کورد نەخشەی ناوچەکە دادەڕێژنەوە

 

خەیروڵڵا خەیروڵڵا 19/09/2018 - 16:20 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

ڕیفراندۆمی کوردی کرا، ئەمە لەسەر ئاستی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووداوێکی مێژووییە، بەڵام بەو مانایە نییە کە هەر سبەی، دەوڵەتی سەربەخۆی کورد ڕۆشنایی دەبینێت. هێشتا ڕێگاکانی بەردەم بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردی ئاڵۆزن، بەڵام بۆ کورد وا باشترە کە لە پێگەی هێزەوە دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا بکەن، واتە دوای ڕیفراندۆم، ئەوە ئەگەر کەس لە بەغدا هەبێت، کە بە کردەنی بیەوێت دانوستاندن بکات.


کارێکی سەخت بوو چاوەڕێ بکرێت کە مەسعود بارزانی لە بەرامبەر ئەو هەموو فشارانە خۆی ڕابگرێت، کە لە پەیوەست بە دواخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کورد ڕووبەڕووی بوونەوە، بەڵام سەرەڕای هەندێ سازش دەربارەی دۆسیەی ئاڵۆزی کەرکووک، بارزانی خۆی ڕاگرت و سوور بوو لەسەر قسەکەی کە ”ڕیفراندۆم یەکەم هەنگاوی گەلێکە کە سەربەخۆیی دەوێت“، وەک چۆن ڕیفراندۆم بە مانای دیاریکردنی نەخشەی کوردستان نییە. کەواتە کاتێک کوردستان سەربەخۆ دەبێت، کەرکووک دەکەوێتە کوێ؟


قورسیی ئەو بڕیارەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دای، ئەو پیاوەی پێداگرە لەسەر وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە قەبارە و جۆری فشارەکانی ئەو لایەنانەدایە کە پیادەیان کرد. بە کەم سەیرکردنی ناڕەزایی تورکیا بۆ هەنگاوەکانی بارزانی ئاسان نییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنکارا لەسەر ئاستی بەرزترین دەسەڵاتەکانیدا ڕای گەیاند، کە هەنگاوێکی لەم جۆرە هەڕەشە لە (ئاسایشی نیشتمانی)ی تورکیا دەکات. وەک چۆن ڕەتکردنەوەی ملدان بۆ فشارەکانی ئێران ئاسان نییە، کە لە هەناویدا هەڕەشەی دەستکردنەوەی (حەشدی شەعبی)ی هەڵگرتووە، واتە میلیشیا مەزهەبییە عێراقییەکان، کە لەژێر فەرمانی تاراندان، لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕووبەڕوو دەبنەوە.


لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، هەڵوێستی نەرێنیی ئەمریکا دێت لە بەرامبەر ڕیفراندۆم. ئەم هەڵوێستە کتوپڕەی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی نەبوونی هیچ ستراتیژیەتێکی واشنتۆنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو، هەروەها ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە ونبوونە کە وتارەکەی ئەم دواییەی سەرۆک تڕامپ لە نەتەوەیەکگرتووە، نەیشاردەوە. بێگومان ئەمریکا ڕۆڵی لەوەشدا بینی، کە هانی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانی دا هەڵوێستێکی نەرێنی لە بەرامبەر ڕیفراندۆم وەربگرێت.


هەڵوێستی سروشتی و ئاساییی سەرۆکی هەرێم لەسایەی هەموو ئەو فشار و هەڕەشانەدا، پاشگەزبوونەوە بوو بۆ چاوەڕوانکردنی ڕۆژانێک، کە تیایاندا و لەسایەی کاریگەریی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا، دەکرێ ڕیفراندۆم تێپەڕێندرێت، بەڵام بارزانی بە لایەنی کەمەوە لەبەر دوو هۆکار، ئەم بژارەیەی لەبەردەستدا نەبوو. یەکەمیان ئەوە بوو، کە دواخستنی ڕیفراندۆم بۆ ئەو جۆرێک بوو لە خۆکوژیی سیاسی، تەنانەت بۆ هەموو ئەو شتانەیشی کە خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی لەسەر ئاستی کوردا نوێنەرایەتیی دەکەن. هۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە بنەڕەتدا ئەوە نەدەزانرا کە ئاخۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان، بارودۆخ و هەلومەرجێکی گونجاوتر لەوەی ئێستا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دێتە پێش، ئەو پرۆسەیەی کە بارزانی ئەمڕۆ و لەسەر شانۆی کوردیدا تەواوی ئامادەکاریی بۆ کردبوو.


لەو نێوەدا چەندین خاڵ هەن، کە وا دەکەن بارزانی لەو هەڵوێستەی خۆی پاشگەز نەبێتەوە، هەڵوێستێک لە یەک کاتدا لۆژیکی و بەهێز و یەکگرتوو، وەک ئەوەی لەسەروبەندی پێش ڕۆژی ڕیفراندۆمیشدا بۆ خۆی جەختی لەسەر کردەوە. سەرەڕای هەندێک بۆشایی و کەلێن لەو هەنگاوەی مەسعود بارزانی، لەپێش هەموویانەوە بۆمبی تایمکراو، ئەوەی ناوی کەرکووکە، بەڵام لەڕاستیدا هەلوێستەکە لۆژیکی و بەهێز و یەکگرتووە.


یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی بارزانی ئەوەیە، کە هیچ کام لەو لایەنانەی دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن، تاکە یەک پاساوی لۆژیکیان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم پێشکەش نەکرد. باشە، ئەوە ڕیفراندۆم دواخرا، ئایا دەبێ کورد چاوەڕێی پێشهات و دەرکەوتەی نوێ بکات، تا سەرلەنوێ ڕێگای ئەوەی بدەن داوای سەربەخۆیی بکات؟ ئەو پێدراو و دەرکەوتە نوێیانە چین، کە ئەمڕۆ بەردەست نین و سبەی بەردەست دەبن، کە ڕێگا بە هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دەدەن، کە ڕەزامەندی لەسەر ڕیفراندۆمی کوردی بدەن و بە ئەنجامەکانیشی ڕازی بن؟ ڕوونتر بڵێین: کێ دەتوانێت وادەیەکی گونجاو بۆ ڕیفراندۆم دەستنیشان بکات؟


زۆر بەسادەیی، کێشەی ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمن و رەتی دەکەنەوە ئەوەیە، کە بارودۆخی عێراق ڕێگای ئەوەیان پێ نادات، کە جگە لە داواکردنی دواخستن، ئەلتەرناتیڤێک بۆ ڕیفراندۆم پێشکەش بکەن. ئایا دەتوانرا دواخستن لە خودی خۆیدا ئامانجێک بێت؟


لەمەش زیاتر، لەو نێوەدا هەندێک هەن، کەس و لایەن کە تا ئیستاش وابەستەی یەکێتیی عێراقن، بۆ ئەوەی بیکەنە پاساوی دواخستنی ڕیفراندۆم، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین کە ئەو یەکێتییە لەهەر شتێکی دیکە زیاتر بۆتە نوکتە. عێراق بەکردەنی ئەو ڕۆژە داڕما، کە ئەمریکا بڕیاری دا لەسەر سینییەکی زیوین پێشکەشی ئێرانی بکات. لەوانە یەکێک لەو خاڵە بنەڕەییانەی هێز، کە لە بەرژەوەندیی ڕیفراندۆمدا بێت، ئەوە بێت کە ئەزموونی هاوبەشی لە دەسەڵاتدا، ئەزموونێکی شکستخواردوو بوو.


دوای ساڵی 2003 و کەوتنی ڕژێمی سەددام حوسێن، دەوڵەتێکی لاواز بونیات نرا، کە وردە وردە میلیشیا مەزهەبییەکانی سەر بەو حزبە عێراقییانەی بە کردەنی پاشکۆی ئێرانن، کۆنتڕۆڵییان کرد. زۆری نەبرد ئەو میلیشیایانە گۆڕان بۆ هێزێک بە ناوی (حەشدی شەعبی)، کە بوونە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەی دێرینی سەربازی. ئەوەی لەو نێوەدا ناکرێ فەرامۆشی بکەین ئەوەیە، کە سوپای عێراق چۆن دامەزرایەوە. ئەوەی کە ئێران توانی بیکات، گۆڕینی سروشتی ئەو سوپایە بوو، بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان نەتوانێت هەڵسێتەوە سەر خۆی، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو کات لەژێر کۆنتڕۆڵی (حەشدی شەعبی)دا بێت، ڕێک وەک حاڵی سوپای ئێران بە دەستی (پاسەوانانی شۆڕش).


کورد لەو دەوڵەتە ئایینییەی کە ئێران لە عێراقدا دروستی کرد، شوێن و پیگەیەکیان شک نەبرد، وەک چۆن لە ڕابردوودا شوێن و پێگەیەکیان لەناو ئەو دەوڵەتەدا نەبوو، ئەو کاتەی بەعس بە گیانی باڵادەستکردنی شۆڤینییەت، حوکمی عێراق دەکرد. جگە لەمە، سەرەڕای بوونی جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران، ئەوەی کە هەندێک جار بە شەرم و پارێزەوە بەرگرییەکەی دەردەبڕێت، هەندێک جاریش بە بوێری (کەسایەتییەکانی وەک عەبادی، یان موقتەدا سەدر، یاخود عەمماڕ ئەلحەکیم)، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی کە عێراق بتوانێت لەو تونێڵە تاریکە بێتە دەر، کە خراوەتە ناوی، لە کۆتاییدا، جگە لە گواستنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ لە گرتنەبەری ڕێگا بۆ بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی، وەکوتر هیچ بژارەیەک لە بەردەم کورددا نەمایەوە. دڵنیا نین کە دەتوانن دەوڵەتێکی سەرکەوتوو دابمەزرێنن، بەڵام لەسایەی دڕدۆنگیی بەردەوامی ئەو بومەلەرزەیەی عێراق، کە هۆکارەکەی ئیدارەی جۆرج بۆشی کوڕ بوو، ئەمە تەنیا بژارە بوو کە هەوڵی بۆ بدەن و ئەمە دەرفەتێک بۆ کورد کە نەدەبوو لەدەستی بدەن. بابەتەکە بە تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە، کە ناتوانن لەسایەی ئەو دەوڵەتە ئایینییەدا بژین، کە ئێران لە عێراقدا دروستی کردووە، بەڵکوو نائامادەیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، حزبەکەی جەلال تاڵەبانی، بابەتێکی دیکەیە. حزبەکەی تاڵەبانی (کە هەنووکە بۆ خۆی نەخۆش کەوتووە) لە ئاستی ناوخۆییدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات، هۆکاری هاوسەنگییە.


کورد هەر بە تەنیا واقیعیکی نوێ لە عێراقدا ناسەپێنێت، بەڵکوو ئەوان نەخشەی تەواوی ناوچەکەش دادەڕێژنەوە. ئەوەی کردیان سەرەتای ڕاستەقینەیە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بە پڕگال. ڕاستە دروستبوونی دەوڵەتەکەیان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو بڕوبیانووانەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاساودانەوەی رەتکردنەوەی جیابوونەوە پەنای بۆ بردن، هیچ بەهایەکی یاساییان نییە، جگە لەوەش، هیچیان لۆژیکی نین، بەتایبەتی کاتێک باس لە (گەندەڵی) لە کوردستاندا دەکات. گەندەڵی لە کوردستاندا، خاڵێکی زۆر بچووکە لە دەریای گەندەڵیی عێراق، کە لە 2003وە بەردەوامە.


ئەگەرچی بە هیچ جۆرێک ناتواندرێت کێشە ناوخۆییەکان و ئەو ئاڵۆزییانە نادیدە بگیرێن، کە هەرێمی کوردستان بە دەستییانەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە، کە عەبادی، پێش ئەویش نووری مالیکی، نەیانتوانی نموونەیەک بۆ دەوڵەتێکی “ فیدڕالی” پێشکەش بکەن، کە مەیلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی نا کوردیش بۆ خۆی ڕابکێشێت.


بەهەرحاڵ، ئەگەر لەو نێوەدا ئەزموونی کوردستان شکستێکیشی هەبێت، ئەوا ئەم شکستە سنووردارە و هەرگیز بەو شکستە گەورەیە بەراورد ناکرێت، کە ناوەکەی عێراقی دوای 2003 یە.

 

لە ڕۆژنامەی (العرب)ەوە