جیاواز لە ڕۆژانی دیکەی دەوامی ئاسایی، شەممەی ڕابردوو، پاسەکەی باخچەی ساوایانی پەپوولە لە شاری کەلار، بە ژمارەیەک فێرخوازی باخچەکەوە ئاراستەی بەرەو بارەگای پێنج لایەنە سیاسییەکەی بەشدار لە کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمدا گۆڕی و پەیامی ئاشتییان گەیاندە لایەنەکان و داوایان کرد بیر لە داھاتووی منداڵان بکەنەوە.
ژیان محەمەد سەعاتچی، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی پەپوولە لە شاری کەلار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "جیاواز لەو چالاکییانەی لە ھەرێمی کوردستاندا بە ئاڕاستەی ئاشتەوایی سیاسی ئەنجامدراون، باخچەکەمان لە خولی سێزدەھەمی خۆیدا، بە باشی زانی لە ڕێگەی منداڵانەوە داوا لەلایەنە سیاسییەکان بکات چیتر درێژە بەو دۆخە ناھەموارە نەدەن کە ماوەی چەند ساڵێکە ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە".
بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی پەپوولە، گوتیشی: "ڕۆژی 13/5/2017 پاسەکەی باخچە جیاواز لە ڕۆژانی ئاسایی دەوام، بە ژمارەیەک منداڵەوە ئاراستەی ڕۆشتنی بەرەو بارەگای پێنج لایەنە سەرەکییەکەی ھەرێمی کوردستان گۆڕی و لەوێ منداڵان بۆ خۆیان داوایان لە بەرپرسانی ئەو لایەنە سیاسییانە کرد پەیامیان بگەیەننە بەرپرسی یەکەمی لایەنەکانیان بۆئەوەی پێکەوە ھەوڵی بەرقەرار بوونی ئاشتی بدەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "منداڵانی باخچە گوڵێکی دەستکردیان لە ڕەنگی پێنج لایەنە سیاسییەکە و پەیامێکی دوو خاڵییان بە پەنجەمۆری خۆیانەوە پێشکەشی بەرپرسانی ئەو لایەنانە کرد و ئەوانیش پاش وەرگرتنی بەڵێنیان پێدان پەیامەکانیان بگەیەننە سەرووی خۆیان".
بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی پەپوولە، وەک باسی کرد: "پاسی باخچە لە سەرەتادا سەردانی ناوچەی کەلاری پارتی دیموکراتیی کوردستان، دواتر مەڵبەندی 11ی ڕێکخستنی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشان مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان، مەڵبەندی 6ی گەرمیانی کۆمەڵی ئیسلامی، دوایین جاریش سەردانی مەڵبەندی 4 ی گەرمیانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد، لەلایەن بەرپرسانی ئەو لایەنانەوە بەگەرمی پێشوازی لە منداڵانی باخچەکەمان کرا".
باخچەی ساوایانی پەپوولە لە کەلار، ساڵی 2000 ـ 2001 دامەزراوە و یەکێکە لە باخچە نموونەییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەلار.