لەبەر ئەم هۆکارانە پشتیوانیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەم

 

نیرڤانا مەحموود 23/09/2018 - 15:30 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

ساڵی 838 سەرکردەیەکی کورد بە ناوی جەعفەر داسنی، لە مووسڵ، شۆڕشی لە دژی خەلیفە موعتەسەم بەرپا کرد. ئیتر دوای زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نێوان عەرەب و کورد لە زەوییە سەختەکان، ئیتاخ (بە ڕەچەڵەک عەرەب نەبوو)، کە فەرماندەیەکی خەلیفە بوو، لە شەڕەکەدا سەرکەوت و ژمارەیەکی زۆر کوردی لەسێدارە دا، بەڵام میر جەعفەری داسنی، بۆ ئەوەی نەگیرێ و خۆی ڕادەست نەکات، خۆی کوشت.


لەوانەیە زۆربەی ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمی کوردستانن، هیچ شتێک لەبارەی ململانێیەکانی سەدەی ناوەڕاست نەزانن، بەڵام گومانی تێدا نییە، کە هیواخوازن مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە و جارێکی دیکە کورد شکست بهێنێت، کەچی ئەمە شتێکی دوورە. زۆریی دوژمنەکانی کوردی عێراق، هەموویانی لەسەر ڕیفراندۆم یەک خست، لەکاتێکدا ئەوان بەدرێژایی مێژوو هەرگیز وەک ئەمڕۆ پێداگر و سوور نەبوون.


زۆر ئاسانە مرۆڤ شوێن بووقی دژبەرەکانی ڕیفراندۆمی کوردی بکەوێ، لەگەڵ ئەمەشدا من بەسادەیی و خاکەڕاییەوە بڕیارم دا، کە لە هەوڵەکانیاندا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی خۆیان، لایەنگری کوردە ئازاکان بم، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار.

 

یەکەم: ڕەوایەتیی دۆزەکەیان
لەگەڵ ئەوەی کە من لە میسڕ گەورە بووم و پێگەیشتووم و لە تەمەنێکی زووەوە چاودێریی پێشکەوتنە سیاسییە هەرێمایەتییەکانم کردووە، کەچی هەرگیز ناوی (کورد)م نەژنەوت، تەنیا بە شێوەیەکی ڕاگوزەر نەبێت، ئەویش ئەو کاتەی کە سەددام حوسێن بە چەکی کیمیاوی لە ساڵی 1988 قەسابخانەی بۆ دروست کردن. لەگەڵ ئەمەشدا، زۆرێک لە عەرەبەکان خراپە لەگەڵ کورد دەکەن و پێیان وایە کە ئەوان بەکرێگیراوی هێزی دەرەکیین. لەمیانی گەشتەکانی دواییم بۆ سووریا و ئێران و تورکیا، لە قەبارەی خراپەکارییەی، یان ڕاستتر ئەو رەگەزپەرستییەی دژی کوردم بۆ ئاشکرا بوو، تووشی شۆک بووم، هەر لەبەر ئەمەیشە کە هێزە هەرێمایەتییەکان لە باری مۆڕاڵ و ئەخلاقەوە و بە چەوساندنەوەی دووبارە و بەردەوامیان بۆ کورد کەوتن، بۆیە هەرگیز مافی ئەوەیان نییە لەوەدا ئامۆژگاریی کورد بکەن، کە پێویستە چی بکات و چی نەکات.

 

دووەم: هەرگیز (کاتی گونجاو) لەو نێوەدا نابێت
سەربەخۆیی کوردستان زۆر جار دواخراوە، خەونێک بەدرێژایی سەت ساڵی ڕابردوو ئارامییان لەسەر وەدیهاتنی گرت، بەڵام وێدەچێ چاوەڕوانی سەدەیەکیش هێشتا بەس نەبێت، بۆیە داوا لە کورد دەکەن جارێکی دیکەش دوای بخات. قسەی (کاتەکە گونجاو نییە)، یەکێکە لە بیانووەکانی پاساودانەوەی رەتکردنەوەی ڕیفراندۆم. بە هەرحاڵ، کورد لەمیانی خەباتی سەت ساڵەی لەپێناو سەربەخۆییدا، وانەیەک فێر بوون، هەرگیز (کاتێکی گونجاو) لەو نێوەدا نابێت. نەتەوەی کورد هۆکاری پشتی لەبارچوون و لەرزۆکی دۆخەکان نییە لە عێراق و سووریادا، ئەو دۆخانەی کە بە چاوپۆشین لە خواست و هەوڵەکانی کورد، هەر وەک خۆیان دەمێننەوە. لۆمەکردنی کورد، یان داوا لێکردنیان بە چاوەڕاونیکردن، تەنیا بیانوویێکە بۆ دواخستنی شتێک کە هەر دەبێت.

 

سێیەم: کوردستانی سەربەخۆ، هۆکاری هاوسەنگییە
لەسایەی ئەو حاڵەتەی ململانێیەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەیبینێت، بەتایبەتی پێشبڕکێی ئێران و تورکیا و سعوودیە لەسەر هێز و هەژموونگەری، کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت ناوچەیەکی ناوبڕ بێت بۆ وەستاندنی چاوتێبڕینی ئاگرینی هەر یەکە لە تورکیا و ئێران، کە بەتوندی ڕیفراندۆمیان رەت کردەوە. پیاوە عێراقییەکەی لایەنگری ئێران، نووری مالیکی، جێگری سەرکۆمار گوتی: “هەرگیز لە باکووری عێراق، ڕێگا بە بوونی ئیسرایلی دووەم نادەین”. لای خۆیشیانەوە هەندێک کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی تورکیا، کە لایەنگری ئەردۆگانن، چەند هەواڵێکی درۆیان بڵاو کردەوە، گوایە بە مەبەستی نیشتەجێکردنی جوو لە هەرێمی کوردستان، هەندێ گرووپی کورد ڕێککەوتنێکی نهێنییان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە. ڕاستە ئیسرائیل پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکات، بەڵام بە چاوپۆشین لەم پشتگیرییەی ئیسرائیل، کورد بۆ خۆی هۆکارێکی زۆر بەهێز و قووڵتری بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی هەیە.


لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرگیز بە ئەرێنی سەیری کورد ناکرێت، مەگەر بەعەرەبکراو بێت، یان بە موسڵمانکراو، بەڵام کوردی نەتەوەیی، هەمیشە و بەردەوام کەسێکی (خراپ)ه. شێواندنی وێنەی کورد هیچ نییە، جگە لە ڕەنگدانەوەی ناشیرینی و قێزەونیی هەموو ئایدیۆلۆژیا باوەکانی ناوچەکە، ئیتر ئیسلامی بێت بە لقە سوننی و شیعییەکەی، یان ناسیۆنالیستی عەرەبی. بۆیە و لەبەر ئەم هۆکارە، وەک کەسێکی لیبڕال، دژی ئەو ناشیرینی و قێزەونییە دەوەستم و پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەم.


دوور لە شانۆی ڕیفراندۆم، پشتیوانیی مافی کورد دەکەم لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، بەڵام ئەم پشتیوانییەم بەو مەرجەیە، کەوا ئومێد دەکەم هەرێمی کوردستان ببێتە هەڵگری زۆرترین بەها لیبڕال و پێشکەوتنخوازییەکان. چاوەڕوانی بەڕێوەبردن و حوکمڕانییەکی کەمتر ستەمکار و زۆرتر گشتگیرم لە کوردستان، بە جۆرێک کە بتوانێت خۆشەویستی و سۆزی عەرەب و تورکمان، ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی کورددا دەژین، ڕابکێشێت. من دڵنیام و متمانەیەکی تەواوم هەیە، کەوا کورد نموونەیەکی ئەرێنی و جوان، بۆ ئەوانی دیکە لە ناوچەکەدا پێشکەش دەکەن و هیوادارم خیانەت لەو بڕوا و متمانەیەی من نەکەن.

 

لە ماڵپەڕی کەناڵی (الحرة)ەوە