هێڵە سورەکانی سەر نەخشە، یان هێڵە سوورەکانی ژیان

هەرگیز نەتەوە بەبێ هێڵی سووری سەر نەخشە ناتوانێ بێتە وجوود و هەناسە بدات

01/09/2018 - 16:36 بڵاوکراوەتەوە لە ڕیفراندۆم

لە جیهانی نوێدا پێناسەکانی تۆ چین؟ خۆت چۆن بەدەرەوە دەناسێنێ؟ بە چییەوە بتناسین؟
چۆن لەنێو کومەڵگای نێودەوڵەتیدا جێگات دەبێتەوە؟ بە چ ناوێکەوە دەتوانی بچیە ناو نەخشەی نوێی جیهانەوە؟
جیهان فەڕەنسییەکان دەناسێ، وڵات، زمان، سنوور، کولتوور، مۆسیقا، ئەدەب، لۆڤەر، شانزیلێزێ، دەریا، مۆنالیزا مێژوویان هەیە. ئەمەریکاییەکان، ئینگلیزەکان، ڕووسەکان، ئیرلەندی و ئەڵەمانی، چینی، بەنگلادیشی، سیریلانکی و هیندی، سەدان نەتەوە و وڵاتی دیکە پێناسی باوەڕپێکراو و زانراویان هەیە.
فارسەکان دەسەڵاتی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵیان لەپشتە، وڵات و جوگرافیا و مۆسیقا و کێوی دەماوەند و جامی جەمیان هەیە. تورکەکان ئەستەنبوڵ و حوکمی شەش سەد ساڵ خەلافەت، وڵاتێکی فراوان و نەتەوەیەکیان هەیە کە بە گورگبوونی خۆیانەوە شانازی دەکەن.
عەرەب کوشتن و خوێنڕشتنی خۆیان لای نەتەوە قوربانییەکان بە موقودەس کردووە، ئەفریقا و ئاسیا، بیابان و دەریا و حوشتریان هەیە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هیچ کام لەوانە بەبێ هێڵێکی سوور لە دروستکردنی ناسنامەدا بەهایان نییە. ئەوەیان چۆن و کام هێڵی سوور؟

 

پێناسە یان تەعریفی کورد چییە؟
سەدەی ڕابردوو بەتەواوی کوردی ماندوو کردووە، لەسەر هەموو ئاستەکان زەبری قورسی لێ داوە، بە دابەشکردن و بێبەشکردنی لە سەربەخۆیی و بەڕێوەبردنی جیهان تووشی شۆکی کردووە، لەسەر دوو ئاست بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە.
یەکەمیان:
لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە، یەکەم کار و دواکاریی کورد شۆڕش و فیداکاری و بەرگرییە. لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کوردی وشیار کوردی شۆڕشگێڕە، کوردی بەکەرامەت کوردێکە تەسلیم بە دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەکان نابێ، کە تەسلیمیش نابێ، هیچ مافێکی مەدەنیی نییە، ئەوەش هەموو ژیانی تاکی کورد و سەرجەم توانای نەتەوەی بۆ خۆی بردووە، دەتوانم بڵێم بەفیڕۆی داوە. سامانی سروشتی، توانای مرۆیی، هەموو بۆ بەرگری و شەڕ بووە.
دووەم:
گۆڕانی واقیع بۆ خەون، بەدواکەتنی خەون، ئەوەش تازەترین داهێنراوی دنیایە بۆ کورد، نەبوونی دەوڵەت، نەبوونی سیستەمی ئیدارەی کوردی، نەبوونی سەربەخۆیی، توانای بیرکردنەوە و خەیاڵی کوردی بەتەواوی داپۆشیوە و شێواندووشیەتی، هەموو خەونی کورد بوونی دەوڵەتی سەربەخۆیە، لەوەش دوورتر یەکگرتنەوەی کوردستانی گەوریە. ئەوە ناکەوێتە ناو دژایەتی و ململانێی حزبی و گرووپبازی، ناکەوێتە ناو ئەزموونی حوکومڕانیی ئەو چەند ساڵەی کورد.
خۆبەڕێوەبردن، بوونە سەرداری خۆت، ویستێکی سروشتییە، سەرەتا سەربەخۆبوون و ڕزگاربوونی خۆت وەک تاک لەژێر چەپۆکی هەر دەسەڵاتدار و ئاغایەک، جا ڕزگاربوونی خێزان و ڕزگاربوونی خیڵەکەت، ئەوە ویستێکی خۆرسکە نەک دروستکراو.

 

تۆ نەتەوەت هەیە کەواتە هەی
جیهان قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەزموون دەکات و تێدەپەڕێ، ئەوەندە بێڕەحمە هەتا ئاوڕیش لەو نەتەوەیە ناداتەوە، کە بە پێچکەکانی خۆیەوە بەستوویەتیەوە و پەلکێشی دەکات. جیهان سەردەمی حکومڕانیی ئایینی ئەزموون کرد و بەجێی هێشت، سەردەمی پاشایەتی و ئیمپڕاتۆڕەکان. سەردەمی پیشەسازیشی ئەزموون کرد، سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەی ئەزموون کردووە، بەڵام تێی نەپەڕاندووە، کورد لەو سەردەمانەدا ژیاوە، بەڵام ئەزموونی نەکردووە، نە پاشای هەبووە و نە دەزانێ ئیمپڕاتۆڕی مانای چییە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو قسەیەی دەڵێ سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە، کورد ناگرێتەوە، چونکە تامی نەکردووە، هیچ کەس جگە لە کوردی سەرلێشێواو ناتوانێ ئەو قسەیە بە کورد بڵێ، لەبەر ئەوەی هەموو دەوڵەتانی دنیا تا ئەمڕۆ ناسناوی نەتەوەکەیان بە پاشەڵەوەیە.
بەشی هەرە زۆری دەوڵەتە عەرەبییەکان، وەکوو شانیشینی سعوودیەی عەرەبی، کۆماری میسڕی عەرەبی، دەوڵەتی ئەفغانستان، هیندستان، رووسیا، بە دەیان ناوی دیکە، هەر لەبەر ئەوەشە ناکرێ داوا لە کورد بکرێ کە واز لە خەونی دەوڵەت بێنێ، لەکاتێکدا لە پێناسی تەواوی دەوڵەتەکانی دنیادا ناوی نەتەوەکانە.
ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ، کە دەوڵەتی فرەنەتەوە درۆیەکی ئاشکرایە، نەک هەر ئەوە، دەوڵەتی فرەنەتەوە لە خۆرهەڵات، گەورەترین درۆیە ئیسنانیەت بەخۆیەوە دیبێ، کە دەوڵەتی نەتەوەیی شتێکی خراپە، دەبێ ئەو دەوڵەتانەی دەیان و سەدان ساڵە ئەزموونیان کردووە وازی لێ بێنن و دەوڵەتی هاووڵاتی یان ئینسانی دروست بکەن، کە ئەوەش ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ئیفلاسبوون دەچێ.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەوە نەتەوەکانن یەکیان گرتووە، بەڵام ئەو نەتەوانەی کە هەن، ئەو نەتەوانەی کە دەوڵەتیان هەیە ئەوان هەن. کەواتە ئەو دەزگا ئینسانپەروەرە هەر لە ناوەکەیەوە کوردی فڕێ داوەتە دەرەوەی خۆی.
سەد ساڵی تەواو پێشتر، نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسی ژیان دەداتە نەتەوەکان، هەر نەتەوەیەک پێناسی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە باخەڵدا نەبێ ناتوانێ دەرگای مێژوو، یان دەرگای ژیان بکاتەوە و بچێتە ناوی. هەر لەبەر ئەوەشە زۆر گوێمان لێ دەبێ، کە کورد لەدەرەوەی مێژووە و ناتوانێ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مێژووی جیهان هەبێ، کە خۆی وەک جەستەی نەتەوە بەشێکە تێیدا.
ئەو دەزگا گەورە جیهانییەش لەبەر خاتری قالۆنچەیە کە (کورد!)ە هەرگیز ناوی خۆی ناگۆڕێ، چونکە لە بنەڕەتدا، بەعەمەلی باوەڕی بە بوونی نەتەوەیەک نییە بە ناوی کوردەوە. سەد ساڵی تەواوە نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشتر کۆمەڵەی گەلان مافی لەناوبردن و سەرکوتکردنی کوردیان داوەتە نەتەوە سەردەستەکان، کوردستانیان بە مرۆڤ و خاک و ئاو و شاخ و باڵندە و ئەسپ و بەرخ و مارماسییەوە بەسەر ڕکەبەر و دوژمنەکانی کورددا دابەش کردووە، بێ گومان لەژێر ناوی هەندێ بیانووی (ئینسانیدا!)، دەنگی باڵندەکان و حیلەی ئەسپەکان و هاژەی ڕووبارەکانیشی داوەتە ئەوان، لەو مامەڵەیەدا کورد نەک هەر ئامادە نەبووە، هەر پرسیشی پێ نەکراوە. تاکە نەتەوە مافی دوژمنایەتیکردنی بەرگی شین و نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبێ، کوردە.

 

هێڵی سووری سەر نەخشە
ئەوەی ژیان دەکاتە نەتەوە، ئەوەی کۆمەڵە ئینسانێک لە ئاستی بەرخ و مەیموون و سەگڵاوک دەگوازێتەوە بۆ ئاستی زانا و داهێنەر و بەرهەمهێن و چاکساز و ئینساندۆست و لێبوردە، ئەوەی نەتەوە لە کۆیلە و ژێردەستەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی نەتەوەکانی دیکە، ئەوەی هەموو ناشیرین و بێهیز و نەزانی و سادەییەکەت دەکاتە وردە کولتووری قبووڵکراو، ئەوەی مافی کوشتن و وێرانکردنی شار و گوندت لە هاوسێ و ڕکەبەرەکانت دەستێنێتەوە یەک شتە، ئەویش ئەو هێڵە سوورەیە وڵاتەکەت لە تەواوی وڵاتانی دنیا جیا دەکاتەوە، ئەو هێڵە سوورەی سەر نەخشەیە کە گەل لە کۆمەڵێک خێڵ و خانەوادەوە دەگۆڕێت بۆ نەتەوە. ئەو هێڵە سوورەیە، نەک ڕێگاکان، کە شارەکانت بە دنیاوە دەبەستێتەوە.
هێڵی سووری سەر نەخشە، چەند وڵاتەکەت لە وڵاتانی دنیا جیا دەکاتەوە، چەند سنووری ماڵەکەت، گەلەکەت، شارەکانت ڕەنگڕێژ دەکات، سەد ئەوەندە لە جیهانت نزیک دەکاتەوە. سەد ئەوەندە پەیوەندییەکانت بەرز دەکاتەوە. دۆستایەتی لە ئاستی پاڕانەوە و هاوسۆزی و کلکەسووتە دەباتە ئاستێکی دیپلۆماس و هاوشانی و ئینسانییەوە.
بەدرێژایی مێژوو، ئەوەندەی چاوی زهنیی هەر کوردێک بڕ دەکات، ئاستی پەیوەندیی کورد لەگەڵ هاوسێکان و دنیای دەرەوەشدا ئەگەر سوڵکەرانە نەبووبێ، خیانەتکارانە بووە. واتا کورد یان پاڕاوەتەوە کە کوژراوە، کە تاڵان کراوە، کە داگیر کراوە، کە کەرامەتی شکێنراوە، پاڕاوەتەوە تا حکوومەتە بەرزە مافپەروەرەکان، کە وڵاتە دەوڵەمەند (بە فەیلەسوفانی ئینساندۆست) سۆزیان بجووڵێ و بەرگری لە مانەوەی (نەک گەڕانەوەی دەسەڵات بۆی) بکەن، یان پەنای بۆ دوژمنەکانی بردووە تا لە قەتڵوعامی نەتەوەکەی ئەو عەشیرەت یان ئەو هۆز یان ئەو بنەماڵەیە ببوێرن.

 

ئەنجام و چارەسەر
هەموو ئەوەی دەیڵێم و سەد ئەوەندەی دیکەش لە سۆنگەی یەک شتەوەیە ئەویش:
- کورد دەوڵەتی نییە.
- کورد خاوەنی سەری خۆی نییە.
- کورد سنووری خۆی نییە.
- کورد نەبووەتە بەشەر!
- کورد بەرەڵای ناو مێژووە.

 

لەبەرامبەریشدا:
- کورد کۆیلەیە.
- کورد بەکرێگیراوە.
- کورد جاشی وڵاتانی دراوسێیە.
- کورد گەندەڵ و بێ متمانەیە.
- کورد خۆی پێ بەڕێوە ناچێ.
هەموو ئەو قسانە، هەموو ئەو گومان و ڕاستییانە، لە شوێنی خۆیاندان، ڕاستن، چونکە کورد گەلێکی هەتیوە. کورد ئەو هەتیوەیە کە دەشێ تا کۆتایی مێژوو بۆ کۆستی خۆی بگریێ.
بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەوانە کورد ریفڕاندۆمی کرد.
بۆ تێپەڕاندنی مێژوو، کورد ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کرد.
تەنیا لەسەر ڕیفڕاندۆم، هەموو دنیا هاتە دەنگ، تەنیا لەسەر ریفراندۆم، هەموو جیهان لە لاڵەپەتەیی خۆی بەئاگا هاتەوە. تەنیا لەسەر دژایەتیکردنی ریفراندۆم، دنیا بە سەرمایەدار و ڕادیکاڵەوە، بە ئیسلامی و عیلمانییەوە، بە سوور و زەرد و شین و مۆرنجییەوە هاوڕا و دۆست و پشت و پەنای یەکتر بوون. ئەمەریکا و ئێران، تورکیا و عەرەب، مەسیحی و ئیسلام هەموو یەک کەوتن.
ئەوەش میراتی هەزار ساڵ لەوە پێشیانە، کافی گەورەترین سەرچاوەی حەدیسی شیعان، ئەبوو هوڕەیڕە (٥٩ کۆچی مردووە) گەورە حەدیسگێڕەوەی سوننان، کە لە هەموو شتێکدا یەکتر بە مونافیق و مورتەد دەزانن، تەنیا هەردووکیان تەنیا لە یەک شتدا کۆکن ئەویش ئەوەیە کە کورد نەوەی جنۆکە و عفریتن و یاخین لە خودا، دەبێ سزا بدرێن و بکوژرێن.

 

دنیا بۆچی دژی سەربەخۆیی کوردستانە؟
- دەبێ خۆیان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە.
- چ دڵخۆشییەکە بۆ تەواوی جیهان، کاتێک دەبینن گەلێک بە منداڵ و پیر و گەنج و شاخ و دۆڵ و باڵندە و ڕووباریەوە دیلە؟
- چ ئاسوودەییەکە کاتێک دەبینن گەلێک نەوە لەدوای نەوە بە دیلی لەدایک دەبن و دەمرن؟
- چ سەرسامییەکە کە بە دەیان جار دەسەڵاتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان گۆڕان و سیستەمی شوومی جیهانی، ئەگەر کێشەی هەرە قورسیشی لەگەڵ ڕژێمەکان هەبووبێ، لەسەر ئەوە لەگەڵیان کۆک بوون کە کورد بە وڵات و گەلەوە لەژێر دەستیاندا بمێننەوە؟
تا ئێستا بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، یەک وەڵامیان داوینەوە، ئەویش ئەوەیە:
- دەسەڵاتدارانی جیهان، زلهێزەکان، بەرژەوەندیی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە، یان لەبەر خاتری کورد واز لە بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیان ناهێنن.
ئەو وەڵامە پێش کوردی سادە، کوردی دانا و زانا باوەڕی پێ کردووە. منیش وەک خۆهەڵخەڵەتاندن و پاساوهێنانەوەیەک بۆ بەناو دۆستانی دڵڕەق باوەڕم پێ کردووە، بەڵام ڕاستییەکە وا نییە.
ڕاستییەکە بە یەک ڕستە: هیچ کام لەو دەوڵەتانەی مافی دەسکاریکردنی نەخشەی جیهانیان هەیە وەک تاک، کورد بە مرۆڤ و وەک گەل کورد بە نەتەوە نازانن و وەک دەسەڵات کورد بە هەمەجی دەزانن. دەنا ئەمەریکا لەسەر قەشەیەک هەموو بەرژەوەندی و پەیوەندیی سەد ساڵەی خۆی لەگەڵ تورکیا دەخاتەوە مەترسییەوە، نەک هەر ئەوە، کارتی ئەو دەوڵەتە زلهێزانە ئەوەندە بەهێزە، کە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان هەرگیز نەیانتوانیوە بەرەنگاریی بەرژەوەندییەکانیان ببنەوە.


- ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و تەواوی وڵاتانی ئازاد و ڕادیکاڵ لەسەر ناڕازیبوونی مەلا و کۆنەپارێزانی ئیسلامی، لەناکاو پشتیان لە دەوڵەتی شاهنشاهی ئێرانی کرد و لە هەموو دنیادا بستەخاکێکیان وەک گۆڕیش پێ ڕەوا نەبینی و لە بەرژەوەندیی خۆشیان نەترسان، بەڵام لەسەر وێرانکردنی تەواوی کوردستان و کوشتنی هەزار کەس و لەسێدارەدانی قازی و تەختکردنی سەدان گوند، بۆ چرکەیەکیش بیریان لەوە نەکردەوە کە بە سووکترین شێوە لۆمەی شاهنشاهی ئێران بکەن.
- لەسەر هێرشێکی چەند ڕۆژی بۆ سەر وڵاتی کوێت، تەواوی جیهان ماتەمی داگرت و بەخێرایی تیشک دژی عێراق یەکیان گرت و هەرگیز بیریان لە بەرژەوەندیی خۆیان نەکردەوە، بەڵام ئەنفالکردنی هەزاران هەزار منداڵ و ژنی کورد، وێرانکردنی تەواوی گوندەکانی کوردستان و کیمیابارانکردنی شار و سروشت و گیانلەبەری کوردستان، بۆ چرکەیەک بیریان لەوە نەکردەوە کە لەسەر ئەو نەتەوە ژێردەست و وێرانەماڵە بەدەنگ بێن.
سەدان و هەزاران نموونەی دیکەمان هەیە، کە ئەو دەوڵەتانەی نەخشەی جیهانیان بەدەستە، دەتوانن لە هەموو چرکەیەکدا دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بخەنە ژێر فشارەوە.
بەبەرچاوی دنیا و زانا و چالاکوان و سیاسییەوە، منداڵ لەسەر ناوهێنانی کوردستان سزا دەدرێن، لە وەختێکدا سیستەمی نوێی جیهان خۆی بە پارێزگار و پاڵپشتی مافی مار و مێروولە و بۆق و ڕەقەش دەزانێ.
هەموو ئەوانە بۆ گوتنی حەقیقەتێکە، کە لە ژەهر تاڵترە، ئەویش ئەوەیە دەوڵەتانی زلهێز، نەخشەدانەرانی جیهان، لە دڵەوە بڕیاریان لەسەر بەکۆیلەکردنی کورد داوە، لە دڵەوە باوەڕیان بەوە هەیە، کە تا ئەوان هەبن، تا دنیا هەبێ کورد شایانی دەوڵەت و بەڕێوەبردن و سەربەخۆیی نییە.
ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ، کە دژایەتیکردنی ڕیفڕاندۆم هەرگیز پەیوەندیی بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە نییە، پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی زلهێزەکان و مافپەروەرەکانەوە نییە، هەرگیز پەیوەندیی بە کات و هەلومەرجی ئێستاوە نییە، لەبەر هەر هۆیەک بێ، جیهان تاهەتایە مافی کۆیلەبوون و ژێردەستەیی بە کورد ڕەوا بینیوە. ئەوەش کورد دەخاتە بەدەم دوو بژاەوە:
یەکەم: شۆڕش و بەرگری و خوێنڕشتن بۆ هەمیشە. ماڵوێرانی و پارێزگاری لەخۆکردن بۆ ئەبەد، ملکەچ نەکردن و دوژمنیایەتی بۆ ئەبەد، ئەوەشە تا ئەمڕۆ کوردی بەزیندوویی هێشتووەتەوە، بەڵام مانەوەیەکی ماندوو، مانەوەیەکی پڕ خۆین، مانەوەیەک لەناو چڵپاو و پێش نەکەوتن و قوڕبەسەریدایە.
دووەم: تەسلیمبوون، تەسلیمبوون بە هەموو مانایەکەوە، لەبیرخۆبردنەوەی زمانی کوردی و کولتووری کوردی و گۆڕینی ناوی شار و وڵات و شێوازی ژیانمان بۆ هەمیشە. دوورکەوتنەوە لە یەکتر و فڕێدانی پۆشاکی کوردی و زیندەبەچاڵکردنی ئەی ڕەقیب و خوایەوەتەن ئاواکەی. بۆ دڵنیابوونیش لە پەشیمان نەبوونەوەمان، ڕەوایەیتی دان بە ئەنفال و نەفرەتکردن لە شەهیدەکان و ئاهنگ گێڕان لە ڕۆژی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و عەبدولسەلام بارزانی و قازی محەمەد. ناوی چوار ئەفسەرەکەش بۆ ئەبەد بخرێتە لیستی ڕەشی خیانەتی گێرەشێوێنییەوە.
ڕیفڕاندۆم هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی کورد بە هەموو باشە و خراپەکانیەوە بێتە ناو مێژوو، بەڵام مستێک کە هێزی هەموو دنیای تێدا کۆ بووبووەوە بەر دڵی کەوت و تاساندی.


پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد هەرگیز دەبێتە خاوەنی ئەو هێزەی پەنجەکانی ئەو مستە بشکێنێ؟
دەشێ لە ساڵی نوێدا بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەست کەوێت و منیش ساڵێکی دیکە ئومێدێکی فراوانتر بنووسمەوە.