ئه‌مساڵ جیاواز له ساڵانى رابردوو، به‌رهه‌مى (گوێز و هه‌نار) له سنوورى قەزای پێنجوێنى سه‌ر به پارێزگاى سلێمانى بە رێژەی زیاتر لە دوو هێندەی پار زیادی کردووە.
هه‌نارى پێنجوێن
ئاسۆ ئیسماعیل، جووتیارى گوندى دۆڵه‌چه‌وت، له ناحیه‌ى ناڵپارێزى سه‌ر به قەزای پێنجوێن، به (باس)ى راگه‌یاند: ”هه‌نار میوه‌یه‌كى پاییزییه، ئێستا له سنوورى پێنجوێن و ده‌وروبه‌رى، كه پله‌كانى گه‌رما رووه و نزمبوونه‌وه چووه، ئه‌مساڵ به به‌راورد به ساڵى رابردوو، هه‌نارێكى زۆر و به‌تام پێگه‌یشتووه و خراونه‌ته بازاڕه‌كان و سه‌ر رێگاكانى ناوچه‌كه و له هه‌وڵى ساغكردنه‌وه و فرۆشتنیداین و خواستێكى زۆریشى له‌سه‌ره“.
گوێزى پێنجوێن
گوێزیش وه‌رزى ته‌كاندنى ده‌ستی پێكردووه، له چه‌ند گوندێكى سنوورى پێنجوێن، ئه‌مساڵ گوێزێكى زۆر هه‌یه و هاوشێوه‌ى گوێزى به‌ناوبانگى ناوچه‌ى هه‌ورامانى باشوور و رۆژهه‌ڵات چێژى خۆى هه‌یه.
عومه‌ر له‌تیف، دانیشتووی تر‌ى گوندى چۆمه‌ره‌سییه و خاوه‌نى دارگوێزێكى زۆره، بۆ (باس)، باسی له‌وه كرد: ”جیاواز له زۆربه‌ى گونده‌كانى تر‌ى سنوورى پێنجوێن، گونده‌كه‌مان ژماره‌یه‌كى زۆرى دارى گوێزى تێدایه، به‌رهه‌مى ئه‌مساڵى گوێزیشمان به به‌راورد به ساڵى رابردوو باشتره، به‌ڵام خراپیى رێگاوبانه‌كه‌مان، یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌وه‌ى، كه نه‌توانین هه‌موو رۆژێك بگه‌ینه بازاڕ و گوێزه‌كه‌مان ساغ بكه‌ینه‌وه، نرخى هه‌ر كیلۆیه‌كیش له‌نێوان (2500 بۆ 3500) دیناره، ئه‌مه‌ش به‌هۆى زۆریى به‌رهه‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌یه“.
روونیشی كرده‌وه: "هۆكارى زیادبوونی بۆ گونجاویی كه‌شوهه‌واى ناوچه‌كه‌مان دەگەڕێتەوە، له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی وه‌زری هاوین و ده‌ستپێكردنی وه‌رزی پاییز، ده‌ستمان كردووه به چنینه‌وه و ته‌كاندنی دارگوێزه‌كان، چونكه ده‌بێت هه‌موویان بكه‌ونه سه‌ر زه‌وی، تا كۆتایی وه‌رزى پاییز ده‌بێت هه‌موو گوێزه‌كانمان كۆبكه‌ینه‌وه، سه‌رماى زۆر زیانی زۆری بۆ گوێز هه‌یه".
شێوازى په‌ره‌پێدان
لای خۆشیه‌وه، دیلان به‌كر، ئه‌ندازیار و فرۆشیارى پێداویستیی كشتوكاڵی له پێنجوێن، بۆ (باس) ئه‌وه‌ى خسته ڕوو: "وه‌ك جووتیاران باسیان كردووه، به‌رهه‌مى ئه‌مساڵى گوێز و هه‌نارى پێنجوێن زیادی كردووه، هۆكاره‌كه‌ى له رووى زانستیى كشتوكاڵییه‌وه ئه‌وه‌یه، كه ساڵانه به‌هۆی جیاوازیی كه‌شوهه‌وا و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ندێك نه‌خۆشی و مێرووی زیانبه‌خش له‌ن اوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی تر، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه رێژه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه خۆماڵییه گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مساڵیش بارانێكى زۆر باریوه، ئه‌مه وای كردووه كه‌متر نه‌خۆشى بڵاو بێته‌وه و گوڵى هه‌نار و گه‌ڵاى گوێزه‌كانیش، مێروو كه‌متر لێیانی داوه".
گوتیشى: "باشتره لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم، ناوچه‌یه‌كى گرنگى وه‌ك پێنجوێن فه‌رامۆش نه‌كه‌ن و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و كه‌سانی پسپۆڕ بنێردرێنه سنووره‌كه‌مان، تاوه‌كوو بتوانن رێنمایی نوێ بده‌نه خاوه‌ن باخه‌كان، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی زیادكردنی به‌رهه‌م و رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی".
ئامارى هه‌نار و گوێز
كارزان تاریق، لێپرسراوى به‌شى باخدارى له بنكه‌ى كشتوكاڵیى ناڵپارێز، رای گه‌یاند: ”به‌پێى ئاماره‌كانى به‌رده‌ستمان، ئه‌مساڵ (255) دۆنم باخى هه‌نار لامان تۆمار كراون و بڕى به‌رهه‌میش بۆ هه‌ر دۆنمێك، به یه‌ك تەن و 300 كیلۆ دانراوه، واته (1300) تەن، كه ده‌كاته یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار كیلۆگرام. سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مى هه‌نارى ساڵى رابردوو، (150) دۆنم زه‌وى هه‌ناری تێدا كرابوو، بڕى به‌رهه‌میش بریتى بووه له (500) تەن، واته (500) هه‌زار كیلۆگرام و بڕى به‌رهەم نیوه زیاتر بووه.
جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه: ”ئه‌مساڵ نۆ دۆنم زه‌وى كراونه‌ته گوێز، هه‌ر دۆنمێكیش (100) دار گوێزى تێدایه و به‌رهه‌مى هه‌ر دارێكیش نزیكه‌ى (1200 بۆ 1300) گوێز ده‌بێت.
روونیشی كرده‌وه: "سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مى گوێزى ساڵى 2018، پێنج دۆنم زه‌وى كرابووه دارگوێز و هه‌ر دۆنمێكیش نزیكه‌ى (700 بۆ 900) گوێزى تێدابووه، داره گه‌وره‌كان گوێزى زیاتر و بچووكه‌كانیش كه‌متریان گرتبوو".