ڕیفراندۆم لە دیدی کوردی فەیلییەوە

جەواد مەلەکشاهی 10/09/2018 - 13:53 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

دوو کەس نادۆزیتەوە کە لەسەر ئەو سروشتە خواییە ناکۆک بن، کە خودا بە مرۆڤی بەخشیوە، بەوەی کە لە چرکەساتەکانی یەکەمی کردنەوەی چاوەکانی، سەربەخۆیی و ڕێزگرتن لە ئیرادەکەی بە هەموو تایبەتمەندییەکانی ژیانی، خۆش دەوێت. منداڵ هەر لە مانگەکانی یەکەمی تەمەنی بە سروشتی خۆی حەز بە سەربەخۆیی دەکات و هەوڵ دەدات بە تەنیا بەرەو هەر شتێک بچێت و دواتر لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت، بۆ ئەوەی بڕوات. بەم شێوەیە ئەم مەیلی سەربەخۆخوازییە لای تاک پێ بەپێی قۆناغەکاتی ژیانی بەهێزتر دەبێت، تا ئەوەی دەگاتە ئەو ڕێگایە هەڵبژێرێت کە دەیگەیەنێتە ئەو ئامانجەی دەیەوێت، لەوانەیش هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان و هەڵبژاردنی کار و ئەو پیشەیەی کە لە قۆناغەکانی پێشووتری تەمەنیدا، خۆی بۆ تەرخان کردووە.


خێزانێکی ئاسایی کە لە دایک و باوک و مداڵەکان پێک دێت، بە ڕۆڵی خۆی پلان بۆ داهاتووی خۆی دادەڕێژێ و ئامانجەکانی لەبەرچاو دەگرێت، هەموو ئەوەش لەپێناو بونیادنانی ژیانێکی شکۆمەند و بەختەوەر و پاراستنی سەربەخۆیی خۆی و کارکردن بە ئیرادەی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ئاییندەییەکانی.


کاتێک لەو بوارە دوورتر دەڕۆین، بە هەمان شێوە، کۆمەڵگا گەورەکان، ماڵەکان، یان هۆز و خێڵەکان دەبینین، کە ئەوانیش هەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان دەدەن لە بڕیاردان و پاراستنی بەرژەوەندیی ڕۆڵەکانیان، ئەمەش وەک زامنکردنی مافەکانیان. بەم شێوەیە، بازنەکە فراوانتر دەبێت، تا دەگاتە گەل و نەتەوەکان، ئەوانەیش خەون و ئومێدەکانی گەورەتر دەبن لەپێناو دەستگەیشتنیان بە سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان. لێرەوە شتێکی ئاساییە کە لە داخوازییەکانیان بگەین و ڕێز لە ئیرادەیان بگیرێت، بۆ ئەوەی لەتەک گەل و نەتەوەکانی دیکە و لەسەر بنەمای بەرژوەندیی هاوبەش، بە ئاشتی و یەکگرتوویی و خۆشی بژیێت.


گەلی کورد یەکێکە لەو گەلە کەونار و ڕەسەنانەی لەو ناوچەیەدا دەژی، نە وەک داگیرکەر هاتووەتە ئێرە، نە کۆچەری کیشوەر، یان ناوچەیەکی دیکەیە و لێرە گیرسابێتەوە. کورد لەگەڵ گەلانی دیکە بەشدار بووە لە بونیادنانی شارستانیەتی مرۆیی ئەم ناوچەیە و وەک هەر گەل و نەتەوەیەکی دیکەی ڕەسەن، خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتی و شەریعەتە ئاسمانییەکان، کە مافی ئەوەی پێ دەدەن لەسەر خاکی خۆی، سەرداری خۆی بێت، مافی ئەوەی هەیە قەوارەی تایبەت بە خۆی و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بونیاد بنێ. وەک چۆن لە پەیماننامە و بەڵگەنامە نێودەڵەتییەکان ئاماژە بە مافی گەلان لە دیارکردنی چارەنووسیاندا هاتووە و دەڵێن: “ هەموو گەل و نەتەوەکان و مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هەیە و بە گوێرەی ئەم مافەش، ئازادە لە بڕیاردان لە پیگەی سیاسیی خۆی، هەروەها ئازادە لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خۆی”.


خاکی کوردستان و گەلی کورد بە زۆرداری و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆیان، بەرمەبنای بەرژەوەندیی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکان لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکە دابەش کران و نەخشەی سنوورە جیۆ - سیاسییەکان لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی و پیکهێنانی دەوڵەتی نوێی وەک سووریا و عێراق داڕێژرانەوە. ئیتر لەو ڕۆژگارانەوە تا ئەمڕۆ، گەلی کوردمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەم و چەوساندنەوەیەی چەندین دەیە بەردەوام بوو، هەروەها لەپێناو سەندنەوەی مافە نەتەوەییە زەوتکراوەکانی لە ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، کە هەزاران ساڵە بەیەکەوە دەژین، تێکۆشانی خوێناوی و خەباتی چەکداریی توندی کردووە. کەچی عەقڵیەتی شۆڤینیی باڵادەست بەسەر حوکمڕانی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان دابەش کردووە، تا ئەمڕۆ و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن، کە ئەم نەتەوە ئازاد و ئازادیخوازە، لەژێر چەپۆک و هەژموونی خیان بهێڵنەوە، بۆ ئەمەش هەموو سیاسەتیکیان گرتووەتە بەر و دڕندەترین تاوانیان لە دژیدا ئەنجام داوە، تا دەگاتە شەڕی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی، هەموو ئەمەش لەپێناو شکاندنی ویست و ئیرادەی کورد بۆ ئازادی و بونیادنانی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی.


ئەو کاتەی گەلی کورد لە بونیادنان و بەردەوامی پەیوەندیێک لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق، کە دوای 2003 حوکمی عێراقیان کرد و دەکەن، بێ ئومێد و بێهوودە بوو، ئیدی هیچ بژارەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەما، جگە لە پەنابردن بۆ ئامرازێکی دیموکراسی و شارستانی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، وەک برژارەیەکی دیموکراسی و ئاشتییانە لەپێناو بڕیاردان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، لەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، یان بونیادنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەستگرتن بە پەیوەندیی برایانەی نێوان گەلانی عێراق و بەردەوام بوون لەسەر کاری هاوبەش لەپیناو پاراستنی بەرژوەندیی گەلانی ناوچەکە.


ئەوەی لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوە دیموکراسی و ئاشتیخوازانەیەی کورد و لەپای داواکردنی ئەم مافە ڕەوایەی خۆی ڕووی دا ئەوە بوو، هەموو ئەو هێزانەی سەربەخۆیی گەلی کوردستان وەک مەترسییەکی زۆر لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن، دەستیان خستە ناو دەستی یەکتری و لە گەلی کورد و ئەزموونە سەرکەوتووەکەی کەوتنە پپلانگێڕی، ئەمەش لەپێناو لەباربردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەدا گەمارۆیەکی سەربازی و ئابوورییان بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند، هاوکات چەندین ڕێکار و ڕیوشوێنی توند و ڕەقیان بە مەبەستی برسیکردنی گەلی کوردستان گرتە بەر، ئەویش بە داخستنی سنوورەکان و بەردەوامبوون لە بڕینی مووچەی فەرمانبەران، ئەو سیاسەتەی کە لەسەر دەستی حکوومەتی مالیکی جێبەجێ کرا. لەوەش وێوەتر، بازنەی پیلانگێڕی و گەمارۆ و هەڕەشەکانیان بە هێرشکردنێکی پێشوەختە بەرنامەبۆداڕێژراو بوو، کە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی عێراقی و بە هاوکاری و چاوساغیی گرووپی خیانەتکاری 16ی ئۆکتۆبەر و بە پشتگیریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێزگەلی هەرێمایەتی، هەروەها بەبەرچاوی هێزە گەورەکانی جیهان و لە پێشیانەوە ئەمریکا، کە بە هەڵبژاردنی بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، گەلی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بێ ئومێد کرد.


دیارە ئەم پیلانگێڕی و دوژمنکارییەی هێزەکانی دژ بە ئیرادەی گەلی کورد، کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر سایکۆلۆژیای مرۆڤی کوردی بە جیاوازیی ئینتمای سیاسی و فیکری و ئایدیۆلۆژییەوە دروست کرد، بەو پێیەی مافی بڕیاردان لە چارەنووس، داواکارییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی باشووری کوردستان بوو و تایبەت نییە بە حزێکی سیاسی، یان تەنیا هێزێکی سیاسیی کوردی.


کوردی ناوچە ناوچە کوردستانییەکان بەگشتی و کوردە فەیلییەکانی بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی، لە هەر هاونەتەوە و هانیشتمانییەکی خۆیان لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەپەرۆشتر بوون بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. چونکە ئەوان خەون و ئومێدی گەورەیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵچنیبوو، ئەمەش دەرەنجامی ئەو تاوانانەی کۆمەڵکوژی کە دەرهەقیان کرابوو، هەروەها لەبەر ناڵاندیان بە دەستی ئەو فشارە زۆر و ڕاستەوخۆیانەی حکوومەتی فیدڕاڵی بە هۆی جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140ی دەستووری و نادیاری چارەنووسی خۆیان و ڕۆڵەکانی ناوچەکانیان، هەروەها بەردەوامیی ململانێی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لەسەر ئەو ناوچانە، بەوەی ناوچەی دەوڵەمەندن بە نەوت و لە ڕووی سەربازی و ئابوورییشەوە ستراتیژین.


کوردە فەیلییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی کورد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی هاوچەرخ لەسەر دەستی بەریتانییەکان، لەلایەن سیستەمە حوکمڕانە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، دووچاری پرۆسەیەکی بەرنامەڕێژی سڕینەوەی شووناسە نەتەوەییەکەیان بوونەتەوە. لەو نێوەدا بەگژ سیاسەتەکانی بەعەرەبەکردن و بە بەعسیکردن و ڕاگواستنی زۆرەملێی ڕژێمی پێشوو بوونەوە، بۆ ئەمەش هیچ دەرفەتیکیان لەدەست نەداوە و هیچ هەوڵێک نەماوە نەیدەن، تاکوو بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی خۆیان بکەن، هەر لەو چوارچێوەیشدا بە گوڕ و تینەوە و لە ئاستێکی فراواندا بەشداریی کاری تێکۆشان و خەباتی نەتەوەییان کرد و لەم ڕێگایەدا و لەپێناو دۆزە نەتەوەییەکەیان قوربانیی بێ ژماریان بە سەر و گیان و ماڵی خۆیان دا و بەشدارێکی کارای سەرجەم شۆڕشەکان و قۆناغەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی بوون لە عێراقدا.


سەرەڕای سروشت و هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکانی ڕۆڵەکانی ئەم توێژەی و پەیوەست نەبوونی بە هەرێمی کوردستان لە ڕووی کارگێڕییەوە، کەچی ئەوان یەکەم کەس بوون، لە هەردوو ماوەی پێش و دوای ڕیفراندۆمدا، بوونە ئامانجی فشار و دەستدرێژی و دوژمنکارییەکانی هێزە عەرەبییە شۆڤینی و ئیسلامییە توندڕۆ و چەتە تاوانکارەکان، کە وەک جۆرێک لە پلان و نەخشەی پرۆسەی تاڵان و بڕۆی ماڵ و موڵکی جووەکانی عێراق لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەمیشە خەریکی پیلانگێڕی و چاوەڕێی دەرفەت بوون بۆ بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و ماڵ و موڵکە گواستراوەکانی فەیلییەکان و دەستگرتن بەسەر زەوی و زار و شوێنە بازگارنییەکانیاندا.


لە مانگەکانی کۆتایی پێش پرۆسەی ڕیفراندۆم، کوردە فەیلییەکان لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان و بەرنامەبۆداڕیژراوی ڕاستەوخۆی هەڕەشە و ترس و تۆقاندن بوونەوە، ئەم هێرشانە نەک تەنیا لەلایەن خەڵکی دەروون نزم لە هاوسێ و ئاشنا و دۆستەکانیان لە فەرمانگەکان و قوتابخانە و زانکۆکان و شوێنی کار، بەڵکوو لەسەر زمانی سیاسییەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لەئارادا بوو. هەندێک لەوانە داوای ڕاگواستنی فەیلییەکانیان کرد بۆ هەرێمی کوردستان، هەندێکی تریان داوایان کرد ڕەگەزنامەی عێراقییان لێ بستێننەوە، هەندێکی دیکە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ هانی ئەوەیان دەدا توندوتیژی و زەبروزەنگیان لە بەرامبەردا بکرێ، هەموو ئەم هەڕەشە و گوەڕەشانەش تەنیا لەبەر یەک (تاوان!) بوو، تاوانی کوردبوونیان، کە بە گوێرەی تیگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی هەڕەشەکاران بۆ چەمکی نیشتمانیبوون و دەوڵەت و هاووڵاتیبوون و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کوردە فەیلەییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی نیشتمانیی عێراقیدان.


لەسای ئەم هەڕەشانەدا و لەو کاتانە، کوردی فەیلی و خێزانەکانیان و زۆربەی کوردە فەیلییەکانی بەغدا و ناوەڕاست و باشوور، لە دۆخێکی سەختی دەروونیدا دەژیان، بۆیە چەندین شاندیان بە مەبەستی سەردان و دیداری سەرکردە سیاسییە میانڕەوەکان و سەرۆک هۆزە عەرەبەکان پێکهێنا، بۆ ئەوەی دڵنیایان بکەنەوە و لەهەر دەستدرێژیکردنێکی چاوەڕوانکراو بیانپارێزن. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ناوچەکانیان لە سنووری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا نەبوو و نەشیاندەتوانی لەو زەماوەندە نەتەوەییە مەزنەیاندا دەنگ بدەن.


وێڕای هەموو ئەو کارەساتانەی لە ڕابردوودا و دواتر و لە ماوەی دوای ڕزگاربوونی عێراق لە دەستی دیکتاتۆریەتی دڵڕەش بەسەر کوردە فەیلییەکاندا هاتن، سەرەڕای ئەوە کەم و زۆر لە هیچ دەسکەوت و ئیمتیازێکی ماددی و مەعنەویی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند نەبوون، کەچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تا ئێستاش دەستیان بە بیروباوەڕ و گیانی بەرزی نەتەوەیی و کوردبوونیانەوە گرتووە، کە هیچ لە بیروباوەڕی نەتەوەیی خوشک و براکانیان کەمتر نییە. ئەو خوشک و برایانەیان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین و لە دەسکەوت و ئیمتیازە ماددی و مەعنەوییەکان سوودمەند بوونە و دەستی ئاوەدانکردنەوە گەیشتووەتە گوند و شارەدێ و شارەکانیان و پێشکەوتنێکی بەرچاوی خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەبەرهێنان و تاوانا ئابوورییە جیاوازەکاندا بەخۆیەوە بینیوە.


ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ پێی بگەین و خوێنەری لێ ئاگادار بکەینەوە ئەوەیە، کە کوردە فەیلییەکان تا ئێستاش لە بازنەی بیری نەتەوەیی هاوسەنگ و میانڕەودان، ئەو بیرە نەتەوەییەی کە نەک هەر خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی نەتەوەیی عێراق، بەڵکوو خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی نەتەوەیی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش نابینێت. ئەو بیرە نەتەوەییەی کوردە فەیلییەکان کە پێیوایە هەر دەسکەوت و سەرکەوتنیک لە ئیلام و کرماشان و مهاباد و سلێمانی و دیاربەکر، یان لە قامیشلۆ و عەفرین بێتە دی، ئەوە بۆ ئەوانیش دەسکەوتێکی نەتەوەییە. بۆیە زۆر دڵنیام و لەوە و پشتڕاستم، ئەگەر باجەکەی هەرچییەک بێت، ئەوا ئەگەر لە داهاتوودا ڕیفراندۆم لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدرێت، ئەوا کوردە فەیلییەکان یەکەمین کەسن و لە پێشەنگی ئەوانەن کە پشتگیری و پشتیوانیان دەکەن، چونکە ئەمە داواکاریێکی نەتەوەییە، کە لە ڕێگایەوە بڕیار لە چارەنووسی ئاییندەی نەوەکانی دەدا. تەنانەت ئەگەر مافی دەنگدانیان هەبێ، ئەوا بەوپەڕی هێز و گوڕوتینەوە بەشداری لە پرۆسەکە دەکەن و دەنگ بۆ قەوارەی سەربەخۆ دەدەن. بۆیە ئەرکی سەرکردایەتیی سیاسی کوردییە لە عێراق و پارچەکانی دیکەی کوردستانی دابەشکراو و داگیرکراودا، وەک بەشێکی زیندوو و کارا و کاریگەری چوارچێوەی نەتەوەیی، ئاوڕێکی جیددی لە کوردەکانی ئیلام و کرماشان و بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بدەنەوە و چیتر پشتگوێیان نەخەن و لە بایەخ پێدان و چاودێریکردن بێبەشیان نەکەن، بەو پێیەی ئەوانیش هاونیشتمانیی ڕەسەنی کورد و سەنگەری پێشەوە و قەڵغانی پتەون بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان، لە کوردستان.