هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق ئاشکرا دەکرێ

23/10/2019 - 01:10 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

ئەندامێکى لێژنەى کاروبارى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بەهۆى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە تا ئێستا هەولێر و بەغدا رێکنەکەوتوون لەسەر پڕۆژە یاساى بودجە، هەربۆیەش پڕۆژەکە دواکەوتووە و رەوانەى پەرلەمان نەکراوە.

 

شێروان میرزا ئەندامى لێژنەى کاروبارى دارایى لە پەرلەمانى عێراق بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بە بەراورد بە ساڵانى رابردوو ئامادەکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق بۆساڵى 2020 دواکەوتووە، چونکە ساڵانە لەناوەڕاستى مانگى تشرینى یەکەم پڕۆژە یاساى بودجە کارەرکانى لەلایەن حکوومەتەوە تەواو دەکرا و رەوانەى پەرلەمان دەکرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانى هاووڵاتیانى پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق تائێستا حکوومەت نەیتوانیوە پڕۆژەکە رەوانەى پەرلەمان بکات بۆئەوەى خوێندنەوەى بۆ بکرێت".

 

راشیگەیاند: "دواکەوتنى سەردانى شاندى هەرێمى کوردستانیش بۆ بەغدا هەر بە هۆى نالەبارى رەوشى عێراق و خۆپیشاندانەکانەوەیە، چونکە بەرپرسانى عێراق ناپرژێنە سەرئەوەى گفتووگۆ لەگەڵ هەرێم بکەن بەمەبەستى گەیشتن بەرێککەوتن لەبارەى پڕۆژە یاساى بودجە بۆساڵى داهاتوو، لەلایەکى دیکەوە ئەو بەڵێنانەى حکوومەت بەخۆپیشاندەرانى داوە رەهەندى ئابوورییان هەیە و پێویستییان بە دابینکردنى بودجەیەکى زۆر هەیە".

 

ئەو ئەندامەى لێژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەگەر تا 1/1/2020 پەرلەمان نەیتوانى پڕۆژە یاساى بودجە پەسەند بکات ، ئەوا لەرووى یاساییەوە حکوومەت دەتوانێت مانگانە یەک لەسەر دوازدە لە کۆى گشتى بودجەى ساڵى داهاتوو بۆهەر مانگێک بخەمڵێنێت و کاروبارەکانى پێ راپەڕێنێت تائەو کاتە بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگى لەسەر دەدرێت و تێدەپەڕێندرێت".