لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا ئایا بەڕاستی کورد گەڕەکەی دۆڕاند؟

 

03/09/2018 - 15:58 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتییشدا، باوەڕێکی گشتیی وا باو بوو، کە کورد لە بۆ شاییەکدا هەنگاویان ناوە، هەنگاوێک بەرەو هەڵدێریان دەبات. تەنانەت زۆر کەس بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ لووتکەی سەرچیخی و هەڵچوون، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخێکی گشتیی نەگونجاودا.


لە ئاستی ناوخۆییدا، هەندێک هێزی کورد بابەتەکەیان بۆ دنەدانی ململانێی مێژوویی لە دژی ڕەوتی نەتەوەیی، کە خۆی لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینێتەوە، قۆستەوە و وەک خاڵێک دژی نەیارەکەیان تۆمار کرد، ئەویش بە تۆمەتی ئەوەی کە ڕەوتی نەتەوەیی ڕیسک بە چارەنووسی کورد دەکات و ئەو هەنگاوەی بەبێ خوێندنەوەی پێشوەختە و کۆدەنگی ناوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە خودی ئەو هێزانە ڕیسکیان بە چارەنووسی کوردەوە نەکرد، بەڵکوو قوماریان بە خەونی کورد کرد و بەبێ هیچ پاساوێک، وەک چۆن مار کاژی خۆی دەگۆڕێت، ئاوا دروشمەکانیان گۆڕی. ئەو هێزانە بەبێ ئەوەی توانیبێتیان لە ١٪ی دروشمەکانی خۆیان، کە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەنجانی کورد بۆ ڕیزەکانیان بەکاریان هێناوە، پێکابێت، کوردیان لە وێرانییەکەوە بۆ وێرانییەکی تر بردووە. بەداخەوە زیاتر لە دوژمنە تەقلیدییەکانی کورد، دوژمنکارانە بوون هەمبەر بە هەنگاوی ڕیفراندۆم.


کاردانەوەکان لە ئاستی هەرێمایەتیدا لەپڕ و چاوەڕواننەکراو نەبوون، چونکە ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان دابەش کردووە و چارەنووسی گەلی کوردیان جڵەو کردووە، هەرگیز ئاوا بەئاسانی دەستبەرداری سیاسەتەکانیان لە نکۆڵیکردن نابن، کە بە درێژایی دەیان ساڵە لە بەرامبەر گەلی کورددا پیادەی دەکەن. تورکیا، ئەوەی کە هەندێک کەس پێیان وابوو هاوپەیمانیی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، لە هەموو دەوڵەتەکان زیاتر دژایەتیی هەنگاوی ڕیفراندۆمی کرد، بەڵکوو لەوەش زیاتر ڕۆیی، بە جۆرێک، سەرکردایەتیی تورکی کە پەیوەندییەکی ڕێژەیی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، لێدوانی ڕووشێنەری دژی سەرکردایەتیی هەرێم دا و هەفتەیەک بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش، وەک فشارێک بۆ ناچارکردنی هەرێم بۆ پاشەکشەکردن لە هەنگاوی ڕیفراندۆم، سوپاکەی مانۆڕێکی سەربازیی لە نزیک سنوور ئەنجام دا. لەڕاستیدا ئەنکارا لە پرۆسەی ڕیفراندۆم نەدەترسا، بەڵکوو هاوشێوەی دراوسێیەکانی (ئێران و سووریا و عێراق) ترسی لە سەربەخۆیی تەواوی کوردستان هەبوو.


هەرچی ئێرانە، لە تورکیا کەمتر دوژمنایەتیی هەنگاوەکەی نەکرد، بەڵکوو سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی، ئەدمیرال عەلی شەمخانی، لە بەرامبەر ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، بەئاشکرا و ڕاشکاوی هەڕەشەی داخستنی سەرجەم دەروزاە و خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی کرد. ئەم لێدوانەی شەمخانی (کە بەکردەنی لە دوای ڕیفراندۆمدا جێبەجێ کرا)، بەتەواوی هاوکات و هاوڕیتم بوو لەگەڵ لیدوانێکی هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی تورکی، بن عەلی یەڵدرم. بەو مانایەی هەر یەکە لە ئێران و تورکیا، کە دواتر عێراقیش هاتە پاڵیان، لەسەر گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان ڕێک کەوتن. تا ئەوەی عێراق بە مەبەستی دابڕاندنی هەرێمی کوردستان لە جیهان و ناوچەکە، گەشتی ئاسمانیی هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێری ڕاگرت.


بە لایەنی کەمەوە، نیگەرانی و بێئومێدیی گەورەی جەماوەری کوردستان و گەلی کورد، لە (دۆستەکان)ی کورد بوو. چونکە سەرەڕای هەوڵەکانی سەرکردایەتیی کورد بۆ دڵنیاکردنەوەی (هاوپەیمانیی ئەمریکی)، بەوەی ئەم هەنگاوە زیان لە پڕۆژەی شەڕ لە دژی داعش نادات. هەروەها وێڕای دیدار و چاوپێکەوتنەکانی بەڕێز مەسوور بارزانی، وەک نوێنەری سەرکردایەتیی کوردی، لەگەڵ هەر یەکە لە جارید کۆشنەری ڕاوێژکاری ترامپ و هێربرت ماک ماستەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی (ئەوەی لە بەهاری ئەمساڵدا، ترامپ لە پۆستەکەی دووری خستەوە)، کە چوار مانگ پێش ڕیفراندۆم، ئەنجامی دان. هاوکات سەرباری ئەو وتارەی کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە حوزەیرانی 2017 بە واژۆی بەڕێز مەسعود بارزانی بڵاوی کردەوە کە تیایدا جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە، کە هیچ مەبەست و نیازێکی دوژمنکارانە لەپشت ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە نییە و بەغدا دەبێتە دراوسێیەکی گەورەی کوردستان، هەروەها پێویستە ئەمریکا ڕێز لە بڕیاری گەلی کورد بگرێت. کەچی ئەمریکییەکان قەناعەتیان بە هیچ یەکێک لەو بیانووە لۆژیکی و دڵنیاکردنەوانە نەهات، کە بارزانی پێشکەشی کرد. لە بەرامبەردا و بە بیانووی ئەوەی کە کاریگەریی لەسەر پرۆسەی جەنگی دژە تیرۆر دەبێت، داوایان لە کورد کرد، کە ئەم پڕۆژە نەتەوەییە مەزنە دوا بخەن. لەڕاستیشدا بیانووەکەی ئەوان، بیانوویەکی بێ بنەما بوو، بیانوویەک کە لە هاوپەیمانێکی لە قەبارەی ئەمریکا قەبوڵکراو نەبوو. چونکە ئەو زۆر باش دەزانێت کە بە لایەنی کەمەوە، کورد لە عێراقدا، داواکاریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی، یەک سەدەی تەواو دواخست، واتە لە سەردەمی شێخ مەحموودی نەمرەوە.


دەگوترێ شێخ لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی کۆ بووبووەوە و لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان، گفتوگۆی لەگەڵدا کردبوو، وێ دەچوو دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکە بابەتەکەی رەت کردبێتەوە، بۆیە شێخ لە گیرفانی پاڵتۆکەیدا کاغەزیکی دەرهێناوە و کە چواردە بنەماکەی ودرۆ ویڵسنی ئەمریکیی لەسەر نووسرابوو و بەندی دوازدەمی بۆ خوێندووەتەوە، کە تایبەت بووە بە پێویستیی سەربەخۆیی گەلانی ناتورک، ئەوانەی لەژێر جەوری عوسمانییەکاندا ناڵاندوویانە و شێخ لەبارەی هۆکاری دڕدۆنگی و خۆنەبانکردنی (لە پشتیوانیکردنی مافی کورد لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت)، پرسیاری لە بەرپرسە ئەمریکییەکە کردووە.


سەت ساڵە کورد چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنی ئەو دەوڵەتە گەورە و زلهێزانە دەکات، کە بەردەوام لە پەیوەست بەم بابەتە دڕدۆنگن و درۆ دەکەن. بۆیە چیتر سەرکردایەتیی کورد باوەڕی پێیان نەکرد، کارێکی زۆر باشیشی کرد، کە باوەڕی بە بڕوبیانووە بەردەوامەکانی ئەمریکا و داواکاریی بەردەوامی بۆ دواخستنی پرۆسەکە، نەکرد.


هەرچی ئەوروپایش بوو، ئەویش لەگەڵ کاروانی ئەمریکادا ڕۆیشت و بە بیانووی ئەوەی کە دەبێ پیشینەیی بۆ شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بێت، پڕۆژەکەی کوردی ڕەت کردەوە. ئەوەبوو یەکێتیی ئەوروپا لەسەر هەمان ڕیتمی ئەمریکا، داوای لە حکوومەتی کوردستان کرد پڕۆژەکە دوا بخات. سەرەڕای ئەوەی بەڕێز مەسروور بارزانی پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە هەولێر چاوی بە نوێنەری یەکیتیی ئەوروپا کەوت و لە دیدارەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ڕیفراندۆم هاوپەیمانیی دژی تیرۆر بەهێزتر و سەقامگیریی ناوچەکەش پتەو و تۆکمەتر دەکات، بەڵام ئەوروپییەکان هەر سوور بوون لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم.


بەداخێکی زۆرەوە، ئیسرائیل تاکە دەوڵەت بوو بەئاشکرا ڕای گەیاند، کە لەگەڵ ڕیفراندۆم-دایە.


بە باوەری من ئەم بانگەشەیەش خزمەتی گەلی کوردی نەکرد، چونکە پیشوەختە بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئیسرائیلی دووەم تاوانبار کراوە. نابێ ئەو وێنە شێواوەش لەبیر بکەین کە میدیای عەرەبی لەبارەی ئیسرائیل و مەترسییەکەی لەسەر بوونی عەرەبی دروستی کردووە. بۆیە ئەگەر بەرژەوەندیی کوردی دەویست، بۆ ئیسرائیل باشتر بوو جۆش و خرۆشەکەی خاوتر بکاتەوە، بەمەش هیچ کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئەمریکی نەبوو (ئەوەی کە بەردەوام لە میدیادا دەگوترێتەوە، گوایە لەژێر کاریگەریی لۆبی یەهوودی-دایە). لەبەرئەوە، ئاکامی ڕاگەیاندن و بانگەشەکەی زۆر نەرێنی بوو.

 

کەواتە کورد چ سوودیکی لە ڕیفراندۆم بینی؟
لەوەی پێشتر باسمان کرد، ڕەنگە وا خەیاڵ بکەین کە کورد ئەم گەڕە گرنگەی لە داواکردنی مافەکانی شکستی هێنا. ڕەنگە پێشمان وابێت کە سەرەڕای ئامۆژگاریی (دۆستەکان)ی، بەڕاستی کورد هەنگاوێکی سەرچیخ و هەڵچووی ناوە. بەتایبەتی دوای لەدەستدانی کەرکووکی دڵی زیندووی کوردستان، بەڵام ئاخۆ بەڕاستی کورد زیانی کرد و شکستی خوارد؟


بە بۆچوونی من، ڕیفراندۆم هەنگاوێک بوو، دەبوا بنرێت و زۆریش دواکەوت. چونکە چیتر ناکرێ بە بەشداریکردن لە حکوومەتێکی میلیشیایی تائیفی ڕازی بین، حکوومەتێک کە ئەجیندای دیکە جێبەجێ دەکات و لە خزمەتی گەلانی عێراقدا نییە. هەروەها نەدەکرا لەوە زیاتر چاوەڕوانی ئەو بەڵێنە ئەزەلییانە بین، کە (دۆستەکان)ی کورد بەدەستکراوەییەوە بە کوردیان داوە. لەڕاستیدا ڕیفراندۆم زۆر شتی دەرخست، یەکەمیان ئەوەبوو، کە کورد تا چ ئاستێک گرێدراو و پەیوەستی وەدیهێنانی ئەو خەونە مێژووییەیەتی، کە ئەمڕۆ بێت، یان هەر کات و سەردەمێکی تر، دەبێ هەر بێتە دی. هەروەها ڕیفراندۆم جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو کورد لەگەڵ دڵی تاکە پیاوێکدان، جگە لە کەمینەیەکی حزبی، کە ڕق و کینەی حزبی سەرچاوەی سیاسەتەکانیەتی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و گشتی بەلاوە گرنگ نییە. ئەو گرووپەی، کە بەداخەوە ئامادەیە، بەئاسانی دڵی کوردستان بفرۆشێ و لایەنگرەکانیشی شەرمەزار بکات.


دواجار بۆ زۆربەی ئەوانەی چاوەڕوانی چاکەیان دەکرد و ئومێدی ئەوەیان دەخواست، کە ئەو گرووپەی گرێدراوی دەرەوەوەیە، بێنە ئاستی ویست و مەیل و داخوازیی جەماوەری کوردستان و گەلی کورد، ڕاستییەکان دەرکەوتن و شاراوەیی و پەنهانییەکان ئاشکرا بوون و پەردە لەسەر شتەکان لاکەوت.


شتێکی زۆر جوان بوو کە سەرەڕای ناکۆکی و ململانێی توندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کەچی لە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڕێز عومەری سەید عەلی ببیستین و بخوێنینەوە، کە لە ڕیفراندۆمدا بە (بەڵێ)، دەنگی داوە. ئەمە ئاماژەیەکی روون بوو کە ڕیفراندۆم تەنیا داواکاریی پارتی نەبووە، وەک تەنیا بانگهێشت و داوایەک نەبوو تایبەت بە بەڕێز بارزانی، بەڵکوو ڕیفراندۆم خەونی تەواوی هەموو ئەو کوردانە بووە، کە سەرەڕای ناکۆکی و سیاسەتە دژ بە یەکەکانیان، لە دەوری ئەو خەونە کۆ دەبنەوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕیفراندۆم بۆ ئێمەی کورد وانەیەکی مێژوویی بوو، پوختەکەی ئەوە بوو کە هەرگیز نابێ گرەو لەسەر بەڵێنی دۆستەکان بکەین، بەڵکوو ئەوەی پێویستە چۆن کەشی گونجاو و لەبار دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی ئەو داواکارییانەمان ببەینە سەر مێزی نەتەوەکان. لەم ڕووەوە دەمەوێ بڵێم، ئێمە شتێکی ئەوتۆمان نەکرد، کە بە هۆیەوە هەر بۆ نموونە، بڕوا بە ڕای گشتیی عەرەبی و تورکی بێنین. تەنانەت ئێمە ئامرازێکی دواندنی ڕای گشتیی دەوڵەتانی دەوروبەری خۆمانمان نییە، ئێمە کەناڵگەل و تەلەڤزیۆنی ئاسمانیمان نییە، کە ڕاستەوخۆ گوتارەکەیان ئاراستەی عەرەب و تورک و فارس بکەن. بۆیە زۆر پێویستە کار لەسەر ئەو مینبەر و تریبۆنە گرنگانە بکەین، کە کاریگەرییان لەسەر دەوروبەرمان هەیە، چونکە ئێمە خاوەنی مافین، داواکاریمان هەیە، ماف و داواکاریگەلێک کە هەمووان نکۆڵیی لێ دەکەن.


ڕاستە ڕیفراندۆم جێبەجێ نەبوو، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نیودەوڵەتیدا، پەردەی لەسەر زۆر شت لادا، ئەمەش بۆ خۆی بەشێکە لەو دەسکەوتانەی کورد بەدیی هێنا. لە ئاستی ناوخۆییدا، جەماوەر ڕاستی و دیوی ڕاستەقینەی هەندێ لەو لایەنانەی بۆ دەرکەوت، کە بە هۆی ناکۆکییە حزبییەکانی، کار لەسەر ڕق و ئاستەنگ خستنە بەردەم هەر داواکاریێکی کورد بۆ مافەکانی دەکەن. واتە جەماوەر ئەو حزبانەی باشتر ناسی، کە بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و خۆشیان لە بەردەوامیی ململانێی حزبی دێت و هیچ گرنگییەک بە بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کورد نادەن. لە ئاستی هەرێمایەتیشدا، کورد لە نیاز و مەبەستی ڕاستەقینەی هەندێ لەو دەوڵەتانە دڵنیاتر بووەوە، کە لە ڕووکەشدا بانگەشەی دۆستایەتییکردنی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەوەیش دەرکەوت، کە ئەو عەقڵیەتی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردنە هێشتا لەناو گوتار و سیاسەتەکانیان باڵادەستە و هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی سەربەخۆیی، یان گۆڕینی نەخشە، قەبوڵ ناکەن.


لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا دەرکەوت، کە هاوپەیمانە ستراتیژەکە ئەوە نییە، کە بانگەشە دەکات، ئەو هاوپەیمانە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی نەبێت، هەرگیز ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ کورددا بکات، ئەمەش ئەوەمان لێ دەخوازێ، کە لە سەنتەرەکانی بڕیاری ئەو دەوڵەتانەی خاوەنی کاریگەریین، کار لەپێناو دروستکردنی گرووپەکانی فشار بکەین کە لەوانەیە لە داهاتوودا و لە کاتێکدا ئەگەر کورد هەنگاوێکی هاوشێوەی نایەوە، سوودی لێ وەربگرین و بەکەڵکمان بێت.


سەرەڕای نائومێدبوونی کورد و ئەو بێهوودەییەی، کە بە هۆی دەرهایشتەکانی دوای ڕیفراندۆم لەناو جەماوەری ئازادیخوازدا بڵاو بووەوە، بەڵام گرنگترین سەرکەوتن ئەوەبوو، کە جەماوەر زۆر هاتەوە هۆش خۆی و لەو حاڵەتی شۆکە ڕزگاری بوو و زیاتر لە جاران سوورترە لەسەر هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی. ئەو جەماوەرەی کە بە تەواوی هۆشیارە و درک بەوە دەکات، کە دەکرێ شۆڕشگێڕێک بخەنە کونجی زیندان، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕێی ئەوەی لێ بگرن خەون بە ئازادییەوە ببینێت.


هەمیشە ئەو جۆرە شۆکانە دەبێ هەبن، بۆ ئەوەی هۆشیاریی جەماوەر لەسەر بنەمایەکی دروست گەشە بکات. چونکە گرەو لەسەر وەهمەکان ناکرێت. بۆیە لەو باوەڕەدام، کە دەرهاویشتەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا لەلایەن سەرکردایەتیی کوردەوە، شۆکێکی بەهێزی بۆ کۆنەست و هۆشیاری دەستەجەمعی کوردی دروست کرد، بەڵام شۆکێکی ئەرێنی، کە هێز و گوڕ و تینێکی زیاتری دایە کورد، بۆ ئەوەی لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو وەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی، پێداگر و سوورتر بێت.

 

* نووسەر و ڕۆشنبیرێکی ناوداری رۆژئاوای کوردستانە لە ئەوروپا دەژی.