کامە عێراق بۆ کورد؟

 

حازم ساغیە 24/09/2018 - 13:23 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

وەک ئەوەی هاوڕێ (حازم ئەلئەمین) لە پاشکۆی (تیارات) ڕەوتەکان، ئاماژەی بۆ کردووە، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان دوو جۆری ڕەخنەگرتن لە کوردی عێراقدا هەیە: ئەو ڕەخنەیەی کە بە هۆی بارودۆخ و تواناکان و پێدراوە ستراتیژییەکان، یان خودی سیستەمەکە، خۆی لە ڕیفراندۆم و دواتریش لە دەوڵەت دەپارێزێت. لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەی کە لە باری باوەڕەوە، بنیاتنانی دەوڵەت بۆ کوردی عێراق ڕەت دەکاتەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە دوێنێ ڕەتی دەکاتەوە، بە بەردەوامی و ڕەهاییەوە ڕەتی دەکاتەوە.


ڕەخنەگرتنی یەکەم دەکەوێتە بواری سیاسەت و ئەوەی دووەم دەچێتە ناو جەوهەر و ناوەڕۆکەوە.


خاوەنەکانی ڕەخنەگرتنی دووەم، هەموو سەربەخۆییەکی کوردی بە هەڵوەشانەوەی عێراق و دروستکردنی ئیسرائیلێکی دیکە، یان بە لایەنی کەمەوە، هاوپەیمانە بچووکەکەی ئیسرائیل، دەبەستنەوە. ئەم بیانووە دووبارەبووانە، هەژاریی ئەم تایپە لە پەیوەست بەم هەڵوەشانەوە ڕانەگەیەندراوەی عێراقی ئێستا و ئەو دۆخەی کە ناوچەکە بەگشتی تێیدا دەژیێت، زیاتر دەکات. ئەمە و سەرەڕای فراوانبوونی پانتایی خۆڕادەستکردن بە شکستی سیستەمی دەوڵەت و کۆمەڵگای باوی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی. لەوەش گرنگتر، خاوەنی ئەم بیانووانەی باسمان کردن، وێناچێت هەرگیز گرنگییان بە ڕای کوردی عێراق دابێت، سەبارەت بە دۆخی خۆیان، وەک چۆن لە ویستیان بۆ گۆڕینی، یان هەموارکردنی، یاخود گەیشتن بە یەکلاکردنەوە لەگەڵیدا، بایەخیش بەوە نادەن گفتوگۆی ڕاوبۆچوونەکانیان بکەن. ئەوەی ئەوان دەیکەن، ڕێک وەک ئەو خاوەن ماڵە وایە، کە ژووری نووستنی خزمەتکارەکەی دیاری دەکات و پێی دەڵێت: لێرە بخەوە، یان وێڵ بە و مەمێنە.


ئەم خۆنەبانکردنە کاتێک دەگاتە لووتکەی هەژاریی خۆی، کە لەو نێوەدا عێراقێک نەبێت شایستەی ئەوە بێت وەک کانگایەکی باش بۆی بگەڕێنەوە و پەنای بۆ ببردرێت. هەروەها عێراقێک نەبێت، کە بەپێچەوانەی ڕابردوو، ببێتە موژدە و بەڵێنێک بۆ داهاتوو. کەواتە ئەمە کام عێراقەیە سەرنجی کورد ڕادەکێشێت و دەیوروژێنێت: عێراقی عەبدولکەریم قاسم، کە شەڕی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر باکووردا دەست پێ کرد؟ عێراقی بەعسی 1963، کە پەنای بۆ هێزەکانی سووریا برد، تا باکوور ملکەچ بکات؟ عێراقی عەبدولسەلام عارف، کە ڕێککەوتنی 1964 کرد و پاشان ڕێککەوتنەکە داڕووخا؟ عێراقی ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر، کە ڕێکەوتنی 1970 کرد و دواتر ڕێککەوتننامەکە داڕما؟ عێراقی سەددام بە ئەنفال و هەڵەبجە؟ عێراقی دوای 2003، کە تیایدا ناکۆکییەکی توند لەسەر مانای (فیدڕالیەت) هەبوو، هاوشان بە پتەوبوونی (هەژموونگەریی شیعی عەرەبی)، وەک لێکچوونێکی هەڵگەڕاوە بۆ (هەژموونگەری سوننی عەرەبی)ی پێشوو؟
هەموو ئەو سیستەمانە بەدرێژایی شەست ساڵ، لەنێو خۆیاندا زۆر جیاواز بوون، لە بواری سیاسی، ئایدیۆلۆژی و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵایەتی و تائیفیشدا جیاواز بوون، کەچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەستیان بە شتێکی هاوبەشەوە گرت و پاراستیان: ملکەچکردنی کوردی باکوور. (ڕێکەوتەکان)یش ئەوەن، دووبارەبوونەوەی هەموو ئەو دووبارەییە، دەبێتە (یاسا).
لەسەر دەستی نیشتمانپەروەریی عێراقی، لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا، کە وەک ژووری پاشکۆی ماڵی عێراقی، سەیری کردن، کورد زۆری چەشت، بەڵام بەرلەوەی سەردەمەکە بۆ شیعەی سیاسیی تێکەڵ لە نەتەوەیی و تائیفی بگوازرێتەوە، کورد زۆر زیاتر لەسەر دەستی عرووبەی عێراقی بەعس، چەشتی و ناڵاندی. حاڵەتەکەش ئەوەیە، کە هەر لەگەڵ داڕمانی دەسەڵاتی عوسمانی، کە هەموو کەمینە ناموسڵمانەکانی پەراوێز و دوور خستبووەوە و لەگەڵیدا پەیوەندییە سەروونەتەوەییەکانی لەنێوان موسڵماناندا فەراهەم کردبوو، پەیوەندییەکی هاوسەنگ و دادپەروەر لەنێوان موسڵمانەکانی عێراق نەهاتە دی، ئەمە و چش لە کەمینە ناموسڵمانەکان. پێش و دوای هەموو لێکدانەوەیەک، کورد بە ویست و دڵخوازیی خۆیان نەهاتنە ناو عێراقی هاوچەرخ، بەڵکوو فڕۆکەکانی بەریتانیا بۆمبارانیان کردن، بۆ ئەوەی ببنە عێراقی.


بەڵام بۆ نموونە، ئاخۆ دەتوانین بڵێین، داهاتوو گرەنتیی بەرهەمهێنانی چوارچێوە و دامەزراوە و کەناڵی هاوبەش دەدات؟ ئەزموون تەواو پێچەوانەی ئەوە دەڵێت: سەرەڕای دەوڵەت و سوپا، چش لە شوێنی حەوانەوە، هیچ پردێک نییە: بۆ نموونە، حزبی شیوعیی عێراقی، کە جارێک لە جاران نوێنەرایەتییەکی شیاو و مەعقوولی کوردی لە باوەش گرت، خەریکە ئەویش بە هەڵم دەبێت. بۆ تەقینەوەی ناسنامەکان لە عێراق و تەواوی ناوچەکە، مێژووی هاوچەرخی ئێمە بە زۆر ڕایەڵی تر، پەیوەست دەبێتەوە بە لاساییکردنەوەیەک کە بۆ (ئیتحاد و تەرەقی) دەگەڕێتەوە، ئەوکات هاوپەیمانییەک لەنێوان ڕیفۆرمخوازانی تورک و ڕیفۆرمخوازانی کەمینەکان پێکهات، بەڵام هەر ئەوە بوو تا شۆڕشی 1908 ڕووی دا، ئیدی هەردوو ڕێگاکە جیابوونەوە، یەکەمەکان، نەتەوایەتییەکەیان لەسەر بنەمای ستەمکاری، ڕەواییەکەی داڕێژرا. ئەوانەی دوایی، ڕەوایەتیی نەتەوەیی بوونەکەیان لەسەر بنەمای داواکردنی ئازادی و یەکسانی، داڕێژرا.


ئەم سوننەت و ڕێچکەیە ماوەیەکی زۆر کاری کرد، تەنانەت تا ئێستاش کاری خۆی هەر دەکات. هەر ئەمەیشە هۆکاری ئەوەی، کە پێکهاتەی نیشتمانیی کۆمەڵگاکانمانی لاواز کرد، وەک چۆن شۆڕشەکانمان و هەوڵدانەکانمانی بۆ ڕیفۆرم، لاواز کرد.


کە لە دوامانەوە ئەم هەموو بێهوودەییە هەیە، ئەم هەموو خوێنە هەیە، ئیتر بۆچی قوڕگ و ملی کورد بگرین و ناچاریان بکەین لەسەر ئەوەی، بەو پێیەی ئێوە خزمەتکاری زیندانییەکانن، دەبێ لەم زیندانەدا لەگەڵ ئێمە بمێننەوە؟ لەگەڵ ئێمەدا بمێننەوە، دەنا ئێوە خیانەتکارن.

 

لە ڕۆژنامەی (الحياة)ەوە