منی عەرەب کە لەگەڵ مافی کورد لە دەوڵەتی سەربەخۆدا بم

 

حازم ئەلئەمین 24/09/2018 - 13:21 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

بڕیاری کوردی عێراق، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە دڵی ژمارەیەکی زۆر و بەرفراوانی دەستەبژێری عەرەبی نەبوو. حاڵەتەکەش وایە، مرۆڤ دەتوانێ دەیان بیانوو و پاساو و ڕووداو بە ڕووی کورددا بەرز بکاتەوە، کە چەندین پرسیار دەربارەی ئەم هەنگاوەی بڕیارە بینێن، دەوروژێنن، بەڵگەگەلێک کە مرۆڤ لە ژمارەیەکیاندا لەسەر هەقە، بەڵام ئەو دەستەبژێرانەی عەرەب کە بەشێک لەم بیانوویانەیان خستووەتە ڕوو، لە ڕوانگەی هەستکردنیان بەوەی، کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانی (دابەشکردنی عێراق)، لەوانەیشە (دابەشکردنی ناوچەکە) بێت بە گشتی، خۆپارێزی و ڕەتکردنەوەی خۆیان نەشاردووەتەوە. بابەتی دابەشکردنیش دەمانباتەوە سەر (یەکێتی - مەبەستی نووسەر یەکێتیی عەرەبییە)، ئەمەی دواییش (واتە یەکێتی - وەرگێڕ)، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ یەکێک لە سێ پەراسووە کاریگەرەکانی بەعس، لە هەموو حاڵەتەکانیشدا، ئەو پەراسووەیە کە بەعس و هاوشێوەکانی (ئەو حزبە عرووبەوییانەی، کە زیاتر لە نیو سەدەیە چۆکیان لەسەر سنگی کۆمەڵگاکانماندا داکوتیوە) تێیدا هاوبەشن.


حاڵەتەکە ئەوەیە، کە عەرەب بە دەستەبژێر و حزب و کۆمەڵەکانیەوە دان بەوەدا دەنێن، ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم یەکلا بوونەتەوە، ئەمەش بەو پێیەی کە ڕای گشتیی کوردی، ڕووی بەرەو یەکلاکردنەوەی بیرۆکەی سەربەخۆییە. کەواتە دەستەبژێر و کۆمەڵە و حزبگەلێک چۆن دەتوانن دان بە مەیلی کۆمەڵێک بنێن بۆ سەربەخۆیی، بەڵام دان بە هەمان ئەم مافەدا نەنێن بۆ کۆمەڵێکی تر؟ ئایا ئەمە بۆ خۆی پرسیارگەلی جیاواز دەربارەی مافەکانی کۆمەڵە عەرەبییەکان لە سەربەخۆیی ناوروژێنێت؟ ئەی چی دەربارەی مافەکانی ئێمە لە فەلەستین؟ ئایا مافی کورد لەوەی دەوڵەتی هەبێت، هاوشانی مافی فەلەستینییەکان نییە لەوەی دەوڵەتیان هەبێت؟ لێرەوە و لەگەڵ وردەکارییێکی زیاتر، کە پێویستە لەبیرمان بێت، ئەویش ئەوەیە، کە عەرەب بەشێک بووە لەو سیستەمەی کە نەک هەر ڕێگای بە کورد نەداوە دەوڵەتی خۆی هەبێت، بەڵکوو کوردیشی چەوساندووەتەوە و ستەمی لێ کردووە. لەکاتێکدا کورد هیچ دەستێکیان لە تراژیدیای فەلەستینییەکاندا نەبووە.


وردەکارییەکی سادە و ساکار نییە، لێیەوە دەست بە خستنەڕووی بیرۆکەی خۆمان لەبارەی دەوڵەتی کوردی بکەین، بەوەی کە ئێمە دەزانین (کورد دەنگ لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی دەدات)، دواتریش بەوە کۆتایی بە بیرۆکەکەمان بهێنین، کە ئێمە دژی ئەم سەربەخۆییەین! ئەمە بەو مانایە دێت، کە ئێمە دژی مافی کۆمەڵگاکانین لەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، کە ئەمەش پرسیارگەلی هاوشێوە و تەریب دەربارەی ماف و کێشەکانی ئێمە دەوروژێنێت.


هیچ هەستیارییکی عەرەبی لە پەیوەست بە زۆرلێکراوی کۆمەڵی کوردی، پێگەیشتوو و تەواو نییە. داننانی عەرەب بەو زۆردارییە بەکۆمەڵەی لە عێراقدا لە کورد کراوە و هەژمارکردنی وەک قوربانیی عێراقی، بەو سیفەتەی کە (قوربانیی ئوممەتە)، نکۆڵیکردنە لە (زۆرلێکراویی نەتەوەیی)یان و داننانە بە زۆرلێکراویی نیشتمانییان. سەرەڕای جیاوازییان لە فۆڕم و بارودۆخەکاندا، بەڵام هەمان ئەم شتەش لە سووریا دووبارە دەبێتەوە. ڕاستە بەعس لە هەردوو وڵاتدا ستەمی لە هەمووان کردووە، بەڵام لەبەر ئەوە ستەمی لە کورد کرد کە عێراقی و سووریین، هەروەها لەبەر ئەوەی کوردن، لێرەوە ستەم و زۆردارییەکە چەند قاتەیە.


بەخۆداچوونەوەیەک نییە، کە سەرچاوە لە بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی عەرەبی دەرهەق بە تراژیدیای کورد بگرێت، عەرەب لەبەر ئەوە دژی (سایکس بیکۆ) و پەیماننامەکانی پێش و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بوون، چونکە لوبنان و سووریایان دابەش کرد، یان لیوای ئەسکەندەروونەیان خستە سەر تورکیا، بەڵام لەگەڵ ئەم ڕێککەوتن و پەیماننامانەدان کە کوردی عێراقیان لە مافی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان، بێبەش کرد. ئەم هەستیارییە دووفاقییە لەبەرامبەر (پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان) ڕەگی مێژوویی و کۆمەڵایەتییان هەیە، بۆیە لایەنگیریی ئەمڕۆ بۆ مافی کورد لەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی بڵێین بەخۆداچوونەوە لەم پرۆسەیەدا دەستی پێ کرد، یان پێویستە دەست پێ بکات.


هەموو ئەمانە مافی لێپرسینەوەمان لە دەوڵەتی کوردی لێ ناستێننەوە، کە دەرەنجامی خەوشەکانی ئەو ئەزموونەن، کە کورد لە 1991 دەستیان پێی کرد، چونکە حاڵەتەکە بۆ کەسی چاودێر وایە، کاتێک دەچێتە کوردستان، بێدادییەکانی ئەزموونەکەی لەبەر چاواندا ون نابن، بەڵام ئەم بێ ئومێدییە هیچ پەیوەندیی بەو مافە ڕەوا و ڕەسەنەی لەپێشینەی هەموو شتیکەوە دێت، نییە، کە ئەویش مافی کوردە لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان. کاتێکیش دەستەبژێری عەرەبی بە ئاراستەی دەستگرتن بەم مافە بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوکاتە مافی ئەوەیشی پتەوتر دەبێت، کە لێپرسینەوە لە سەرکردایەتیی کوردی بکات، لەوەی چۆن کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕۆشنبیریی دەسەڵاتگەرایی عەرەبی. پرسەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، واتە لەوەی کە کورد، یان زۆرینەی هەرە زۆری کورد، سەربەخۆییان دەوێت. لێرەوە عەرەبیش لەسەر داوای لێبووردن نەکردن لە کولتوورەکەیان، دەبوورین، چونکە ئەوان لەناو ئەو نەتەوانەی دیکەدا بوون، کە لەپشت تراژیدیاکانی کوردەوە بوون. ئیتر دوای ئەم دانپیدانانە، هەروەها دوای ئەم داوای لێبووردنە، لە تواناماندا دەبێت ڕووبەڕووی هەردوو حزبی سەرەکیی کوردی ببینەوە و لێپرسینەوەیان لەمەڕ زۆر شت لێ بکەین و رەخنەیان لێ بگرین، بەڵام ئەوەی کە بێین خەوش و کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتی کوردی بکەینە پاساوی ئەوەی کە کورد مافی دەوڵەتی سەربەخۆیان نییە، ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە کە بڵێین عێراقییەکان مافی بوونی دەوڵەتیان نییە. بەو پێیەی گەندەڵییەکانی حکوومەتی بەغدا زۆر زۆرتر و پارچە پارچەبوونەکانیشی توندوتیژترن. تەنانەت ئەم قسەیە بۆ مافی لوبنانی و سوورییەکانیش بە دەوڵەتەکانیانەوە دەگرێتەوە.


ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە و هەر ئەمڕۆ پێشی سبەی، لە گفتوگۆکانمان لەمەڕ ئەزموونی کوردی، دان بەوەدا بنێین کە مافی کورد لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، مافێکی ڕەوایە، هەروەها لەم هەوڵەیاندا لەگەڵیاندا بوەستین و پشتگیرییان بکەین، ئەوا هەموو جۆرە خۆپارێزییێکمان لەبارەی ئەزموونەکەیان دەبێتە کارێکی لۆژیکی و ئەخلاقی.


ئەو چەکانەی لە دمودوو و گەنگەشەی عەرەبی - کوردی دەربارەی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق بەکار دەهێندرێن، بە ڕۆڵی خۆیان ڕاستییەکی دیکە دەخەنە ڕوو و ئاشکرا دەکەن، ئەویش هۆشیاریی کۆمەڵە و دەستەبژێرەکانە لە پەیوەست بە ڕاستیی ستەملێکراوی، بەڵام هۆشیاریی ستەملێکراوی نابێت ببێتە هۆی ڕەتکردنەوە، چونکە ئەمە کارەساتێکی گەورەتر بەدوای خۆیدا دێنێت. بەو پێیەی لێرەدا ستەم لە کولتوورێکەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نکۆڵیی لێ ناکات، بەمەش لە باشترین حاڵەتدا قەبوڵی دەکات و بۆ واقیعێکی فراوانتر دەیگۆڕێت و دەیگوازێتەوە. بۆ نموونە (کورد بەشێک بوون لە تراژیدیای ئەرمەنییەکان، بەڵام بە هۆی ڕۆڵەکەیانەوە بە شەیتان نەکران)، ئەمە یەکێکە لە وەڵامە عەرەبییەکان، کە بە ڕۆڵی خۆی جۆرێکە لە داواکردن و هاندانی ئەرمەن بۆ ئەوەی داوای بەخۆداچوونەوە لە کورد نەکەن.


ئەگەر عێراقییەکی عەرەبی بم، یان سوورییەکی عەرەبی بم، بوێریی ئەوەم نەدەبوو، لەوەی دژی مافی کورد لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بوەستم، بەڵام ئەگەر فەلەستینی بم، ئەوا دەمبینی کە شان بەشانی کورد خەبات دەکەم، ئەمەش لەبەر ئەوەی مافی من لە فەلەستین، هیچ لە مافی ئەوان لە کوردستان زیاتر نییە، هەروەها ئیسرائیل هێندەی بەعسییەکان، هەروەها ئەوەندەی هەردوو دەسەڵاتی داگیرکەری تاران و ئەنکارا، ستەمکار و زۆردار نەبووە.

لە ڕۆژنامەی (الحياة)ەوە