قایمقامییەتی شارۆچکەی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکی گەڕان و بەدوادادچوون لەناو بازاری بەردەڕەش تواندرا دەست بەسەر 1406 تەنەکەی ڕۆنی زێردا بگیرێت کە بە کەڵکی خواردن نەدەهاتن.
بۆتان بۆتانی بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمەقامییەتی شارۆچکەی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ دووشەممە رێککەوتی 18/11/2019 لیژنەی ئابووری قایمقامییەتی شارۆچکەی بەردەڕەش دوای ئاگەدارکردنەوەیان لە جۆرە ڕۆنێکی خواردن لە نێو بازاری بەردەڕەش، بەدواداچوونیان ئەنجامدا و دوای پشکنین دەرکەوت کە ئەو ڕۆنە بە کەڵکی خواردن نایێت و زیانی هەیە بۆ بەکارهێنەران".
گوتیشی: "لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر 16تەن ڕۆنی خواردندا گیرا کە دەکاتە 1406 تەنەکە".
ڕاشیگەیاند: "بەردەوام دەبین لە دەستبەسەرداگرتنی ئەم جۆرە ڕۆنە چونکە زیانی تەندروستی هەیە بۆ هاووڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستە لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەکە سەردانی شارەدێکانی سنوورەکە دەکات".