زوبێر عوسمان: کاک مەسعود دەتوانێت زۆرینەی کێشەکان چارەسەر بکات

”وەک یەکێتی، پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکەین“

19/01/2016 - 08:39 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

زوبێر عوسمان، جێگری یەکەمی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەتی (باس)دا، قسە لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی یەکێتی و دۆخی ئێستای کوردستان دەکات.

 

(باس)‌ ئەو ھەوڵانەی یەکێتی دەیدا بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی لایەنەکان، بەتایبەت گۆڕان و پارتی، بە چی گەیشتوون؟

 

زوبێر عوسمان: لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بڕیار دراوە بۆ ئەوەی لە ھەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، جەماوەر بەدەست ئەو کێشانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەت لەدوای رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان و ناردنەوە ماڵەوەی وەزیرەکانی گۆڕان، بۆیە یەکێتی وەرەقەیەکی ھەیە لە شێوەی پێشنیار و داویەتیە پارتی و گۆڕان، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

 

(باس)‌ ھەستتان بەوە کردووە گۆڕان و پارتی نەرمییان نواندبێت؟

 

زوبێر عوسمان: بەڵێ نەرمی ھەیە، چونکە دواجار دۆخەکە ئەوەی پێویست کردووە، بەتایبەت زلھێزەکان ئەمڕۆ ھاتوونەتە ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئێمەی کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی دۆخەکە ببینەوە، بۆ ئەوەی شتێک بۆ کورد بکرێت و مافەکانی کورد بەدی بھێنرێت، ئەگەر بە یەکگرتوویی نەبێت ناتوانین رووبەڕووی دۆخەکە ببینەوە، ھەر بۆیە نەرمیی زۆر ھەیە، پارتی و گۆڕان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە نەرمییان نواندووە، ئەوەش ھیوا دەداتەوە بەر پرۆسەی سیاسی لە  کوردستان.

 

(باس) دەگوترێت یەکێتی و گۆڕان رەنگە رێککەوتنێکی سیاسی بکەن، ئەو رێککەوتنە لەسەر حیسابی پارتی دەبێ؟

 

زوبێر عوسمان: نەخێر ئەو رێککەوتنە لەسەر حیسابی پارتی نابێت، بەڵکو پارتی ئاگاداری ئەو رێککەوتنە سیاسییەیە، کە یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت بیکەن. ئێمە لەگەڵ پارتی چەند شەراکەتێکمان ھەیە، رێککەوتنی ستراتیژیمان ھەیە، کە لەسەر دەستی ھەردوو بەڕێزان مام جەلال و کاک مەسعود ئیمزا کراوە، تا مام جەلال و کاک مەسعود ئەو رێککەوتنە ھەڵنەوشێننەوە، ئەو رێککەوتنە ھەڵناوەشێتەوە. ناوەڕۆکی رێککەوتننامەی ستراتیژی باشە، بەڵام بەداخەوە لە جێبەجێکردنەکەی خۆمان بە مەغدور دەزانین، لە سەرێکی دیکە لەگەڵ پارتی شەریکی حکوومەتین، لەوەش زیاتر خۆمان بە دامەزرێنەر و داھێنەری ئەو حکوومەتە دەزانین، چەندین دۆسیەی دیکە ھەیە لەگەڵ پارتی تیایدا شەریکین، بۆیە لەسەر حیسابی پارتی رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان ناکەین.

 

(باس) لە کاتێکدا مام جەلال نەخۆشە، ئایا بۆ تێپەڕاندنی قەیران و کێشەکانی کوردستان، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن مەسعود بارزانی بتوانێ لایەنەکان کۆ بکاتەوە؟

 

زوبێر عوسمان: ئەگەر وەک سەرۆکی پارتی مامەڵە بکات، نەخێر. بەڵام ئەگەر کاک مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مامەڵە بکات، وەکو کەسایەتییەکی بە ئەزموون و سیاسی و دەرکەوتوو دەتوانێت زۆرینەی کێشەکان چارەسەر بکات.

 

(باس) لەکاتێکدا یەکێتی لەنێوان گۆڕان و پارتی لە نێوەندگیریدایە، خۆیشی چەندین کێشەی ناوخۆیی ھەیە، بۆ ئەوە چی دەڵێن؟

 

زوبێر عوسمان: نایشارینەوە یەکێتی کێشەی ناوخۆیی ھەیە، بەڵام کێشەکان بەو شێوەیە نین کە لە راگەیاندنەکان زەق کراونەتەوە. زانیاریمان ھەیە ئەو لیژنانەی پێکھاتبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، لەگەڵ پڕۆژەی ئەندامانی سەرکردایەتی، لە مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دیراسە دەکرێت، پەنا بەخوا ھەوڵەکان دەگەنە ئەنجام. ھیچ مەترسییەک نییە بۆ جیابوونەوەی دیکە لەنێو یەکێتی، ئەو مینبەرەی باسیشی دەکرێت تەنھا لە راگەیاندنەکان باس دەکرێت و ئیعلانی لەو جۆرە نەکراوە، ئەوەی ھەیە گەورە کراوە و دەستێک ھەیە بۆ زیاتر درز خستنە نێو یەکێتی.

 

(باس) باس لەوە دەکرێت، کە کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی لەسەر دارایی ناو یەکێتییە، ئێوە وەکو ئەنجومەنی ناوەندی ئاگاداری دارایی یەکێتین؟

 

زوبێر عوسمان: لە ھەموو دونیادا وایە، ناکرێت دارایی حزب ھەموو کەسێک بیزانێت، دارایی دەبێت لەژێر دەستی کەسانی پسپۆڕدا بێت، مەکتەبی دارایی یەکێتی لەلایەن  دلێری سەید مەجید سەرپەرشتی دەکرێت، کاک دلێر یەکێک لە کادیر و پێشمەرگەکانی ساڵانی حەفتاکانە، کاک دلێر نزیکە لە کاک کۆسرەت و مەلا بەختیار و کاک بەرھەم و ھێرۆ خان و کەس گلەیی لێ نییە.

 

(باس) بەڵام دەگوترێ کۆسرەت رەسوڵ کە جێگری سکرتێری گشتییە ئاگاداری دارایی یەکێتی نییە؟

 

زوبێر عوسمان: نەمزانیوە جەنابی کاک کۆسرەت گلەیی ئەوە بکات، بەڵکو کێشە و گلەییەکان لەنێو یەکێتی لەسەر شێوازی دەسەڵاتەکان و چۆنیەتیی بەڕێوەبەردنی دەسەڵاتەکانە، لەسەر بابەتی دارایی نییە، دارایی شتێکی لاوەکییە.

 

(باس) زۆر جار دەگوترێت بە زەحمەت دەتواندرێت بڕیار لەنێو یەکێتی وەربگیرێت، ھۆکاری ئەوە چییە؟

 

زوبێر عوسمان: بەداخەوە، لەبەرئەوەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لە کاتی خۆیدا ناکرێت، ھۆکارەکەشی بۆ تێڕوانینە جیاوازەکان و ئەو لیژنە و پڕۆژانەیە کە دروست کراون و پێشکەش کراون، تا ئەو پڕۆژانە یەک نەخرێن ئەو گرفتەمان دەبێت، بەڵام لە ھەندێک حاڵەتی پێویستدا یەکێتی توانیویەتی بڕیاری خۆی بدات، بۆ نموونە ئێستا یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆبوونەوەی خۆی کردووە و پڕۆژەی خۆی ھەبووە.

 

(باس) ئێران ھاتۆتە ناو بابەتی ھێورکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی؟

 

زوبێر عوسمان: نەخێر، چونکە کێشەکانمان کێشەی ناوخۆیین و ئێران تەدەخول لە کێشەی ئێمە ناکات، بەڵام ئێران و پارتی و گۆڕان و تورکیا ھەر ھەوڵێکیان بۆ دەستی خێر ھەبێت، ئێمە پێشوازییان لێ دەکەین، بەڵام ئەگەر بۆ دەستوەردان بێت، بە راستەخۆیی نەخێر.

 

(باس) وەکو یەکێتی، پشتیوانی لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن؟

 

زوبێر عوسمان: خۆمان بە خاوەنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەزانین، لە ساڵی ١٩٩٢ ئەوەمان کردووە بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە سلێمانی ریفراندۆم کرا و یەکێتی کارەکتەری سەرەکی بوو، ئێستاش یەکێتی پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکات، دەبێت زەمینەسازی بکەین بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئەوەش دەبێت لەگەڵ عێراق و ئێران و تورکیا و رووسیا و ئەمریکا و وڵاتە زلھێزەکان دابنیشین و باس لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەین، بەڵێ یەکێتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەیە و ھاوکاری لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەبێت بۆ ئەو مەبەستە.