شێوازی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانکاری تێدا دەکرێت

13/08/2019 - 15:59 بڵاوکراوەتەوە لە ئابووری

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد بەرنامە و پلان ھەیە کە شێوازی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا بێت کە بەھۆیەوە زۆر گرفت و پێویستی ھاووڵاتییان و حکوومەتیش چارەسەر دەکرێت.

 

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ساڵانی پێشوو لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە زۆر تێبینی و مشتومڕی لایەنەکان دروست دەبوو لەسەر خەمڵاندن و کورتھێنان و ئەژماری کۆتایی ساڵ، بۆیە ئێستا کە لەسەروبەندی ئامادەکاریی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠داین، بەرنامە و پلان ھەیە گۆڕانکاری لە شێوازی ئامادەکردنی پڕۆژەکە بکەین".

 

لەبارەی ناوەڕۆکی پلانەکەوە، شێروان میرزا گوتی: "دەمانەوێت پڕۆژە یاساکە بەپێی پڕۆگرام و کاری وەزارەتەکان دابنرێت کە شێوازێکی نوێیە و پێویستی بە وردەکاری ھەیە".


باسی لەوەشکرد لەو شێوازەدا تاڕادەیەک دەتواندرێت بابەتی کورتھێنان و قەرزکردنی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتھێناکە لە بودجە و بابەتی دانانی پارەی یەدەگ چارەسەر بکرێن کە ساڵانە ھەریەکەیان گرفتێکی دروست دەکرێت و چارەسەرکردنی قورس بوو.