هەورامییەکانی ئەودیو نەورۆزی ئەمساڵیان دواخست

 

06/03/2017 - 20:39 بڵاوکراوەتەوە لە نه‌ورۆز نامه‌

خەڵکی ناوچەی چەشمیەر و دەوروبەری بۆ رێزگرتن لە مەرگی ئەو کۆڵبەرانەی ئەمساڵ لە سەردەشت لەژێر بەفر رەق بوونەوە و مەرگی دوو کارەباچی لە گوندی چەشمیەر بەهۆی بەفروسەرما، نەریتی جەژنی ساڵانەی نەورۆزی هەورامانیان دواخست.


هەموو ساڵێک جەژنی نەورۆز لە ژمارەیەک لە گوند و لادێکانی هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگێک زووتر دەست پێ دەکات. ساڵانی رابردوو لە رۆژی پێنجی مانگی رەشەمێ خەڵکی گوندەکانی پاڵنگان و چەشمیەر و ژاوەرۆ و دەورووبەری جەژنی نەورۆزیان پیرۆز دەکرد واتە دەبوو پێنجشەمی رابردوو بکرایە، بەڵام نەکرا.


جەژنی نەورۆزی کوردی سەرەتا لای هەورامییەکان پیرۆز دەکرێ و 25 رۆژ دواتر لە شوێنەکانی تری کوردستانیش ئەو نەریتە کۆنە کوردییە پیرۆز دەکرێت کە مێژووەکەی بۆ چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.


یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە گوندەکانی پاڵنگان و دەورووبەری زووتر دەچنە پێشوازیی جەژنی نەورۆز ئەوەیە کە ئەو گوندانە کەوتوونەتە ناو دۆڵ و قوڵاییەکان و مانگێک زووتر رووەک و گوڵەکان دەڕوێن و بەهاریان زووتر لە شوێنەکانی تری کوردستانە.


چەشمیەر، گوندێکی جوان و گەشتیارییە لە نزیک شاری سەوڵئاوا و بە هەورامی قسە دەکەن و ناوەکەی لە ناوی سێ کانیاو وەرگیراوە کە جوانییەکی بێوێنەیان بەو ناوچەیە بەخشیوە. پالنگانیش یەکێکە لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای سنە و نزیکە لە قەزای کامیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان.


پاڵنگان یەکێک لە جوانترین گوندەکانی کوردستانە کە مرۆڤ لە بینینی تێر نابێ. ناوەندێکی گەورەی بەخێوکردنی سامانی ماسییە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە سەرانسەری ئێران و کوردستانەوە سەردانی دەکەن. پاڵنگان نموونەی بیناسازیی رەسەنی کوردەواریی پێوە دیارە. رووبارێکی جوان گوندەکەی کردووە بە دوو بەش و هەردوو بەشی گوندەکەش لەسەر شاخ بنیات نراوە. دەربەندی جوانی تەنگیوەر کەوتووەتە پاڵ ئەم گوندە کە مرۆڤ بە بینینی سەرسام دەبێ.


ئەم گوندە مێژووی چەند هەزارساڵەی هەیە و چەندین بەردەنووسی سەردەمی ماد و ئەشکانییەکان لەسەر شاخەکانی هەڵکەنراوە. بەدرێژایی مێژوو چەندین جار ئەم گوندە وێران بووە بەڵام سەرلەنوێ بنیات نراوەتەوە.


لە سەردەمی هەڵۆخانی ئەردەڵان ناوەندی حکوومەتی ئەردەڵانییەکان بووە.


خەڵکی کوردستان لە کاتی بەشداریکردن لە نەورۆزی پاڵنگان کە سەرجەم دانیشتوانەکەی هەورامیین جیا لە پیرۆزکردنی ئەو نەریتە کوردییە، لەگەڵ بەشێک لە جوگرافیای دەگمەنی کوردستانیش ئاشنا دەبن کە جەمسەرێکی گرنگی گەشتیارییە. نەورۆزی ئەم بەشەی هەورامان لەپاڵ کانیاو و تاڤگە و دۆڵ و رووباری سیروان پیرۆز دەکرێت، بۆیە لە نەورۆزی چەند هەزارساڵەی باوباپیرانمان نزیکترە و رەسەنایەتیی خۆی زیاتر پاراستووە.


تەنیا لە دەربەندی تەنگیوەر 20 کانیاوی گەورە و بچووک هەن کە ئاوەکەیان دەرژێتە تەنگیوەر و پاش گوزەریان لە ناوەندی گوندەکەوە دەڕژێنە ناو رووباری سیروان.


لە 800 مەتری گوندی پاڵنگان و لەناو دەربەندی تەنگیوەر شوێنەواری قەڵایەکی مێژوویی و ئاتەشگایەک هەیە کە بەر لە ئیسلام (ئاگری پیرۆزی نەورۆزی زەردەشتیان) لەو ئاتەشگایەوە هاتووەتە خوار و لەناو گوند و لەسەر شاخەکان رۆشن کراوە.