بەڵام ئەوە کێیە عێراق پارچە دەکات؟

 

وەحید عەبدولمەجید 23/09/2018 - 15:28 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

ڕیفراندۆم لە ناوچەکە و جیهاندا قەبوڵکراو نییە، تا ئاستێک زۆربەیان ڕەتیان کردووەتەوە، ئێران و تورکیا کە بەرزترین دەنگی دژە ڕیفراندۆمن لە ناوچەکە، هێزە نێودەوڵەتییە مەزنەکانیش، هەر یەکەو بە شیوازی خۆی لەسەر ڕەتکردنەوەی کۆدەنگن. ئەمریکا، کە هەمیشە بە پیلانگیڕێ بۆ پارچە پارچەکردنی عێراق تاوانبار دەکرێت، سەرۆکایەتیی هەڵمەتی ڕەتکردنەوەی کرد و هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم نەکرێت.


هەڵوێستی ئەمریکا لەگەڵ هەموو ئەوانە کۆک بوو، کە لە هەموو بۆنەکاندا و تەنانەت بەبێ بۆنەش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئامانجی ئەمریکا دابەشکردنی عێراقە و بەشێکە لە پیڵانگێڕییەک کە ئێمەی کردووەتە ئامانج.


ئەوانەی ڕیفراندۆم ڕەت دەکەنەوە، وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی نادەنەوە: یەکەمیان، لەوەی کە ئاخۆ لە ڕاستیداعێراق یەک پارچەیە؟ دووەمیان دەربارەی کێشی ڕێژەیی واقیعی تاڵی بارگران بە کارەساتەکانی ڕابردوو و خەونی مێژوویی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، لە شیکردنەوەیەکدا کە زۆرینەی کورد جیابوونەوە بە باشتر دەزانن، جیابوونەوەیەک، کە زیانەکانی لە سوودەکانی زیاترن.


وێدەچێ پرسیاری یەکەم ئاسانتر بێت، عێراق یەک دەوڵەتی فەرمییە، سیستەمەکەی فیدڕاڵی دەستوورییە، بەڵام واقیع دەڵێت، لە باری جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە هەڵوەشاوەتەوە و پەیوەندیی نێوان ناوەند لە یەغدا لەگەڵ هەندێک لە هەرێمەکانی، خەریکە لە شێوازی کۆنفیدڕاڵی، کە زۆرترین سەربەخۆیی خودی فەراهەم دەکات، نزیک دەبێتەوە، ئەمەو لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان جۆرێک لە سەربەخۆییەکی نیمچە تەواوی هەیە، کە شێوەی پێشووتر تێ دەپەڕێنێت.


ئامادەیی دەسەڵاتی ناوەندی لە باری سیاسی و ئابووری، لە زۆربەری هەرێمەکاندا لەنێوان مامناوەند و لاواز و نەبووندایە، میلیشیا تائیفییەکان کە هێزی سەربازییان هەیە، لە پشتیوانیکردنی ئامادەبوونیدا هاوکار نین، بەڵکوو ڕق و کینە دروست دەکەن، کە ئەمەش هێندەی تر ئەو دەسەڵاتە لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لاواز دەکات.


بە پێچەوانەی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ عێراق یەکگرتووە، وێدەچێ پرسیاری کێشی ڕێژەیی واقیع و خەون، قورس بێت. لە باری میتۆدییەوە پێوانەکردنی کاریگەریی خەونەکان لە واقیعدا، ئەستەمە، بەڵام لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە تیایاندا بابەتی جیابوونەوەی هەرێمێک لە دەوڵەت وروژێندراوە، ئاماژە بەوە دەکەن، کە مرۆڤ بەلایەوە باشترە پارێزگاری لە واقیعێک بکات، کە لە دیاریکردنی ئەدگار و سیماکانیدا لە بەڕێوەبردنی کارەکانیدا بەشدار بێت و تیایدا ژیانێکی شکۆمەندانە بژیێت، تەنانەت هەتا ئەگەر خەونێکی گەورەتریشی هەبێت.


بەشێک لەو ئەزموونانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی، ئەگەر واقیعەکە قەبوڵکراو بێت، ئەوا زۆرینە بە شوێن خەونی جیابوونەوە ناکەون و لەپێناو شتێکدا کە یەقینیان نەبێت باشترە، ڕیسک بەو شتە ناکەن کە لە دەستیاندایە، بۆیەشە دوو جار (1980 و1995) زۆرینەی کیوبیک، جیابوونەوەیان لە کەنەدا ڕەت کردەوە، هەروەها زۆرینەی سکۆتلەندییەکانیش لە ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە شانشینی یەکگرتوو لە ساڵی 2014 هەمان شتیان کرد. وێشدەچێت ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، ئەگەر لەو کاتە ئەنجام بدرێت، کە حکوومەتی هەرێمەکە پێداگریی لەسەر دەکات، هاوشێوەی ئەوانە بێت.


بەڵام حاڵەتەکانی دیکە، کە زۆربەی دانیشتووانی هەرێمەکان ڕەزامەندییان لەسەر جیابوونەوە دا، ئەوە لە ئەنجامی تاڵی و تفتی ئەو واقیعە بوو کە لە شیرینیی هەموو خەونێک بەهێزتر بوو، ئیتر بەهۆی شەڕی ناوخۆیی بەردەوامەوە بێت، وەک ئەوەی سوودان کە بە جیابوونەوەی باشوورەکەی کۆتایی هات، یان بە هۆی پاکتاوی ڕەگەزیی کوشندە کە بووە هۆی ئەوەی 90%ی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ، بژارەی جیابوونەوە لە سڕبیا هەڵبژێرن، یاخود لە ئەنجامی پەراوێزخستن و ستەمکاری، کە ئەریتیرییەکانی ناچار بە یاخیبوونی چەکداری کرد و دواجار بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کۆتایی هات، کە تیایدا زیاتر 95%ی ئەریتریرییەکان، ڕەزامەنددیان لەسەر جیابوونەوە لە ئەسیوبیا دا.


لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا هەرێمی جیابووەوە بەرپرسیارێتیی یەکەمی جیابوونەوەکە هەڵناگریت، بەڵکوو دەسەڵاتی ناوەندی بەهۆی سیاسەت و مامەڵەکانییەوە ئەو بەرپرسیاریتییە هەڵدەگرێت، لەو نێوەدا حاڵەتی کورد لە عێراقدا جیاواز نییە، ئەو ڕیفراندۆمەی لەسەر ئەنجدامنی سوور و پێداگربوون، هیچ نییە جگە لەوەی کە ئەوان ئیدی دەیانزانی و دڵنیا بوون لەوەی ناتوانن لە ماوەی چاوەڕوانکراودا جیا ببنەوە، تەنیا لە ئەنجامی ئەو پێشەکییە درێژانە نەبێت، کە بەرەو ئەو ئاراستەیەیان برد.


ئەو ڕیفراندۆمە لە بۆشاییەوە نەهات، بەڵام سووربوونی کورد لەسەر ئەنجامدانی هیچ نەبوو، جگە لە ڕاکردن لە واقیعێک کە ئازاری دەدان، هەروەها وەک هەوڵێک بۆ سارێژکردنی برینگەلێک کە چەندین دەیە بوو تووشی بووبوون.


بۆیە لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە قورسە کێشی ڕێژەیی واقیعی کورد و خەونەکەیان پێوانە بکەین، بەڵام دوو تێبینی هەن، کە لە ئەنجامدانی ئەو پێوانەکارییە سوودیان دەبێت. یەکەمیان، خەونە نەتەوەییەکان نەمر نین، یان بەسەر سەردەم و زەمەندا سەختگیر نین، وەک چۆن لە بۆتەی چوارچێوەی وشک دانەڕێژڕاون، کە چەندە کۆن بوون و زەمەن کاری خۆی تێیان کرد، دەرچوون لێیان ئەستەم بێت. دووەمیان، پێوانەکردنی ئاستی هێزی کارتێکردنی واقیع لەمیانی خستنەڕووی ئەو پرسیارە ئەستەم نییە، کە دەڵێ: کۆمەڵێکی ئیتنی کە بە دەست ستەم و جیاکارییەوە دەناڵێنیت، ئەگەر لە ئاکامی نائامادەیی خەونی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، جیابوونەوە بە باشتر دەزانێت؟


وەڵامەکە (بەڵێ)یە، ئەمەش نەک تەنیا لەبەرئەوەی کە ئەوەی دەیکات کاردانەوەیەکی سروشتییە، بەڵکوو لەبەرئەوەی ئەو حاڵەتانەی کە تیایاندا هەرێمەکان جیا بوونەتەوە، هیچ خەونێکی نەتەوەییان نەبووە واقیع پشتڕاستی بکاتەوە، کەواتە زۆرترینیان بەراورد بە هەر خەونێک، بە پاڵنەرەکانی جیابوونەوەوە بەندن. ئەو حاڵەتەی کوردی عێراقیش وایە، کە بەهۆی ئەو تاڵی و تفتییەی هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ئەزموونیان لەگەڵ بەعسدا بەسەریاندا کەڵەکە بوو، زۆرینەیان جیابوونەوەیان پێ باشترە. چونکە ئەو ئەزموونەیان، زۆر لە ئەزموونی تاڵیی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی حزبی بەعس (منیف الرزاز) لەگەڵ حزبەکەیدا، تاڵتر بوو، ئەو ئەزموونەی کە لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی (التجربة المُرة - 1966) تۆماری کردووە.


حزبی بەعس بۆ ئەوەی دەستی بۆ ڕیشەکیشکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکانی دیکەی وڵات کراوە و واڵا بێت، لە سەرەتای فەرمانڕەوایەتیی خۆی (1970) ئۆتۆنۆمیی بە کورد دا، پاشان کە لەوانی تر بووەوە، لە کوردیش هەڵگەڕایەوە و هەرچی لە هەگبەیدا بوو بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەریاندا، بەکاری هێنا، تا ئاستی جینۆساید و کۆمەڵکوژی لە شاڵاوەکانی ئەنفال و بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە قەسابخانەی هەڵەبجەدا لە ساڵی 1988.


کاتێکیش لە دوای جەنگی ڕزگارکردنی کوێت، بواری سەپاندنی قەدەغەی فڕین بە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا (مەبەستی نووسەر بڕیاری 688 ی تایبەت بە هێڵی 36 و ناوچەی دژەفڕینی نەتەوە یەکگرتووەکانە - وەرگێڕ) و پاراستنی کوردەکان لە دڕندەیی دەسەڵاتێکی سەرکوتکار، ئیتر لەناو کورددا هەستکردنێک دروست بوو، بەوەی کە جیابوونەوەیان لە مانەوە لە چوارچێوەی قەوارەیەکدا کە تێیدا هەست بە یەکسانی و شکۆ و ئازادی و دادپەروەری ناکەن، زۆر باشترە.


کاتێکیش ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسین ئومێدی ئەوەی بۆ گەڕاندنەوە، بەوەی دەتوانن لە دەوڵەتێکدا بژین کە هەموو ئەو شتانەیان بۆ دابین دەکات، کە پێشتر لێی بێبەش کرابوون، بەڵام دوای لەدەست دەرچوونی توندڕۆیی مەزهەبی و سیاسی لە سنووری خۆی، دووبارە جێبەجێکردنی بەرژوەندییە مێژووییەکانیان ئەستەم بوو.


ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە کە ڕاست و دروستە بۆ ئەوەی ئاماەژەکانی ڕیفراندۆمی تیدا بخوێنینەوە، ڕەنگە ئەو کاتە بۆ ئەنجامدانی گونجاو نەبێت، لەوانەیشە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ویستبێتی بەم بڕیارەی لەبەردەم ڕووپۆشکردنی قەیرانی ناوخۆیی لەبری چارەسەرکردنی، ڕابکات، بەڵام دواجار ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە ئەوە کورد نین عێراق دابەش دەکەن، بەڵکوو ئەوانەی لە بەغدا دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، کاتێک ئەو هەل و دەرفەتە لەبار دەبەن کە ڕەنگە دوا دەرفەت بێت بۆ یەکگرتنەوە لەمیانی چارەسەرکردنی ئەو هەموو کەموکوڕی و خەوشانەی بوونە هۆی ئەوەی، هەستی جیابوونەوە لەناوەوەی زۆربەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکەن، نەک لە ڕێگای ڕێکخستنی هەڵمەتی سەرکۆنەکردنی ڕیفراندۆمێک کە یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی ئەو کەموکوڕی و خەوشانە.


دوا دەرفەتێک هەیە، ڕێگای دەستگرتن پێی بە چاکە، بۆ هەموو ئەوانە دیارە کە بیانەوێ، ئەویش بنیاتنانی دەوڵەتێکی نیشتمانییە، کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە دروست کرابێت، کە تێیدا هەموو عێراقییەکان هاووڵاتیی ئازاد بن.

 

لە ڕۆژنامەی (الحياة)ەوە