عێراق.. ساڵی ڕابردوو بەشە خۆراکی تەنیا ھەشت مانگی هاووڵاتیان دابەشکراوە

04/01/2020 - 19:41 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند ساڵی ڕابردوو بەشە خۆراکی ھەشت مانگ دابەشکراوە و ھەوڵدەدەن بۆ ئەمساڵ پێداچوونەوە بەو بابەتە بکەن.

 

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ڕابردوو پارە بۆ کڕینی بەشە خۆراکی تەنیا شەش مانگ تەرخانکرابوو بەڵام وەک لیژنەی دارایی دوو مانگی دیکەمان بۆ زیادکرد و کرایە ھەشت مانگ".

 

گوتیشی: "ھەرچەندە تا ئێستا پڕۆژە یاسای بودجەمان بۆ نەھاتووە بزانین لە بودجەی سیادی چەند پارە بۆ بەشە خۆراکی ئەمساڵ تەرخان کراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە ھەوڵی زیادکردنی پارەکە و باشترکردنی کوالێتی بەشەخۆراک دەدەین و وەزیری بازرگانی عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەکەین".

 

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە ھاوکاتی پلان و بەرنامەیەکی وەزارەتی بازرگانی عێراقە کە لە ڕێگەی دروستکردنی کارتی زیرەکی خۆراکەوە دەیەوێت بڕ و جۆری بەشە خۆراک بە شیوەیەکی باشتر دابەشی سەر ھاووڵاتییان بکات.