ریفراندۆم.. ره‌وه‌ندی كورد چییان گوت؟

 

عاکیف حەسەن 17/09/2018 - 15:47 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

خه‌ونی ده‌وڵه‌ت، خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی هێشتوویه‌ كه‌ گه‌لی كورد، له‌ قۆناغه‌كانی هه‌ره‌ تاریكی مێژوودا ده‌ست له‌ هیوای خۆی به‌ر نه‌دا و ترووسكایی رووناكی ببینێ. ئه‌و خه‌ونه‌ وای كردووه‌ كورد بەرامبەر به‌ هه‌موو خوێنڕشتن و كۆمه‌ڵكوژی و تاڵان و وێرانكارییه‌ك ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بێت. به‌ فیداكاری و باوه‌ڕی مه‌زنه‌وه‌، به‌ هه‌نگاوی گه‌لێك ورد، ئه‌و خه‌ونه‌ له‌ رێڕه‌وی مه‌رگ ده‌رباز بكات، تا به‌م ئه‌مڕۆ ده‌گات.


هه‌ست و هزری كورد، چ له‌سه‌ر خاكی وڵاتدا بێت، چ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌م خه‌ونه‌ هۆندراوه‌ته‌وه‌ و به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ گرێ دراوه‌. ده‌مێكه‌ كورد بڕیاری خۆی داوه‌، كه‌ له‌بن نیری كۆیلایەتی ده‌ربچێت و ئازاد بژی. ده‌مێكه‌ بڕیاری داوه‌، كه‌ هه‌موو رێیه‌كانی ژیانی ئه‌و له‌نێو سه‌ربه‌خۆییدایه، هه‌مووانیش له‌م رۆژگاره‌دا بوونه‌ته‌ رێبواری سه‌ربه‌خۆیی و هه‌مووانیش ده‌زانن كه‌ ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌وان ببێته‌ راستی.


له‌م پێڤاژۆ هه‌ستیاره‌دا، كورد له‌ هه‌نده‌ران چ ده‌كات؟


راسته‌، ره‌وه‌ندی كورد لاقی له‌سه‌ر خاكی وڵاتدا نییه‌، به‌ڵام، دڵیان، هه‌ست و كولتووریان، ئاوازێكه‌ و بۆ ئه‌م خاكه‌ ده‌سترێت. ئێش و ناخۆشییه‌كانی وڵات ده‌بنه‌ ژان و له‌ قووڵایی گیانی ئه‌وان ده‌دات. ئه‌وان به‌ به‌های نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه‌وه‌، به‌ به‌های كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، داو داو هۆندراونه‌ته‌وه‌، زۆر چاك ده‌زانن سه‌ربه‌خۆیی مه‌رهه‌مە‌ بۆ هه‌موو برینه‌كانی ئه‌وانیش.


ساڵی 2016 یادی سه‌د ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی سایكس- پیكۆ بوو، كوردانی ئه‌وروپا هه‌وڵیان دا ئه‌و ساڵه‌ بێ ریسواكردن ده‌رباز نه‌بێت، هه‌وڵیان دا كه‌ به‌ جیهان بڵێن، نه‌خشه‌ی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی له‌سه‌ر سنگی كوردستان رێسرا، نه‌خشه‌یه‌كی زاڵم و سته‌مكارانه‌ بوو.


له‌ هه‌موو شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا، له‌ مانگی ئادار و نیساندا، كۆبوونه‌وه‌ی شه‌رمه‌زاركردن گرێ دران، له‌ 14ی گوڵانیشدا چالاكییه‌كی گه‌وره‌ له‌ شاری كۆڵن، له‌ گۆڕه‌پانی هیوماركت به‌ڕێوه‌ چوو. ده‌وروبه‌ری 8 هه‌زار كه‌س به‌شدارییان له‌و رووداوه‌دا كرد. به‌ ده‌یان هونه‌رمه‌ند و گه‌لێك میوانی بیانی ئاماده‌ بوون، شتی سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌ بوو کە كوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌ شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌، پێكه‌وه‌ یه‌ك ده‌نگ بوون، پێكه‌وه‌ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبڕی.


به‌ ده‌یان چالاك، شه‌و و رۆژیان پێكه‌وه‌ گرێ ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی كوردی ئه‌ڵمانیا بكه‌ونه‌ خۆ و هه‌ستی خۆیان هه‌مبه‌ر به‌ په‌یماننامه‌ی سایكس- پیكۆ بخه‌نه‌ روو.


هه‌مان كار و تێكۆشان له‌ شاره‌كانی نه‌مساش به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، له‌كۆتاییشدا رێڕۆیشتنێكی مه‌زن له‌ شاری ڤیه‌ننا به‌ڕێوه‌ چوو، به‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندیی باش له‌نێوان چالاكانی كورد له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ نه‌مسا دروست بوو.


چالاكان خۆیان وه‌ك كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ ده‌ناساند و بڕیاریان دا كه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا و به‌قورسی له‌ ئه‌ڵمانیا، ساڵی 2017 بكه‌نه‌ ساڵی سه‌ربه‌خۆیی.


له‌ ده‌سپێكی مانگی نیساندا، كۆمیته‌ی ئاماده‌كار كۆبوونه‌وه‌ی خۆی كرد و بڕیاری دا كه‌ له‌ 31ی مانگی نیساندا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ هه‌موو ده‌زگاكانی كورد له‌ شاری ویسلینگ رێك بخه‌ن. هه‌ردوو كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی كورد (رووداو) و (كوردستان 24) ئه‌و رووداوه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان و زۆر جوان په‌خش كرد.


ئه‌و رۆژه‌ بووه‌ ده‌سپێكی پێڤاژۆی ماراسۆنی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا و به‌لجیكا. له‌و رۆژه‌دا بڕیار درا، كه‌ له‌ 26ی مانگی ئابدا، له‌ چالاكییه‌كی گه‌رم له‌ شاری كۆڵن، له‌ هه‌مان ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی كه‌ چالاكیی سایكس- پیكۆی لێ به‌ڕێوه‌ چوو، له‌ گۆڕه‌پانی هه‌وماركت، به‌ڕێوه‌ بچێت.


بڕیاری كۆمه‌ڵه‌كانی كورد، به‌شی هه‌ره‌ زۆری پارته‌یلی سیاسی، كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ، ژنان و رۆشنبیران به‌شدارییان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كرد، هه‌مووان هاوڕا بوون كه‌ ئه‌و ساڵه‌ ببێته‌ ساڵی سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌و رۆژه‌ ببێته‌ رۆژێك كه‌ كورد هه‌موو پێكه‌وه‌ گرێ بدرێت، پێكه‌وه‌ بهۆندرێنه‌وه‌.


پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م، چالاكانی كه‌ له‌ سوید و نه‌مساش بوون، بڕیاریان دا و چالاكیی گه‌وره‌یان كرد و به‌گورجی جێی خۆیان له‌و پێڤاژۆیه‌دا گرت.


هاوكات له‌ هه‌موو شاره‌كانی ئه‌ڵمانیا كۆمیته‌ی كار دامه‌زران، ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمیتانه‌ش هه‌وڵیان دا خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ گه‌ل و له‌ ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆییدا به‌شدارییان پێ بكه‌ن.


هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌رمه‌ی ئه‌و خه‌باته‌دا، هه‌رێمی كوردستان به‌ رێبه‌رایه‌تیی سه‌رۆكی هه‌رێم كاك مه‌سعود بارزانی، بڕیاری دا، له‌ 25ی ئه‌یلوولدا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت.


ئه‌م بڕیاره‌ جۆش و خرۆشی زۆری خسته‌ نێو گه‌له‌وه‌ و تین و تاوی كار و تێكۆشانی له‌نێو چالاكاندا مه‌زنتر كرد. كۆبوونه‌وه‌، ئاهه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌موو شاراندا به‌ڕێوه‌ چوو. به‌ڕاستی، كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگ ده‌بوونه‌ مژده‌ و شیرینیی سه‌ربه‌خۆیی. له‌ چاوی به‌شداران و له‌سه‌ر لێوی ئه‌وان، هیوایه‌كی مه‌زن به‌دی ده‌كرا و زۆر بەڕوونی ده‌خوێندرایه‌وه‌.


له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، دوو گه‌می (كه‌شتی: پاپۆڕ)ی سه‌ربه‌خۆیی به‌كرێ گیران: یه‌ك له‌ شاری بۆن، ئه‌وی دیكه‌ش له‌ شاری دووسلدۆرف، ده‌بوو هه‌ردووكیشیان پێكه‌وه‌ له‌ سەعات 12:00ی نیوه‌ڕۆ بگه‌ن به‌ شاری كۆڵن. له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ی بۆندا بووك و زاوا، ده‌هۆڵ و زوڕنا، له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ی دووسلدۆرفیش تیپێكی موزیك ئاماده‌ كرا، هه‌ردوو كه‌شتییه‌كه‌ به‌ ئاڵای كوردستان رازێندرانه‌وه‌.


ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار بوو كورد له‌ ئه‌ڵمانیا توانییان كه‌شتییه‌ك له‌ رووباری راین بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڵاتی خۆیان به‌ڕێ بكه‌ن. ئه‌وه‌ جاری دووه‌م بوو له‌ پاش چالاكییه‌كه‌ی سایكس- پیكۆ، كورد به‌ یه‌ك سیمبوڵ، ته‌نیا به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ رێ.


26ی ئابی 2017 له‌ گۆڕه‌پانی هه‌وماركت، له‌ كۆڵن، ریفراندۆمی كوردانی ئه‌وروپا بوو، 25 هه‌زار كورد پێكه‌وه‌ هاواریان ده‌كرد و پێكه‌وه‌ زه‌ماوه‌ندی سه‌ربه‌خۆییان ده‌گێڕا. نزیكه‌ی 30 هونه‌رمه‌ند سترانی فۆلكلۆری و هیپ هۆپی كوردییان پێشكه‌ش كرد. گۆڕه‌پانی هه‌وماركت به‌ (تی شێرت) و بلوزێ كه‌ (سه‌ربه‌خۆیی)ی له‌سه‌ر نووسرا بوو، رازابووه‌وه‌.


رووداو، كوردستان 24، كوردستان تی ڤی، وار تی ڤی، هه‌موویان هه‌وڵیان ده‌دا كه‌ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ به‌ گه‌لی كورد، له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بگه‌یه‌نن.


به‌ ملیۆنان كورد له‌به‌رده‌می شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن گوێیان له‌ په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كاك مه‌سعود بارزانی ده‌گرت. به‌ ملیۆنان له‌به‌ر شاشه‌كاندا، له‌ خۆشیدا نه‌یان ده‌توانی فرمێسكی شادیی خۆیان رابگرن.


پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م، هه‌مان ئاهه‌نگ، هه‌م له‌ نه‌مسا و هه‌م له‌ سوید و هه‌م له‌ برۆكسلیش، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفروان و به‌ رێكوپێكی به‌ڕێوه‌ چوون.


ئه‌وانه‌ رۆژانی ریفراندۆم بوون له‌ ئه‌وروپا، سندووقی ده‌نگدان نه‌بوون، به‌ڵام، گۆڕه‌پان و شه‌قام سندووقی هه‌ستی ئێمه‌ بوون.


ئێمه‌ گه‌لێك بیری ئه‌و رۆژانه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وان له‌نێو لانه‌ی هه‌ستی ئێمه‌دا چێندران.


25ی ئه‌یلوول، رۆژی ریفراندۆم، له‌ مێژووی گه‌لی كورددا له‌ رۆژانی هه‌ره‌ پیرۆز بوو، ئێمه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان نا، ده‌بێ هه‌نگاوی دیكه‌ش بهاوێژرێن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی ئێمه‌ له‌ نیوه‌دا نه‌مێنێته‌وه‌.


جه‌نابی سه‌رۆك، كاك مه‌سعود بارزانی، له‌پاش ریفراندۆم وای به‌ من گوت:
"ماڵ و موڵكمان هه‌یه‌، ئێمه‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێكین، به‌ڵام كلیلی ماڵه‌كه‌مان له‌ ده‌ستی ئێمه‌دا نییه‌."


له‌مڕۆ به‌دواوه‌، هه‌ر شتێك ده‌بێ بۆ ئه‌و كلیله‌ بێت.

* رۆژنامەوان و چالاکوانی کوردی رۆژئاوا لە ئەوروپا