بۆ ئه‌وه‌ی تێ بگه‌ین كه‌ شایسته‌ین

 

18/09/2018 - 13:23 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

1
ده‌نگ به‌ كێ ده‌ده‌یت؟
یه‌كێك له‌و دوو پرسیاره‌ی، كه‌ له‌ وڵاتی سوێد نابێت له‌ كه‌سی بكه‌یت، ئه‌م پرسیاره‌یه‌.
پرسیاری ده‌وومیشیان: مووچه‌كه‌ت چه‌نده‌؟
هه‌ردوو پرسیاره‌كه‌ش له‌ كوردستان وه‌كوو ئاوخواردنه‌وه‌ وان.
ئه‌مجاره‌یان، كه‌ پێش چه‌ند ڕۆژێك ده‌نگدان له‌ وڵاتی سوێددا ئه‌نجام درا، دۆستێكم له‌ كوردستان كه‌ هه‌واداری ئۆپۆزسیۆنه‌، ئه‌م پرسیاره‌ی‌ لێ كردم:
- دوكتۆر له‌ سوێد ده‌نگ به‌ كام پارت ده‌ده‌یت؟
كه‌ له‌ كوردستان ده‌بم ئه‌م پرسیاره‌ به‌ ئاسایی وه‌رده‌گرم.
له‌ وڵامدا گوتم:
-به‌ هیچ پارتێك.
ئەمجا باسی ئه‌وه‌م بۆ كرد، كه‌ من تاكوو ئێستا، له‌ ژیانمدا ده‌نگم به‌ هیچ پارتێك نه‌داوه‌.
سه‌رنجم دا دۆسته‌كه‌م حه‌په‌سابوو:
-بۆچی؟
-چونكه‌ باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌، كه‌ هیچ پارتێك نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی من بێت، ئه‌مه‌ش له‌ بیر و باوه‌ڕێكی بوونگه‌ریانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ك مرۆڤێكی وجوودی، پێم وایه‌ كه‌س ناتوانێت، كه‌س بۆی نییه‌، نوێنه‌ری من بێت. تاكه‌ كه‌س كه‌ نوێنه‌ری من بێت خۆمم و كه‌سی دیكه‌ نییه‌. به‌ڵام، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یەنێت كه‌ لایه‌نگر و هەوداری هیچ پارتێك نه‌بم، یان سیاسه‌تی هیچ پارتێك له‌ منه‌وه‌ نزیكتر نه‌بێت!
نه‌خێر، هه‌ر پارتێك له‌ ڕووی ستراتیجی نیشتمانییه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێ بكۆشێت، من له‌گه‌ڵ ئه‌و پارته‌دام.
كه‌واته‌ سه‌رتاپای ژیانت ده‌نگت نه‌داوه‌؟
یه‌ك جار نه‌بێت، هه‌رگیز ده‌نگم نه‌داوه‌.
ئه‌و جاریان ده‌نگت بۆچی دا؟
-بۆ ڕێفراندۆمی کوردستان.
دۆسته‌كه‌م، كه‌ خۆی ده‌نگی به‌ ڕێفراندۆم نه‌دابوو، پرسیاری لێ كردم:
بۆچی بۆ ڕێفراندۆم؟
چونكه‌ ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌.
سه‌ربه‌خۆییش كرۆك و ناوه‌ڕۆكی مه‌به‌ست و ئامانجی بیری وجوودییه‌.
سه‌ربه‌خۆیی واتا ئازادی، ئازادییش واته‌ بوونی مرۆڤ، مرۆڤ به‌بێ ئازادی هه‌بوونی نییه‌، هه‌موو بوونێك به‌بێ ئازادی نه‌بوون (عه‌ده‌م)ه‌.
له‌ ژیانمدا پاش پتر له‌ سیی ساڵی ژیانم وه‌كوو هاوڵاتییه‌كی سوێدی، كه‌ بۆم هه‌بووه‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك ده‌نگ بده‌م، ته‌نیا ده‌نگم بۆ یه‌ك پرۆسه‌ی جه‌وهه‌ریی داوه‌، ئه‌وه‌ش پرۆسه‌ی ڕێفراندۆمی کوردستانە‌، كه‌ مایه‌ی شانازیمه‌.
هه‌رده‌م به‌ خۆم ده‌ڵێم، ڕه‌نگه‌ بمرم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ چاو نه‌بینم، به‌ڵام خۆ له‌ ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییدا ده‌نگم دا و به‌شداریم كرد!

 

2
رۆشنبیرێك له‌ پانێلێكی ئه‌نتی ڕێفراندۆمه‌دا، به‌ته‌وسه‌وه‌ ده‌یگوت: باشه‌ ئێمه‌ هیچ به‌ڵێنمان پێ دراوه‌؟ هیچ وڵاتێك به‌ڵێنی پێ داوین كه‌ سه‌ربه‌خۆ بین؟
باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ جیهاندا وڵاتێك هه‌بێت، به‌ ڕه‌زامه‌ندی و مۆڵه‌ت و ئیجازه‌ی وڵاتانی دیكه‌ سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ست هێنابێت.
ئه‌م قسه‌یه‌ گفتوگۆێكی شانۆیی وه‌بیر هێنامه‌وه‌، كه‌ نووسه‌ری پۆلۆنی له‌ شانۆنامه‌ی ڕووتبوونه‌وه‌دا نووسیوویه‌تی: ئازادی به‌ ڕوخسه‌تی ئێوه‌، به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ئێوه‌، به‌ ئیجازه‌ی ئێوه‌!

 

3
دیسانه‌وه‌، وه‌كوو زۆر جاری دیكه‌، وڵاتی فینلاند به‌ نموونه‌ دێنمه‌وه‌.
له‌ شه‌شی دێسه‌مبه‌ری ساڵی ڕابردوودا، سه‌رتاسه‌ری وڵاتی فینلاند، به‌ گه‌ل و حكوومه‌ته‌وه‌، به‌ بۆنه‌ی یادی سه‌ت ساڵه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان، ئاهه‌نگی شادی و كه‌رنه‌ڤاڵی خۆشییان گێڕا، سه‌رانسه‌ر فینلاند خرۆشابوو، كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ته‌واو سه‌رقاڵی ئه‌م ڕووداوه‌ مه‌زنه‌ بوون، منیش دانیشتوووم ته‌ماشا ده‌كه‌م و گوێم ده‌گرت، پاشان تێڕامام: چۆن وڵاتێكی وا بچووك، له‌و بارودۆخه‌ سه‌خت و ناهه‌مواره‌دا‌، له‌ دوو لاوه‌ به‌ ده‌ست دوو وڵاتی نه‌یار، سوێد و ڕووسیا، گیرۆده‌ بووبوو، كه‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ژێرده‌ستی وڵاتی سوێد بوو، پتر له‌ سه‌ت ساڵیش ژێرده‌ستی ڕووسیای قه‌یسه‌ری بوو، گه‌یشته‌ ئه‌م ئاسته‌ به‌رزه‌ جیهانه‌ییه‌ی ئه‌مڕۆ؟
له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا، فینلاند له‌ زۆر بوار ڕێچكه‌شكێن و ڕێكۆردبه‌زێن بوو: له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی نوێدا له‌ پێشی پێشه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها ساڵی 2015 فینلاند دووه‌م پله‌ی جیهانی له‌ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیدا به‌ده‌ست هێنا، ئه‌مه‌یش به‌ بڕوای من، گه‌وره‌ترین هۆكاری پێشكه‌وتنى فینلانده‌. فینله‌ندییه‌كان به‌ ته‌نزه‌وه‌ ده‌ڵین: ئێمه‌ ساونا و سیبیلیۆس (سه‌مفۆنیستی گه‌وره‌ی فینلاند) و ته‌لیفۆنی (نۆكیا)مان به‌ جیهان به‌خشی!
سه‌ت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، فینلاند سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاند، به‌رله‌وه‌ فینلاند ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمیی ئیمپراتۆریه‌تی ڕووسیا بوو، فینلاندییه‌كان هه‌میشه‌ بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕان سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان ڕابگه‌یەنن، تاكوو شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر به‌رپا بوو و ئیمپراتۆریه‌تی قه‌یسر ڕووخا، فینلاندییه‌كان بارودۆخی بێ سه‌روبه‌ر و ئاژاوه‌ی ناوخۆی ڕووسیایان زیره‌كانه‌ قۆسته‌وه‌، ئه‌وان ده‌ستبه‌جێ تێگه‌یشتن كه‌ نابێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ له‌ده‌ست بده‌ن، یه‌كسه‌ر له‌لایه‌ی خۆیانه‌وه‌، بێ چاوه‌ڕوانی و ئۆكه‌ی و ڕه‌زامه‌ندیی هیچ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی، بڕیاری سه‌ربه‌خۆییان دا.
ئه‌وه‌بوو سه‌رۆكی فینلاند سڤینهیوڤود، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌كه‌ی، له‌ 6ی دێسه‌مبه‌ردا سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاند، له‌ 30ی هه‌مان مانگدا بۆ سانت پیته‌ربورگ سه‌فه‌ری كرد و به‌ ڕووسه‌كانی راگه‌یاند كه‌ فینلاند ئێستا وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆییه‌ و چیدی سه‌ر به‌ ڕووسیا نییه‌، له‌ 4ی یه‌نایه‌ری ساڵی 1918دا كۆمیساری میللی (به‌ واژووی لێنین و ترۆتسكی و ستالین) ناچار بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی فینلاندی په‌سه‌ند كرد، هه‌رچی ئه‌مەریكا و به‌ریتانیایه‌، له‌ سه‌رەتادا ته‌واو دژ بوون، هه‌ر وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمی كوردستان هاوڕا نه‌بوون، بۆ فینلاندیش هه‌مان هه‌ڵویستی نه‌رێنییان هه‌بوو، به‌ڵام دوای ساڵێك ناچار بوون دان به‌ سه‌ربه‌خۆیی فینلاندا بنێن.
سڤینهیوڤود (كه‌ به‌ كوردی ده‌كاته‌ كه‌لله‌به‌راز) سه‌رۆكی ئه‌و كاتی فینلاند، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك بوو، سه‌ربه‌خۆیی فینلاندی كردبوو به‌ ستراتیج و ئامانجی خۆی، نه‌یاره‌كانی به‌رامبه‌ر به‌م ستراتیجه‌ زۆر ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرت، هه‌موو ئه‌وانه‌ پێیان ده‌گوت: كاته‌كه‌ی گونجاو نییه‌، كاته‌كه‌ی له‌بار نییه‌، هیچ ولاتێكمان له‌پشت نییه‌، ئاخر هیچ وڵاتێك به‌ڵێنی پێ نه‌داوین!
ئه‌ویش هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی دووپات ده‌كرده‌وه‌: فینلاند هه‌ر ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌ێنێت.
جارێك لێیان پرسی: به‌ڵام چۆن؟ به‌ تایبه‌تی ئێمه‌ كه‌ ژێرده‌سته‌ی وڵاتێكی زلهێزی زه‌بربه‌ده‌ستی وه‌كوو ڕووسیاین، له‌ وه‌ڵامدا گوتی: هه‌ر چۆنێك بێت، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك، ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیی خۆمان ڕا بگه‌یەنین.
سڤینهیوڤود، به‌رله‌وه‌ی بڕیار بدات، داوای پشتگیریی له‌ سوێد و نه‌رویج و دانمارك و ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا و به‌ریتانیا كرد، به‌ڵام ئه‌وان پێیان ڕاگه‌یاند، كه‌ ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ڕه‌زامه‌ندیی لێنین وه‌ربگرێت، ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌وان پێوه‌سته‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسیاوه‌، ئه‌گه‌ر ڕووسیا ڕای له‌سه‌ر بێت، ئه‌وانیش پشتگیریی سه‌ربه‌خۆیی فینلاند ده‌كه‌ن.
هه‌رچی سڤینهیوڤود بوو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا كاری بۆ ئه‌وه‌ كرد، پشتگیریی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سه‌ربه‌خۆیی فینلاند مسۆگه‌ر بكات، ئه‌و پێی وابوو، پێویست ناكات پرس به‌ ڕووسیا بكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی فینلاند پیشان بده‌ن، ئه‌وده‌م ڕووسیایش ناچار ده‌بێت دان به‌و سه‌ربه‌خۆییه‌دا بنێت.
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئاكامی ئه‌وتۆی نه‌بوو، به‌ تایبه‌تی هه‌ڵوێستی ئه‌مەریكا و به‌ریتانیا وه‌كوو گوتم، ته‌واو نه‌رێنی بوو. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، سڤینهیوڤود پشتی به‌ ئیراده‌ و ویستی گه‌له‌كه‌ی ئه‌ستوور بوو.
ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بڕیاری سه‌ربه‌خۆبوونی فینلاند بوو، ئه‌وه‌ بوو كه‌ بارودۆخی بێ سه‌روبه‌ر و ئاژاوه‌ی ناوخۆی ڕووسیا له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌رگایه‌كی نیمچه‌ كراوه‌ و نیمچه‌ داخراو بوو، سڤینهیوڤود پێی وا بوو ده‌بێ به ‌زووترین كات ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌، بۆیه‌ ژیرانه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ی قۆسته‌وه‌ و بوێرانه‌ خۆی پێدا كرد.
دوای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، كێشه‌ی نێوان سپییه‌كان/ بۆرژوازییه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان و سووره‌كان/ سۆسیالیسته‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی دراماتیكی و خۆیناوی ته‌شه‌نه‌ی كرد.
ته‌نیا بیست و چوار ڕۆژ دوای ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، شه‌ڕی براكوژی له‌ 28 یه‌نایه‌ری 1918 ده‌ستی پێ كرد.
شه‌ڕی براكوژیی فینلاندی، ڕاسته‌ ته‌نیا پێنج مانگی خایاند، به‌ڵام به‌ یه‌كێك له‌ خوێناوترین و دڕنده‌ترین شه‌ڕی براكوژی داده‌نرێت له‌ مێژوودا، كه‌ تێیدا پیلان و هێزی ده‌ره‌كی ڕوڵی كاریگه‌ری تێدابوو. سپییه‌كان ڕاسته‌خۆ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ كۆمه‌ك ده‌كران، سووره‌كانیش له‌ لایه‌ن ڕووسیاوه‌.
سه‌رجه‌می كوژراوه‌كانی شه‌ڕی براكوژیی گه‌لی بچووكی فینلاندی له‌ ماوه‌ی پێنج مانگدا نزیكه‌ی 32 هه‌زار كوژراو بوو.
دوای دوو مانگ له‌ شه‌ڕه‌كه‌، سوپای ئه‌ڵمانی هێلسینكیی پایته‌ختی داگیر كرد، سووره‌كان به‌رگه‌یان نه‌گرت، ناچار بوون خۆیان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. 17 مانگی مایو، ئه‌ڵمانه‌كان له‌ هێلسینكی كشانه‌وه‌ و پایته‌ختیان ڕاده‌ستی سپییه‌كان كرد، به‌و شێوه‌یه‌ شه‌ڕی ناخۆ كۆتایی هات.
سڤینهیوڤود دوای ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی فینلاندی ڕاگه‌یاند، له‌سه‌ر داخوازیی پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك هه‌ڵگرت، به‌ڵام له‌ 1931 فینله‌ندییەكان دیسانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك هه‌ڵیانبژارده‌وه‌، ئه‌وه‌بوو تاكوو ساڵی 1937 حوكمی كرد.
سڤینهیوڤود باوه‌ڕی پته‌وی به‌ یاسا و ڕۆڵی یاسا هه‌بوو، ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیشی له‌وه‌دا ده‌بیینه‌وه‌ كه‌ وڵات پێویسته‌ به‌پێی یاسایه‌كی دامه‌زراو به‌ڕێوه‌ بچێت، كۆمه‌ڵگه‌ی نوێی فینلاندی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی یاسا بنیات بنرێت، تاكی فینلاندی ده‌بێت ڕێز له‌ یاسا بگرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سڤینهیوڤود باوه‌ڕی وابوو پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌وڵه‌ت ده‌بێ پۆستێكی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هێز بێت، سه‌رۆك پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی فراوانی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا پێ بدرێت، تاكوو بتوانێت وڵات به‌ڕێوه‌ ببات.
به‌ بۆنه‌ی ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی فینلاند له‌ (نینستیۆ)، په‌یامنێری (رادیۆی هێلسنكی) له‌ سه‌رۆكی ئێستای فینلاندی پرسی: هێزی فینلاندا له‌ چیدا خۆی ده‌نوێنێت؟
وه‌كوو خۆی گوتی:
- ئێمه‌ توانای زانستمان هه‌یه‌، ئێمه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ و متمانه‌ین، ئێمه‌ بایی ئه‌وه‌نده‌ وڵاتێكی بچووكین كه‌ ده‌توانین خێرا كردار بنوێنین، مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان شایسته‌ین.
با ئێمه‌یش وا هه‌ست بكه‌ین كه‌ شایسته‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ مێژووییه‌كه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بچێته‌ واری كردار و پراكتیكه‌وه‌، با ئێمه‌یش بتوانین خێرا كردار بنوێنین.