لەبارەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان

مامەڵە و ڕەفتارێکی حەکیمانەی عەرەبی لەگەڵ کورد و مافیان لە ئازادی و سەربەخۆیی، کلیلی بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی عەرەبی- کوردیی بەرهەمدار و بەردەوامە

عیماد شەقوور 23/09/2018 - 15:19 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

هەموو کاتێک گونجاوە بۆ سەربەخۆیی گەلان، هەموو کاتێکیش گونجاوە بۆ ئەوەی گەلان لەبارەی هەر کێشەیەکەوە بێت، ڕیفراندۆم بکەن. لەبەرامبەردا هەموو کاتێک نەگونجاوە بۆ داگیرکردنی خاکی هەر گەلێک لەلایەن گەلێکی تر و ناچارکردنی بە ژێردەستەیی، هەموو کاتیکیش نەگونجاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلێک لەسەر مافی گەلێکی دیکە، وەک ئەوەی کە ئیسرائیل ئاماژەی پێ دەکات و پلانی بۆ دادەڕێژێت، لە پەیوەست بە سەپاندنی ڕیفراندۆمی ئیسرائیلییەکان لەسەر خاکی فەلەستین و مافەکانیان، هەروەها لەسەر داهاتووی بەرزاییەکانی جۆلان لە سووریا، کە ئیسرائیل داگیری کردووە.


مافەکانی هەموو گەلان و دەوڵەتەکان ناسراو و دیارن، ئەوانیش مافگەلی سروشتی و ئەزەلین، کە نەدەگۆڕدرێن و نە لەناو دەچن. کاتێکیش هەر ناکۆکییەک لەنێوان دوو گەل، یان دەوڵەتێک دروست بێت، ئەوا بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتیی باو دەگەڕێتەوە، کە لەم سەردەمەی ئێمەدا، سیستەمی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتییە، کە ئەویش خۆی لە بەڵێننامە و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبینێتەوە، میراتگری (کۆمەڵەی گەلان)ی بەرهەمی ئەنجامەکانی جەنگی یەکەمی جیهانییە، ئەویش بە دەستپێشخەری و بانگهێشتی سەرۆکی ئەمەریکا، ودرۆ ویڵسۆنی خاوەنی بەڵگەنامە دە خاڵییەکەیە، کە گرنگترینیان ئەوەیە دەڵێت: ”مافی تەواوی گەلانە - بەبێ هەڵاوێردن - کە بۆ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن“. کاتێکیش بڕیارەکانی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی لەگەڵ (مافی سروشتی)ی ئازادی و سەربەخۆیی هەر گەلێک بەریەک دەکەون، ناکۆکی و ململانێ سەر هەڵدەدات و ڕەنگە بە (شەڕی پارتیزانی) و (کردەی فیدائی) دەست پێ بکات، (کە ڕەوایی نێودەوڵەتی بڕیاری لەبارەوە دەدات)، لەوانەیشە بە ئاراستەی جەنگێک پەرە بسێنێت، کە بە ئاستێک تەشەنە بکات و فراوان بێت، بتوانرێت ناوی لێ بندرێت، جەنگی جیهانی.


حاڵەتی تەقینەوەکە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، وەک چۆن هەمان حاڵەتی درێژخایەنە لە فەلەستین.


لەم ڕۆگارەدا دەوڵەتانی گەورە و بەهێز، دەوڵەتانی مامناوەند، تەنانەت دەوڵەتانی دیکتاتۆریش، هاوکات ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، کە ڕۆڵ و پسپۆرییەکەیان سنووردارە (وەک ڕێکخراو و گرووپە فەلەستینییەکان)، شانازی بە دەرکردنی بەیاننامە و گشتاندنی ئامۆژگاری دەکەن، وەک ئەوەی کە بە بیانووی (نەگونجاویی کاتەکە) داواکردن لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن کەوا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم دوا بخەن (ئەمە و سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان- مەبەستی نووسەر کوردە - پێشوەختە ڕایان گەیاندووە، کە ڕیفراندۆمەکە بەرمەرج نییە).


بەڕاست، ئاخۆ مافی ڕۆڵە و سەرکردەکانی گەلی کورد نییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە سووریا، ئێران و تورکیا، پرسیار لەو (ئامۆژگاریکار)انە بکەن و پێیان بڵێن: ئەرێ کەی و چ کاتێک بۆ سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبارەیەوە گونجاوە؟


ئایا بەدرێژایی سەدەیەک تا ئێستا، بە (کاتێکی گونجاو)دا ڕەت نەبووین. سەدەیەک کە تەمەنی ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆیە، ئەو ڕێککەوتننامەیەی ڕۆڵەکانی کوردی وەک ڕۆڵەی یەک گەل و نەتەوە، بەسەر چوار قەوارەی سیاسیدا دابەش کرد، چوار قەوارە کە چەندین شەڕ لەنێوانیاندا ڕووی دا و لەو نێوەدا و بەبێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەوان تیدا بێت، ڕۆڵەکانی کورد بەسەر دوو بەرە و سەنگەری شەڕەکەدا بەش بووبوون، شەڕی یەکتریان دەکرد؟


ڕاستە تەواوی ناوچەکە، تەنانەت دراوسێ نزیکەکانی و هەندێک لە دراوسێ دوورەکانیشی، بە قۆناغی ململانێی خوێناوی خەمگیندا ڕەت دەبێت، بەڵام ئەمە هەرگیز بیانوو نییە بۆ ئەوەی پاساوی تەنانەت یەک سەعات دواخستنی سەربەخۆیی هیچ گەلێک بداتەوە، لەپێشیانەوە کورد و فەلەستینییەکان، ئەمە مافێکی سروشتیی خۆیانە، بۆیە دوای جێبەجیکردنی لەسەر زەمینی واقیعدا، شتێکی سروشتی دەبێت، کە داوا بکەن، یان داوایان لێ بکریت، بەشداری لە جەنگی دژی تیرۆر و هەر ستەم و کەموکوڕییەکی ناوچەکە بکەن، هەموو ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی جیهانێک، کە تیایدا ئاشتی و سەقامگیری، بەرقەرار بێت.


بۆ ئەوانەی ئاگاداری وردەکاریی ئەو کێشەیە نین، یان کەمێکی، یاخود هەموویان بیر چووەتەوە، بۆ ئەوەی وێنەکە ڕۆشنتر ببێتەوە، دەتوانین هەندێک ڕاستی بیر بخەینەوە، کە پێویستە وردەکارییەکانیان بزاندرێت. یەکەمینی ئەو ڕاستییانەیش ئەوەیە، کە لە کاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق لە سەرەتای دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا و ئەو دەرهاوێشتانەی لە ڕیسککردنەکەی سەرۆکی پێشووتری عێراق، سەددام حوسێن کەوتنەوە، ئاراستەی رژد بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان بووە ئەمری واقیع لە (دواڕۆژی چاوەڕوانکراو)دا، تا ئەو کاتەی پەرلەمانی کوردستان دامەزرا و توانی کاروبارەکانی بە بڕیاری یاسایی بەڕێوە ببات، هاوکات دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005 دانی بەوەدا ناوە کە هەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بە عێراقەوە بەستراوەتەوە. بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە ئێستا بابەتی باسی ئێمەیە، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. بەو پێیەی ڕووداوەکان، چ ئەوانەی خوێناوی بوون، یان ناخوێناوی، سێبەری قورسی خۆیان بەسەر تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەوروبەریدا سەپاند.


لە 7ی حوزەیرانی 2017دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کرد لە هەولێری پایتەختدا، کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان (کە بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات)، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (بکە جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتیی دەکات)، کە هەردووکیان دوو گەورەترین ڕێکخستنی سیاسین، ئەمە و سەرەڕای ئامادەبوون و بەشداریی زۆرینەی هەر زۆری ڕێکخراوە کوردییەکان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق (کە لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، گرنگترینیان کەرکووک)، هەروەها هەر یەکە لە لیستی تورکمانیی هەولێر، بەرەی تورکمانیی عێراقی، حزبی گەشەپیدانی تورکمانی، لیستی ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی درا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بڕیاریشیان دا کەوا جگە لە زمانی کوردی، ڕیفراندۆمەکە بە هەر سێ زمانی عەرەبی، سریانی و تورکمانی ئەنجام بدرێ و پرسیارەکەش ئەوە بێت: “ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ببنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟”.


لە مامەڵە و سەرەدەرکردنی حکوومەتی عێراق لە بەغدا و ئەو دەوڵەتانەی چواردەوری هەرێمی کوردستان و نیشتمانی و نەتەوەییە عەرەبەکان لەگەڵ دۆسێی ڕیفراندۆمی کورد لەسەر سەربەخۆیی هەرێمەکەیان، دوو شت جێگای نیگەرانین.


یەکەمیان، بریتییە لە جووڵانەوە و ئاماژەگەلێک کە هەندێکیان گەیشتنە ئاستی هەڕەشەی شاراوە، یان ئاشکرا، بە ئەنجامدانی کردەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە دژی هەرێمی کوردستان و دانیشتووان و سەرکردەکانی. بۆ نموونە زنجیرەی سەردانی فەرماندە سەربازییەکان بۆ هەولێری پایتەختی هەریمی کوردستانی عێراق لەجیاتی وەزیرەکانی دەرەوە، یان هاوکاریی نێودەوڵەتی، یان نێوەندگیریی مەدەنی، هەروەها بڵاوکردنەوەی هەواڵگەلێک لەبارەی ئامادەیی فڵان و فیسار لایەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی ڕیفراندۆم، لەگەڵ بەدرۆخستنەوەی (بە منگەمنگی) دزەکردنی ئەم هەواڵانە، هەروەها کۆکردنەوەی ئاشکرای هێزە سەربازییەکان لەسەر سنووری هەرێم، هەموو ئەوانە پێشوەچوونی وروژێنەر بوون بۆ نیگەرانییەکی ڕەوایی پێدراو، کە دەکرێ هەندێک لەم ڕووداو و جووڵانەوە و دزەکردنانە بەم شێوەیە خوارەوەی تۆمار بکەین:


- سەردانی سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئێرانی، موحەممەد حوسین باقر، بۆ ئەنکارای پایتەختی تورکیا، بۆ تاوتوێکردنی بابەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕەنگدانەوەی پرۆسەکە لەسەر کەمینە گەورەکانی کورد لەم دوو وڵاتە، بەتایبەتی لە تورکیا.


- هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانەی پێشەوە، دزەکردن و بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆکردنەوەی هێزەکانی ئێران لەو شوێنانەی کە ئەندامانی ڕیکخراوێکی سیاسیی کوردی ئێرانی تێدان (ڕێکخراوی ژیانی ئازاد لە کوردستان). ئەو ڕێکخراوەی کە زۆربە بە باڵی ئێرانی پارتی کرێکارانی کوردی تورکیا (ناسراو بە پەکەکە، کە عەبدوڵا ئۆجەلان دایمەزراندووە) دایدەنێن. ئەم هەنگاوەش ئاماژە بۆ بوونی ئەگەری هاوئاهەنگیی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تورکی- ئێرانی لە دژی ئامانجە کوردییەکان. ئەمە و سەرەڕای ناکۆکییە زۆر و زەوەندەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربارەی زۆرینەی کاروبار و کێشەکانی ناوچەکە، تا ئەو ئاستەی کە لە هیچ خاڵێکدا بە یەک نەگەن و تەنیا لە خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو دەوڵەت و نەتەوەی عوسمانیی تورکی و فارسیی ئێرانی لە دژایەتیکردنی سەربەخۆیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، هەروەها خاڵی هاوکاریکردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان بۆ سەقامگیریی دەوڵەتەکانیان و سوودوەرگرتنی گەلانیان لە خێروبێرەکانیان.


- هاوکاتی ئەمانەش، بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک لە ئێران، بەوەی حکوومەتی عێراقی (پلانی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر هەولێر) دادەڕێژێت، ئەو هەواڵەی کە حکوومەتی بەغدا بەپەلە ڕەتی کردەوە.


بەرلەوەی بێینە سەر دووەم نیگەرانی لەبارەی ئەم دۆسێیە، باشترە سووربوونی ئێران، (هەروەها ئیسرائیلیش)، وەبیر بێنینەوە، بەوەی هۆکاری بێزاربوونی ئێران لە بابەتی ڕیفراندۆم و دواتریش لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق، تەنیا لەو پێشکەوتنانەی باسمان کردن، سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو بۆ پەیوەندیی ئیسرائیل بە کوردستانیشەوە دەگەڕێتەوە.


لێرەوەیە کە دەگەینە گرێکوێرەکەی کۆتایی: ئەویش بانگەشەی زۆرێک لە نیشتمانی و ناسیونالیتستەکانی عەرەبە بەوەی کە هۆکاری هەڵوێستە نەرێنی، بەڵکوو هەڵوێستە دژەکانیان بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، بۆ (خیانەتکردنی)ی هەندێ سەرکردەی کوردی و ڕازیبوون بە چنینی تەونی هاوپەیمانییەتییەکی نهێنی (یان ئەوەی بە لایەنی کەمەوە نهێنی بوو) دەگەڕێتەوە، لەنێوان بزووتنەوەی زایۆنیزم پێش دامەزراندنی ئیسرائیل و دواتریش لەگەڵ ئیسرائیل خۆی.


ئەوانە، کە زۆرینەیشیان لە نیازێکی باشەوە، ئەو ستەم و زۆردارییە لەبیر خۆیان دەبەنەوە، کە بەدرێژایی چەندین دەیەیە سەرکردە عەرەبییەکانی عێراق و سووریا لەبەرامبەر کورد و مافەکانیاندا کردوویانە. ئەمە هۆکار و بەرپرسی یەکەم و کۆتاییە لەو ڕێککەوتنە رەتکراوەیە. پێویستیشە پەند لە قسەکەی (چەرچڵ) وەربگرن، بەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هیتلەر و نازیەتدا، ئامادەیە هاوپەیمانی لەگەڵ شەیتانیشدا بکات.


لە کۆتاییدا، مامەڵە و ڕەفتارێکی حەکیمانەی عەرەبی لەگەڵ کورد و مافیان لە ئازادی و سەربەخۆیی، کلیلی بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی عەرەبی- کوردیی بەرهەمدار و بەردەوامە، هەروەها کلیلی قوفڵدانی دەرگای هاوپەیمانیی ئیسرائیلی - کوردییشە.


مرۆڤ ناتوانێت لە داواکردن و پشتیوانیکردنی ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی گەلی فەلەستینی ڕاستگۆ بێت، کە لە هەمان کاتدا ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد ڕەت بکاتەوە و دژی بوەستێتەوە.

 

لە گۆڤاری (القدس العربي)ەوە