به‌رپرسى مه‌كته‌بى پارتی له‌ توركیا: لە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆییدا توركیا له‌گه‌ڵمانیش نه‌بێت دژمان نابێت

"له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا نووسینگەی نوینەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا ده‌كرێته‌وه‌"

له‌ دوای راپەڕینی ساڵی 1991ەوە، مەکتەبی نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا کراوەتەوە و وەک دەروازەیەک بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەو کاتەوە تا ئێستا پێشوەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەرچی تا ئێستا نەبووەتە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تەواوی کاروبارەکانی بەشێوەیەکی فەرمی بەجێ گەیاندووە. لەم دیمانەیەدا، عومەر میرانی، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا، تیشک دەخاتە سەر کار و چالاکییەکانیان و ئەو قۆناغانەی پێیدا تێپەڕیوە، لەگەڵ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارت و رێکخراوە تورکی و کوردییەکانی باکور.

 

(باس) كاروباره‌كانى نووسینگەی نوێنه‌رایه‌تیى پارتى دیموكراتى كوردستان لە تورکیا چییه‌؟

عومه‌ر میرانى: مه‌كته‌بى پارتیمان له‌ كۆتایى ساڵى 1991 له‌ توركیا كرایه‌وه‌، له‌وكاتدا كار و وه‌زیفه‌ى مه‌كته‌ب ته‌نیا كاركردن نه‌بوو بۆ پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ڵكوو كاروباره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تیشی ده‌كرد و تاكه‌ مه‌رجه‌ع بوو بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارى جدیى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز هه‌بێت له‌نێوان توركیا و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستاندا. له‌ بوارى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و لۆجیستیكییه‌وه‌ كارى جدییمان ده‌كرد. ئێمه‌ به‌ حوكمى كاره‌كانمان كه‌ بۆ هه‌رێم به‌گشتى و حكوومه‌ت و حزب بووه‌ وه‌ك نوێنه‌رایه‌تى له‌لایه‌ن توركیا و باڵوێزخانه‌ و کونسوڵخانه‌كان مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا كراوه‌. په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى دیبلۆماسیمان له‌گه‌ڵ باڵوێزى وڵاتانیش دروست كردووه‌.

(باس): ئێستا په‌یوه‌ندیی فەرمی و دیبلۆماسى هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیادا، پێت وانییه‌ پێویسته‌ نوێنه‌رایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كى فەرمی بكرێته‌وه‌، له‌جیاتى ئه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیى حزبى هه‌بێت؟

عومەر میرانی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاتیه‌تى و بگره‌ تێش په‌ڕیوه‌، ئێستا به‌ حوكمى سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، بووینه‌ته‌ خاوه‌ن دیبلۆماسییه‌تێكى پتەو و په‌یوه‌ندییه‌كى سیاسى و ئابووریى به‌هێز. ئێمه‌ ساڵێك ده‌بێت له‌لایه‌ن حكوومه‌تى توركیاوه‌ ره‌زامه‌ندیمان پێ دراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ و كارى جدییمان بۆ كردووه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ ده‌بێته‌وه‌، یانى كار له‌ وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى و كاروبارى حكوومى ده‌رچووه و به‌ پشتیوانیى خودا له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌كرێته‌وه‌. ره‌نگبێ بڵێن بۆ دوا کەوت؟ بەڵام هۆكاره‌كه‌ى ته‌نیا بۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌ سیاسییه‌كان و قه‌یرانى دارایی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ و هیچى تر.

 

(باس) بۆچى کردنەوەی نوێنه‌رایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ توركیا وا دواکەوتووە سەرەڕای ئەو پێوەندییە باشەی نێوان هەردوولا؟

عومەر میرانی: لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوو، جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه‌ لەنێوان وڵاتانى توركیا و ئێران و عێراق و سووریا و ده‌وڵه‌تانى تر، بۆ نموونه‌ له‌ ئێران زمانى كوردى قه‌ده‌غه‌ نه‌بووه‌، جلى كوردى قه‌ده‌غه‌ نه‌بووه‌، رۆژنامه‌ و چاپه‌مه‌نیش قه‌ده‌غه‌ نه‌بووه‌، یان له‌ عێراق به‌هه‌مان شێوه‌ بارودۆخى كورده‌كان زۆر جیاوازتر بووە، توركیا ده‌وڵه‌تێك بوو كه‌ بوونى كورده‌كانى ره‌ت ده‌كرده‌وه‌، كورده‌كانى سزا ده‌دا له‌سه‌ر زمان و كولتوور و ئاڵاى خۆیان و رۆژنامه‌ و حزبى خۆشیان، نووسه‌ره‌كانمان ده‌گیران، سیاسییه‌كانمان ده‌گیران، ئه‌سملاسیۆن ده‌كراین، كولتوورمان ده‌سڕایه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێى كاتێكى شیاوترى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ ده‌مانكرد، بەڵام ئەوەتا ێستا چەندین ساڵە خاوه‌نى مه‌كته‌بى حزبى و رۆژنامه‌ و نووسه‌ر و ئاڵاى خۆمانین لێره‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا ده‌بینه‌ خاوه‌ن نوێنه‌رایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان.

(باس) ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ پشكى چ حزبێكى سیاسیى هه‌رێمى كوردستانه‌؟ ئایا بۆ پارتى ده‌بێت یان یه‌كێتى؟

عومەر میرانی: كاتى هاوپه‌یمانیى ستراتیژیى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ئه‌م باسه‌ له‌نێوان خۆیاندا چاره‌سه‌رێكیان بۆ داناوە و برابه‌شیان كردووه‌، ئه‌و كات واشنتۆن به‌ یه‌كێتى درا و به‌ریتانیا به‌ پارتى، ئێران بۆ یه‌كێتى و توركیا بۆ پارتى بڕدرایه‌وه‌ و ئێستاش ئه‌م پشكه‌ به‌ر پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌وێت و بۆ ئێمه‌یه‌، به‌ڵام دووریش نییه‌ گۆڕانكارییه‌ك بكرێت له‌ رووى كه‌سایه‌تییه‌وه‌ و بدرێت به‌ كه‌سێكى تر.

(باس) له‌سه‌ر ئاستى حكوومى و ئاستى ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت، له‌سه‌ر ئاستى ئه‌كپارتى ده‌بینین په‌یوه‌ندییه‌كى زۆر به‌هێزى دیبلۆماسى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان! به‌ڵام ده‌مانه‌وێت بزانین له‌ ئاسته‌كانى خواره‌وه‌ چۆنه‌؟ مه‌به‌ستمان رای شه‌قام و خه‌ڵكى ئاساییه‌، ئایا خه‌ڵكى توركیا لاى ئاسایی بووەته‌وه‌ كه‌ دراوسێیه‌كى باشى هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌ویش كورده‌كانى عێراقن؟

عومەر میرانی: توركیا وڵاتێكى ره‌گه‌زپه‌رستى ناسیۆنالیست بوو، ئێستا به‌ حوكمى گۆڕانگاریى پارت و حكوومه‌ت، گۆڕانێكى وا دروست بووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیى دیبلۆماسیى لەنێوان توركیا و هه‌رێم دروست ببێت، توركیا به‌رهه‌مى ده‌وڵه‌تى عوسمانییه‌ و ده‌زانین له‌ رابردوودا به‌رامبه‌ر به‌ كورده‌كان چ سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌بووه‌. به‌ڵام هاووڵاتیانی توركیا كه‌سانی دنیابین و دونیادیده‌ نیین، رۆژانه‌ له‌ تی ڤى و سۆسیال میدیا و رۆژنامه‌كانى توركیا بترازێ شتێكى تر نابینن، حكوومه‌ت چی بڵێت، پارته‌كه‌ى چی بڵێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هزرى رۆژانه‌یان، جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان كه‌سێك كه‌ لایه‌نگرى ئه‌كپارتییه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه‌ لایه‌نگرى مه‌هه‌په‌ و جه‌هه‌په‌یه‌، بۆ نموونه‌ مامه‌ڵه‌ى كه‌سێكى رۆشنبیر و كه‌سێكى كاسب له‌م باره‌یەوه‌ جیاوازه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت خوێندنه‌وه‌  و توێژینه‌وه‌ى سیاسى و سۆسیۆلۆژییان بۆ بكرێت تا راى خه‌ڵكى شه‌قام له‌م باره‌وه‌ بزانین. ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونى خه‌ڵك له‌ نەرێنییەوه‌ بگۆڕین بۆ ئەرێنی، بەردەوام به‌شداری پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كان ده‌بین.

(باس) ده‌توانین بڵێین توركیا ئه‌گه‌ر سبه‌ی هه‌رێمى كوردستان سه‌ربه‌خۆیى رابگه‌یه‌نێ دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستاندا ده‌نێ؟

عومەر میرانی: وای دەبینم ئه‌م پرسیاره‌ له‌ به‌رپرسانى توركیا بكرێت وه‌ڵامى وردتتریان پێ بێت و راشكاوانه‌ وه‌ڵامتان بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ حوكمى كارى سیاسیى خۆمان كه‌ ماوه‌ى 17 ساڵه‌ ئێمه‌ لێره‌ خه‌بات بۆ كوردستانى سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین، بۆمان روون بووەته‌وه‌ توركیا له‌كوێوه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ كوێ، ده‌بینین بۆ سه‌رۆكى كوردستان كه‌ دێته‌ توركیا چ رێوڕه‌سمێك ده‌كرێت، ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ى ئەرێنین و هیوامان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیون، جه‌نابى سه‌رۆك له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌كدا گوتوویه‌تى كه‌س سه‌ربه‌خۆیى بۆ ئێمه‌ ناهێنێت و پێمان نابه‌خشێت، ده‌بێ خۆمان به‌ده‌ستى بهێنبن. دڵنیاین توركیا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمانیشدا نه‌بێت ئه‌وا‌ دژیشمان نابێت و شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ بكات، چه‌ندین جار هه‌بووه‌ له‌ به‌رپرسانى باڵاى توركیامان گوێ لێ بووه‌ گوتوویانه‌ پرۆسه‌ى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى په‌یوه‌ندیى به‌ كاروباری ناوخۆى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئیشى ئێمه‌ نییه‌ ده‌ستێوه‌ردانى تێدا بكه‌ین.

(باس) جگە له‌ ئاكپارتی، په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارته‌كانى ترى توركیادا چۆنه‌؟ بۆ نموونه‌ جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌؟

عومەر میرانی: له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى تر په‌یوه‌ندیى باشمان هه‌یە، بۆ نموونه‌ جه‌هه‌په‌، رێز له‌ هزرى یه‌كتریش ده‌گرین و بۆچوون گۆڕینه‌وه‌ لەنێوانماندا ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیمان نییه‌! چونكه‌ كه‌سێك ئێمه‌ى قبووڵ نه‌بێت ئێمه‌ش لامان جێگه‌ى قبووڵ نابێت. خۆتان بینیتان دواى هاتنى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى بۆ توركیا و پێشوازیى دیبلۆماسیى وڵات له‌ به‌ڕێزیان و هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان و نووسینى زمانى كوردى له‌ لیستى نانخواردن، سه‌رۆكى مه‌هه‌په‌ به‌ چ ئاستێكى نزم قسه‌ى كرد! له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ و میدیاكانیانه‌وه‌ چ هێرشێكى ناڕه‌وا كرایه‌ سه‌ر جه‌نابى سه‌رۆك و ئاڵاى كوردستان، ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ى په‌یوه‌ندى و دانوستان نین له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه‌ كوردبوونمانى قبووڵ نه‌بێت، كه‌ ئاماده‌ نه‌بێت رێز له‌ سیمبوله‌كانمان بگرێت. ئێمه‌ بینیمان له‌دواى چه‌ند سەعاتێك سه‌رۆكى وه‌زیران و وته‌بێژ و كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر هاتنه‌ وه‌ڵام و گوتیان هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستوورى عێراقدا به‌فەرمی ناسێندراوه‌ و خاوه‌نى ئاڵا و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و یاساى خۆیه‌تى و جیهان و ئێمه‌ش رێز له‌م هه‌رێمه‌ دەگرین.

(باس) په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ چۆنه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ده‌په‌ و ئه‌وانه‌ى تر؟

عومەر میرانی: به‌ر له‌ هه‌موو شت ئێمه‌ به‌ حوكمى نه‌ته‌وه‌ كوردین و هاونه‌ته‌وه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌ده‌پە، رێز و په‌یوه‌ندیى دیبلۆماسى و په‌یوه‌ندیى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیى زۆر له‌نێوانماندا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ر كات سه‌رۆكى هه‌رێم دیته‌ توركیا له‌گه‌ڵ شاندى هه‌ده‌پە كۆ ده‌بێته‌وه‌، شاندى هه‌ده‌پە دێنه‌ لاى ئێمه‌ بۆ ئێره‌ بۆ كوردستان، ئێمه‌ په‌رۆشى هه‌موو كوردێكین بۆ په‌یوه‌ندیى باش، ئه‌وه‌تا له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى باس له‌وه‌ ده‌كات با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى و به‌ڕێز ده‌میرتاش و هاوه‌ڵانى ئازاد بكرێن! ئه‌مه‌ ئەگه‌ر خه‌مى ئێمەى پارتى نه‌بێت و په‌یوه‌ندیى باشمان نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبه‌، ئه‌ى له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. هه‌ر له‌ دوایین سه‌ردانى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى بۆ توركیا و هاتنى بۆ ئه‌نقه‌ره‌، به‌ڕێز ئه‌حمه‌د توركى بینى و ماوه‌ى 40 خوله‌ك  پێكه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بوون.

(باس) پێتان وایه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ى جارانى كه‌ هه‌یبوو له‌ باكوورى كوردستان له‌سه‌ر هزرى كورده‌كان، ئێستاش وه‌ك جارانه‌؟

عومەر میرانی: به‌ حوكمى كاركردنمان له‌ توركیا و په‌یوه‌ندیى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیى زۆرمان له‌م وڵاته‌، زۆر جار هه‌بووه‌ له‌ خه‌ڵكمان پرسیوه‌ و خۆشمان خوێندنه‌وه‌ى سیاسیمان بۆ كردووه‌، گه‌یشتووین به‌ قه‌ناعه‌تێك و واقعێك كه‌ له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 7ى حوزه‌یران و به‌شدارنه‌بوونى هه‌ده‌پە له‌ حكوومه‌ت و هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان و كوشتنى هه‌زاران له‌ گه‌نجانمان له‌و ناوچانه‌، هه‌روه‌ها دیارده‌ى كۆچكردنى خێزانه‌كان بۆ شاره‌ توركنشینه‌كان وێرانكاریى بینا و ئه‌پارتمانه‌كان كه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن! ئه‌مه‌ ته‌نیا ماڵوێرانیى كورد بوو. كورده‌كان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بوون له‌م بارودۆخه‌دا، سیاسه‌تى په‌كه‌كه‌ و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌ده‌پە هه‌ڵه‌ بوو، خۆشیان ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ لاى به‌شێكیان دروست بووه‌! نه‌ده‌بوو له‌م كاته‌دا ئه‌م شه‌ڕه‌ بكرێت، به‌داخه‌وه‌ چه‌ك جێگه‌ى سیاسه‌تى گرته‌وه‌، ئه‌مانه‌ به‌ته‌ئكید وایان كرد كاریگه‌ریی په‌كه‌كه‌ له‌ باكور زۆر لاواز بێت.

(باس) هه‌ندێك حزب هه‌ن له‌ توركیا كه‌ به‌نزیك له‌ هه‌رێمى كوردستان ناسراون، وه‌ك PDK و HUDA PAR و زۆری تر، ئایا ئێوه‌ یارمه‌تى و هاریكار و هاوكاریان ده‌بن؟

عومەر میرانی: په‌یوه‌ندیى باشمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موویان هەیە و به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك سكرتێرى هودا پار له‌لاى ئێمه‌ بوون، پارته‌كانى تریش به‌رده‌وام دێنه‌ لامان و ئێمه‌ ده‌چینه‌ لایان و هاریكارین.

(باس) زۆر جار ده‌گوترێت ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ى ئێستا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ رووى دیبلۆماسییه‌وه‌  وه‌كوو هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى ئه‌تاتورك له‌ ئیستانبۆل و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى ئێسێنبۆغا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ كۆشكى كۆمارى و كۆشكى چانكایه‌ و ئۆتیل و شه‌قامه‌كان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و لیسته‌ى نانخواردن به‌ زمانى کوردی، ده‌گوترێت ئه‌م شتانه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندییان به‌وه‌وە هەیە کە تورکیا بەرژەوەندیی دارایی و نەوتی لەگەڵ کوردستان بۆ دروست بووە، ئەمە چۆنە؟

عومەر میرانی: ئه‌مه‌یان ده‌بێت ویژدانى تیا به‌كاربێت، ئێمه‌ به‌رله‌وه‌ى نه‌وت ده‌ربێنین و بیفرۆشین له‌م وڵاته‌دا بووینه‌ خاوه‌نى پێگه‌‌، مه‌كته‌بى حزبیى ئێمه‌ به‌ر له‌ پرۆسه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت بوو، ئه‌مه‌ى ئێستا پێی گه‌یشتووین به‌رهه‌مى سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى و به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانییه‌، نه‌ خودا قبووڵ ده‌كات و نه‌ ویژدان کە ئه‌م راستییه‌ بشێوێنرێ، ته‌نیا ئه‌و كه‌سه‌ لاوازانه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سیاسه‌تیان له‌گه‌ڵ پارتى دۆڕاندووه‌، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌یش ده‌كرێت بڵێین هاوشانى په‌یوه‌ندیى سیاسیى ئێمه‌ خاوه‌ن په‌یوه‌ندیى ئابووریى به‌هێزین له‌گه‌ڵ توركیا و پرۆسه‌ى فرۆشتنى نه‌وت كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانیش هه‌یه‌، ئه‌مەیش روویه‌كى ترى راستییه‌كانه‌، به‌ڵام سیاسه‌تى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، زۆر به‌نرختره‌ له‌ نرخى نه‌وت و پرۆسه‌ى نه‌وت، توركیا مۆدێلى سیاسه‌تى پارتى و بارزانیى زۆر لا قبووڵه‌ و رێزى زۆرى لێ ده‌گرێ و به‌شێوه‌ى ده‌وڵه‌تێك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كات.