ئەو چەكدارەی فڕۆكەوانە روسییەكەی كوشت: نە داعش ئیسلامە و نە یەپەگە برای منە

"لێرە چەندین خانەوادە هەن رۆڵەكانیان بوونەتە قوربانی"

06/01/2016 - 13:53 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن

ئەو كاتەی فڕۆكەیەكی روسی ئاسمانی توركیا بەزاند و، توركیایش فڕۆكەكەی خستە خوارەوە، 2 فڕۆكەوانی روسی بە پەڕەشووت خۆیان فڕێ دایە خوارەوە، بەڵام چەكدارانی توركمان لە سووریا گوولەیان پێوە نان و فڕۆكەوانێكیان كوشت و ئەوی دیكەیش رزگاری بوو.


دەزگای هەواڵگریی روسیا بەوردی زانیاری لەسەر ئەو كەسە كۆ كردەوە كە تەقەی لە فڕۆكەوانە روسییەكە كردبوو، دەركەوت كە ئەو ناوی ئالپەرسنالە و تەمەنی 33 ساڵانە، پێشتر باوكی سەرۆكی شارەوانیی (كابەن) بووە لەسەر لیستی مەهەپە بە ناوی (رەمەزان چەلیك). ئێستا روسیا بە دوای ئالپەرسنالدا دەگەڕێت، دەیەوێت تۆڵەی ئەو فڕۆكەوانەی لێ بكاتەوە.


ئالپەرسنال چەلیك، ئێستا لە ریزی چەكدارانی توركماندا دەجەنگێت و بەرپرسی هێزێكی گەورەی چەكداریی توركمانە. بۆ یەكەم جارە دیمانە لەگەڵ رۆژنامەیەكی توركی دەكات و چەندین زانیاریی گرنگ دەدركێنێت.
ئەو لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (حوریەت) باس لە چۆنیەتیی كوشتنی فڕۆكەوانە روسییەكە دەكات. ئەو ئەگەرچی خۆی بە جیهادچییەكی توندڕەو ناو دەبات، بەڵام لە هەمان كاتدا گرووپی تیرۆرستیی داعشی پێ كافرە و دەڵێت ئەوەی ئەوان دەیكەن جیهاد نییە، ئەمە دەقی دیمانەكەیە:


* روسیا زۆری مەبەستە تۆ دەستگیر بكات. دەكرێت بڵێین تۆ بۆ روسیا وەكو ئوسامە بن لادنیت..


ــ لە راستیدا ئەو داوایە تایبەتە بە خودی خۆم، بەڵام هەزاران ئالپەرسنال خۆی كردووە بە خاوەنی ئەو داوایە. خودایش وای كرد كە من بتوانم ئەو فڕۆكەوانە روسییە بخەمە خوارەوە. ئەو قارەمانیەتیەی ئێمە، وەكو ئەو قارەمانانە نین كە لە فیلمی هۆلیۆددا دەبینرێن، سەیری مێژوو بكە بە دەیان قارەمانی توركمان هەبووە و ئێستایش دەیان قارەمانی دیكە هەن لە سووریا لە ریزی سوپای توركماندا دەجەنگن. ئێمە دەجەنگین چونكە ئەم وڵاتە دەیان ساڵە باب و باپیرانمانی لێ ژیاوە و، نایدەینە دەستی دوژمن.


* بیرت لەوە كردووەتەوە كە ئەگەر تۆ بكەویتە دەست سوپای روسیا چیت بەسەر دێنن؟ناترسیت لەو رۆژە؟


ــ ئاشكرایە كە فڕۆكەی جەنگیی روسیا بە دەیان جار لە ئاسمانەوە ئێمەی بۆردومان كردووە و نەترساوین. ئێستایش هەڕەشەی دیپلۆماتكارەكانیان نامانترسێنێت. لە مێژوودا زۆر جار لەگەڵ سوپای روسیادا رووبەرووی یەكتری بووینەتەوە، ئێستایش لە سووریا روبەرووی یەكتری بووینەتەوە. روسیا بە بەهانەی ئەوەی لە داعش دەدات دەیەوێت توركمان و ناوچەی توركمانەكان لە سووریا لەناو ببات، كاتێك موسڵمانە توركەكانیش بەرامبەر خۆی دەبینێت كە دژی ئەو دەجەنگن ئیدی بەوە ناڕەحەت بووە. با وای دابنێین ئەوان بتوانن من دەستگیر بكەن، بەڵام دەبێت بزانن كە سینگی ئێمە بەرامبەر بە ئەشكەنجەی دوژمن ئیمانمانە و ناترسین.


* باشە ئەو فڕۆكەوانە كاتێك خۆی فڕێ دایە خوارەوە، نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بكات، دوژمنیش لە ئاسمانەوە نایكوژێت، چونكە ئەو بێچەك بووە. دەمەوێت بڵێم چۆن ویژدانت ئاسوودە بووە كاتێك كوشتت؟


ــ ئەو فڕۆكەوانە 5 خولەك بەرلەوەی خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، بۆردومانی ئێمەی كرد و چەندین كەسی لە هاوڕێكانم شەهید و بریندار كرد. ئەو فڕۆكەوانانەی رۆژانە گەنج و منداڵی توركمان بكەنە ئامانج و شەهیدیان بكەن، لەناو ویژدانی مندا شوێنیان نابێتەوە. لێرە چەندین خانەوادە هەن رۆڵەكانیان بوونەتە قوربانی، بۆیە ئەوەی من كردم مافێكی سروشتییە.


* ئێوە چۆن زانیتان كە فڕۆكەكە خراوەتە خوارەوە؟ چۆن زانیت ئەمە فڕۆكەی روسییە تا فڕۆكەوانەكە بكوژیت؟


ــ من لەگەڵ چەند هاوڕێیەكمدا لە چیای كزلداغدا لە شەڕكردندا بووین. لەبەرئەوەی رۆژانە ئێمە بۆردومان دەكەن و بە توندترین شێوە لێمان دەدەن، بۆیە دەنگی فڕۆكەكان دەناسینەوە كە لە لایەن كام وڵاتەوە بۆردومانمان دەكات. ئەو فڕۆكەیەش كاتێك ئێمەی بۆردومان كرد، لە كاتی گەڕانەوەیدا ئاسمانی توركیا بەزاند، ئیدی قارەمانەكانی توركیایش خستیانە خوارەوە. ئێمە لەو كاتەدا بینیمان چۆن لێ درا.


* یەكێك لە فڕۆكەوانەكەتان لە ئاسمانەوە كوشت، كە تۆ تەقەت لێ كرد. ئەوی دیكەیش بە دیل دەستگیر كرا، سوپای سووریا دەڵێن ئێمە رزگارمان كرد، ئایا ئەو قسەیە راستە؟


ــ خۆی 2 فڕۆكەوان بوو، یەكیان كەوتە سنووری ئێمە و كوشتمان، ئەوی دیكەیش كەوتە سنووری دوژمن.
* 2 ساڵ بەر لە ئێستا لە هەواڵێكدا بڵاو كرایەوە، كە بۆ رووبەرووبونەوەی توركیا، چەندین چەكداری تورك لەناو سووریا لە ریزی داعش و پەیەدە و توركمانەكاندان، ئەوان رووبەروی یەكتری بوونەتەوە و، یەكتری دەكوژن، بۆ نموونە ئێوە دژی داعش و یەپەگەن و، ئەوانیش دژی ئێوە و یەكترین، واتە ئەمە دەبێتە (شەڕی براكوژی)، تۆ چی دەڵێیت؟


ــ ئەو هەواڵەم خوێندەوە، بەڵام ئەوان هەرگیز نابنە برای من. ئەو توركانەی لەناو یەپەگەن و شەڕ دەكەن، نۆكەری ئەوروپان و بە فیتی ئەوان دەجولێنەوە، خەڵك دەكوژن. داعشیش ئایینی ئیسلام بەكار دەهێنێت بۆ مەرامی خۆی و كافرن. ئەوان هەرگیز نابنە برای من. چەكدارانی DHKP_C كوڕی مامی روسیان لە توركیا و، بە هیچ شێوەیەك برای من نین.


* زۆرێك لە جیهادچییەكانی سووریا بیر لە داهاتوو ناكەنەوە، چونكە هاتوون بۆ ئەوەی خۆیان بتەقێننەوە و وەكو جیهادچی ناویان بڕوات.


ــ جیهاد واتە لەپێناو خودا واز لە ماڵ و سەروەت و خانەوادەی خۆت دەهێنێت وا جیهاد دەكەیت. بەڵام لە لایەن كافرەكانەوە زۆر جاران جیهاد بە هەڵە بەكار دەهێنن و دەڵێن خۆت بتەقێنەوە. لە ئیسلامدا ئەوەی خۆی بتەقێنەوە و خۆی بكوژێت، عاقیبەتی دیاریكراوە. ئەوە تێزێكە ئەوروپا دایناوە تا ئیسلامی پێ ناشرین بكرێت. ئیسلام ئایدۆلۆژی نییە، بەڵكو ئایینە. لێرە ئێمە وەكو چەكدارانی توركمان هەموو هاوڕێمانمان نوور لە دەموچاویان دەبارێت و هەموویان وەكو فریشتەن، بۆیە هەرگیز ئێمە و ئەوانەی لە جیهاد نەگەیشتوون مەخەنە ناو چوارچیوەیەكەوە.


* لە سووریا هێزی توركمانەكان، لەگەڵ چەندین بەرەدا شەڕ دەكەن و هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ هیچ گرووپێكدا نییە، ئێوە لایەنی دەروونیتان تێك نەچووە؟ چۆن شەڕی ئەو هەموو بەرەیەتان پێ دەكرێت؟


ــ ئێمە دەلیلی ئەو ئاگرەی نەمرودین كە حەزرەتی ئیبراهیمی پاراست. چیای توركمان وەكو چەنەقەڵا و ئاكدەنیزە بۆ ئێمە. ئێمە لێرە هەموو حیساباتێكمان كردووە، دەزانین چۆن رووبەروویان دەبینەوە. چیای توركمان ئەو دەرگایەیە كە رێگەی كوردستان و دەریای سپی دەكاتەوە و بۆ سووریایش گرنگترین شوێنە، بەڵام ئێمە نایەڵین كە هیچ یەكێك لەو هێزانە چیای توركمان داگیر بكەن و خەونەكەی خۆیان بهێننە دی. ئیدی چیای توركمان بووەتە ناموسی توركیا لە هەموو دنیادا و تاكە خاكیشە كە هەموو توركمانەكانی تێدا كۆبووەتەوە و یەكگرتوو بوونە.
* ئەگەر سووریا دابەش بكرێت، چی دەسكەوتێكتان دەوێت؟


ــ ئێمە دەمانەوێت خاكی سووریا دابەش نەكرێت و لە چوارچێوەی سووریایەكی تازەدا هەموومان كۆ ببینەوە. بەڵام ئەگەر دابەش كرا، وەكو توركمان كە 3 بۆ 4 ملیۆن هاووڵاتین، دەوڵەتێكی توركمانیمان دەوێت.
* تۆ چی كارێكت هەیە؟


ــ لە ساڵی 1982 لە ئێلازیخ لەدایك بووم. تا ئێستا هاوسەرگیریم نەكردووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دوا اوەندیم لەوێ تەواو كرد. پاشان رووم كردە خوێندنی ئەكادیمی و لە نیوەی بەجێم هێشت و رووم كردە ئەنكەرا بۆ كاری بازرگانی. رۆژان هات و رۆی، ویژدانم پێی گوتم كە لە بایربوجاك برا توركمانەكانم دووچاری زوڵمێكی گەورە بوونەتەوە و بڕۆ لەوێ لە ریزی چەكدارانی توركمان بەرگرییان لێ بكە. ئێستا من و هاوڕێكانم بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو زوڵمەی لە توركمان دەكرێت، لێرە دژی دوژمن دەجەنگین.