستەر توێژینەوەیان لەسەر کردووە و منیش زۆر هاوکاریم کردوون”.

کاتێک  پرسیاری ئەوەمان لێ کرد ئاخۆ ئێستا تەمەنی سینەم خان چەندە؟ بە پێکەنینەوە: “گوتی ئێوە چ ئیشتان بە تەمەنی منە؟ لە ٢١ ی ئادار تەمەنم دەبێتە ٧٩ ساڵ”.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سینەم خان دەڵێت: ”یەکێک لەو شتانەی کە هیوام دەخواست ببێت، کردنەوەی ئەنسکلۆپیدیای بەدرخان بوو، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەکراوە”.

ئەو کەلوپەلانەی کە لە ماڵی سینەم خاندا دەبینرێن، بەشێکیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سییەکانەوە. لە کاتی باسکردنی ئەو شتانەی بۆ ئێمە، سینەم خان دەفتەرێکی ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆنەکانی ساڵانی پێشتری تیادا نووسرابوو، یەکێک لەوانە ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی سەرکردەی کورد مەلا مستەفا بارزانی بوو، کە ئەوکات لە ساڵی ١٩٧٨ لە ڤیرچینیا بوو. “ئەوکات لە ڕێکەوتی ٤-١٢-١٩٧٨ تەلەفۆنمان بۆی کرد و هەواڵی کۆچی دوایی کامەرانی ماممان پێ دا”.

هەر لە ماڵەکەی سینەم خاندا نەخشەیەکی زۆر کۆنی لەجامگیراو هەیە، کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسییەوە دروست کراوە و تیایدا کوردستانیش دیاری کراوە.

سەبارەت بە مانەوەی بەشێکی لەو بەرهەم و فەرهەنگە کۆنانەی بە چاپ نەکراوی، سینەم خان گلەیی لە ئەکادیمیای کوردی دەکات و دەڵێت: “ئەگەر داواشی بکەین بۆمان ناکەن، ئێمە ئەزموونمان هەیە، لە ساڵی ١٩٧٠ دایکم لەگەڵ دکتۆر کەمال مەزهەر فەرهەنگی بابی منیان لە شامەوە ناردە بەغدا، دوای ماوەیەک چوومە ئەکادیمیای کوردی لە بەغدا سەیرم کرد فەرهەنگی باوکم لە عەرز کەوتووە. بێ ئەوەی ئەوان بزانن هێنامەوە و ئێستاش هەر لای خۆمە، دواتر چاپمان کرد”

لە ماڵەکەی سینەم خاندا چەند وێنەیەکی میقداد مەدحەت بەدرخان هەبوو، کە لەلایەن کامەرانی مامی بۆی هاتوون، سینەم خان دەڵێت: “ئەمە وێنەکانی میقدادن، چونکە زۆر جار وێنەکانی بەهەڵە دانراون”.

جار جار سینەم خان لە کاتی قسەکانیدا کۆپلەیەک لە گۆرانیی (ئەز چ بکەم ئیرۆ مایە لە خەڵکێ ڕا) دەڵێتەوە. “ئێستا بزاڤی ئاشتیی ناوخۆیی بڵاو دەکەینەوە بۆ هەموو کوردستان، کە پێشتر لە فەرەنساوە دەستمان پێکرد، بەڵام ئێستا لێرە چاپی دەکەین بەرە بەرە بەرفراوانی دەکەین کە تەنیا بۆ ئاشتییە”.

لەبەر ئەوەی چەند جارێک لەکاتی قسەکردنیدا کۆپلەیەک گۆرانی یاخود کۆپلەیەک شیعری دەگوتەوە، بۆیە پرسیاری ئەوەم لێ کرد ئاخۆ سینەم خان گوێ لە کام گۆرانیبێژ دەگرێت و حەز بە دەنگی کام گۆرانیبێژ دەکات، ئەو گوتی “ئەو کاتانەی بوارم هەیە گوێ لە گۆرانییەکانی عەیشەشان و محەمەد عارف و زەکەریا عەبدوڵا دەگرم”.

 

ئەلبوومی وێنەکان