دەروازەی پەروێزخان.. ھەزار گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان ھاتوون  

 

 


بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زیاتر لە ھەزار گەشتیاری ئێرانی و کوردستانی ڕۆژھەڵات، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، بۆ ھەرێمی کوردستان ھاتوون.

 

عەلی تۆفیق، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئەمڕۆ دووشەممە 20/3/2017، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە ئێران و کوردستانی ڕۆژھەڵاتەوە، زیاتر لە ھەزار گەشتیار لە دەروازەی مەرزی پەروێزخانەوە ھاتونەتە نێو ھەرێمی کوردستانەوە و چاوەڕێ دەکەین، ئەو ژمارەیەش بەرەو ھەڵکشان بڕوات".

 

بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، ئەوەشی خستە ڕوو: "سەقامگیربوونی دۆخی تەناھی لە ھەرێمی کوردستان و ھاوکات پەلەقاژەی مەرگی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و تا ڕادەیەک بایەخدان بە شوێنە گەشتییارییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەوە، وای کردووە گەشتیاری وڵاتان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن".

 

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەمساڵ بە بەراورد بە پار ساڵ، لە 30%ی ھاتنی گەشتیاری ئێران و کوردستانی ڕۆژھەڵات، زیادی کردووە لە دەروازەی پەروێزخان".

 

کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کۆمەڵگەیەکی سنوورییە، لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان و لە ساڵی 2012ەوە بووەتە کۆمەڵگەیەکی دەروازەی نێودەوڵەتی.