دۆزی کورد عەقڵیەتی عەرەبی ڕیسوا دەکات

کورد باشیان کرد ڕیفراندۆمەکەیان کرد، ئەو ڕیفراندۆمەی ئێمەی گەیاندە چرکەساتی ڕاستەقینە

مەئموون فندی 24/09/2018 - 13:24 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

دۆزی کورد تەنیا دۆزیکی سیاسی نییە، کە سروشتی دەوڵەتی ئێستای عێراقی ئاشکرا دەکات، بەڵکوو ئاشکراکەر و ڕەنگە ڕیسواکەری عەقڵیەتی عەرەبیش بێت. شێوازێکی بیرکردنەوە کە دەبێ هەموو مرۆڤیکی ژیر، لە ئاستی شەپڕێوی و سادەیی بیرکردنەوەکەیدا بوەستێ و هەڵوەستە بکات. لەم وتارەماندا بە پرسیارە جیۆپۆلۆتیکییە ئاڵۆزەکان دەست پێ ناکەم، بەڵکوو بە ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵی عەرەبی، بە پەتا و نەخۆشییە سەختەکانی دەست پێ دەکەم، کە دۆزی کورد ڕیسوای کردووە.


سەرەتا، لەمڕۆدا تێڕوانینە عەرەبییەکان چۆن دروست دەبن؟ ئایا هەڵقووڵاوی بیرکردنەوەی قووڵ و تیگەیشتنن لە سنووری بەرژەوەندییەکانی ئێمە و ئەوانی دیکە، یان تەنیا پەرچەکردارن لە ئاست هەڵوێستەکانی ئەوانی تر؟ ئەمڕۆ دوو هەڵوێست هەن: یەکەمیان ئێرانییە، کە دژی سەربەخۆیی کوردە. دووەمیشیان ئیسرائیلییە، کە لەگەڵ سەربەخۆیی کورددایە.


هەر بە سروشتی پەروەردە و گۆشبوونی سیاسیی عەرەبی، ئێمە بەردەوام دژی هەر شتێکین، کە ئیسرائیل ڕەزامەندیی لەسەر بێت، لێرەوەیە کە ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ سەربەخۆیی کوردا بێت، ئەوا لەسەر ئێمە پێویستە زۆر بیر نەکەینەوە. ئێمە دژی هەموو شتێکین، ئەمڕۆ هەموو ناسیۆنالیستە عەرەبەکان دژی سەربەخۆیی کوردستانن، ئەمەش لەبەر هۆیەکی بڕواپێکراو نا، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لەگەڵ ئەم سەربەخۆییەدایە، هاوکات لەگەڵ هەموو شتێکداین، کە ئیسرائیل دژیەتی.


کەواتە، ئەمڕۆکە ئێران و هاوپەیمانەکانی، (حزبوڵا) و سووریا (ڕێگر) بەیەکەوە هاتوونەتە سەر ڕێگای دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کورد، لێرەوە هەموو دەوڵەت و گەلانی دیکە، کە پێیان وایە ئێران خودی کێشەکەیە، لەگەڵ ئێران و (حزبوڵا) و لە هەمان سەنگەردا نابێت. کەوابوو، ئەگەر ئێران دژی کورد بوو، دەبێ ئێمە لەگەڵیاندا بین. بەڵام وریا بە: ئیسرائیل لەگەڵ کوردە، بەمەش تۆش شان بە شانی ئیسرائیل وەستاویت، بەڕاست ئەمە ئەو شتەیە کە تۆ دەتەوێت؟ بێ گومان نەخێر. کەواتە عەقڵی هاوچەرخی عەرەبی نایەوێ شان بە شانی ئێران لە دژی کورد بوەستیت، یان لەگەڵ ئیسرائیل بوەستێت و پشتیوانیی هەڵوێستەکەی لەگەڵ کورددا بکات. لێرەوەیە کە عەقڵی عەرەبی دۆش دادەمێنێ! مرۆڤی عەرەبی ئەمڕۆ، وەکوو کەسێکی خەوتوو بەڕێوە دەڕوات، چونکە ئەو لەسەر ئەوە ڕاهاتووە، دژی هەموو شتیک بێت، کە ئیسرائیلی لەگەڵدایە، هاوکات لەگەڵ هەموو شتێدا بێت، کە ئێران دژیەتی. عەقڵێکە لە کێشە و تەڵەزگەدایە.


هەر لێرەشەوە ڕیسوایی عەقڵی عەرەبی تەمبەڵ ئەوەیە کە پێشتر لەسەر ئەوە ڕاهات دژی هەموو شتیک بێت کە ئیسرائیل لەگەڵیەتی، دوای ئەوە لەسەر ئەوە ڕاهات، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا بێت، کە ئێران دژیان دەوەستێت. لە دۆزی کورددا، ئیسرائیل و ئێران جیاوازن، یەکێکیان لەگەڵ سەربەخۆیی کورددایە، ئەوەی تریان دژیەتی. کەواتە عەقڵی عەرەبی دەکەوێتە کوێی ئەم کێشە و تەڵەزگەیە؟


لێرەوە دەڵێم، بە چاوپۆشین لەوەی ئێران و ئیسرائیل دەیانەوێت. یا ئەوەتا دۆزی کورد، عەقڵی عەرەبی ناچار بە بیرکردنەوەی سەربەخۆ دەکات، یان ئەو عەقڵە لەسەر حەقیقەتی لەکارکەوتووی خۆی ئاشکرا دەبێت.


پێم وایە ئەوەندە بەسە، وەک دەڵێن: “لێدانی مردوو، حەرامە” و بە عەقڵێکی سەربەخۆ و ئەبستڕاکت، دەگەڕێینەوە سەر قسەکردن لەسەر پرسی کورد.


دەستپێک، هەموو بانگەشەکانی دژی سەربەخۆیی کورد لە تێڕوانینە جیۆپۆلۆتیکییەکان قەتیس دەبن، ئەمەش تەنیا گریمانەن و هیچ دەرەنجامێک لە زۆرینەیاندا نییە، یەکەم بانگەشەی گریمانەکردن ئەوەیە، کە پارچە پارچەبوون و جیابوونەوە و پەرتبوونی دەوڵەتەکان، مەترسییەکی جیۆپۆلۆتیکییە و وەک بوومەلەرزە ناوچەکە دەهەژێنێت. وەک چۆن داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا لە ئاستی هەرێمایەتیدا دەرهاوێشتەی لێ کەوتنەوە، کە دواترینیان بەهاری عەرەبی بوو، جیابوونەوەی کوردیش لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگگەلی هەرێمایەتی، کە دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی تا دەیان ساڵ لەگەڵماندا دەمێننەوە. هەموو ئەمانە بۆ کەسێک کە کۆرسی (101)ی لە سیاسەتدا خوێندبێت، زانراو و ڕۆشنن، بەڵام هێشتا هەندێک پرسیار دەمێننەوە، کە پەیوەستن بە بیرۆکەی ئەو دەوڵەتەی کە دەمانەوێ کورد بەشێک بێت لەو دەوڵەتە، ئایا دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە، کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی وەک یەک و یەکسان بنیات نراوە، یان دەوڵەتی زۆرینەیە، کە مافی نوێنەرایەتی و بەشداریی هەموو کەمینەکانی تێدا خوراوە؟


پێش هەموو شتێک، عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە پێناسەکردنەوەی شوناسە نیشتمانییەکەی هەیە، بە جۆرێک کە کورد وەک نەتەوە، هەروەها وەک هاووڵاتییش بگریتە خۆ، کەواتە عێراقی ئەمڕۆ چییە؟ شوناسە نیشتمانییەکەی چییە؟ ئایا دەوڵەتی زۆرینەی شیعەیە، کە ئێران هەژموونی بەسەردا کردووە؟ یان فیدڕاڵییەتێکە شیعە و سوننە و کورد و ئاشووری و کەمینە ئایینی و ئیتنییەکانی تریش لەخۆی دەگرێت؟ ئەمڕۆ لەوانەیە بۆ عێراقییەکان زۆر ئازاربەخش بێت، ئەگەر پێیان بگوترێ شوناشی کوردی زۆر لە شوناسی نیشتمانیی عێراقی بەهێزترە و کوردستان دەوڵەتێکی زۆر باشتر لەوەی عێراق دروست دەکات.


زۆربەی گفتوگۆکانی ئەمڕۆ جەخت لەوە دەکەنەوە، کەوا کورد نەوتی کەرکووکی دەوێت، یان دەیەوێ هەڵوێستی دانوستاندنکارانەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەنیدا باش بکات، ئەمەو بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆزی کورد و دەرهاوێشتەکانی. هەروەها گفتوگۆکان لەبارەی ئەوەن، دەوڵەتی کورد سنووری دەریایی نییە، واتە دەوڵەتێکی داخراوە، کە ژیان تێیدا ئەستەمە، لەکاتێکدا ئەمڕۆ و لەسایەی سیستەمی باودا 46 دەوڵەت هەن، کە سنوورەکانیان داخراون، وەک پۆلیڤیا لە ئەمەریکای لاتینی، بۆتان لە ئاسیا، چیک لە نەمسا و ئەوروپا، ئەوانی دیکەش لە ئەفەریقیا.


هەروەها گفتوگۆ دەربارەی ئەوەش هەیە، کەوا هەر یەکە لە حکوومەتەکانی عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا، ئەگەر هەنگاوێک بۆ سەربەخۆیی بنێن، ئەوا بۆ تێکشکاندنی کورد، یەک دەگرن. تێکشکاندنیش لە کولتووری ئێمەدا، لە سنووری خۆی ناوەستێت. بەو مانایەی ئەگەر دوژمنکارییەکی لەم چەشنە رووی دا، ئەوا تراژیدیای کورد لە تراژیدیای جووەکان لەسایەی هیتلەردا، کەمتر نابێت، لەگەڵ ئەمەشدا عەقڵی عەرەبی لەگەڵ زۆردار و دەستدرێژیکار دەوەستێت.


لەمڕۆدا خەڵکێک هەیە ڕەحمەت بۆ سەددام حوسێن دەنێرێت، کە توانی یەکپارچەیی عێراق بپاریزێت، چونکە بواری شیعەی عێراقی نەدا (هەناسە بدەن)، وەک ئەوەی چەوساندنەوەی شیعەی عێراق، کارێکی باش بووبێت. چەوساندنەوە و ستەم یەک شتە، ئیتر هی سەددام بێت لە دژی شیعە، یان هی ئێستای زۆرینەی شیعە دژی کورد، وەک نەتەوە و سوننە وەک مەزهەب.


دیارە کورد فریشتە نین، دەکرا بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، هاوپەیمانی لەگەڵ سوننە ببەستن، بەڵام ئەوان بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان وروژاند.


کوردستانی ئێستا لەگەڵ ئەوەی بە یاسا دەوڵەت نییە، بەڵکوو دەوڵەتی (de facto)یە، واتە دەوڵەت لە زەمینەی واقیعدا. بۆیە ئێستا عێراق و عەرەب لەبەردەم دوو بژارەدان و سێیەمیان نییە، یان قەبوڵکردنی دەوڵەتی کوردی، یاخود پێداچوونەوە بە فیدڕاڵیەتی جەورکاریی عێراق لەسەر کۆی کەمینەکان، نەک تەنیا لەسەر کورد.


عێراقی ئەمڕۆ لەبەردەم چرکەساتێکی ڕاستەقینەدایە و کورد باشیان کرد ڕیفراندۆمەکەیان کرد، ئەو ڕیفراندۆمەی ئێمەی گەیاندە چرکەساتی ڕاستەقینە.

 

لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)ەوە