پەرلەمانتارێکی کورد: کورتهێنانی بودجە و زیادبوونی خەرجییەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر مووچە نابێت

24/02/2020 - 00:57 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق وێڕای ئەوەی کە کورتێھێنانی زۆری تێدایە، خەرجییەکانیش زیاتر بوونە، دەشڵێ ئەمە کاریگەری لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت.

 

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی زانیاری و لێکۆڵینەوەکانمان،بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق کورتھێنانی تێدایە بەدەر لەوەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو خەرجیەکانیش زیادیان کردووە".

 

گوتیشی: "حکوومەتی عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو پارەیە یەدەگەی کە ھەیەتی ئەو کورتھێنانەی لە بودجەی ئەمساڵدا ھەیە پڕ بکاتەوە، ئەوەش وا دەکات ھیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروست نەبێت".

 

باسی لەوەشکرد تا ئێستا نازاندرێت بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەناو بودجەی عێراق چەندە و بڕیاردان لەسەر بڕ و ناردنەکەشی پەیوەستە بە گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.