خەلیل ئیبراھیم: پرسی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ زۆر جدییە و ئێمە بۆی ئامادەین

”پەیامەکەی بارزانی دەروازەیەکە بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ“

12/01/2016 - 12:56 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

لەم دیمانە تایبەتەدا خەلیل ئیبراھیم دۆسکی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رای دەگەیەنێ، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پرسێکی جدییە و ئەوان وەکو یەکگرتوو خۆیان بۆ ئامادە کردووە، ئاماژە بەوەش دەدا، پەیامەکەی بارزانی دەروازەیەکە بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان. 

 

(باس) ئێستا گەرمترین باسی سیاسی، پرسی ریفراندۆمە، پێتانوایە ئەمجارەیان بابەتی سەربەخۆیی کوردستان جدییە و تەنیا بڕیاری خەڵکەکەی ماوە؟

 

خەلیل ئیبراھیم: پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ریفراندۆم پرسێکی زۆر گرنگە و ئێمە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی ھەر لە کۆنگرەی شەش کردمان بە ستراتیژی یەکەم بۆ ئەوەی کاری بۆ بکرێت و زەمینەی بۆ بڕەخسێنرێت، بۆ ئەمساڵ راستە قەیرانی زۆر رووی لە کوردستان کردووە، کە قەیرانی داعش و ئابووری و قەیرانی سیاسیی ناوخۆمان ھەیە، بەڵام دۆخی ناوچەکە بەگشتی بەرەو گۆڕانکاریی گەورە دەڕوا، ئێمە وەکو یەکگرتوو وای دەبینین کە دەرفەتێکی زۆر زێڕینە بۆ کوردستان کە بتوانێ ئامادەسازی بکات و لە قۆناغی ئێستایەوە بەرەو دەوڵەتێکی سەرەبەخۆ بڕوات، لەم جارەدا درک بەوە دەکرێ بەڵێ پرسی ریفراندۆم و دەوڵەت زۆر جدییە، بەڵام ناکرێ وەکو دروشم بمێنێتەوە پێویستە ئەوە بە بەرنامە بکرێ و لەسەر بنەمایەکی مەحکەم و ستراتیژێکی نەتەوەیی رێکی بخەین، بە شێوەیەک سەرەتا ناوماڵی خۆمان رێک بخەینەوە تا بتوانین بەیەکەوە ئەو بەرنامەیە دابڕێژین، چونکە ئەو پرسە حزبی نییە و رەھەندی سیاسی و ئابووری و نەتەوەیی ھەیە، کە دەبێت ئەو ژووری عەمەلیاتەی کە پێشتر کاک مەسعود لە کۆبوونەوەکەی لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا داوای کرد، کە ئێمە وەکو یەکگرتوو وەرەقەی خۆمان پێشکەش کرد، بە ھەموو لایەکمان پێکی بھێنین و کاری جدی بۆ ئەو پرسە بکەین، لە رووی ئابووری و چاکسازی و یەکگووتاری و دیپلۆماسییەتی دەرەوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، سەیری ئەو شوێنانە بکەین کە لە ماوەکانی رابردوو بوون بە دەوڵەت سەیری قۆناغەکانیان بکەین و ھەنگاوەکانیان ببینین، کە چیان کردووە و چۆن مەلەفەکانی خۆیان بردووەتە نەتەوەیەکگرتووەکان.

 

(باس) باستان لە کۆمەڵێک قەیران کرد، ئایا پێویستە ئێمە پێش دەوڵەتبوون ھەموو شتێکمان ھەبێت، لەکاتێکدا ئێستا زۆرێک لە وڵاتن و قەیرانیشیان ھەیە؟

 

خەلیل ئیبراھیم: ئەو کەموکوڕییانەی ھەن زۆر کێشە نین بۆ دەوڵەت، ئەوەی کە کێشەیە ئیرادەی سیاسییە کە دەبێ  ھەمانبێت، دەبێ بەرەو چاکسازییەکی حەقیقی بچین، بە شێوەیەک خەڵکی کوردستان متمانەی تەواوی ھەبێ بە قیادییەکانی خۆی، لەبەرئەوە پێویستیی زۆرمان بە ئیتفاقیەیەکی ھاوبەشی ستراتیژی ھەیە، نەک لەو پرسەدا ببین بە دوو بەرە، بەڵکو گرنگە لەم قۆناغەی ئێستا تەوزیعی رۆڵی حزبەکان ھەبێ، بۆ نموونە  لە کوردستان حزبی مارکسی و ئیسلامی و دیموکرات و زۆر روانینی دیکە ھەیە کە ھەریەکەی دەتوانێ لەگەڵ ھاوشێوەکانی خۆی لە دەرەوە کار بکات، بۆ نموونە یەکگرتوو کە حزبێکی ئیسلامییە دەتوانێ بۆ ئەو پرسە کاریگەریی لەسەر گەلانی ئیسلامی و دەوڵەتە ئیسلامییەکان ھەبێ، یەکێتی دەتوانێ لە سۆسیال دیموکرات و ئەو وڵاتانەی ئەندامن کار بکات بۆ ئەو پرسە و پارتی کە حزبێکی نەتەوەیی دیموکراتە ئەویش دەتوانێ لەگەڵ ھاوشێوەکانی خۆی ئەو کارە بکات، بۆیە دەبینین کوردستان و ئەو پرسە پێویستی بە ھەموو حزبەکانە و کەسیان زیاد نین، ناشکرێ لەم قۆناغەدا بگوترێ ھەژاری و کارەبا و مووچە نییە ئەوە ئێمەش دەوڵەتمان ناوێ، لەگەڵ ئەوەش دەبێت کار بۆ ھەبوون و نەمانی ئەوانەش بکەین.

 

(باس) ئێستا درک بەوە دەکەن لە کوردستان دوو بەرە ھەبێ لەسەر پرسی دەوڵەت؟

 

خەلیل ئیبراھیم: دەبێ زەمینەسازی بکەین کە دووبەرەیی نەبێ، تا ئێستا ناتوانین بڵێین دووبەرە ھەیە، بەڵام روودانی ئەوە کاریگەری زۆر خراپی  دەبێ لەسەر ئەو پرسە.

 

(باس) بۆ جارێکی دیکە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی کردووە بۆ یەکگوتاری و رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد، پێتوایە ئەمجارە حزبەکان بگەن بە رێککەوتن؟

 

خەلیل ئیبراھیم: ئەو داوایانەی بارزانی تەنیا بە داوا نابێ، بەڵکو دەبێ لایەنەکان ئیرادەیەکی حەقیقییان ھەبێ، بەتایبەتی پارتی و گۆڕان لەو سەرسەختیە بێنە خوارێ و سازش بۆ یەکتری بکەن، عەیب نییە یەکێک بۆ یەکێکی دیکە سازش بکات، چونکە ئەو سازشە دواجار بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستانە و خەڵکی کوردستان شایەد دەبێت، راستە ئەوەی بارزانی خستیە ڕوو دەرگای باش دەکاتەوە، بەڵام گرنگ ھەنگاوەکانە بۆ یەکگووتاری و یەکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستان.

 

(باس) بەڵام گۆڕان ئێستا ئامادەی کۆبوونەوە نییە بەو بەھانەیەی کە بارزانی وادەی یاسایی تەواو بووە، پێتوانییە دواجار بەبێ گۆڕان ھەر چوار لایەنەکە بۆ پرسە سیاسییەکان و حکوومەت و پەرلەمان و پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە یەک گوتاردا بێ گۆڕان کۆ ببنەوە؟

 

خەلیل ئیبراھیم: ئەوە زۆر خراپە کە ئێمە بێین موئەسەساتی خۆمان پەک بخەین، ئیتر ئەوە بۆ پەرلەمان یان بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم بێت، بابەتەکە پێویستی بە دانیشتنە بۆ چارەسەر، جا چ پرسی سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمان یان حکوومەت.

 

(باس) ئێستا باس لە پرسی دووبارە پێکھێنانەوەی حکوومەت و پەرلەمان دەکرێ، ئێوە راتان چییە؟

 

خەلیل ئیبراھیم: وەکو یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەداین ئەو حکوومەتی بنکەفراوانە کە دروست بووە، کە ئەوکات بیانووی ئەوە ھەبوو بۆ ئەم قۆناغە زەڕوورە، ئەو پێنج لایەنە کە دەنگی خەڵکیان ھێناوە لە بەرپرسیاریەتییەکەیان بەردەوام بن، تا ئێستا یەکگرتوو ئەوە بە ڕاست دەزانێ، کە دەکرێ قەیرانەکان چارەسەر بکەین و حکوومەت و پەرلەمان چالاک بکەینەوە و سوود لە پەیامەکەی بارزانی وەربگرین، وەکو دەروازەیەک بۆ چارەسەر ھەوڵ بۆ ئەوە بدرێ باشترە.