ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند كە داوایان کردووە کۆد بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت دابندرێت، تا بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پێدانی پارە، بزاندرێ کە مافە داراییەكانیان گەیشتووەتە بانک.
کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند ئێستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە خاوەن کارەکانی کەرتی تایبەت کردووە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی كاركردنیان بە خزمەت ھەژمار بکرێ و لە کاتی پێویستدا خانەنشین بکرێن و مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
گوتیشی دوای ئەوەی ھەستیان کرد زۆرێک لە کرێکاران دڵنیایی تەواویان نیە لە گەیشتنی ئەو مافە داراییە بە بانک، کە لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە بە ناوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لێیان وەردەگیرێ، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستنی سلێمانی کرد کە ھەر کرێکارێک لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ دەکرێ، کۆدێکی بۆ دابندرێ تا ماوە ماوە لە شوێنی تایبەتی دەستەبەرەکەی یان لە بانک بکۆڵێتەوە، داخۆ ئەو پارەیەی کە دەیداتە خاوەن کارەکەی، چووەتە سەر ھەژمارەکەی یان نا.
ئەم لێدوانەی کاسترۆ مەعروف ھاوکاتە لەگەڵ لێدوانێكی عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو ھەر کرێکارێک تا ئێستە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ نەکراوە، ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی خاوەن کارەکەی ناچار بکەن دەستەبەری بۆ بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی خانەنشینبوونیدا مووچەی بۆ ببڕدرێتەوە.