قائیمقامی خورماتوو: زەرەرمەندانی رووداوەکانی خورماتوو قەرەبوو دەکرێنەوە

تیرۆرکردنی پزیشکە کوردەکە گەورەترین تاوانە و لێی بێدەنگ نابین“

12/01/2016 - 12:01 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (باس)، شەلال عەبدول ئەحمەد قائیمقامی خورماتوو، دوایین گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنیی پەیوەست بە کێشەکانی ئەم دواییەی خورماتوو و پێشھاتەکانی بەردەم بارودۆخی قەزاکە و ھەڵویستی لایەنی کوردی، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان ئاشکرا دەکات.

 

(باس) لەسەروبەندی کێشەکانی ئەم دواییەی خورماتوو، کورد لەلایەن تورکمانەکانەوە بەوە تۆمەتبار کرا کە ھۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەو کێشانە بووە، ئێوە وەکو قائیمقامی شارۆچکەکە چی دەڵێن؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: سەبارەت بەو کێشانەی لەم دواییانە لە شارۆچکەی خورماتوو لەنێوان حەشدی شەعبی و کورد روویان دا، کە بەداخەوە ژمارەیەک قوربانی و زەرەر و زیانیشی لێ کەوتەوە، ناتوانرێت ھیچ لایەنێک بەوە تۆمەتبار بکرێت کە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوەنانەوە لە خورماتوو ئامادەکاریی کردبێت. سەرەتای کێشەکان لە یەکێک لە بازگەکانەوە لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دروست بوو، ئەویش بەھۆی پابەندنەبوونی ھێزەکەی حەشدی شەعبی لە کاتی تێپەڕبوونی بەو بازگەیەی کە بەدەست ھێزەکانی پێشمەرگەوە بوو. بەپێی یاساش ھەر ھێزێک لە کاتی تێپەڕبوونی بە ھەر بازگەیەکدا پابەند نەبێت بە یاسا و ببێتە ھۆکاری دروستبوونی کێشە، ئەوا خۆی بەرپرسیار دەبێت. دوای دروستبوونی کێشەکە راستەوخۆ لێکۆڵینەوە کرا و تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان ھەر بەردەوامن، ھیچ ھێزێک و لایەنێکی کوردی لە خورماتوو لەگەڵ ئەوەدا نین کە پشێوی و نائارامی لە شارەکە دروست بێت، ھەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

 

(باس) بۆچی دوای دروستبوونی ھەر کێشەیەک لە خورماتوو، یەکسەر لەلایەن بەرامبەرەکەیەوە کورد تۆمەتبار دەکرێت؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: ڕاستە، بەڵام لایەنی کوردییش لایەنی بەرامبەر تۆمەتبار دەکات. ئەگەر بێینە سەر واقیعی کێشەکان ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە کێ لە نانەوەی کێشەکان تۆمەتباری سەرەکییە. ھێرشکردنە سەر نەخۆشخانەیەک و تیرۆرکردنی پزیشکێک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، کە چەندین ساڵ بەبێ جیاوازی خزمەتی بە ھاووڵاتییانی شارەکە کردووە، چ پەیوەندییەکی بە کێشەیەکەوە ھەیە کە لە دەرەوەی خورماتوو دروست بووە، ئەگەر بەوردی بڕوانینە بابەتەکە، بۆمان دەردەکەوێت کە پێچەوانەی قسەکانی لایەنی بەرامبەرە.

 

(باس بەرامبەر تیرۆرکردنی ئەو پزیشکە، کورد چ ھەڵویستێکی ھەبووە؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: ئێمە وەکو لایەنی کوردی، تیرۆرکردنی ئەو دکتۆرە بە گەورەترین تاوان دادەنێین و ئیدانەشمان کردووە، لە ھەمان کاتیشدا لایەنە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت unَیشمان لەو تاوانە ئاگادار کردووەتەوە، کە نەیارانی کورد لە خورماتوو لە رێی تیرۆرکردنی ئەو دکتۆرەوە دڕندایەتییان بەرامبەر بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە. ئەو دکتۆرە بێ چەک بووە و لە کاتی ھێرشکردنە سەری لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە ئەو خەریکی تیمارکردنی بریندارەکانیان بووە. بەڵێ شەھیدکردنی ئەو دکتۆرە کوردە گەورەترین تاوانە و لەسەر تیرۆرکردنیشی بێدەنگ نابین.

 

(باس) کێ ھۆکارە لەوەی رێککەوتنی نێوان کورد و حەشدی شەعبی پێشێل بکرێت؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: دوای رێککەوتنی نێوان لایەنی کوردی و حەشدی شەعبی، ئێمە وەکو ئیدارەی خورماتوو لە ھەوڵی بەردەوامداین تا ھیچ پێشێلکارییەک ڕوو نەدات. پێموایە ئەوانەی کە پێشێلکاری دەکەن خەڵکانێکی سەرەڕۆن، بەتایبەت لایەنگران و ئەوانەی کە نزیکن لە حەشدی شەعبی، چونکە ئەوان خەڵکی وایان ھەیە زۆر جار بازگەی وەھمی دادەنێن، یاخود بەبێ گەڕانەوە بۆ بەرپرسانی خۆیان ڕێگە لە خەڵک دەگرن و دەستگیریان دەکەن، ئەگینا ھەردوو لایەنی پەیوەندیدار بە کێشەکانەوە کۆکن لەسەر ئەوەی پێشێلکاریی روو نەدات و کێشەکان بەپێی ئەو رێککەوتنەی ئەنجام دراوە چارەسەر بکرێن.

 

(باس) دەڵێن خورماتوو ئێستا بووەتە دوو بەش، بەشی کورد و بەشی تورکمان، ئەم دوو بەشە تا چەند کاریگەریی دەبێت لە پێکەوەژیان لە شارەکەدا؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: نەخێر خورماتوو نەکراوەتە دوو بەش، فەرمانبەرە کورد و تورکمانەکان لە فەرمانگەکانی شارەکە بەئاسایی دەوامی خۆیان دەکەن، بەڵام لە ھەردوولا چەند مامۆستا و فەرمانبەرێک ھەن نەچوونەتە سەر دەوامەکانیان، ئەویش بە پاساوی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام ناشبێت بەو شێوەیە بێت، خورماتوو بەبێ جیاوازی شاری ھەمووانە و دانیشتووانەکەی ئازادن لە بەسەربردنی ژیانی رۆژانەیان و رێگەش بەوە نادەین خورماتوو بکرێتە دوو بەش.

 

(باس) تا چەند وەکو ئیدارەی خورماتوو ئاگاداری ھاتنی ھێزی حەشدی شەعبیین بۆ ناو شارۆچکەکە؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: حەشدی شەعبی وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەر کارێکی نەخوازراو ھێزی ھێناوەتە نێو شارۆچکەکە، لە ھەمان کاتدا لایەنی کوردییش ھێزی ھێناوەتە شارۆچکەکە، بەڵام ئێستا دۆخی ئەمنیی شارەکە باشترە لە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا. بەمەبەستی ھێورکردنەوەی دۆخی ئەمنیی خورماتوو رێککەوتن لەنێوان لایەنی کوردی و حەشدی شەعبی کراوە و تا راددەیەک مەترسی لەسەر تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە نەماوە. ھاتنی حەشدی شەعبی لە رۆژی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی شارەکە بوو، بەڵام ئێستا ھەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان دروست نەبێت و پاشەکشە بەو ھێزانە بکرێت کە ھێنراونەتە خورماتوو، ئێستاش زۆرینەی ئەو ھێزانە کشاونەتەوە ئەو شوێنەی کە لێیەوە ھاتبوون.

 

(باس) تا چەند حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارتان بووە بۆ چارەسەری ئەو ئاڵۆزییەی رووی لە شارەکەتان کرد؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت حکوومەتی ناوەندییش ھاوکار بوون لەسەر ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە خورماتوو دروست نەبێت، لەڕێی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ناردنی چەند شاندێک بۆ خورماتوو داوای ئەوەیان کرد کە کۆتایی بە کێشەکانی خورماتوو بھێنرێت، خۆشبەختانە کێشەکان کۆتاییان پێھات و لایەنە سیاسییەکانی ھەردوولا لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن، کە ژمارەیەکیان چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ژمارەیەکی دیکەش ماون و جێبەجێکردنیان لەسەر حکوومەتی عێراق ماوە.

 

(باس) ئێستا دۆخی خورماتوو چۆنە؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: ئەگەر ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەدڵنییاییەوە کێشەکان بەئاسانی چارەسەر دەبن و جارێکی دیکە ڕوو نادەنەوە.

 

(باس) ھیچ بەرنامەیەک ھەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ھاووڵاتییانەی تووشی زەرەر بوون لە کاتی تێکچوونی بارودۆخی شارۆچکەکە؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: دوای ئەوەی شاندێکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی عێراق سەردانی خورماتوویان کرد، بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو ھاووڵاتییانەی کە لە ئاڵۆزییەکەی ئەم دواییەدا دوکان و ماڵیان سووتێندرا، ئێمە وەکو ئیدارەی خورماتوو چەند پێشنیارێکمان خستە بەردەمیان، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بەڵێنی ئەوەیان دا  کاری لەسەر بکەن، تا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕێک پارە تەرخان بکرێت و قەرەبووی ھاووڵاتییە زەرەمەندەکانی پێ بکرێتەوە.

 

(باس) دەنگۆی ئەوە ھەیە کە حکوومەتی عێراق بیست ملیار دیناری بۆ قەرەبووکردنەوە ناردبێت بۆ خورماتوو، راستە؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: ئەو دەنگۆیە لە راستییەوە دوورە، بەڵام وا بڕیارە بڕێک پارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییانی زەرەرمەند تەرخان بکرێت، ئەویش دوای ئامادەکردنی ئامارێک سەبارەت بە قەبارەی ئەو زەرەر و زیانانە، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو ئامارە پارەکە تەرخان بکرێت.

 

(باس) دوا قسەتان؟

 

قائیمقامی قەزای خورماتوو: داواکارم لە ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەوڵی جددی بدەن تا کێشەکان لە خورماتوو دووبارە نەبنەوە و رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و قوربانیانی رووداوەکەی خورماتووش بە شەھید ھەژمار بکرێن و لە ماف و ئیمتیاز بێبەش نەکرێن.