ڕیفراندۆم ڕاستكردنه‌وه‌ى خوارییه‌كانى مێژوو بوو

ریفراندۆمی 25\9\2017 به‌ یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ قۆناغى دواى رووخانى رژێمى به‌عس ده‌ژمێردرێت

زیره‌ك كه‌مال 05/09/2018 - 11:29 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

بۆى هه‌یه‌ پێناسه‌كردنى چه‌مكى ریفراندۆم قورس بێت، چونكه‌ مرۆڤ چه‌نده‌ خاوه‌نى هزرێكى پاراو و توانایه‌كى فیكری و رۆشنبیریی فراوان بێت، زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت بنیات و رووكاره‌ ده‌ره‌كى و ناوه‌كییه‌كانى ئه‌و چه‌مكه‌ ده‌ستنیشان بكات، چونكه‌ نه‌ك هه‌ر ریفراندۆم، به‌ڵكوو كۆى چه‌مكه‌ فیكری و سیاسی و فه‌لسه‌فی و ئایینى و میتۆده‌ زانستییه‌كان، لەڕووى مانا و مه‌غزا و فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، ملكه‌چى كات و شوێنن، واتا زۆر جار به‌ته‌نیا ئه‌و چه‌مكانه‌ نین كه‌ مانا و قورسایی میتۆدى و زانستیى خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ كات و شوێنیشه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى رێژه‌ییش بێت، هێڵه‌ گشتییه‌كان ماناى ئه‌و چه‌مكانه‌ لێك ده‌داته‌وه‌. بۆیه‌ش قسه‌كردن له‌سه‌ر ریفراندۆم به‌ زمانى ئایینى، جیاوازه‌ له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌مان چه‌مك به‌ زمانى دیموكراسى، قسه‌كردن له‌سه‌ر ریفراندۆم به‌ زمانى هه‌واڵ، جیاوازه‌ له‌ قسه‌كردن هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه‌ به‌ زمانى زانستى سیاسى.


قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌باره‌ى دیموكراسییه‌ت و مێژووى، یاخود سه‌ره‌تای له‌دایكبوونى چه‌مكى دیموكراسییه‌ت، بیریارێكى ئه‌و بواره‌ پێى وایه‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونى دیموكراسییه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ساته‌ مێژووییه‌ى كه‌ مرۆڤ جوێنى دا، واتا مرۆڤ له‌جیاتى ئه‌وه‌ى به‌ مه‌نتیقی هێز په‌لاماری به‌رامبه‌ر بدا و جه‌سته‌ى شه‌ڵاڵى خوێن بكات و سه‌ر و گوێلاكى بكوتێته‌وه‌، جوێنى پێ دا. هه‌ڵبه‌ت جنێودان به‌ ماناى خۆى خاڵیكردنه‌وه‌ له‌ رێگاى ده‌ربڕینى وشه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ په‌لاماری جه‌سته‌یی، دیاره‌ بۆ ریفراندۆمیش ده‌شێت بگوترێت له‌ڕووى زه‌مه‌نى له‌دایكبوون و چۆنیه‌تیى په‌یدابوونى ریفراندۆم له‌ فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌ هه‌ره‌ ساده‌كه‌ى، بۆى هه‌یه‌ بریتی بێت له‌ ئه‌نجامدانى كارێكى گه‌وره‌ و قورس له‌ رێگاى هه‌ره‌وەزى، واتا زۆرجار گه‌وره‌ى ئاوایی یاخود هه‌ر كه‌سێكى گوند كاتێك تواناى ڕاپەڕاندنی ئیشێكى نه‌بووبێت و کارەکە پێویستى به‌ توانا و وزه‌یه‌كى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بووبێت، بۆ ئه‌مه‌ش داواى كاری هه‌ره‌وه‌زیى له‌ خه‌ڵك و دانیشتوانى گوند كردبێت، ئه‌وه‌ ده‌كاته‌ ریفراندۆم، ئه‌وا پێناسه‌كردنیشى لهڕووى فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌ زانستییه‌كەیەوە بریتییه‌ له‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆك و رابه‌رانى میلله‌ت له‌ڕووى یاسایی و شه‌رعییه‌تى نیشتمانى رێگا به‌ خۆیان ناده‌ن، یاخود رێگایان پێ نادرێت بڕیار له‌سه‌ر پرس و ئه‌و بڕیارانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان بده‌ن، ریفراندۆم به‌ ماناى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌رۆك و به‌رپرسانى وڵات بۆ وه‌رگرتنى راى جه‌ماوه‌ر له‌باره‌ى مه‌سه‌له‌ هه‌ستیار و په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ كۆى ژیانى ئێستا و ئاینده‌ى وڵات، واتا كار و بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورس و پڕ له‌ به‌رپرسیارێتییه‌ـ سه‌رۆك رێگا به‌ خۆى نادات بە تەنیا بیدات، بۆیه‌ جه‌ماوه‌ر ده‌كاته‌ سه‌رپشك. ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ریفراندۆم له‌ 25/9 ساڵى 2017 به‌ یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ قۆناغى دواى رووخانى رژێمى به‌عس له‌ ساڵى (2003) ده‌ژمێردرێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌، قه‌ناعه‌تى پته‌وم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ هه‌رێمى كوردستان و كۆى ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ له‌ ماناى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێ ده‌گه‌ن، خسته ‌سه‌ر راسته‌هێڵى ئیراده‌ و شكۆى نه‌ته‌وه‌یی.


ریفراندۆمى 2017 پچڕاندنى ئه‌و ته‌وقه‌ ئاگرین و ئه‌ڵقه‌ پته‌و و ئاسنییانه‌ بوو كه‌ ده‌یان ساڵ بوو به‌شێكى زۆرى حزبه‌كانى كوردستان له‌ژێر دروشمى دیموكراتى بۆ عێراق خستبوویانه‌ ته‌وق و ملى شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و حزبانه‌ رۆژێك له‌ رۆژان له‌ خۆیان بپرسن، ئه‌رێ ئه‌وه‌ كێ ئێوه‌ى راسپاردووه‌، یاخود كێ ئه‌و ده‌ستووره‌ى به‌ ئێوه‌ داوه‌ دیموكراسى له‌ عێراق بچه‌سپێنن؟! به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ خۆیان بپرسن ئه‌رێ به‌ شه‌هیددانى ده‌یان هه‌زار رۆڵه‌ى پێشمه‌رگه‌ و كاولبوونى هه‌زاران گوند و كوشتن و بێ سه‌روشوێن كردنى سه‌دان هه‌زار رۆڵه‌ى ئازیزى میلله‌ته‌كه‌مان و پیاده‌كردنى سیاسه‌تى پاكتاوكردنى ره‌گه‌زى له‌ دژى گه‌له‌كه‌مان، بۆ هێنانه‌ كایه‌ و چه‌سپاندنى كۆڵه‌گه‌كانى دیموكراسی بوو له‌ عێراق؟ یاخود بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانى گه‌لى كوردستان بوو؟ ئایا خه‌مى به‌دیموكراسیكردنى عێراق و خۆ شه‌ته‌كدان و خۆ گرمۆڵه‌كردنى شۆڕش و سه‌رجه‌م په‌له‌كانى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى خۆ به‌ عێراقى كردنه‌وه،‌ چ ده‌ره‌نجام و به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وتێكى بۆ كورد هه‌بوو، جگه‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردان و به‌فیڕۆچوونى وزه‌ و هیلاكى و هه‌زاران ماڵوێرانى و قوربانیى گرانبه‌ها؟

 

سه‌ربه‌خۆیى له‌نێوان ترس و ئیراده‌دا
پرسیارێك كه‌ به‌رده‌وام مێشكم ده‌گروێت و به‌رده‌وام له‌ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌یه‌كى قووڵدا چه‌قاندوومى ئه‌وه‌یه‌، بۆچى شۆڕش و حزبه‌كانى كوردستان هیچ كامێكیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه‌ دروشمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانیان هه‌ڵنه‌گرتووه‌؟ ئایا بۆچى ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌یان نه‌كردووەته‌ ئامانجى ستراتیژى و هه‌روه‌ها به‌ عێراق و به‌ هه‌موو جیهانیان نه‌گوت كێشه‌ى سه‌ره‌كیى گه‌لى كوردستان له‌ بنه‌چه‌كه‌دا خاك و گه‌ل و نیشتمانه‌، نه‌ك دیموكراسییه‌تى عێراق؟ شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى گه‌لى كوردستان، كه‌ به‌درێژایی یه‌ك سه‌ده‌ رووبه‌ڕووى سه‌رجه‌م رژێمه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عێراق بووەته‌وه‌ و ته‌حه‌دداى فاشیه‌ت و دكتاتۆریه‌تى سه‌دام حوسێنى وه‌كوو گه‌وره‌ترین دیكتاتۆری جیهان كرد، بۆچى به‌ ئیراده‌یه‌كى به‌رز و دلێرانه،‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستانیان نه‌كرده‌ چه‌ق و ناوه‌ندى دروشمى سیاسیی خۆیان؟


ئایا مه‌ترسى بوو له‌ وروژاندنى عه‌ره‌ب وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌ دژى خۆى؟ ئایا ترس بوو له‌ گه‌له‌كۆمه‌كێى دوژمنانى كورد دژ به‌ كوردستان؟ ئه‌گه‌ر ترسه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو، خۆ شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول دروشمى سیاسی بریتی بوو له‌ دیموكراتى بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستان، ئه‌ى بۆچى ئه‌و شۆڕشه‌ كه‌ هیوا و ئومێدى میلله‌تێك بوو گه‌له‌كۆمه‌كیى هه‌رێمایه‌تى و بگره‌ نێوده‌وڵه‌تییشى لێ كرا؟ ئه‌رێ بەڕاست رۆژێك ئه‌و پرسیاره‌مان له‌ خۆمان كردووه‌، چى بوون ئه‌و فاكته‌رانه‌ى كه‌ هه‌واری بومه‌دیانى سه‌رۆكى جه‌زائیر و ئێندیره‌ غاندى، سه‌رۆكى هیندستان و سه‌دامى عێراق و شاى ئێران و چه‌ندین میرنیشینى كه‌وا ئاوریشمیى كه‌نداوى له‌ وڵاتى جه‌زائیر له‌ دژى شۆڕشى ئه‌یلوول و ئامانجه‌كانى گه‌لى كوردستان کۆ كرده‌وه‌؟ خۆ ئه‌و شۆڕشه‌ داواى سه‌ربه‌خۆیی كوردستانى نه‌كردبوو! ئه‌ى بۆچى هیندى و عه‌ره‌ب و فارسیان به‌ وێنه‌ی گه‌له‌گوركى هار، به‌ردایه‌ گیانى ئه‌و شۆڕشه‌ مه‌زنه‌ و گه‌وره‌ترین خه‌ون و ئامانجى چه‌وساوه‌ترین گه‌لى سه‌ر رووى ئه‌و هه‌ساره‌یان زینده‌به‌چاڵ كرد؟


یاخود ده‌كرێت پرسیارێكى تر ئاراسته‌ى خۆمان بكه‌ین، بۆچى عه‌ره‌ب وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و سه‌رانى سیاسیی عه‌ره‌ب، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆنى رژێمى سه‌دام بوون و ئێستاش حوكمڕانیى عێراق ده‌كه‌ن، سه‌ربه‌خۆیى كوردستان لایان گوهانێكى (كبیره‌) و كوفرێكى سیاسییه‌؟! ئایا ته‌نیا ئه‌وان به‌رپرسیارن له‌ دروستبوونى ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان، یاخود ئێمه‌ش وه‌كوو كورد به‌رپرسیارین له‌وه‌ى كه‌ عه‌ره‌بمان له‌گه‌ڵ چه‌مكى سه‌ربه‌خۆیى رانه‌هێنا؟ بۆچى پێمان نه‌گوتن سه‌ربه‌خۆیى گه‌لان مافێكه‌ هه‌موو ئایینه‌كان و مافه‌ گه‌ردوونییه‌كانى دنیاى مودێرنه‌ له‌ سیاقى خۆیان سه‌لماندوویانه‌؟ بۆچى راشكاوانه‌ پێمان نه‌گوتن بۆ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت بۆ تورك و فارس و عه‌ره‌ب مافێكى ره‌وا بێت، بۆ كوردیش كوفرێكى سیاسی بێت؟ بۆ ده‌بێ قه‌واره‌یه‌كى داتاشراوى سیاسیی وه‌كوو عێراق له‌گه‌ڵ كورد كرا به‌ ده‌قێكى پیرۆزى ئایینى و هه‌ر جۆره‌ ده‌ستكاریكردنێكى ئه‌و قه‌واره‌یه‌ش به‌ ماناى ده‌ستبردن بێت بۆ پیرۆزییه‌كانى ئایین؟ له‌كاتێكدا هه‌ر ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ى ناویان لێ نا ده‌وڵه‌تى عێراق، له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م ده‌وڵه‌تى به‌ریتانیا دروستى كرد، بۆ ئه‌وه‌ى بیكات به‌ پۆلیسى پاسه‌وانى به‌رگریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورى و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى خۆى!


بۆیه‌ش من به‌ ئه‌ركى سه‌رشانى خۆم و هه‌موو كوردپه‌روه‌ر و داكۆكیكارێکی مافى مرۆڤ و هه‌موو ئه‌وانه‌ى چێژ له‌ ئازادى و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بینن ده‌زانم، كه‌ له‌ سه‌رجه‌م ئاست و بواره‌كاندا بكه‌وینه‌ خۆ و له‌ چه‌ندین كایه‌ى جۆراوجۆردا هه‌وڵ و توانا و وزه‌مان یه‌ك بخه‌ین و رووه‌ و هێنانه‌دیى ئامانجى سه‌ربه‌خۆیی شه‌و و رۆژمان بخه‌ینه‌ سه‌ر یه‌ك، هه‌موومان له‌و راستییه‌ تێ بگه‌ین، كه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كیى ئێمه‌ و به‌رده‌وام دووباره‌بوونه‌وه‌ى كۆست و تراژیدیاكانمان هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى خۆ به‌ بچووك زانى و خۆ گرمۆله‌كردنمان بووه‌ له‌ چوارچێوه‌ى عێراق، هه‌ڵبه‌ت من له‌و راستییه‌ش تێ ده‌گه‌م، له‌دواى گۆڕانكارییە سلبییه‌كانى دواى پرۆسه‌ى ریفراندۆم (2017) بۆى هه‌یه ئێستا وروژاندن و گه‌رمكردنى دروشمى سه‌ربه‌خۆیی به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى له‌به‌رده‌م بێت، به‌تایبه‌تیش ئێستا كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌ندین ناوه‌ندى سیاسی و میدیایی گۆڕانكاری و ئاسه‌واره‌ نه‌رێنییه‌كانى دواى ریفراندۆمیان قۆسته‌وه‌، كه‌وا گاڵته‌وگه‌پ به‌ چه‌مكى (سه‌ربه‌خۆیی كوردستان) بكه‌ین و بگره‌ توندتر و دڵڕه‌قتر له‌ سه‌رانى سیاسیى مه‌زهه‌بیى عێراق، سه‌ربه‌خۆخوازانیان خستووەته‌ چوارچێوه‌ى قه‌فه‌زى تاوان و (العراق الحبیب)یان لێ كردووین به‌ به‌هه‌شتى فیرده‌وس، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌ هه‌رگیز وامان لێ بكات، له‌ خه‌باتكردن و هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سارد ببینه‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ماف و ئامانجه‌ مه‌زنه‌ بین، هه‌ڵبه‌ت من له‌ چه‌ندین نووسین و دیمانه‌ى رۆژنامه‌وانییشدا ئه‌وه‌م گوتووه‌، كه‌وا ده‌وڵه‌تى كوردستان راناگه‌یەندرێت، به‌ڵكوو له‌سه‌ر زه‌مینى واقیعدا دروست ده‌كرێت، خه‌باتیش بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجه‌ مه‌زنه‌ ده‌بێ له‌ چه‌ندین بوار و كایه‌ى جیاجیادا بێت، واتا ده‌وڵه‌ت سیاسەت و سه‌ركرده‌ى سیاسی رابه‌رایه‌تیى دروستكردنى ده‌كات، به‌ڵام كایه‌ ئابوورییه‌كان و قه‌ڵه‌مى نووسەران و به‌رهه‌م و هه‌وڵ و كۆششى رۆشنبیران و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌و باره‌یه‌وه‌ وزه‌ و توانا و روئیایان هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌وا كۆت و به‌ند و ته‌وقى دیلێتیى نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌ست و دكتاتۆریه‌ت و قه‌فه‌زه‌ ئایینییه‌كانى عێراق له‌ دروشمى دیموكراسییه‌ت بۆ عێراق نائومێدی كردن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ماناكانى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیی تێ ده‌گه‌ن و له‌سایه‌ و سێبه‌ری سه‌ربه‌خۆییدا هه‌ست به‌ بوون و شكۆ و هه‌یبه‌تى ماهییه‌تى نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانبوونى خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌بێ له‌ بیناكردنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆدا به‌شدار بن، چونكه‌ هێنانه‌دیى ئامانجێكى ئاوا مه‌زن و خۆده‌ربازكردن له‌ ته‌وقى دیلى، خه‌مێكى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ و تواناى هه‌مووانى گه‌ره‌كه‌، راشكاوانه‌ ده‌یڵێم، ریفراندۆم قسه‌ى دڵى ناو هه‌ناوى مێژووى سه‌دان ساڵه‌ى گه‌لى كوردستان بوو، له‌پێناوى ئازادى و سه‌ربه‌خۆیی و راستكردنه‌وه‌ى ئه‌و خوارى و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌ بوو، كه‌ بۆ رازیكردن و دڵخۆشیى سه‌رانى سیاسیی نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ستی عێراق، دیموكراسیمان خستبووه‌ پێش مافه‌ نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى خۆمان. ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌ربڕینێكى راستگۆیانه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ى داواكاریی گه‌لى كوردستان بوو بۆ ئاستى باڵاى سه‌دان هه‌زار شه‌هید و هه‌زاران ماڵكاولی و خاك سووتان و جینۆساید و گێڕانه‌وه‌ى هه‌یبه‌ت و شكۆ و ئیراده‌ بوو بۆ گه‌لێك كه‌ ده‌یان ساڵ بوو ده‌سته‌بژێره‌ سیاسییه‌كه‌ى شه‌رمنانه‌ له‌به‌ر هۆیه‌ك بووبێت، هه‌ر بۆ خۆى بڕیاری له‌سه‌ر دروشم و پرس و مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان ده‌دا و نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى راى خه‌ڵك، بۆیه‌ دڵنیام و قه‌ناعه‌تی‌ پته‌وم به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌وا له‌ ئاینده‌یه‌كى یه‌كجار نزیكدا ده‌ره‌نجام و به‌رهه‌مه‌ ئیجابییه‌كانى ریفراندۆم به‌ جوانترین شێوه‌ و وه‌كوو مژده‌یه‌كى یه‌كجار گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى به‌دیار ده‌كه‌وێت، دیاره‌ هه‌ر له‌ ئێستاشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هێما و ئاماژه‌ى ئه‌و مژده‌یه‌ به‌دیار كه‌وتوون و داهاتووش ده‌یسه‌لمێنێت كێ له‌سه‌ر هه‌ق بوو؟