ئەگەر دەوڵەتت نەبێت خاوەنی چیت؟

 

مەهاباد قەرەداغی 10/09/2018 - 13:55 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

ساڵێک بەسەر (ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان)دا تێ دەپەڕێ، ڕاپرسییەک کە ئەنجامەکەی وەڵامدەرەوەی ئامانجەکەی بوو. لەو راپرسییەدا پرسیارێکی سادە، بەڵام قووڵ و فراوان، هێندەی قووڵایی دەروونی مرۆڤی چەوساوە قووڵ، هێندەی فراوانیی ویژدانی مرۆڤی پاک فراوان، لە هاووڵاتییانی باشووری کوردستان کرا. داڕشتنی پرسیارەکە لەسەر کاغەز هەرچۆنێک بووبێت، لەنێو دەروون و ویژداندا دەبوو بەم جۆرە پرسیارانە:
ئەی مرۆڤی کورد، ئازادییت دەوێت یان کۆیلایەتی؟ سەربەخۆییت دەوێت یان ژێردەستەیی؟ دەوڵەتت دەوێت یان بێدەوڵەتی؟


بێ گومان مرۆڤێکی تەندروست لەڕووی عەقڵەوە، هەر چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت بڵێت ئازادی و سەربەخۆییم لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەوێت. ژیانی بێ دەوڵەتیی بۆ کورد تاقیکراوەیە و پێویست ناکات زیاتر درێژە بەو تاقیکردنەوەیە بدرێت، تا دەرکەوێت چ زیانبەخشە! مێژووی کورد پڕە لەو کارەساتانەی ژێردەستەیی لەسەر ئەو جوگرافیا داگیرکراوەیدا بۆی خوڵقاندووە. ئەو کارەساتانەی کە تەنیا لەناو مێژوودا قەتیس نامێنن و تەنیا پەیوەست نابن بە جوگرافیای خاکەکەیەوە، بەڵکوو کاریگەرییە درێژخایەنەکانیان دەبن بە بەشێک لە پێکهاتەی ئاڵۆزی جوگرافیای دەروونیی تاک بە تاکی نەتەوە.


نیشتمان گرنگە، بەڵام دەوڵەت گرنگترە! بۆچی؟ چونکە نیشتمان برتییە لەو شوێنەی تیایدا دەژیت، لەو شوێنەدا کرێچییش بیت هەر دەتوانی پێی بڵێیت ئێرە نیشتمانمە، بەڵام کە دەیکەیت بە دەوڵەت، نیشتمان دەبێت بە ماڵی خۆت، کە نیشتمان ماڵی خۆت بێت دەتوانی دیوارە کۆنەکانی بڕووخێنی و هی نوێ بنیات بنێیت، تەنانەت دەتوانی سەرتاپا نەخشەکەی بگۆڕیت و لە نوێ بنیاتی بنێیتەوە. بۆیە سەیر و سەمەرە بوو، کەسانێ پەیدا بن بڵێن (نەخێر) بۆ کردنی نیشتمان بە ماڵی خۆمان! یاخود بڵێن بەڵێ بۆ مانەوەمان لە نیشتمانێ لەو دۆخە نالەبارەی وڵاتانی تر بە ناڕەوا خاوەنین، نەک خۆمان!


ڕەوا ئەوەیە کە رۆژێ زووتر گەردنی خۆمان لە تەوقی کۆیلایەتی ئازاد کەین و نیشتمانی بەشبەشکراوی ئێمەش ببێت بە دەوڵەت. گەر هەر جارەی بەشێکیشی بۆی بلوێت ئەو مافە ڕەوایەی کە کراوە بە خەون بۆی، بیکات بە ڕاستی و ببێت بە دەوڵەت، پێویستە دەرفەت لەدەست نەدات. باشووری کوردستان ئەو بەشەی نیشتمانە کە دوای چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین، ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوت، چەترێکی خۆماڵی لەسەر نیشتمانی خۆی هەڵدا و گەلە ستەمدیدەکەی لەژێردا بحەوێنێتەوە. لەژێر ئەم چەترە خۆماڵییەدا پەرلەمان و حکوومەت دامەزرا و ئەزموونێکی خۆبەڕێوەبردن دەستی پێ کرد و درێژەی کێشا. ئەو چەترە خۆماڵییە وەک رەشماڵی خێڵانە و نابێت تا هەتایە گەلی کورد لە نیشتمانی خۆی رەشماڵنشین بێت. ئەو چەترە پێویستە ببێت بە بنمیچێکی کۆنکرێتیی پتەوی ڕاوەستاو لەسەر چەندین پایەی بەهێز. دەوڵەت ئەو بنمیچەیە و پایەکانیشی ئابوورییەکی بەهێز و پەروەردەیەکی بەپێزە، واتە سەرخانێکی ڕووناکیبەخش و ژێرخانێکی دڵنیاییبەخش. ئێمە لە باشووری کوردستان لەو نیشتمانەدا خاوەنی سامانی سروشتیین، بەڵام چونکە خاوەنی دەوڵەت نین، نەتوانراوە بەو سامانە ژێرخانێکی دڵنیاییبەخش دروست بکرێت و سەرخانیش کە برتییە لە پانتایی کولتوور، چونکە سەربەخۆ نین و هێشتاش گەلێکی ژێردەستەین، خڵتەی پڵتەی کولتوورەکانی داگیرکەران هۆش و بیریان تەنیوین و ناهێڵن ببینە خاوەنی دنیابینیی خۆمان.


ئێمە کە نیشتمانمان هەبێت و دەوڵەتمان نەبێت، وەک ئەوە وایە چاومان هەبێت، بەڵام بیناییمان نەبێت. چی لە دیمەنی چاوێکی جوان دەکەیت، ئەگەر سۆمای دیدەی تیا نەبێت؟ ئێمە تا نەبینە خاوەنی نیشتمانی خۆمان، ناتوانین ببینە خاوەنی کولتووری خۆماڵی و دنیابینیی کوردی. قەوارەی سەربەخۆ و دەوڵەت بۆیە گرنگە، لە دۆخی بێناسنامەیی دەرت دەکات و شوناسەکەت دڵنیاییەکت لا دروست دەکات، بۆ دەروونی مرۆڤێکی ئاسایی زۆر پێویستە و بگرە مەرجی تەندروستییەکی دەروونییشە.


ئەنجامی ریفراندۆم وەڵامدەرەوەی ئەو ئامانجە و ئەو پێویستییە ژیانییە بوو، بۆیە نزیکەی ٩٣%ی دەنگدەران بێ دوودڵی و بەشانازییەوە سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتیان هەڵبژارد. گومانی تێدا نییە کە دەوروبەرێکی داگیرکەر نایانەوێت تۆ خۆت لە کۆیلایەتیی بن دەستی ئەوان ئازاد بکەیت و کێشەت بۆ دروست دەکەن، ئەو کێشانەش ئازار و زیان دەبەخشن، بەڵام هیچ کاتێک ئەو ئازار و زیانە و ئەو هەوڵە دژبەرانەش ناتوانن لە هێزی ئەو وەڵامە یەکلاکەرەوەیەی میللەتێک، کە لە ریفراندۆمدا بە گوێی دنیا و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دا، کەم بکەنەوە.


گەلی کورد مەحکوومە بە سەربەخۆیی و کوردستان مەحکوومە بە بوون بە دەوڵەت، تاپۆی ئەو دەوڵەتەش ئەنجامی ریفراندۆمە و درەنگ یان زوو وشەی کوردستان دەکاتە دیاری و دەیبەخشێتە نەخشەی جیهان.