کوێستان محەمەد: ڕەنگە کاک نەوشیروان بۆ کوردستان نەگەڕێتەوە

"دەست لەکارکێشانەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، خەسارەتێکی گەورەیە"

 

12/01/2016 - 09:20 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

 

کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە چاوپێکەوتنێکی ھەفتەنامەی (باس)دا، باسی دۆخی تەندروستیی نەوشیروان مستەفا و رەوشی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان و زۆر پرس و باسی تری پێوەست بە بارودۆخی کوردستان و حزبەکەیان دەکات.


(باس) کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان، دووچاری نەخۆشیی درێژخایەن بووە، ئێستا بارودۆخی بزووتنەوەی گۆڕان چۆنە؟
کوێستان محەمەد: بارودۆخی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاستێکی باشدا دەبینم، چونکە ھیچ کێشەیەکی ناوخۆییمان نییە، لەناو خۆماندا ھاوھەڵوێستین، کوتلە و کوتلەکاری و ناکۆکی و باڵباڵێن لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا نییە. ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێکی تەندروستدایە، بۆیە لە ھەموو حزبەکانی دیکە خۆمان بە باشتر دەزانین.

(باس) بەڵام لەماوەی رابردوودا چەند سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لە کار کێشایەوە، ھۆکار چییە، پەیوەندیی بە غیابی نەوشیروان مستەفاوە ھەیە؟
کوێستان محەمەد: ھیچ کەسێک لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە، تۆ دەتوانی بە من بڵێی چ سەرکردەیەک دەستی لەکار کێشاوەتەوە؟ لەکاتێکدا ئێمە بەبێ خودی کاک نەوشیروان ڕۆژانە لە گردی زەرگەتە و مەکۆکانی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کاری بزووتنەوەکە بەڕێ دەکەین.

(باس) بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا باژێڕوانی قەزای دوکان و بەرپرسی ژووری پەیجووری بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان کێشایەوە، ئەوانە بە سەرکردەی گۆڕان نازانی؟
کوێستان محەمەد: ئەوانە بە سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان دەزانم، بەڵێ ڕاستە باژێڕوانی قەزانی دوکان بەھۆی کێشەیەکەوە دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە، منیش ئەوە بە خەسارەتێکی گەورە دەزانم بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، تەمەننا دەکەم ھەموو سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە گوڕوتینێکی بەھێزەوە کار بۆ سەرخستنی بزووتنەوەکە بکەن.

(باس) بۆچی چینە رۆشنبیرەکانی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان مەیلیان بەلای بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە؟
کوێستان محەمەد: گەنجی رۆشنبیر داینمەمۆی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئێستا ئەو گەنجانە ھەڵسوڕێنەری بزووتنەوەی گۆڕانن، ھیچ گەنجێک نابینم مەیلی بە لای بزووتنەوەی گۆڕان نەمابێت، ئیتر نازانم ئەو گەنجانە کێن باسیان دەکەیت!

(باس) ماوەیەکی زۆرە دکتۆر شاھۆ و دکتۆر زانا پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، ئایا لە بزووتنەوەی گۆڕان زویر بوون، یاخود لەگەڵ سەرکردە عەسکەرییەکانی ناو گۆڕان ھەڵناکەن؟
کوێستان محەمەد: دکتۆر شاھۆ و دکتۆر زانا دوای ئەوەی بە سیفەتی پەرلەمانتار خانەنشین کران، بەھۆی ئیلتیزاماتی دیکەوە پۆستیان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە، بەڵام پشتگیری لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن.

(باس) غیابی نەوشیروان مستەفا، چ کاریگەرییەکی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دروست کردووە؟
کوێستان محەمەد: بێگومان بزووتنەوەی گۆڕان بێ کاک نەوشیروانیی پێوە دیارە، سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان زۆر بەباشی کارەکانی گۆڕان بەڕێ دەکەن، ھەروەھا لە غیابی رێکخەری گشتیدا ھەموو شتەکان ئاسایین، ئەگەر سەرۆکی ھەر حزبێکی دیکە ئەو ماوە زۆرە لە حزبەکەی دوور بکەوتایەتەوە، کادیرەکانی تووشی لێکترازان و بەریەککەوتن و قەیرانی ناوخۆیی دەبوون، بەڵام جڤاتی نیشتمانی دوور لە کاک نەوشیروان مستەفا کۆ دەبێتەوە و کارەکانی دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، راستە کاک نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی کاریزمایە و سەنگ و قورسایی خۆی ھەیە و دەتوانێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی گەورە بخولقێنێت، بەڵام ئێمە بەھۆی غیابی کاک نەوشیروانەوە تووشی قەیرانی ناوخۆیی نەبووینەتەوە، چونکە کاک نەوشیروان پلانێکی وەھای داڕشتووە بڕیارەکان تەنھا لای خۆی نەبێت، بەڵکو لای جڤاتی نیشتمانی بێت، ھەروەھا کاک نەوشیروان بە بەردەوامی لەڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیڕوڕاکان گفتوگۆ دەکات.

(باس) ئێستا رەوشی تەندروستیی نەوشیروان مستەفا چۆنە؟ ھیچ زانیارییەکت لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە لایە؟
کوێستان محەمەد: کاک نەوشیروان ساڵانێکی زۆرە تووشی نەخۆشیی فەقەرات بووەتەوە، ساڵی ١٩٨٠ جارێک نەشتەرگەریی بۆ بڕبڕەی پشتی کردووە، ئێستاش دووبارە ئەو نەخۆشییە سەری ھەڵداوەتەوە، بۆیە ئێستا لە دەرەوەی وڵات چارەسەر وەردەگرێت، لە ماوەی رابردوودا پشکنینی پزیشکیی بۆ نەخۆشییەکەی کراوە و دەرکەوتووە سێ فەقەرەی پشتی خوارە، سەرەتا پزیشکەکان پێشنیاری ئەوەیان بۆ کردووە نەشتەرگەری بۆ پشتی بکرێت، ھەروەھا ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی ھەندێک حزب سەردانی کاک نەوشیروانیان کردووە، ئێستا لەوپەڕی تەندروستییەکی باشدایە.

(باس) بۆچی سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی کاک نەوشیروان ناکەن، بەڵام ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بەردەوام سەردانی دەکەن؟
کوێستان محمەد: کاک نەوشیروان ھاوڕێی نزیکی سەرکردەکانی یەکێتییە، بۆیە بەردەوام سەردانی دەکەن، ھیچ نھێنییەک لەپشت ئەو سەردانانەوە نییە، چونکە خودی کاک نەوشیروان تەنھا رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی سیاسیی گەورەی کوردستانە، ھەرئەمەشە وای کردووە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبانە خەمی کاک نەوشیروان بخۆن.

(باس) دەگوترێت بەھۆی کێشانی جگەرەوە نەوشیروان مستەفا تووشی شێرپەنجەی سییەکان بووە، ئەمە راستە؟
کوێستان محەمەد: راستە کاک نەوشیروان جگەرە زۆر دەکێشێت، بەڵام ئێستا کەمی کردووەتەوە، دەربارەی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەکانیش ئەوە ڕاست نییە و پڕوپاگەندەیە.

(باس) کەی نەوشیروان مستەفا بە تەندروستییەکی باشەوە دەگەڕێتەوە؟
کوێستان محەمەد: زۆر دڵنیا نیم لە گەڕانەوەی کاک نەوشیروان، ڕەنگە کارێکی وەھای بۆ بێتە پێشەوە نەیەتەوە بۆ کوردستان، یاخود بەپێچەوانەوە ئەمشەو سواری فڕۆکە بێت و بەیانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دابەزێت، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم، لەڕێگای ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە قسەیان لەگەڵ کاک نەوشیروان کردووە، وا بڕیارە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەتاوەکو چارەسەریی تەواوی بۆ نەکرێت کاک نەوشیروان ناگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان.

(باس) ئەگەر رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان تەنھا نەخۆشیی فەقەراتی ھەیە، بۆچی بۆ چارەسەری پزیشکی چووەتە دەرەوەی وڵات؟ خۆ ئەو نەخۆشییە لێرەش چارەسەر دەکرێت؟
کوێستان محەمەد: داخورانی فەقەرات وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێ بەئاسانی ھەڵسوکەوت بکات، بۆیە ئەگەر کاک نەوشیروان بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی دەرەوەی وڵاتی نەکردایە، رووبەڕووی ئازارێکی زۆر دەبووەوە.

(باس) ئێوە دەتانگوت: (بەرپرسە باڵاکانی ئەم وڵاتە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی لاوەکی لە دەرەوەی وڵات چارەسەر وەردەگرن، خەڵکی ھەژاریش توانای ئەوەی نییە لە نەخۆشخانەیەکی حکوومی چارەسەر وەربگرێت)، باشە بۆچی کاک نەوشیروان بۆ فەقەراتی پشتی چووەتە ئەڵمانیا؟
کوێستان محمەمەد: کاک نەوشیروان بەتایبەتی بۆ نەخۆشی سەردانی ئەڵمانیای نەکردووە، بەڵکو بەنیازی ئەوە بوو بۆ ماوەی ھەفتەیەک سەردانی شوعلە خانی ھاوسەری بکات، چونکە ئەویش نەخۆشە، دواتر پشکنینی گشتیی بۆ کرا و پزیشکەکان گوتیان نابێ بڕۆیتەوە تاوەکو چارەسەری تەواو وەرنەگریت.

(باس) چارەسەربوونی نەوشیروان مستەفا و گەڕانەوەی، دەبێتە ھۆکاری چارەسەربوونی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان؟
کوێستان محمەد: ھەرکاتێک کاک نەوشیروان بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بێگومان پڕۆژەی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەی ئێستا، بەڵام ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان قبووڵی پڕۆەژکانی بکات، بێگومان ئەوکاتە گۆڕانکاریی گەورە ڕوو دەدات.

(باس) ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی لە چ ئاستێکدایە؟
کوێستان محەمەد: لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی پەیوەندیمان ھەیە و ئێستا ھیچ کێشەیەکمان نییە.

(باس) ئێستا ھەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان چۆنە؟
کوێستان محەمەد: یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی سوورن لەسەر پڕۆژەکەی خۆیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم، تا ئێستا لەسەر پڕۆژەکانیان پەشیمان نەبوونەتەوە، ھەروەھا بەبەردەوامی سەردانی سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن، تا ئێستا ئێمە و ئەوان ھاوھەڵوێستین.