گردبوونەوەی کوردی لە سعودیە: ویستمان دیدارێک لەگەڵ بارزانی ئەنجام بدەین

ھەفتانە سێ رۆژ ئەندامانی ئەو گردبوونەوەیە کۆدبنەوە

میران حوسێن 05/01/2016 - 15:18 بڵاوکراوەتەوە لە چاوپێكەوتن
شا سەلمان و مەسعود بارزانی شا سەلمان و مەسعود بارزانی

گردبوونەوەی کوردی لە عەرەبستانی سعودی، ڕێکخراوێکی رۆشنبیرییە، تایبەتە بە کوردانی رۆژئاوا کە لە عەرەبستانی سعودی نیشتەجێن و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دامەزراوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ئەو ڕێکخراوە، دەستەی بەڕێوەبردنی رێکخراوەکە ھەڵبژێردرا.

 

لەوبارەیەوە، تاریق خەلەف سەرۆکی لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەو رێکخراوەیە رای گەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئەو رێَکخراوە بە مەبەستی خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردی لە شاری ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعودی دامەزراوە". سەبارەت بە رەنگی لۆگۆی رێکخراوەکەشیان، تاریق خەلەف گوتی:"رەنگەکانی لۆگۆی ئەو گردبوونەوەیە لە رەنگەکانی ئاڵای کوردستانەوە وەرگیراون".

 

(باس): ئەندامانی ئەو رێکخراوە خەڵکی کوێن؟

 

تاریق خەلەف: زۆربەی ئەندامانی ئەو رێَکخراوە کوردی ڕۆژئاوان.

 

(باس): بارەگای سەرەکیی ئەو ڕێکخراوە لە کوێیە؟

 

تاریق خەلەف: بارەگای سەرەکی لە شاری ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعودییەیە و باخێکیش بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە بەکرێ گیراوە.

 

(باس): چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە چین؟

 

تاریق خەلەف: ھەفتانە سێ رۆژ ئەندامانی ئەو گردبوونەوەیە کۆدبنەوە و چەندین چالاکیی ئەنجام دەدەن، وەکو پێشکەشکردنی وانەی زانستی و کێبڕکێ و یاری بۆ منداڵان و ئاھەنگێڕان، بەتایبەتی لە جەژنی نەورۆز، تیپێکی تایبەتیی ھەڵپەڕکێی کوردیشیان ھەیە و کێبڕکێی وەرزشیش وەکو یاری تۆپی پێ و تۆپی بالە ئەنجام دەدەن، ھەروەھا ئەنجامدانی رێوڕەسمی کۆچی دوایی و پشوو بۆ خێزانە کوردەکان بێ بەرامبەر و لە کاتی پێویستدا کۆکردنەوەی پیتاک بۆیان و ئەنجامدانی خولی فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵان و پێشکەشکردنی خواردەمەنیی کوردی و بەربانگکردنەوەی بەکۆمەڵ لە مانگی ڕەمەزاندا. 

 

(باس) ژمارەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە چەندە؟

 

تاریق خەلەف: ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ٧٠ خێزانن، جگە لە ٢٠ گەنجی سەڵت. زۆربەی ئەندامانی ئەو گردبوونەوەیە خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوان، لەگەڵ چەند کوردێکی باکوور.

(باس) پەیوندییتان لەگەڵ حکوومەتی عەرەبستانی سعودیە چۆنە؟ ئایا ھاوکاریتان دەکات؟

 

تاریق خەلەف: حکوومەتی عەرەبستانی سعودیە بەھیچ شێوەیەک لەبەردەم کارەکانمان رێگری ناکات، چونکە چالاکییەکانمان تەنھا ڕۆشنبیری و کولتوورین، بەڵام ھیچ ھاوکارییەکمان ناکات.

 

(باس): ئەی سەرچاوەی دارایی ئەو ڕێکخراوەی چییە؟

 

تاریق خەلەف: پشت دەبەستێت بە کۆکردنەوەی پارە لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە.

 

(باس): ئایا پەیوەندییتان ھەیە بەو کوردانەی کە بەڕەچەڵەک خەڵکی عەرەبستانی سعودیەن؟

 

تاریق خەلەف: بەڵێ لەسەر ئاستی تاک و لە رێوڕەسمی کۆچی دوایی و ئاھەنگی نەورۆز لەگەڵیاندا کۆ دەبینەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ھەستی نەتەوەیی لای کوردەکانی بە رەچەڵەک سعودی لاوازە.

 

(باس): ئەو پیشانە چیین کە زۆربەی کوردەکان لە عەربستان سعودیە ئەنجامی دەدەن؟

تاریق خەلەف: سەرجەم پیشەکانی وەکو پزیشکی و ئەندازیاری و مامۆستای زانکۆ و بەڵێندەری و چێشتلێنەری و ... تد.

 

(باس) ئایا ڕێکخراوی دیکەی کوردی لە عەرەبستانی سعودی بوونیان ھەیە؟

 

تاریق خەلەف: بەڵێ ڕێکخراوی ئاڤان ھەیە، کە ٢٠ خێزان ئەندامانن تیایدا، ھەروەھا بوونی ڕێکخستنی چەند پارتێکی کوردی، وەکو پارتی یەکێتیی کوردی.

 

(باس): پەیوەندییتان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا چۆنە؟

 

تاریق خەلەف: پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام ھیوادارین ھەمانبێت. ئێمە پشتگیریی لە سەرجەم ھەڵوێستەکانیان دەکەین و لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ عەرەبستانی سعودیە، ھەوڵێک ھەبوو بۆ سازکردنی دیدار لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم، بەڵام بەھۆی کورتیی ماوەی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم، نەتواندرا ئەو دیدارە ساز بکرێت.