ئەویش وەک مافی فەلەستینییەکان وایە!

 

مەرزووق ئەلحەلەبی 23/09/2018 - 15:33 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

ئێمەی فەلەستینی لە گفتوگۆ ناوخۆییەکانماندا، یان لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا، دەمانگوت: ”بە کوردی کردن“ی پرسی فەلەستینمان ناوێ، بەوەی گەلەکەمان دابەش بکەنە سەر چەند دەوڵەتێک، ئەمەو بەبێ ئەوەی کە ئیرادەیەکی یەکگرتووی هەبێت، کە بە هۆیەوە بتوانێ لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ئەمەش لەو ڕوانگەیەی کە مافەکانی گەلی کورد لە ئێمە کەمتر نین، وەک چۆن لە باری ڕەگاژۆییان لە قووڵایی مێژوودا و خواستیان بۆ شکۆی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، لە ئێمە کەمتر نین. ئەوەتا ئێستا ئێمە ناچارین لە گۆشەی کوردی عێراق ”ئەوەی کە چیتر عێراق نییە“ خۆیانەوە، سەیری بیرۆکەی سەربەخۆیی و نەخشە و پلانیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی گەلێری بکەین، کە دەیانەوێ وەک هەنگاوێک بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد، بینێن.


 ڕوانینێک لە مێژووی پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کورددا، دەمانگەیەنێتە ڕاستیی ئەو ستەمەی کە دەوڵەت لە هەموو هەرێمەکە، لە دژی کورد و مافەکانی، وەک گەل و ڕۆشنبیری و شووناس و چارەنووس، پیادەیان کردووە. ئەوەتا تورکیا تا ئێستاش دەیانچەوسێنێتەوە و شەڕی لەناوبردنیان لە دژ دەکات. تەنانەت ساڵانێکی دوور و درێژ بە بیانووی بەتورککردن و سەپاندنی سەروەریی تورکی بەسەریاندا، لە خوێندن بە زمانی دایکیان بێبەش کراون. لە عێراقیش هەمان شت رووی دا، بەتایبەت لە پەیوەست بە دوژمنایەتیکردنیان و شەڕی قڕکردن لە دژیاندا، ئەویش بە بیانووی بە عەرەبکردن و سەپاندنی سەروەری بەسەریاندا، وەک چۆن لە سووریاش دەوڵەت ڕاوی نان و بە بیانووی عرووبە و بانگەشەکردن بۆ نیشتمان و سەروەری، بە زۆر ڕایگواستن و کاری دڕدانەی لە دژیان ئەنجام دا. هەرچی ئێرانیشە، لە دەرەوەی ئەم ڕێسایە و ڕیزپەڕ نەبووە و ئەویش کوردەکانی کردە قوربانی. لە هەموو ئەم دەوڵەتانەی باس کران، کورد بەتەواوی پەراوێز خرا، دوور خرایەوە و وەک دوژمن، یان کۆمەڵێکی گومانلێکراو سەیر کران. هەر ئەوەندە بەسە نزیک بکرێتەوە، یان پەیوەندییەکان لەگەڵیدا باش بکرێت، ئیتر مامەڵەکە دەچێتەوە یەک و ئاراستەکەی پێچەوانە دەبێتەوە. بەو مانایەی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی هەرێمەکە، لەگەڵ ئەم گەلە دادوەر نەبوون و مامەڵەیان لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی کورد بۆ شکۆمەندیی نەتەوەیی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا و لەمیانی سەروەرییەکدا کە دڵنیایی و ئازادی و گەشەکردنی سروشتیان پێ ببەخشێت، نەکردووە. ئا لێرەوە هەستکردنی کورد بە ستەملێکراوی لەسایەی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، ئەگەرچی ئەو ستەمە لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە، جیاوازیش بێت. هەرچەندەیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتدا نەرمییان نواندبێت و وەک هاووڵاتی، یان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیی ڕۆشنبیری و جوگرافی ئامادەیی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بووبن لەگەڵ دەوڵەتدا، کەچی سەربردەیان لەگەڵ دەوڵەتدا بەدرێژایی هێڵەکە هەر ستەملێکراوییە.


زۆربەی کات ئەوە دەوڵەت بووە کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کوردا شکستی هێناوە، نەک پێچەوانەکەی، ئەوە میراتی سایکس بیکۆی کۆڵۆنیالیزمە کە واقیعی بڵاوبوونەوە و پەرتەوازەبوونی کوردی لەناو چوار دەوڵەتدا دروست کردووە، لەکاتیکدا هەر بۆ زانین، ئەو کوردستانەی لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا و بە تێپەڕین بە عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بەرەو ڕۆژئاوای ئێران درێژ دەبێتەوە، زۆر بەئاسانی دەکرێ هەرێمێکی یەکگرتووی جوگرافی و ڕۆشنبیری و سیاسی پێک بهێنێت. هەر ئەو واقیعەیە وای لە دەوڵەتانی ناوبراو کردووە کە هەرچەندەیش ناکۆکیان لەنێواندا بێت و بگاتە ئاستی شەڕیش، کەچی لەپێناو ڕێگرتن لە کورد لەوەی ژیانی خۆیان باشتر بکەن و قەوارە سیاسییەکانیان گەشە پێ بدەن، تا دەگاتە بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی، ئەوان هاوکاری و هەماهەنگیی یەکتری دەکەن و پیلانیان لێ دەگێڕن. تەنانەت کورد بەردەوام قوربانیی هێرش و داگیرکاری و کردە سەربازییەکانی ئەم و ئەو دەوڵەت بوونە، کە ئەم و ئەو دەوڵەت هاوکاریان بوونە، بۆ ئەوەی لەم هەرێم و ئەو هەرێم ڕێگایان لێ بگرن، تاکو نەتوانن تەنیا هەنگاوێکی پڕۆژەکەیان جێبەجێ بکەن.


ئەوەتا سووریا و عێراق بەهۆی ڕژێمی بەعسەوە (لە هەردوو حاڵەتدا) پارچە پارچە بوون، هەرچی پڕۆژەی تورکی و ئێرانیشە بە خەسڵەتی مەیلی هەژموونگەرایی و فراوانخوازی و دوژمنایەتی لە دژی کورد دەناسرێنەوە. بۆیە جگە لە وەبەرهێنانی ئەوەی ڕووی داوە و هەیە، شتێکی تریان بۆ نەماوەتەوە تا بەهۆیەوە هەوڵی گەشەپێدانی پڕۆسە سیاسییەکانیان بکەن، پڕۆژەگەلێک کە بەدڵی هیچ کام لە دەوڵەتانی ناوبراو نییە. چونکە بوونی قەوارەیەکی کوردیی خاوەن سەروەری لە باکووری عێراق، تۆوی دەوڵەتی کوردییە لە تەواوی کوردستان ”واتە لەو چوار دەوڵەتەی هەن“. لێرەوەیە بایەخدانی تورکیا بە سووریا و وەبەرهێنان لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و دەرکەوتنی داعش دێت، بۆ ئەوەی زەبرێکی کوشندە لە هەرێمی کوردی باکووری سووریا و مەیلی بۆ بنیاتنانی قەوارەیەکی خاوەن سەروەری و ئۆتۆنۆم بدات. هەر لێرەیشەوەیە کە عێراق بە لێک تێگەیشتن لەگەڵ ئێران و فشاری تورکی، بە هەموو ڕێگایەک هەوڵی ڕێگرتن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەدات. هەوڵ و هەنگاوەکانی ڕژێمی بەغدا بۆ کۆکردنەوەی حەشد و هێزەکانی خۆی لەسەر سنووری هەرێم، هەنگاوێکە لە ململانێ بۆ لەباربردنی خواست و داخوازیی کورد بۆ سەروەری و سەربەخۆیی لە هەرێمێکدا، کە لە واقیعدا هەیە. خاڵی جیاکەرەوە لەو نێوەدا ئەوەیە، کە دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان و هاوپەیمانە نەیارەکانیان، کە ناکۆکییەکانیان دەگاتە ئاستی شەڕی شاراوە و ئاشکرا، لەپێناو ڕێگرتن لە کورد لەوەی خەونی خۆیان بەدی بهێنن، هاوکاری و هەماهەنگی دەکەن.


هەر کەسێک کە پشتیوانی کێشەی فەلەستین بێت، ناتوانێت پشتگیریی خواستی کورد بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نەکات، ئەمەو سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی گەلانی جیهان لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهانییەوە تا ئێستا، بەسەر چەمکی مافی بڕیاردان لە چارەنووس لە یاسای نێودەوڵەتی و زانستە سیاسییەکاندا هاتوون. ڕاستە دەکرێ ئەو مافە لە قەوارەیەکی خاوەن سەروەریی کەمتر لە دەوڵەتیش بەرجەستە بێت - لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیێکی پێشکەوتوو و قووڵ، یان لە چوارچێوەی فیدڕاڵی، یاخود سیستەمی کانتۆنەکان، وەک ئەوەی سویسڕا، یان وەک هەر نموونە و فۆڕمێکی دیکەی وەک دەوڵەتی دووانەیی، یان فرەنەتەوەیی، بەڵام دەوڵەتی هەرێمایەتی لە ناوچەکانی کوردستان، بە کەمتر لەوە چارەسەر و ڕزگاری نابێت. خودی ئەمەش هەڵوەشاوەتەوە، یان تواوەتەوە و بە درێژایی سنوور درێژ بووەتەوە، ئەو شتەی کە هیچ بوار و دەرفەتێک بۆ کورد، تەنانەت بۆ دڵنیایی و زامنکردنی قەوارەکەیان و کولتوورەکەیان وەک گەل و کۆمەڵگەیەک کە لە قووڵایی مێژوو و بازنەی جوگرافی درێژ بوونەتەوە، ناهێڵێتەوە، بەڵام وەک فەلەستینییەک هەست دەکەم، هەستێک کە لە ئومێدەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر کورد توانیان خەونی خۆیان بەدی بهێنن، بە بڕوای من لەسەر ڕێڕەو و ئاوڕێژێکداین، تەنانەت ئەگەر ئەو ئاوڕێژ و ڕێرەوە لە ناخی خۆیدا مەترسیشی هەڵگرتبێت، ئەوا دەرفەتێک بۆ گەلانی وەک فەلەستینی و کوردی پێک دەهینێت.


هەندێک عەرەب خۆیان بە لیکۆڵینەوە و نووسینی سەیر خەریک کردووە، کە گومان لەوە دەکەن کورد گەل بێت، هەندێکیشیان تا ئێستا بە پاساوی عرووبە ”هەستی نەتەوەیی“ دژایەتیی سەربەخۆیی کورد دەکەن. ئەمەش هەمان ئەم بیرکردنەوەیەیە کە ئێمەی بەرەو هیلاکی و فەوتان برد - لە کێشەی فەلەستین - ئەوانە زیاتر پاساون، وەک لەوەی بانگەشەگەلێک بن، کە شیاوی هەڵوەستە لەسەرکردن. بۆیە لێرەوە من لێرەوە، لەسەر کەرمل لەسەر کەناری حەیفا، ڕوو لە خۆرهەڵات سەیری کوردستان دەکەم، بەو ئومێدەی لەوێوە موژدەیەک بۆ فەلەستینییەکان بێت. هاوکات لە ڕوانگەی ئەو فەلەستینییانە کەم دەکەمەوە، کە ئاماژە بە پشتگیریی فەرمیی ئیسرائیل لە هەوڵەکانی کورد دەکەن، بۆ ئەوەی لە دژی ئەوە بوەستنەوە. چونکە لەدژ وەستانەوەی خواستی کورد، لە هەمان کاتدا تەقاندنی گوللەیەکە بەرەو ڕووی مافی فەلەستینی و ڕەوایی کێشەی فەلەستین، کە دەمانەوێ بەرەو پیادەکردنی مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی لەسەر خاکی خۆی، پێش بکەوێت، وەک چۆن کوردەکانیش هەمان خەون دەبینن.


لە ڕۆژنامەی (الحياة)ەوە