راید جەباری.. یەکەمین شەھیدی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

”شەهید رایدیش تا ئێستا بە شەھید تۆمار نەکراوە“

25/09/2018 - 11:17 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

 

لە سەروبەندی بانگەشەی ریفراندۆمدا، لە شاری کەرکووک و بەتایبەت لەلایەن گەنجانی خۆبەخشی شارەکەوە، شەو و رۆژ، تیم تیم دەچوونە شوێنە گشتی و شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە بۆ ھەڵواسینی پۆستەرەکانی بانگەشە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ھەروەھا بەردەوام ئاھەنگیان دەگێڕا.

 

لەو سەروبەندەدا و لەکاتی بانگەشەکردن بۆ ریفراندۆم، گەنجێکی کورد بە ناوی (راید قادر جەباری) لەلایەن نەیارانی سەربەخۆخوازانەوە بە دەستڕێژی گوللە شەھید کرا و دوو ھاوڕێی دیکەیشی بریندار کران.

 

ئەمڕۆ کە یەکەمین ساڵوەگەڕی مەریوان جەباری، خزمی نزیکی شەھید راید قادر جەباری، بۆ ھەفتەنامەی (باس) ڕای گەیاند: "شەھید راید قادر جەباری، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ بوو، پێشمەرگە و خێزاندار و خاوەنی کوڕێک بوو بە ناوی (شەھرام)، ئەو لەبەر ھەستی کوردانەی و باوەڕێکی تەواوی بە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ھەمیشە دەیگوت نەمردایەم رۆژێک کوردستانم بە ئازادی و دەوڵەتی کوردستانم بە چاوی خۆم ببینایە، بۆیە شەھید راید لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، خۆبەخشانە لەناو شاری کەرکووک بۆ ماوەی چەندین شەو و رۆژ سەرقاڵی بانگەشە بوون بۆ ریفراندۆم، ھەروەھا لە بەشێک لە شوێنە گشتییەکانی کەرکووک لافیتە و پۆستەری تایبەت بە ریفراندۆمیان ھەڵدەواسی، تاوەکوو شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە کاتی بانگەشە و ھەڵواسێنی پۆستەرەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە یەکێک لە شاقامەکانی شاری کەرکووک بەدیاریکراوی لەنزیک بارەگایەکی بەرەی تورکمانی، لەلایەن چەند چەکدارێکی بارەگاکەوە تەقە لەو تیمەی بانگەشەکارانی ریفراندۆم کرا و بە ھۆیەوە راید شەھید بوو و دوو ھاوڕێی دیکەیشی بریندار بوون".

 

گوتیشی: "راید مامەڵەی شەھیدانەی بۆ کەسوکارەکەی لە سنووری ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕ کراوەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەکوو شەھید تۆمار نەکراوە، واتا تا ئێستا شەھیدانە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە وەرناگیرێت".

 

لەبارەی ئەوەی وەک کەسوکاری شەھید راید سکاڵای یاساییان لەمەڕ شەھیدکردنی کوڕەکەیان لەسەر کەس تۆمار کردووە؟ مەریوان جەباری، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەڵێ سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانەی کە دەستڕێژی گوللەیان لە راید کرد، تۆمار کراوە و بەدیاریکراوی ھەشت کەس بوونە تەقەیان لە راید و ھاوڕێکانی کردووە، لە کۆی ئەو ھەشت کەسەش شەش کەسیان دەستگیر کراون، بەڵام تاوەکوو ئێستا دوو کەسی دیکەیان دەستگیر نەکراون".

 

سەبارەت بەوەی ئاخۆ راید لەپێناو چیدا شەھید کرا، مەریوان جەباری کە جگە لەوەی خزمی نزیکی شەھید رایدە، لە ھەمان کاتدا شاعیرێکی لاوی دیاری کەرکووکە، ئەوەی خستە ڕوو: "شەھید راید، یەکەم شەھیدی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە و ئەو لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆمدا شەھید کرا، شەھید راید چوارەم شەھیدی ماڵباتەکەیەتی و برایەکیشی بەناوی قاسم پێشمەرگە بوو و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لە ناوچەی خرابەڕووتە شەھید کرا".

 

ھاوکات، مەریوان جەباری، ڕاشی گەیاند: "دیارە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجام درا، کەرکووکییەکان زۆر بە گڕوتینەوە بەشدارییان لەو پرۆسەیەدا کرد و لە سەروبەندی پرۆسەی بانگەشە بۆ ریفراندۆم کاتێک کە راید شەھید کرا، ئەوەندەی تر کەرکووکییەکانی سوور کرد لەسەر ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم لەو شارەدا سەر بخەن، بۆیە زیاتر لە %٩٣ی کەرکووکییەکان دەنگیان بە (بەڵێ)دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئێمە وەکوو کەسوکاری شەھید ڕاید و ھاوکات وەک کەرکووکییەکان ئومێدی زۆرمان بە ریفراندۆم ھەیە و کارتێکە بەدەستی سەرکردایەتیی کوردستانەوە و تاپۆیەکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ئەمڕۆ نا سبەی ھەر رۆژێک بێت ئێمە بە ئامانجەکانمان دەگەین".

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر ریفراندۆمێکی تریش بکرێتەوە، کەرکووکییەکان بە ھەمان گڕوتینی ریفراندۆمەکەی پار ساڵەوە بەشداریی دەکەن، مەریوان جەباری، گوتی: "دیارە کەرکووک بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیاکەیەوە، ھەمیشە خەتی تەماس بووە لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و ناوەندا و ھەمیشە لە شۆڕشەکانی کوردستاندا قوربانییان داوە، شۆڕشەکانی کوردیش زیاتر لەسەر خاکی کەرکووک بوونە، کە دوژمن ھەمیشە بە چاوی تەماحەوە لێی ڕوانییە، بۆیە کەرکووکییەکان ئێستا و بۆ ئایندە و چەندین جاری تریش ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکرێت، ئامادەن بەشداریی بکەن و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن".

 

سەبارەت بەوەی ئەو دۆخە نالەبارەی کە بەسەر کەرکووکدا ھات لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو، بەھۆی چییەوە بوو؟، مەیوان جەباری، گوتی: "دیارە قەزای حەویجەی سەر بە کەرکووک لە چاو مووسڵدا تەنیا وەک گەڕەکێکی ئەو شارەیە، حکوومەتی عێراقی بە مەبەست سەرەتا مووسڵیان لەدەست داعش رزگار کرد، بەڵام نەھاتن قەزایەکی بچووکی وەک حەویجە رزگار بکەن، کە مەبەستیان لەوەدا ئەوە بوو کە دوای مووسڵ، بێن حەویجە رزگار بکەنەوە و ھێرش بکەنە سەر سنووری کەرکووک و پێشمەرگە لە سنوورەکە دەربکەن، بۆیە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرایە یاخود نا، ئەوا حکوومەتی عێراق ھێرشی ھەر دەکردە سەر سنووری کەرکووک و بۆ ئەمەبەستەش دەستی ناوخۆ و دەرەکییشی لەپشەوە بوو، تاوەکوو خاکەکەیان داگیر کرد و ئێستا کەسوکاری شەھید راید و ھەزاران کەرکووکیی تر ھەر بەھۆی داگیرکردنی کەرکووکەوە ئاوارەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بووینە و ئامادەین دەیان شەھید راید بکەینە قوربانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی بوون بە دەوڵەت".

 

ھۆکاری بایەخنەدان بە شەھیدبوونی راید وەک پێویست لەلایەن راگەیاندنەکانەوە و لەو سەروبەندی ریفراندۆمەدا بۆچی دەگەڕێننەوە؟ مەریوان جەباری، ڕای گەیاند: "دیارە شەھید راید ئێستا سیمبولی دەنگی ئازادی خەڵکی کوردستانە، ئەو کاتەی کە راید شەھید بوو باسی لێوە کرا، بەڵام بەگوێرەی دڵی کەسوکارەکەی بایەخی پێ نەدرا، ھۆکارەکەیشی ئەوە بوو ئێمە ئەوکاتە لە ‌پرۆسەیەکدا بووین کە پێویستیمان بە دەنگی نەتەوەکانی تری جگە لە کورد ھەبوو، بۆیە نەمانویست کارێک بکرێت کە ببێتە ھۆی تێکدانی دۆخی کەرکووک لەو سەروبەنەدەدا و پاشان لە ١٦ی ئۆکتۆبەریش حکوومەتی عێراق ھێرشی کردە سەر کەرکووک و شارەکەی داگیر کرد، بۆیە کەیسی شەھیدبوونی شەھید راید وەک پێویست باسی لێوە نەکرا".

ئەلبوومی وێنەکان